شەڕی سورداش و چەند ناوچەیەکى سەربە سلێمانی

بەعسیەکان کە بۆ جارى دووەم دەسەڵاتى عێراقیان گرتەدەست یەکێک لە پلانە شەڕانگێزەکانیان کۆتایی هێنان بوو بە شۆڕشى کورد، بۆ پیادەکردنى کارنامەکەیان ساڵى ١٩٦٩ هەڵمەتێکى فراوانى هێرش و پەلاماریان بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕشى ئەیلوول دەست پێکرد بە هاوکارى و پاڵپشتى تاقمى کۆنى مەکتەبى سیاسى، بەڵام سەرکردایەتى شۆڕش بە پلان و خۆ ڕێکخستنەوەیەکى توکمە بەرەنگاریان بوونەوە و تەواوى پلانە سەربازییەکانیان پوچەڵ کردنەوە.


پەیوەندى شۆڕش و حکومەتى عێراق لە سەردەمى بەعس کە بۆ جارى دووەم دەسەڵاتى گرتە دەست بە دۆخێکى تایبەتدا گوزەرى دەکرد، بە تایبەتى لە کوتاییەکانى ساڵى ١٩٦٨ تا کۆتاییەکانى ١٩٦٩ بەهۆی ئەوەى کە تاقمى مەکتەبى سیاسى کۆن لە شۆڕش هەڵگەڕابوونەوە و پەیوەندییان بە حکومەتەوە بوو ڕۆژانە هێزەکانیان شانبەشانى هێزەکانى سوپاى عێراق هێرش و پەلاماریان بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش چڕ کردبووە و تا ڕادەیەک لە پێشڕەویدا بوون لە دۆڵی جافایەتى و سیوەیل و شارباژێڕ و سرۆچک و هەڵەبجە و بیارە و تەوێڵە و دوکان و بێتوێن و پشدەر و ڕانیە.

هێزەکانى حکومەت لە هێرش و پەلامارەکانیدا لە سورداش لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە زیانى گەورەیان بەرکەوتبوو، بۆیە وەکو گورگى هار هەر ڕۆژە و پەلامارى شوێنێکیان دەدا لە جاسەنە و گەنجینە و قەمچوغە بۆ ئەوەى بیانگەڕێننەوە ژێر دەسەڵاتـى خۆیان بەڵام هەوڵەکانیان بێ ئەنجام بوون، حەردان تکریتى وەزیرى بەرگرى ئەوسا دواى هەموو ئەو شکستانەى سوپا لە بەرامبەر پێشمەرگە سەردانى کوردستانى کرد لەگەڵ فیرقەى یەک و دوو نەخشەیەکى فراوانى هێرش و پەلامارى داڕشت بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕش لە سنوورى سلێمانی، لە ٢٥ى تشرینى یەکەمى ١٩٦٩ هێزەکانى حکومەت بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و زرێپۆش و فڕۆکەى جەنگى و ژمارەیەکى زۆرى چەکدارى بەکرێکیراو (جاش) هێرشیان کردە سەر ناوچەکانى قەڵادزێ و چیاى ئاسۆس و مەرگە و کێوەڕەش و دۆڵى شەهیدان و زنیرە و چیاى ئەزمەڕ، شەڕێکى خوێناوى درێژخان بەرپا بوو لە پانتاییەکى جوگرافى فراواندا، تەنها لە ناوچەى قەڵادزێ لیواکانى حەوت و چواردە و بیست لەگەڵ فەوجێک و چەند سریەیەکى مغاویر بەشدا بوون.

هەرچەندە سوپاى عێراق توانى بگاتە قەڵادزێ دواى هەوڵدانێکى زۆر و بەرگرى پێشمەرگە بۆ ماوەى ١٤ڕۆژ، بەڵام زیانێکى زۆر گەورەى پێ کەوت بە تایبەتى لە دۆڵى شەهیدان کە شەڕ بۆ ماوەى چەند مانگ بەردەوام بوو، هەروەها لە چیاى ماکۆک هێزەکانى حکومەت دووچارى شکستى گەورە بوون. لە ناوچەى سورداش سوپاى عێراق چەند هێرشى یەک لە دواى یەکى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە قزلەر و قەل قەلە و جاسەنە و گەنجینە و قەمچوغە و چیاى سارا، بەڵام سەرجەم هێرشەکانى تێکشکان و زیانى زۆریان پێ کەوت، وێڕاى هەموو ئەمانە هێزەکانى باڵى مەکتەبى سیاسى کۆنیش لە پەلامارەکانیان سلیان نەدەکردوە بە هەماهەنگى هێزەکانى سوپاى عێراق بۆ سەر پێشمەرگە و ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش.  

لە ناوەڕاستى تشرینى دووەمى ١٩٦٩ وەک بەشێک لە هێرشى گشتى هێزەکانى حکومەت، هێزێکى گەورەى تاقمى ناوبراو لە دەوروبەرى دەریاچەى دوکانەوە بە نیازى پەلاماردانى هێزى پێشمەرگە و مەڵبەندى سەرکردایەتیان لە چیاى سورداش بەرەو گوندى بەرگەلو پێشکەوتن، هێزێکى پێشمەرگە بە فەرماندەیی حاجى شێخ قادر بەرپرسى بەتالیۆن لە هێزى ڕزگارى لێیان ڕاپەڕین و بەریان پێ گرتن، بە جۆرێک ڕووبەڕوویان بوونەوە تا شکستیان پێ نەهێنان لە کۆڵیان نەبوونەوە، لاشەى ١٣چەکداریان لە مەیدانى شەڕەکە بەجێ هێشتن و پاشماوەى هێزەکەیان هەڵاتن پەنایان بردە بەر سەربازگەى سوپا لە دوکان.   

ئەمەش دەرخەرى ئەو ڕاستیەیە کە باڵى مەکتەبى سیاسى کۆن لە شەڕ پێ فرۆشتن بە شۆڕشی ئەیلوول بە هاوکارى پاڵپشتى ڕژێمى بەعس بەردەوامیان هەبوو، ئەمەش پلان و تاقیکردنەوەیەکى ڕژێمى بەعسى نوێ بوو بۆ ئەوەى تێبگەن کە تاقمى ناوبراو تا چەند دەتوانێ بەسەر شۆڕشى کوردستاندا سەردەکەوێ و خەونەکانى ئەوان دەهێنێتە دى کە خۆى لە پەکخستنى شۆڕشدا دەبینیەوە، بەڵام هەوڵەکانیان سەرکەوتنى بەدەست نەهێنا و مایە پوچ دەرچوون.     


سەرچاوەکان: 

١- ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشى ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم، عێراق - ٢٠٠٤.

٣- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک - ١٩٩٩.

٤- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قازى حەمەد سورچى، چاپخانەى دانیشفەر، هەولێر- ٢٠٢٣.

٥- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، چاپى یەکەم، هەولێر- ٢٠١٢.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر