حکومەتى عێراق کە جاڕى شەڕی دا دژى شۆڕشى کورد ساڵى ١٩٧٤ هێرشێکى گەورە و بەربڵاوى بۆ سەر کوردستان دەست پێکرد، سوپایەکى زەبەلاحى چارهکە ملیۆنى پڕ چەکى قوڕسى پێشکەوتووى سەردەم کە خۆى لە سەدان تانکى مۆدێرن و هەموو جۆرە چەکێکى ئاسمانى و هێزى ئاسمانى دەبینیەوە تەرخان کرد بۆ سەرکوتکردنى کورد و لەباربردنى شۆڕشی ئەیلوول.، لە ژێر سایەى پەیماننامەى دۆستایەتى و هاوکارى نێوان عێراق و یەکێتى سۆڤیەت.
دەڤەرى گەرمیانیش وەکو هەموو ناوچەکانى دیکەى کوردستان کەوتە بەر شاڵاوى داگیرکارى سەربازى سوپا و لە سێ لایەوە پەلامار درا، لە باکوور و باشوور و ڕۆژئاوایەوە واتا لە سلێمانى و هەڵەبجە و کەرکووکەوە هێزیان ڕەوان کرد بۆ ئەوەى دەست بەسەر تەواوى گەرمیاندا بگرن، سوپا سالارى عێراق فەریق ڕوکن عەبدولجەبار شەنشەل و فەریق سەعید حەمۆ سەرکردەى ناوچەى باکوور، دەست بەسەرداگرتنى گەرمیان بۆ چەند هۆیەک دەگێڕنەوە لەوانە ناوچەیەکى فراوانە و کۆمەڵێ شارى گەورە لەخۆ دەگرێ وەک خورماڵ، هەڵەبجە، سیروان، عەربەت، سەید سادق، دەربەندیخان، سەنگاو و قەرەداغ، چیا بەرزەکانى ناوچەکە هەموو کات پشت و پەناى شۆڕش بوون و لەسەر حکومەت مەترسی گەورە بوون، داخستنى بەشێک لە سنوورى ئێران لەگەڵ کوردستان، هەروەها بەرتەسک کردنەوەى ناوچەکانى شۆڕش تاکو ڕێگا بگرن لە دابەزینى پێشمەرگە بۆ ناو شارەکان و گورز لە سوپاى عێراق بوەشێنن.
سوپاى عێراق بۆ ئەنجامدانى ئەو هێرشە چەند یەکەیەکى سەربازى دەستنیشان کرد لەوانە هێزى ١٤ فیرقەى ١ بە فەرماندەیى عەقید ڕوکن عەبدولجەبار ئەلسافى، کەتیبەى تانک بە فەرماندەیى ملازمى یەکەم ڕەعد حەمدانى، هێزى ئاسمانى و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ١ى حوزەیرانى ١٩٧٤ یەکەکانى دیاریکراوى سوپاى عێراق بۆ ئەو هێرشە لە ناوچەى قلیاسانى باشوورى سلێمانى دەستیان بە ئامادەکارى کرد، کە ماوەى سێ ڕۆژى خایاندن، دواى ئەوە لە بەرەبەیانى ٤ى حوزەیرانى ١٩٧٤ سوپا دەستى بە جووڵە کرد، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ئەم هێرشە لە گوندى فەرەجاوە ڕێگایان لە سوپا گرت توانیان پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراق تێکبشکێنن و زیانى گەورەى پێ بگەیەنن، ئەو شەڕە تا نزیکى نیوڕۆ بەردەوام بوو، لە ئەنجامدا ژمارەیەکى زۆرى سەرباز و جاش کوژران و بریندار بوون نزیکەى ٢٠ سەرباز و جاش لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە بەدیل گیران، لە لایەنى شۆڕشیشەوە سێ پێشمەرگە شەهید بوون، لەگەڵ ژمارەیەک بریندار، دواى ئهوهی سوپا شکستێكی گهورهی خوارد، تۆپخانهی سوپای عێراق دەستى کرد بە تۆپبارانى گوند و دێهاتەکانى ناوچەکە و سەنگەرەکانى پێشمەرگە.
ڕۆژى دواتر سوپاى عێراق بەردەوامیدا بە هێرش و پەلامارەکانى بە پاڵپشتى فڕۆکەى جەنگى و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، توانیان دەست بەسەر عەربەتدا بگرن و بەردەوام بن لە پێشڕەوى بەرەو دەربەندیخان، بەرلەوەى بگەنە شوێنى مەبەست لە پردى تانجەڕۆى زەڕایەن جارێکى تر لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە تێک ئاڵان، شەڕێکى گەرم لە نێوانیاندا ڕوویدا، هەرچەندە هێزی پێشمەرگە توانى زیان بە پێشڕەوییەکانى سوپا بگەیەنێ، بەڵام هێزەکەیان زۆر بچووک بوو بە بەراورد لەگەڵ هێزە گەورەکەى سوپا کە بریتى بوو لە هێزى ١٦ زرێپۆش بە فەرماندەیى عەقید ڕوکن مەحمود وەهیب کە لە جەلەولاوە هاتبوو، بۆیە نەیانتوانى چیتر خۆڕاگر بن و پاشەکشەیان بە هێزەکهیان کرد و سوپا توانى بچێتە ناو دەربەندیخان.
دواى چەند ڕۆژێکى تر بە دیاریکراوى لە ٩ى حوزەیرانى ١٩٧٤ لە ناوچەى قەرەداغ هێزێکى پێشمەرگە هێرشى کردە سەر سوپاى عێراق، بە مەبەستى وەشاندنى گورزێک و زیان گەیاندن بە یەکەکانى سوپا، لە ١١ى حوزەیران بە هەمان شێوەى پێشوو جارێکى دیکە هێرشێکیان کردە سەر هێزى یەدەگى ٩٠ کە ئەرکى پاراستنى زەڕایەنى لە ئەستۆدا بوو، دیارە ئەمەش چالاکى پارتیزانى پێشمەرگەیی بوون، بە مەبەستى ئەوەى کە زیان بە سوپا بگەیەنن و وا تێنەگەن ئیتر ئەگەر دەستیان بەسەر ئەو ناوچانەدا بڕوات پێشمەرگە دەستە وەستان دەبێ و چیتر ناتوانێ ڕووبەڕوویان ببێتەوە.
سەرچاوەکان:
-
شەوکەت مەلا اسماعیل حەسەن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، ١٩٦١-١٩٧٥، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، هەولێر – ٢٠٠٧.
-
کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆڵى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.
-
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر، ٢٠٠٤.
-
سهنگهر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه سهربازيهكانى شۆڕشى ئهيلوول 1970-1975، چاپخانەى دانیشفەڕ، چاپى يهكهم، ههولێر، 2022.