شەڕی سینگان

یه‌كێك له‌و شه‌ڕانه‌ی كه‌ له‌ دوای شكستهێنانی كۆماری كوردستان و پاشه‌كشه‌كردنی بارزانییه‌كان بۆ خاڵه‌ سنوورییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو و‌ڵاتی ئێران و عێراق تووشی بوون شه‌ڕی سینگان بوو.


یه‌كێك له‌و شه‌ڕانه‌ی كه‌ له‌ دوای شكستهێنانی كۆماری كوردستان و پاشه‌كشه‌كردنی بارزانییه‌كان بۆ خاڵه‌ سنوورییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو و‌ڵاتی ئێران و عێراق تووشی بوون شه‌ڕی سینگان بوو. له‌ درێژه‌‌ی ئه‌و پاشه‌كشه‌یه‌ و دوای داگیركردنی هه‌ردوو ناوچه‌ی وه‌زنه‌ و خان تاووس له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوپای ئێران، ده‌بینین ئه‌و هێزه‌ به‌رفراوانه‌ی كه‌ حكومه‌تی ئێران بۆ هێرشكردنه‌ سه‌ر هێزی بارزانییه‌كان ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌كه‌ی كردبوو به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ هێرشكردن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش  هێزێكی سوپای ئێران له‌ هه‌مه‌دان و یه‌ك ده‌سته‌ توپی ٧٥ شه‌وانه‌ ده‌ڕۆنه‌ نه‌لۆس و له‌ لایه‌كی دیكه‌یش هێزی سواری منگۆر بۆ لای سینگان ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ پێشڕه‌ویكردن، هه‌موو سواره‌كان به‌ ڕۆژ له‌ ڕووباری گاده‌ر تێپه‌ڕ ده‌بن و پێكه‌وه‌ به‌ره‌و سینگان به‌ڕێ‌ ده‌كه‌ون. 

هێزی بارزانییه‌كان‌ له‌ قه‌ڵای سینگان بارودۆخه‌كه‌یان كۆنترۆل كردبوو و چاودێری هێزی سواری منگۆریان ده‌كرد، ژماره‌یه‌ك له‌ هێزه‌كانی خۆیان ده‌نێرنه‌ لای ڕاست و پشتی چه‌كدارانی هێزی منگۆر و چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن تا ئه‌و سوارانه‌ بگه‌نه‌ نزیك و له‌ ناكاو هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ریان و ژماره‌یه‌ك له‌ هێزی منگۆر ده‌كوژن. له‌ ئه‌نجامی ئه‌و كاره‌ هێزی منگۆر پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌نه‌ لای ڕووباری گاده‌ر و له‌و شوێنه‌ش دووباره‌ له‌ لایه‌ن بارزانییه‌كان هێرش ده‌كرێته‌ سه‌ریان، بۆیه‌ نزیكه‌ی ٣٠٠ سواری منگۆر به‌ره‌و به‌رزاییه‌كانی باشووری ئه‌و ناوچه‌یه‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كه‌ن.  جگه‌ له‌وه‌ی كه‌ هێزی چه‌كداری منگور له‌ شه‌ڕی سینگان تووشی شكست و پاشه‌كشه‌ ده‌بن، هێزی سوپای ئێرانیش ڕووبه‌ڕووی بۆردومانی توپه‌كانی هێزی بارزانی ده‌بن كه‌ له‌ به‌رزاییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ دایان مه‌زراند بوو و به‌و شێوه‌یه‌ش هێزی ئێران له‌ سمنگان (سینگان) تووشی شكست ده‌بێت و ناچار ده‌بێت هێزی پیاده‌ و تۆپخانه‌كه‌ی خۆی بۆ گوندی نه‌لۆس بگوازێته‌ و له‌وێ جێگیر ببن. له‌م شه‌ڕه‌دا زیان به‌ر هێزی بارزان كه‌وت و  چه‌ند كه‌سێك شه‌هید و بریندار بوون، یه‌كێك له‌و شه‌هیدانه‌ی ئه‌و شه‌ڕه‌ ناوی باقی عه‌زیز مێرگه‌سۆری بوو و یه‌كێك له‌ برینداره‌كانیش كه‌كۆ مه‌لا عالی بوو، كه‌ قاچێكی بریندار ده‌بێت و هه‌روه‌ها  چاوێكیشی له‌ ده‌ست ده‌دات.


سه‌رچاوه‌كان:

١- حسین علی رزم آرا،فرهنگ جغرافیایی ایران(آبادیها)استان ٣و٤آذربایجان،( انتشارات دایره‌ جغرافیایی ستاد ارتش،١٣٣٠.

٢- نجفقلی پسیان، نجفقلی پسیان،از مهاباد خونین تا كرانه‌های ارس، تهران،شركت سهامی چاپ،١٣٢٨.

٣- علی اصغر احسانی،خاطرات ما از قیام افسران خراسان،تهران،نشر علم،١٣٧٨.

٤- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلوپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

 


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى چیاى بەڕانشێ ١٩٨٦

شەڕى بەڕانشێ چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بوو لەسەر ڕێگاى سەرەکى چیاى بەڕانشێ نزیک گوندى گرێ بیێ، لەو چالاکییەدا هێزێکى پێشمەرگەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگاى سەرەکى دانایەوە، بۆ لێدان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى هێزەکانى ڕژێمى بەعسى داگیرکەر.

زانیاری زیاتر

شەڕى شیڤێ ١٩٨٧

شەڕى شیڤێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە و هێزى چەکدارانى بەکرێگیراوى ڕژێمى بەعس لە ٢٥ى ئایارى ١٩٨٧، کە بە نیازى وێرانکارى و ڕوخاندنى گوندى شیڤێ هێرشیان کردە سەر گوندەکە، هێزى پێشمەرگەش بەرەنگاریان بووەوە و لە ماوەى دوو کاتژمێرى شەڕدا هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو شکستیان خوارد و ڕایانکرد، چوار لاشەیان لە مەیدانى شەڕ بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى بادێ ١٩٨٣

چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعسە، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک و ڕێکخراوەکانى هورمز مەلیک و تاهر زێوەیی لە شەوى ١١ لەسەر ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گوندى بادێ، لە ماوەیەکى کەمدا دەستیان بەسەرداگرت و ئاگریان تێبەردا، تەواوى سەربازانیان کوشت و چواریشیان بەدیل گرتن، پاشان شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر