شەڕی سوفیان

هێزی بارزانی دوای نسكۆی كۆمار و له‌ كاتی پاشه‌كشه‌كردنیان بۆ خاكی عێراق قۆناغێكی نوێی له‌ شه‌ڕ و پێكدادان له‌ گه‌ڵ هێزی سوپای ئێران و هۆزه‌كانی لایه‌نگری حكومه‌ت ده‌ست پێده‌كات...


هێزی بارزانی دوای نسكۆی كۆمار و له‌ كاتی پاشه‌كشه‌كردنیان بۆ خاكی عێراق قۆناغێكی نوێی له‌ شه‌ڕ و پێكدادان له‌ گه‌ڵ هێزی سوپای ئێران و هۆزه‌كانی لایه‌نگری حكومه‌ت ده‌ست پێده‌كات، ژماره‌یه‌ك له‌و شه‌ڕانه‌ گورزێكی كوشنده‌ بوون به‌ر‌ سوپا و لایه‌نگرانی ئێران كه‌وتن، یه‌كێك له‌و شه‌ڕانه‌ كه‌ له‌و پاشه‌كشه‌یه‌ له‌ نێوان هێزی بارزانی و سوپای ئێران ڕوویدا شه‌ڕی سۆفیان بووه‌، دوای سه‌ركه‌وتنی شه‌ڕی نه‌لۆس بارزانییه‌كان ئاگادار ده‌بن كه‌ به‌شێك له‌ هێزی سوپای ئێران له‌ گوندی سۆفیان كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ١٠ كیلۆمه‌تری باشوری نه‌لۆس جێگیر بوونه‌، ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه بارزانییه‌كان ئه‌و شوێنه بكه‌نه‌ ئامانجی خۆیان، بۆیه‌ له‌ كاتژمێر ٧ی به‌یانی لە ١٧ی ئاداری ١٩٤٧ ده‌ست به‌هێرشكردن بۆ سه‌ر هێزه‌كه‌ی سوپای ئێران له‌ سۆفیان ده‌كه‌ن، پێشتر له‌ ژێر كۆنترۆلی هۆزه‌كانی مامش ومەنگور بوو و ڕایان كردبوو.

سه‌ره‌تا بارزانییه‌كان ده‌توانن له‌ دوای ١٢ كاتژمێر شه‌ڕ له‌ گه‌ڵ هێزی ئێران به‌ سوود وه‌رگرتن له‌ هێزی تۆپخانه‌ و چه‌كی قۆرس به‌رزاییه‌كانی ئه‌و ناوچه‌یه كۆنترۆل‌ بكه‌ن، له‌و شه‌ڕه‌ له‌ هێزی بارزانی ٨ كه‌س شه‌هید ده‌بن و ١٢ كه‌سیش بریندار ده‌بن، له‌ هێزی ئێرانیش ئه‌فسه‌رێك به‌ ناوی ڕه‌زا قه‌ره‌باغی و سه‌ربازێك ده‌كوژرێن و ١١ كه‌سیش به‌دیل ده‌كه‌ونه‌‌ ده‌ستی بارزانییه‌كان، كاتێك سوپای ئێران ده‌بینن كه‌ له‌ سوفیانیش وه‌كو نه‌لۆس تووشی شكست هاتوونه‌ ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ ئه‌نجامدانی دژه‌ هێرشێك،‌ به‌ سوود وه‌رگرتن له‌  گۆردانی سواری لۆرستان و دوو گوردانی تۆپخانه‌ و فڕۆكه‌ی جه‌نگی، له‌ ئه‌نجامی ئه‌‌و هێرشه‌ كه‌ له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی ناله‌بار ئه‌نجام درا بارزانییه‌كان ناچار ده‌بن پاشه‌كشه‌ بكه‌ن؟!. 

 به‌ڵام لێره‌ ده‌بێت ئه‌و بۆچوونه‌ی پسیانی ڕۆژنامه‌نووسی به‌كرێگیراوی ئێرانی كه‌ ده‌یه‌وێت وا پروپاگه‌نده‌ بڵاو بكاته‌وه‌ كه‌ له‌ شه‌ڕی سۆفیان بارزانییه‌كان تووشی شكست هاتن به‌ درۆ له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ین، چونكه‌ ئه‌و پێش هه‌موو شتێك ته‌نیا ڕۆژنامه‌نووسێك بووه‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران ڕێگه‌ پێدراو بووه‌ ڕوماڵی ڕووداوه‌كان بكات، به‌ شێوه‌یه‌ك‌ زۆربه‌ی كات هێزی ئێران به‌ سه‌ركه‌وتوو نیشان بدات و بارزانییه‌كان به‌ شكست خواردوو دابنێت، نموونه‌ی ئه‌و لایه‌نگیرییه‌ له‌ شه‌ڕی سوفیان ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌‌ ستوان یه‌كه‌می قه‌ره‌باغی و ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ربازه‌كان ده‌كوژرێن، ئه‌و شكسته‌ بۆ سه‌ركه‌وتنێك ده‌گۆڕێت كه‌ تێیدا ١٦پێشمه‌رگه‌ی بارزانی شه‌هید و ٢٠ پێشمه‌رگه‌یش بریندار ده‌بن،  كه‌ له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ درۆ هیچ ڕاستی بۆ نه‌بوو، چونكه‌ ئه‌و كاته‌ی كه‌ شه‌ڕی سوفیان ڕووده‌دات هه‌روه‌كو باس كرا به‌ هۆی خراپی كه‌شوهه‌وا و بارینی باران هێزی سوپای ئێران ناتوانن له‌ شوێنی خۆیان جوله‌ بكه‌ن و هه‌ر خودی ئه‌و هۆكاره‌ش ده‌بێته‌ هۆی سه‌ركه‌وتنی بارزانییه‌كان.

له‌ لایه‌كی دیكه‌ش پسیانی ڕۆژنامه‌نووس باس له‌ سوود وه‌رگرتن له‌ هێزی ئاسمانی له‌و شه‌ڕه‌ ده‌كات كه‌ ده‌توانین بڵێین ئه‌وه‌ش جگه‌ له‌ پڕوپاگه‌نده‌یه‌ك بۆ هێزی سوپای ئێران هیچ شتێكی دیكه‌ نه‌بووه،‌ چونكه‌ ئه‌و فڕۆكانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ستی هێزی ئاسمانی ئێران بوونه‌ ئه‌وه‌نده‌ پێشكه‌وتوو نه‌بوونه‌ كه‌ بتوانن له‌ كه‌شوهه‌وایه‌كی ناله‌بار بفڕن و ئامانجه‌كانی خۆیان له‌ ناوچه‌یه‌كی كوێستانی بپێكن. له‌ لایه‌كی دیكه‌یش هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی دیكه‌ی ئێران هه‌تا خودی ناوه‌ندی ئه‌رتشی ئێران له‌و په‌رتووكه‌ی كه‌ له‌سه‌رده‌می په‌هله‌وی نووسراوه‌ و ناوی (تاریخ پنجاه ساڵه‌ نیروی زمینی شاهنشاهی ایران)ه‌ هۆكاری شكستی هێزه‌كه‌ی ستوان یه‌كه‌م قه‌ره‌باغی له‌وه‌ ده‌بینێت كه‌ كه‌شوهه‌وای ناوچه‌كه‌ بۆ هێرشكردن خراپ بووه‌ و هه‌روه‌ها به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك باس له‌ یارمه‌تی وه‌رگرتن له‌ هێزی ئاسمانی ناكات.


سه‌رچاوه‌كان:

١- نجفقلی پسیان، از مهاباد خونین تا كرانه‌های ارس،(تهران،شركت سهامی چاپ)،١٣٢٨.

٢- علاءالدین سجادی، شۆرشه‌كانی كورد،(به‌غدا،چاپخانه‌ی مه‌عارف)،١٩٥٩.

٣- سپهبد محمد كاظمی.سرهنگ ٢ستاد منوچهر البرز، تاریخ پنجاه ساله‌ نیروی زمینی شاهنشاهی ایران،تهران،٢٥٣٥.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى چیاى بەڕانشێ ١٩٨٦

شەڕى بەڕانشێ چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بوو لەسەر ڕێگاى سەرەکى چیاى بەڕانشێ نزیک گوندى گرێ بیێ، لەو چالاکییەدا هێزێکى پێشمەرگەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٥ى تشرینى دووەمى ١٩٨٦ بۆسەیەکیان لەسەر ڕێگاى سەرەکى دانایەوە، بۆ لێدان لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەکانى هێزەکانى ڕژێمى بەعسى داگیرکەر.

زانیاری زیاتر

شەڕى شیڤێ ١٩٨٧

شەڕى شیڤێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە و هێزى چەکدارانى بەکرێگیراوى ڕژێمى بەعس لە ٢٥ى ئایارى ١٩٨٧، کە بە نیازى وێرانکارى و ڕوخاندنى گوندى شیڤێ هێرشیان کردە سەر گوندەکە، هێزى پێشمەرگەش بەرەنگاریان بووەوە و لە ماوەى دوو کاتژمێرى شەڕدا هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو شکستیان خوارد و ڕایانکرد، چوار لاشەیان لە مەیدانى شەڕ بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى بادێ ١٩٨٣

چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعسە، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک و ڕێکخراوەکانى هورمز مەلیک و تاهر زێوەیی لە شەوى ١١ لەسەر ١٢ى کانوونى یەکەمى ١٩٨٣ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گوندى بادێ، لە ماوەیەکى کەمدا دەستیان بەسەرداگرت و ئاگریان تێبەردا، تەواوى سەربازانیان کوشت و چواریشیان بەدیل گرتن، پاشان شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر