شەڕی ڕواندز ١٩٦٥

ئەم شەڕە لە هاوینى ساڵى ١٩٦٥ ڕوویدا لە چیاى کۆڕەک و ڕواندز و دەشتى دیانا، ئامانجى سەرکردایەتى شۆڕش لەو هێرشەدا دەستگرتن بوو بەسەر چیاى کۆڕەک و گەلى عەلى بەگ، وەک پەرچە کردارێک لە بەرامبەر هێرش و پەلامارەکانى سوپاى عێراق کە بەردەوام دەیکردە سەر زۆزک و هەندرێن و شوێنانى تر بۆ ئەوەى گوشار بخاتە سەر سەرکردایەتى شۆڕش لە ناوچەى باڵەکایەتى.


هاوینى ساڵى ١٩٦٥ لە ڕواندز و دەوروبەرى شەڕ و پێکدادانى نێوان شۆڕش و هێزەکانى حکومەت بۆ ماوەى چەند مانگ درێژەى هەبوو ڕژێمى عێراق بەردەوام ھێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر پێشمەرگە چڕ کردبووەوە بۆ ئەوەى مەترسیەکان لەسەر ڕواندز و چیاى کۆڕەک و ڕێگا گشتیەکان کەم بکاتەوە، هەوڵى دەدا دەست بەسەر چیاى زۆزک و هەندرێن و دۆڵى ئاکۆیان و دۆڵى ئاڵانەدا بگرێ و دەسەڵاتى بەسەر تەواوى دەشتى دیانادا بسەپێنێ. لە لایەن شۆڕشیشەوە هەوڵی ئەوە هەبوو کەوا شوێنە ستراتیژییەکانى وەکو چیا بەرزەکان لە دەستى پێشمەرگەدا بێ، وەکو لە ئاماژەیەکدا هاتووە سەرکردایەتى شۆڕش پلانى ئەوەى هەبوو کەوا دەست بەسەر چیاى کۆڕەکدا بگرێت، مستەفا بارزانی ڕێبەرى شۆڕش بۆ ئەو مەبەستە سەردانى چیاى هەندرێن و دۆڵى ئاکۆیانی کرد، چاوى بە بەرپرسانى پێشمەرگەى هێزى باڵەکایەتی کەوت و لەبارەى هێرشى چیاى کۆڕەک گفتوگۆى لەگەڵ کردن، هەریەک لە فاخیر مێرگەسۆری و مەلا ئەمین بەڵێنیان پێدا کە بەو ئەرکە هەڵبستن.


ئامادەکارى و پلانى هێرشەکە

یەکەم: تۆپباران کردنى هەموو سەربازگەکانى سوپا لە خەلیفان و ملتۆکرى ڕواندز و حامیەى کاولۆکان و دیانا لە یەک کاتدا، بۆ هەر سەربازگەیەک تۆپێکى هاوەنى ئەندازە ١٢٠ملم و ٢٠٠ گوڵە تۆپ تەرخان کران.

دووەم: ئەنجامدانى هێرشێکى گشتگیر بۆ سەر چیایى کۆڕەک بە مەبەستى دەستگرتن بەسەر چیاکە و گەلى عەلى بەگ و گەمارۆدانى ڕواندز، ئەرکى ئەم هێرشە بە بەتالیۆنى ئاکۆیان سپێردرا بە فەرماندەى مەلا ئەمین و حەمەزیاد و بەتالیۆنیکى حزبى شیوعى بە فەرماندەى ملازم ریاز بەدرخان، بەرپرسیاریەتى گشتى شەڕەکە  بە فاخیر محەمەد مێرگەسۆرى سپێردرا.

سێیەم: هێرشى سەر سەربازگەى ملتۆکر بە بەتالیۆنێکى هێزى باڵەک سپێردرا بە فەرماندەى عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی و مام سدیق.

چوارەم: ئەرکى هێرشى سەر سەربازگەى خەلیفان بە بەتالیۆنى بێتواتە سپێردرا بە فەرماندەی حالی دۆلەمەری و تانجۆ یونس.

پێنجەم: هێرشى سەر سەربازگەى دیانا بە دوو بەتالیۆنى هێزى باڵەک سپێردرا بە فەرماندەی حاجى بێرۆخى و حادى حەسکۆ.

شەشەم: فەرماندەى گشتى بەرەى شەڕ عەبدوڵا ئاغا پشدەرى بوو فەرماندەى هێزى باڵەک و یاریدەدەریشى کەمال نەعمان سابیت بوو، سەرپەرشتى گشتى تۆپخانەش نەقیب بەکر و ملازم خدر و عومەر ئاغاى دۆلەمەرى و خدر دەباغ و نەوزاد خۆشناو و خالید شەمسەدین بوون.  

کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکى ئێوارەى ٦ى ئابى ١٩٦٥ تۆپبارانى تۆپخانەى شۆڕش بۆ سەر سەربازگە و ڕەبایەکانى سوپاى عێراق دەستى پێکرد، مەسعود بارزانی لە کتێبى بارزانى و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورد دەڵێ ئێمە لە چیاى ڕەبەنۆک بووین چاومان بڕیبووە مۆڵگا سەربازیەکان کە گوللە تۆپیان لە تۆپخانەى شۆڕشەوە بەسەردا دەبارى، پەشێوییەکى زۆر کەوتە نێو سەربازگەکان و دووچارى ترس و دڵەکوتە بوون، هەردوو سەربازگەى خەلیفان و ملتۆکرى ڕواندز بە تەواوى وێران بوون و ئاگریان تێ بەربوو، سەربازگەى حامیەى کاولۆکان زیانى زۆرى پێ نەکەوت چونکە شوێنەکەى زۆر قایم بوو، هەروەها ئاگر بەربووە سەربازگەى دیانا و بەشى زۆرى دامەزراوەکانى وێران بوون.

لە ئاماژەیەکى دیکەدا هاتووە تۆپخانەى شۆڕش توانى ئامانجەکانى بە جۆرێک بپێکێ کە ڕەسەد و ڕەبایەکانى سوپاى عێراق تێکبشکێنێ و تۆپبارانیان بوەستێنێ، دوو ڕەبایەى سوپا لە چیاى کۆڕەک وێران بوون، بەڵام هی سێیەم بە هۆى بوونى کەپکە شاخێک لەناو ڕەبایەکەدا تۆپبارانەکە هێندە کاریگەرى نەبوو لە سەرى. کاتژمێر ٩ى هەمان شەو هێرشى گشتى دەستى پێکرد، هەر لە کاتژمێرى یەکەمى هێرشەکەدا دوو ڕەبایە لە چیاى کۆڕەک دەستى بەسەرداگیرا، بەڵام ڕەبایەى سێیەم کە ڕەبایەى کەپکە قەڵەوى پێ دەڵێن بەهۆى سەختى شوێنەکە و بەرگری بەهێزى سەربازان بە فەرماندەى ملازم قەحتان دەستى بەسەردا نەگیرا، هەرچەندە بۆ ماوەى یەک هەفتە گەمارۆى خرایە سەر بەڵام لە بەرگریکردن هەر بەردەوام بوون، هەر ئەمەش بووە هۆکارى ئەوەى کە پێشمەرگە نەتوانێ دەست بەسەر گەلى عەلى بەگدا بگرێ، هەرچەندە سوپاى عێراق زیانى زۆریشی بەرکەوت کە لاشەى ٤٠ کوژراویان لە مەیدانى شەڕدا بەجێما.

لە بەرەى ملتۆکر سەربازان شوێنەکەیان چۆلکرد و پێشمەرگە دەستى بەسەردا گرت، لە دیاناش چەند شوێنێک دەستى بەسەردا گیرا، بەڵام لەگەڵ چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) کەوتنە شەڕەوە و پێشمەرگەیەک شەهید بوو یەکێکیش بریندار بوو، تا بەرەبەیان شەڕ لە نێوانیان بەردەوام بوو بەڵام کە ڕوناکایی داکەوت پێشمەرگەکان کشانەوە دواوە. حکومەت بە تەواوى هێز و چەکى قورس و سووک و فڕۆکەى جەنگى و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) کەوتە بەرپەرچدانەوەى هێرشى پێشمەرگە.

لە ئەنجامى تۆپبارانى سوپا لە بەرەى کۆڕەکدا زیانێکى زۆر بەر پێشمەرگە کەوت، کاتێک کە لە حەسانەوەدا بوون ڕێزێک گوڵە تۆپ لەناویاندا کەتنە خوارەوە و پێاندا تەقینەوە بووە مایەى شەهیدبوونى ٢٧ پێشمەرگە، ئەمەش بووە ئەگەرى دابەزینى ورەیان و خاو بوونەوەى هێرشى سەر کۆڕەک، هێزەکانى حکومەت زیانى زۆریان بەر کەوت بەڵام لە بەرامبەردا زیانەکانى پێشمەرگەش کەم نەبوون، هەرچەندە ئامانجى هێرشەکە نەپێکرا و گۆڕانکارى بەرچاو بەسەر نەخشەى سەربازیدا نەهات، بەڵام تاقیکردنەوەیەکى سەربازى گرنگ بوو. لەسەر ئەم بنەمایە بارزانى ڕێبەرى شۆڕش فەرمانى کرد کە داکۆکى لە هێڵەکانى بەرگرى بکەن و پتەوترى بکەن هەروەها وریایی و بەئاگایی خۆیان لەدەست نەدەن و وەڵامى هەر جووڵەیەکى دوژمن بدەنەوە. 


کاردانەوەکانی حکومەت لەبەرامبەر ئەو هێرشەدا                

حکومەت زۆر بە خەستى گوندى ئاکۆیانى تۆپباران کرد کە لە ئەنجامدا کوشتار و زیانى زۆرى لێ کەوتەوە، لەو ماوەیەدا خانەوادەى بارزانى ڕێبەرى شۆڕش لە هاوینە هەوارى کۆدۆ دادەنیشن لە نزیک حاجى ئۆمەران، کە ناوچەکە لەو وەرزى هاوینەدا خێڵى کۆچەرى زۆرى لێ بوون، دیارە دەزگا هەواڵگرییەکانى حکومەتیش لەوە ئاگادار بوون بۆیە بە چوار فڕۆکەى جەنگى هۆکەر هەنتەر کەوتنە بۆمباران کردنى شوێنەکە، بەڵام نەیانتوانى نیشانەکانیان بە تەواوى بپێکن بۆمبەکانیان لەناو کۆمەڵێ لە کۆچەریان کەوتنە خوارەوە، لە ئەنجامدا ٤ کەسیان شەهید بوون کە دوویان منداڵ بوون و ١٤ى تریشیان بریندار بوون.


سەرچاوەکان:

١- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٢- زرار سلیمان بەگ دەرگەڵەیی، بیرەوەریەکانم لە ساڵانى ١٩٤٣-١٩٧٧دا.

٣- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، ، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤.

٤- ملازم خدر عەبوڵڵا دەباغ، بیرەوەریەکان و تۆپخانەى شۆرشى ئەیلوولى مەزن – کوردستانى عێراق، چاپی سێیەم، چاپخانەى ڕۆشنبیرى – هەولێر، ٢٠٢٠.

٥- غازی عادل گه‌ردی، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ خزمه‌ت بارزانیدا ... حه‌جی بێڕۆخی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، تورکیا - ٢٠٢٠.

 


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر