شەڕی شیشار ١٩٧٤

شەڕی شیشار لە پایزى ١٩٧٤ ڕوویدا نێوان سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگە، کە سوپا ویستى دەست بەسەر چیاى شیشاردا لە ناوچەى بێتواتە بۆ ئەوەى دەسەڵاتى بەسەر ناوچەکانى دەوروبەردا بڕوات، بەڵام هێزى پێشمەرگە زۆر بە توندى بەرەنگارى بووە و هێرشەکەیان تێشکاند، نەیانھێشت ئەو چیایە بکەوێتە دەستى حکومەت بەڵکو هەر لە دەستى پێشمەرگە مایەوە تا نسکۆى شۆڕش ساڵى ١٩٧٥.


شیشار چیایەکى سەخت و ستراتیژى ناوچەى بێتواتەیە لە نزیک چیاى ماکۆک و شارەدێی سەروچاوە، سەختى چیاکە واى کردووە هەر هێزێکى سەربازى چیاکەى بە دەستەوە بێ باڵا دەستە بەسەر ناوچەکەدا چونکە زاڵە بەسەر تەواوى ناوچەکە و دەڕوانێتە سەر ڕێگاى سەروچاوە - بالیسان.

دواى ئەوەى کە سوپاى عێراق نەیتوانى لە چیاى کیوەڕەش و ماکۆک و هەورێ پێشڕەوى بکات، لە ناوەڕاستى مانگى ئەیلوولى ١٩٧٤ نەخشەى دەست بەرسەرداگرتى چیاى شیشارى داڕشت بۆ ئەوەى باڵادەست بێت بەسەر تەواوى ناوچەکە، بە گرتنى ئەو چیایە چەند ئامانجێک دەپێکی وەکو سەنگەرەکانى پێشمەرگە بەرتەسک دەبوونەوە بەتایبەتى ئەو هێزەى چیاى هەورێ لایەکیان لێ دەگیرا، هەروەها هێزى پێشمەرگە نەیدەتوانى بە دۆڵى نێوان چیاى شیشار و ماکۆک هاتووچۆ بکات، گوشارى سوپاى عێراق لەسەر هێزى پێشمەرگە دروست دەبوو لە بێتواتە و بالیسان، مەوداى تۆپخانەى سوپاى عێراق درێژتر دەبوو لەوەى پێشووتر.

فەرماندەى لەشکرى ٢ى پێشمەرگە ڕەشید سندی فەرمانى کرد کەوا هێزەکانى سەفین و دەشتى هەولێر و بێتواتە هێڵى بەرگرى لە دۆڵی بالیسان بەهێز بکەن، بەشێکى هێزى دەشتى هەولێر هەماهەنگ و هاوکار بێت لەگەڵ هێزى کاوە لە پشدەر، فیرقەى ٢ى سوپاى عێراق بە تەواوى پێکهاتەیەوە لە کەتیبەى تانک و هێزى ١٦ زرێپۆش و هێزى ئاسمانى و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) لە ئامادەباشیدا بوون بۆ هێرشکردنە سەر چیاى شیشار، هێزى پێشمەرگەى کە لە سەنگەرى بەرگریدا بوون بریتى بوون لە بەتالیۆنى ٣ی هێزى سەفین بە فەرماندەیى محەمەد سابیر سەرلقى یەک و عومەر سوڵتان سەرلقى دوو و سادق محەمەد ئەمین سەرلقى سێ. 

سەرەتاى دەستپێکى هێرشى سوپاى عێراق بە تۆپبارانێکى خەستى سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەستیپێکرد، بەو نیازەى کە لە دواى تۆپبارانەکەوە پێشمەرگە تواناى خۆڕاگرى نامێنێ و بە ئاسانى سەربازانى سوپا دەتوانن سەرکەون بۆ سەر چیا، دواى وەستانى تۆپباران هێزى پیادەى سوپا هەڵیکوتایە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە، هێزى پێشمەرگە بە پلانێکى ڕێکخراوەوە لە سەنگەرەکانیان لە ئامادەباشیدا بوون، کە لێیان نزیک بوونەوە ڕووبەڕوویان بوونەوە و بە توندى پەرپەرچیان دانەوە، هێرشەکەیان تێکشکاندن و سەراوژێر بوونەوە ژمارەیەک کوژراویان لە مەیدانى شەڕ پێ بەجێهیشتن. لەم ھێرشەدا ٣ پێشمەرگە شەهید بوون لەگەڵ چەند بریندارێک بەهۆى تۆپبارانى چڕەوە.   

سوپاى عێراق بەردەوام تۆپبارانى پێشمەرگەى دەکرد لەو ماوەیەدا، بەڵام نەیتوانى دەست بەسەر چیایەکەدا بگرێ تا نسکۆى شۆڕش ساڵى ١٩٧٥. دواى ئەوەى کە نەیتوانى دەست بەسەر شیشاردا بگرێ لە کۆتایی مانگى ئەیلوول، ئاراستەى هێرشەکانى گۆڕی و زنجیرەیەک هێرش و پەلامارى بۆ دۆڵە ڕەقە ئەنجامدا بۆئەوەى بارى سەرشانى هێزەکانى سووک بکات لە بەرەى ڕواندز تاکو بەشێکى هێزى پێشمەرگە لە ڕواندز بگوازرێتەوە ناوچەى بێتواتە و گوشارەکانى پێشمەرگەى لەو بەرەى میحورەى شەڕەوە لەسەرى سووک ببێ کە لەوێوە پێشڕەوى بە هێزەکانى بکات، لەگەڵ ئەوەشدا هێزى سەفین و دەشتى هەولێر و بێتواتە و بەتالیۆنى ٤ی زۆزک پێشیان پێ گرتن نەیانهێشت بێنە پێشەوە و پەلامارەکانیان تێکشکاندن.


سەرچاوەکان:   

  1. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر،  ٢٠٠٤.

  2. سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول 1970-1975، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2022.

  3. خوڕشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانى ساڵانى پێشمەرگایەتى، چاپخانەى حاجى هاشم، چاپى سێیەم، هەولێر – ٢٠١٥.

  4. سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، چاپى یەکەم، هەولێر- ١٩٩٧.

 


بابەتی پەیوەندیدار

داستانى دووەمى چياى زۆزك ١٩٧٤

داستانى دووەمى زۆزک لە ئەیلوولى ١٩٧٤ ڕوویدا، سوپاى عێراق بۆ دەستگرتن بەسەر چیاى زۆزک، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى ژمارەیەک هێرشى گەورە و بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە لە دامێن و بەرزاییەکانى چیاکە، دواى دەیان ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادان و تێکشکاندنى چەند هێرشێک و پێگەیاندى زیانى زۆرى گیانى و ماددى بە سوپاى عێراق، توانیان لە تشرینى یەکەمى ١٩٧٤ دەستى بەسەردا بگرن.

زانیاری زیاتر

چالاکى پشت منجەل ١٩٨٢

چالاکى پشت منجەلان بۆسەیەکى پێشمەرگە بوو بۆ هێزە سەربازیەکانى سوپاى عێراق، لە شەوێکى کۆتاییەکانى پاییزى ١٩٨٢ لە چوارچێوەی خەباتی پارتیزانی شۆڕشی گوڵاندا، هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان چوونە سەر ڕێگاى سەرەکى سۆران- چۆمان (ڕێگاى هاملتۆن) لە پشت منجەلان بۆسەیەکیان دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى سەربازى کە ژمارەیەکى زۆرى سەربازى هەڵگرتبوو کەوتە بۆسەکەوە، هێزەکەى پێشمەرگە ڕووبەڕووى بوونەوەو دایانە بەر دەستڕیژى گوللە، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکەیان تێکشکاند و بە تەواوى سەربازەوە لە هەڵدێرى جاددەکەوە کەوتە خوارەوە...

زانیاری زیاتر

تۆپبارانى سەربازگەى سیدەکان ١٩٧٩

تۆپبارانى سەربازگەى سیدەکان چالاکیەکى پارتیزانى بوو لە لایەن یەکێک لە مەفرەزەکانى پێشمەرگە بە فەرماندەى مەحمود شێخۆ، کە هەستان بە گواستنەوەى تۆپێکى ٥٧ملم لەگەڵ ژمارەیەک گوللە بۆ سەر بەرزاییەکى نزیک شارۆچکەى سیدەکان، ئێوارەیەکى پێش خۆر ئاوابوونی هاوینى ١٩٧٩ بۆ ماویەک تۆپبارانى سەربازگەیان کرد و ئاڵوزى و پشێویان خستە ناو سەربازگە و پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى مجێسەر ١٩٨٠

بۆسەى گوندى مجێسەر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بۆ لێدان و گەیاندنى زیان بە هێزە سەربازیەکانى سوپاى عێراق بوو، ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٠ مەفرەزەیەکى پێشمەرگە خۆیان گەیاندە نزیگ گوندى مجێسەر لە دەڤەرى برادۆست سەر ڕێگاى سەرەکى بۆسەیان دانایەوە، هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبیلێکى سەربازى و تێکیان شکاند و تەواوى سەرنیشانیان کوشتن کە حەوت سەرباز بوون پێشمەرگەکانیش بێ زیان گەڕانەوەو شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر