لە ڕاستییدا ڕێکخستنەکانى پارتى لەناو یەکە سەربازییەکانى زاخۆ بە بەردەوامى هەواڵ و جموجۆڵى سوپاییان لە ناوچەکە بۆ بەرپرسى لێژنەى ناوچەى زاخۆى حیزب مەلا ساڵح حاجى بالقوسى دەگواستەوە، ناوبراویش لەلاى خۆیەوە زانیارییەکانى بە عیسا سواری فەرماندەى ناوچەکە دەگەیاند، هەر لە ئادارى ١٩٦٢ەوە پێشمەرگە دەستى بەسەر ژمارەیەک لە ڕەبییەکانى حکومەت گرتبوو، لە گەلى زاخۆ و ناحیەى سلیڤانە (ئاسیهى) خۆیان لە گوندى ترکژا و گەلى قەلما قایم کردبوو. عیسا سوار نامەیەکى بەپەلەى لە لێژنەى ناوچەى زاخۆ پێدەگات بەوەى فەوجێکى سەربازى لە شێخان، بە فەرماندەى عەقید مەجید سەبع ئەلعەبوسى بەمەبەستى جێگۆرکێ لەگەڵ فەوجەکەى باتیفا جوڵە دەکات، فەوجەکەى باتیفا لە بەیانى ڕۆژى ١ى نیسانى ١٩٦٢ لە گەلییەکەوە بەرەو سەربازگەى فایدە بەڕێکەوت لە کاتژمێر٨:٠٠ سەرى کاروانەکە گەیشتە ناو گەلى زاخۆ. جێگاى ئاماژەیە ئەم زانیارییە کە پێشتر لە ڕێگەى خورشید سەلیم شێرەوە درابوو، کە ئەندامێکى ڕیکخستنەکانى پارتى بوو لە فەوجى ٢ی لیواى ٣، ئەویش لەلاى خۆیەوە هەواڵى گواستنەوەى فەوجەکە بە مەلا عەلى ڕەشاد هاجانى دەگەیەنێ، تا فەرماندەى پێشمەرگە عیسا سوار ئاگادار بکاتەوە.
کاتى هەواڵەکە گەیشت، عیسا سوار لە گوندى حەسەن ئاڤا لەگەڵ چەند سەرقۆڵێکى پێشمەرگە کۆبوونەوەیەکى ئەنجامدا، مەبەست لەو کۆبوونەوە دانانى نەخشەیەک بوو، بۆ لێدانى فەوجى ٢ی لیواى ٣ی سوپاى عێراق، دواى تاوتوێکردنى پلانەکە بەو شێوەى خوارەوە هێزەکانى پێشمەرگە لەناو گەلى زاخۆ بەسەر چەند کۆمەڵەیەک دابەشکران کە کۆمەڵەی یەکەم کە پێکدەهات لە عیسا سوار و هەندێک لە پاسەوانەکانى و چەند پێشمەرگەیەکى بەروارى باڵا بە فەرماندەیی دەرباز هرورى لە خوار گەلى زاخۆ لە نزیک گوندى حەسەن ئاڤا دابەشبوون. کۆمەڵەى دووەم لە خوارەوەى گەلییەکە بە لاى ڕۆژئاوا کە لە قۆڵى هاشم مێروزى، یاسین ڕەشێ مێروزى، ئەحمەد محو شەرانشى، عەلى ڕەشو، فەرحان عەلى و عەریف دەروێش پێکدەهات. لە ناوەڕاستى گەلییەکە کۆمەڵەى سێیەم بەلاى ڕۆژهەڵات تا نزیک بنکەى سهریجێ بووکە پێکهاتبوون لە سەرقۆل عەلى هالو، سەلمان خورشید، سەعید هالو، سەعید خەلیل و چەند پێشمەرگەیەکى تر. کۆمەڵەى چوارەم کە پێکهاتبوون لە شێخ مستەفا حەجى مەحموود، محەمەد خالد، نوعمان محەمەد، شەعبان سەعید و جانگیر سێڤو، ئەرکى ئەم کۆمەڵەیە سەرقاڵکردنى خاڵى سەربازى کەلفرینێ بوو. هەرچى کۆمەڵەى پێنجەمە کە پێکهاتبوون لە هەریەک لە سلێمان لاچى مزورى باڵا، عەریف سلێمان دۆسکى، عەلى عەلى سەیفەدین، شێخ سەدیق عەبدوڵڵا و ئەمین ئوزمانى و چەند پێشمەرگەیەکى تر، ئەمانە لاى ڕۆژهەڵاتى گەلى زاخۆیان تا ناوەڕاستەکەى گرتبوو. کۆتا کۆمەڵەش چەند پێشمەرگەیەک بوون بە فەرمانداریەتى سەرقۆڵ یاسین محێ دیزوى و پێشمەرگەکانى عەبدولڕەحمان محەمەد عەبدال، ئەمانە بۆ لێدان و سەرقاڵکردنى خاڵى سەربازى کوخێن - ترکژا ڕاسپێردرابوون. هەر لەو کۆبوونەوە پلانى شەڕەکەش داڕێژرابوو، بە جۆرێک بوو کە هەموو لایەک پێگرى بە ڕێنماییەکان بکەن، پلان ئەوە بوو یەکەم تەقە لەلاى قۆڵى عەلى هالۆ بێتەکردن، هەروەها ئەوە دووپات کرابووە کە پێشمەرگە خۆى لە دوژمن و بەتایبەت لە فڕۆکەکان بپارێزێ، ئەوەى زۆر پێداگرى لەسەر کرابووە ئەوە بوو کە بەهیچ جۆرێک نابێت دوو ئۆتۆمبێڵى سەرەتاى کاروانەکە دەرباز ببن، چونکە یەکەمیان هى فەرماندەى فەوجەکە و دووەمیان هى بێتەلەکەیە، ئەگەر ئەوان خۆیان بگەیاندبا فایدە لە دهۆک ئەوە هێز بە هاواریانەوە دەهات.
دواى ئەو خۆسازدان و ئامادەکردن پلانى ڕووبەڕووبوونەوەکە لە شێوەى دانانى کەمینێک داڕێژرا، پێشمەرگە بە شێوەیەکى زۆر نهێنى و بە پلانێکى سەربازى تۆکمە بە درێژایی گەلییەکە خۆیان بە گەڵاى دار داپۆشى، یەکەم کار کە پێشمەرگە کردى پچڕاندنى هێڵەکانى تەلەفۆنى نێوان زاخۆ و موسڵ بوو. لە بەرەبەیانى ١ى نیسان ١٩٦٢ کاروانى فەوجەکە گەیشتە ناو گەرووەکە، کە پێکهاتبوو لە ٣٥ ئۆتۆمۆبیل، پێنج تانک، پێنج ئۆتۆمبیلى جێبى تایبەت بە ئەفسەران، لەگەڵ دوو پیکاب بۆ پاسەوانى فەرماندەى فەوج و ئامێرەکانى بێتەل و پەییوەندیکردن، کاتێ گەیشتنە کۆتایی گەرووەکە، لەلایەن پێشمەرگەوە، کاروانە سەربازییەکە لە هەردوولا ڕووبەڕووى ئاگربارانکردن هاتنەوە. ئەنجامى پێکدادانەکە بووە هۆى کوژران و برینداربوونى ژمارەیەک ئەفسەرو سەرباز، لەناویاندا فەرماندەى فەوجەکە عەقید محەمەد یەحیا بریندار بوو، یاریدەرەکەشى موقەدەم نەسیم تورکمانى کوژرا، هەروەها شەش ئەفسەر و ١٧٣ سەرباز و پلەدار بەدیل کەوتنە دەست پێشمەرگە، ٥٣ ئەفسەر و سەرباز بریندار بوون، لەگەڵ ئەوەشدا پێشمەرگە توانییان دەست بەسەر تەواوى چەک و تەقەمەنى و ئۆتۆمبێلە سەربازییەکان و کەرەستەکانى فەوجەکە دابگیرێ، کە لەسەرەوە ئاماژەى پێکراوە، لە بەرانبەردا زیانى گیانى پێشمەرگە، شەهیدبوونى هەر یەک لە یاسین مێروزى، سەبرى عەبدى، قادر ئیسماعیل حەسەن بوون، هاوکات بووە برینداربوونى چەند پێشمەرگەیەک لەوانە محەمەد یوسف گراڤى، ئیسماعیل هەجەر، فەیزى عوسمان، سلێمان ئاسو و چەندانى تر.
ئەو شەڕە دەنگدانەوەیەکى گەورەى لە نێوەندا سەربازییەکان، سیاسییەکان و میللییەکان دایەوە، تەنانەت سوپاسالارى عێراق لیوا ڕوکن ئەحمەد ساڵح عەبدى لاى ئاستەنگ بووە بروسکە بۆ عەبدولکەریم قاسم بخاتە ڕوو، زیاتر لە ١٠ خوولەک بروسکەى شکستەکەى لە گەیاندنى دواخستبوو، لە بەغداش ئەم دەنگۆیە لەو کاتەدا بڵاوببووە، کەوا سوپاسالار داواى لە ئەفسەرێک کردووە تاکو بروسکەکە لەسەر مێزى سەرۆک کۆمار دابنێت، ئەمەش بووە هۆى ئەوەى ئەم شکستە ئابڕووبەرە بە شێوەیەکى بەرفراوان لە هەموو عێراق دەنگ بداتەوە، واى لێهات هاونشتیمانییانى عێراقى گاڵتەیان بە پڕوپاگەندەکانى عەبدولکەریم قاسم دەهات کە پێشتر ڕایگەیاندبوو کۆتاییم بە چەتە و ڕێگرەکان هێناوە! هاوکات سوپا بۆى دەرکەوت شەڕ و کوشتار لە کوردستان چووە قۆناغێکى نوێی و لە ناوبردنى بزووتنەوەى کوردى ئاسان نییە، تەنانەت هێز و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان دەرکییان بەوە کردبوو کە بەردەوامى شەڕ لە کوردستان زیانى زیاتر بە عێراق دەگەیەنێ و کێشەکان بەردەوام دەبن، تەنها حزبى بەعس و نەتەوەپەرستەکانى عەرەبى نەبێت، هەڵوێستییان نەگۆڕاو بوو بەرانبەر دۆزى کورد، بانگەشەى ئەوەیان دەکرد کە یاخییگەرى کورد، بەهۆى نەرم ونیانى عەبدولکەریم قاسم و بەکارنەهێنانى توندوتیژی بەرانبەریان، بۆیە بەردەوامى هەیە، دەکرێت لە ڕێى تۆپبارانى چڕ و بەکارهێنانى هێزى زۆر و توندوتیژى زیاتر لە دژیان سەرکوت بکرێن و لەناو ببرێن. هەرواش دەرچوو کاردانەوەى حکومەت بریتى بوو لە ناردنى هێز و یەکەى سوپایی زیاتر بۆ کوردستان، لە هەمان کاتدا هەڵمەتێکى ڕاوەدوونان و دەستگیرکردنى خەڵکى سڤیل و هاوسۆز و لایەنگرانى شۆڕشى کوردى لە شارۆچکەى زاخۆ دەستپێکرا بە تۆمەتى پاڵپشتى شۆڕشى کورد بە بێ بوونى هیچ بەڵگە و شایەدمانێک لە زیندانەکان ئاخندران.
سەرچاوەکان:
١. عبدالفتاح علي البوتاني، منطقة بادينان ١٩٢٥ – ١٩٧٠، ج ٢، مطبعة جامعة صلاح الدين، اربيل، ٢٠١٧، ص ١٦٦.
٢. محەمەد ساڵح پێندڕۆیی (جگەر سۆز)، ژیان و خەباتى شەهیدى فەرماندە عەبدوڕەحیم جەسیم بارزانى، بێ شوێنى چاپ، ٢٠٢٠، ل ٦١.
٣. روژین چلبى منیر، زاخۆ ١٤ى تیرمەها ١٩٥٨ – ٦ى ئادار ١٩٧٥، سەنتەرێ زاخۆ بۆ ڤەکۆلینێن کوردى، زاخۆ، ٢٠١٨، ل ١٥١ – ١٥٢.
٤. شکیب عقراوی، سنوات المحنة في كردستان. اهم الحوادث السياسية والعسكرية في كردستان و العراق من ١٩٥٨ – ١٩٨٠، مطبعة الثقافة، اربيل، ٢٠٠٧، ص ٧٢ – ٧٣.