شەڕی زاخۆ ١٩٧٤

حکومەتى عێراق لە بەهارى ١٩٧٤ شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاندەوە، هێرشێکى بەربڵاوى کردە سەر شارى زاخۆ، بە مەبەستى شکاندنى گەمارۆى هێزى پێشمەگە لە سەر سەربازگەیەکى سوپا لە شارەکە، دواى چەند هەفتەیەک لە هێرشى بەردەوامى سوپا بە پاڵپشتى تانک، تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) توانیان گەمارۆى سەر سەربازگەکە بشکێنن و بچنە ناو شارى زاخۆ.


بەر لە دەستپێکردنەوەى شەڕ، حکومەتى عێراق سیستەمى پاسەوانانى سنوورى هەڵوەشاندەوە کە بەشێک بوو لە ١١ى ئادارى ١٩٧٠، لە شوێنی ئەوان هۆزەکانى چەکدار کردن، لەو ماوەیەشدا سەربازگەیەکى سوپاى عێراق لە شارى زاخۆ بوونى هەبوو، کە حکومەتى عێراق لە ڕێککەوتنى ١١ى ئادار پاشگەز بووە خۆى لە جێبەجێکردنى بڕگە و ماددەکانى ڕێککەوتنەکە دزیەوە و جارێکى دیکە شەڕی بەسەر کورددا سەپاندەوە، دەستى کرد بە بۆمبارانکردنى شار و شارۆچکەکانى کوردستان و هێرشى سەربازى بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش دەستپێکرد، سەربازگەى سوپاى عێراق لە زاخۆ لە لایەن هێزى پێشمەرگەى زاخۆ بە فەرماندەى عیسا سوار گەمارۆ درا، نزیکەى هەزار سەربازى تێدا بوو.


فیرقەى چوارى سوپاى عێراق بە فەرماندەى عەمید ڕوکن عەبدولجەبار ئەسەدى لە ٢٦ى ئادارى ١٩٧٤ بەمه‌بەستى ئەنجامدانى هێرشێکى بەربڵاو لە موسڵەوە بەرەو شارى زاخۆ پێشکەوت، تاکو٣٠ى نیسانى ١٩٧٤ بەردەوام بوو لە بۆمبارانکردنى شارەکە، هەر لە دەڤەرى بادینان جگە لە زاخۆ لە ٢٥ى نیسانى ١٩٧٤ شارى دهۆکیش کەوتە بەر پەلامار و بۆردومانى سوپا، حکومەت بەوەشەوە نەوەستا لە سەرەتاى دەستپێکردنەوەى شەڕ وەزارەتى بەرگرى عێراق بڕیاریدا بە دووبارە دروستکردنەوەى فەوجى (جاش) کە ڕاستەوخۆ سەربە سوپاوە بن، هەروەها دانانى ئەفسەرێکى سەربازى بۆ هەر فەوجێکى بەکرێگیراوان وەکو فەرماندەى فەوج و سەرۆکى بەکرێگیراوانیش بوو بە ڕاوێژکارى ئەفسەرەکە، ژمارەیان نزیکەى ٦٠٠٠ چەکدار بوو لە هۆزەکانى سورچى و هەرکی و زێبارى و برادۆست و خۆشناو هتد..  

مەبەستى سوپاى عێراق لەو هێرشەدا شکاندنى گەمارۆى پێشمەرگە بوو لەسەر سەربازگەى ناوبراو و دەستگرتن بەسەر شارەکە بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و زرێپۆش و بالەفڕى جەنگى، سەرەتا پێشڕەوییەکانى سوپا بەبێ هیچ بەربەستێک بەردەوام بوو تا گەیشتنە نزیک دەڤەرەکە، بەڵام لە گەلى زاخۆ پێشمەرگەکانى هێزى زاخۆ بەرەنگاریان بوونەوە و بەرگریان کرد تاکو پێشڕەوییەکانى سوپا بوەستێنن و دواجار تێکیان بشکێنن، سەرەڕاى ئەوەى کە هێزى پێشمەرگە سەنگەریان باش گرتبوو بە هاوەن تۆپبارانى هێرشى سوپا و سەربازگەى گەمارۆدراویان دەکرد، بەڵام لەبەر گەورەیی قەبارەى هێزەکانى حکومەت لە زۆرى ژمارەى سەرباز و چەکى قوڕسى پێشکەوتووى وەک تانک و زریپۆش، پێشمەرگە نەیتوانى زیاتر لە چەند هەفتەیەک هێزە گەورەکەى سوپاى عێراق بوەستێنى، دواى زیانێکى زۆر لە سەرباز و تێکشکاندنى تانک و کەلوپەلى سەربازى، سوپا توانى گەمارۆى سەر سەربازگە بشکێنێ و لە ١ى ئایار دەستى بەسەر شارى زاخۆدا گرت.

سوپاى عێراق بەمەشەوە نەوەستا بەڵکو دەستڕیژى گوللەیان کردە سەر هاوڵاتیانى سڤیلى شارەکە، لە ئەنجامدا ٦٣ شەهید و١٥٠ بریندارى لێ کەوتەوە، دواى ئەوەى کە سوپا چووە ناو شارى زاخۆ هێزى پێشمەرگە پاشەکشەیان کرد بۆ گوندەکانى دەوروبەر، بنکە و بارەگایان لە گەلى هارینا دانا لە گوندى ئەرمشێ، جارێکى دیکە هێڵێکى دیکەى بەرگرى دروست کرد تاکو ڕێگرى بکەن لە پێشڕەوی و هێرشەکانى سوپا، لە شارى دهۆکیش بەر لە هێرشى سوپا پێشمەرگە بەرەو گەلى دهۆک ڕۆیشتن بارەگاى هێزیان لە گوندى باخورنیفى دانا و هێڵى بەرگریان دامەزراند، سوپاى عێراق هێرشى بەربڵاوى کردە سەر گەلى دهۆک و چیاى کێلى شەدایێ بەڵام نەیتوانى هیچ بەرەو پێشوەچوونێک بەخۆوە ببینى و هێرشەکانى تێکشکان.


سەرچاوەکان:   

١- هۆژین مەسعود سەرنى، شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

٢- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ٢٠٢٢.

٣- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.

٤- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن،  ڕۆژانێک لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە، هەولێر – ٢٠٠٧.

 


بابەتی پەیوەندیدار

داستانى دووەمى چياى زۆزك ١٩٧٤

داستانى دووەمى زۆزک لە ئەیلوولى ١٩٧٤ ڕوویدا، سوپاى عێراق بۆ دەستگرتن بەسەر چیاى زۆزک، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى ژمارەیەک هێرشى گەورە و بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە لە دامێن و بەرزاییەکانى چیاکە، دواى دەیان ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادان و تێکشکاندنى چەند هێرشێک و پێگەیاندى زیانى زۆرى گیانى و ماددى بە سوپاى عێراق، توانیان لە تشرینى یەکەمى ١٩٧٤ دەستى بەسەردا بگرن.

زانیاری زیاتر

چالاکى پشت منجەل ١٩٨٢

چالاکى پشت منجەلان بۆسەیەکى پێشمەرگە بوو بۆ هێزە سەربازیەکانى سوپاى عێراق، لە شەوێکى کۆتاییەکانى پاییزى ١٩٨٢ لە چوارچێوەی خەباتی پارتیزانی شۆڕشی گوڵاندا، هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان چوونە سەر ڕێگاى سەرەکى سۆران- چۆمان (ڕێگاى هاملتۆن) لە پشت منجەلان بۆسەیەکیان دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى سەربازى کە ژمارەیەکى زۆرى سەربازى هەڵگرتبوو کەوتە بۆسەکەوە، هێزەکەى پێشمەرگە ڕووبەڕووى بوونەوەو دایانە بەر دەستڕیژى گوللە، لە ئەنجامدا ئۆتۆمبێلەکەیان تێکشکاند و بە تەواوى سەربازەوە لە هەڵدێرى جاددەکەوە کەوتە خوارەوە...

زانیاری زیاتر

تۆپبارانى سەربازگەى سیدەکان ١٩٧٩

تۆپبارانى سەربازگەى سیدەکان چالاکیەکى پارتیزانى بوو لە لایەن یەکێک لە مەفرەزەکانى پێشمەرگە بە فەرماندەى مەحمود شێخۆ، کە هەستان بە گواستنەوەى تۆپێکى ٥٧ملم لەگەڵ ژمارەیەک گوللە بۆ سەر بەرزاییەکى نزیک شارۆچکەى سیدەکان، ئێوارەیەکى پێش خۆر ئاوابوونی هاوینى ١٩٧٩ بۆ ماویەک تۆپبارانى سەربازگەیان کرد و ئاڵوزى و پشێویان خستە ناو سەربازگە و پاشان شوێنەکەیان جێ هێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى مجێسەر ١٩٨٠

بۆسەى گوندى مجێسەر چالاکیەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە بۆ لێدان و گەیاندنى زیان بە هێزە سەربازیەکانى سوپاى عێراق بوو، ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٠ مەفرەزەیەکى پێشمەرگە خۆیان گەیاندە نزیگ گوندى مجێسەر لە دەڤەرى برادۆست سەر ڕێگاى سەرەکى بۆسەیان دانایەوە، هێرشیان کردە سەر ئۆتۆمبیلێکى سەربازى و تێکیان شکاند و تەواوى سەرنیشانیان کوشتن کە حەوت سەرباز بوون پێشمەرگەکانیش بێ زیان گەڕانەوەو شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر