شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.


      لە کۆتاییەکانى تشرینى یەکەمى ١٩٧٤ هێزەکانى سوپاى عێراق هەردوو چیاى زۆزک و سەرتیزیان داگیرکرد، ڕەبایە و سەرنگەرەکانیان لەو بەرزاییانە قایم کردن، بە پێیى ئاماژەى قادر حسەن سیتکانى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول و بەشدربووى شەڕى هەسنان، تا چەند ڕۆژێک بەر لە شەڕى هەسنان دوو لوتکەى چیاى سەرتیز یەکێکیان بە دەستى پێشمەرگەوە بوو، بە هۆى ئەوەوە حکومەت تواناى پێشڕەوى زیاترى نەبوو بەرەو گەرووى بێشە و چیاى حەسەن بەگ، بەڵام کە هێزى پێشمەرگە لەو لوتکەیە پاشەکشەى کرد، سوپاى عێراق زیاتر دەستکراوە بوو نەخشەى داگیرکردنى گەرووى بێشە و لوتکەى چیاى حەسەن بەگی خستە پلانى داگیرکاریەکانى، بە گرتنى ئەو دوو شوێنە دەسەڵاتى بەسەر تەواوى ناوچەکەدا دەڕۆیشت و سەنگەرەکانیان لە چیاى سەرتیز پارێزراو دەبوون، دواى ئەوەى کە هێزەکانى پێشمەرگە کشانەوە بۆ گەرووى بێشە لە ڕۆژهەڵاتى چیاى سەرتیز، حکومەت دەستى بە جموجۆلى پەلامارەکانى کردەوە، هێزى پێشمەرگەش لە دەوروبەرى گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ سەنگەرەکانى دامەزراندن تاکو پێشڕەویەکانى سوپاى عێراق بوەستێنێ، گەرووى بێشە بنکەى سەرەکى هێزى پێشمەرگەى لێ جێگیر کرابوو کە سەرکردەى سەربازى حاجى بێڕۆخى فەرماندەى بەتالیۆن سەرپەرشتى دەکرد، هەر لەو شوێنەش گۆرستانێک هەبوو زۆربەى ئەو پێشمەرگانەى کە لە شەڕەکانى ناوچەکە و دەوروبەرى شەهید دەبوون لەو گۆڕستانە دەنێژران بۆیە ناویان نابوو گۆڕستانى شەهیدان.

      سەبارەت بە چۆنیەتى ڕوودانى شەڕى هەسنان پێشمەرگەى هەردوو شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان عەلى فەیزى سیتکانى بەشدار بووى شەڕەکە بەو شێوەیە بۆمان هاتە دووان، ووتى: ئێمە لقێکى پێشمەرگە بووین کە بارەگامان لە گەرووى بێشە بوو بە فەرماندەی حسن ئاغا بەرزێوەیی، بەڵام بۆ ئەرکى پێشمەرگایەتى و  بەرگرى لە پێشڕەویەکانى سوپاى عێراق لە گوندى هەسنان سەنگەرمان گرتبوو، کە تەواوى چیاى سەرتیز کەوتە دەستى هێزى حکومەت بینیمان کەوا جموجۆڵی هێزەکانیان و کردنەوەى ڕێگا بۆ تانک زریپۆش لە گەرووى سرۆت جێگاى گومان بوون، بۆنى هێرشى لێوە دەهات بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە،  تاکو ئەو سەنگەرانە بشکێنێ و  بگاتە هەردوو خاڵى گەرووى بێشەو لوتکەى چیاى حەسەن بەگ، هێزى پێشمەرگەش بۆ وەستاندن پێشڕەویەکانیان و پوچەڵکردنەوى نەخشەو پلانیان، سەنگەرەکانیان لە بنارى چیاکە دامەزراندن، لە سەرەتاى شەو بە پێیى پلانێکى سەربازى بۆ وەرگرتنى زانیارى لەسەر جموجۆلەکانى سوپا مەفرەزەیەکى پێنج پێشمەرگەییمان ڕەوانى پێشەوەى سەنگەرەکان کرد بۆ نزیک گوندى ناوڕۆین لە بنارى حەسەن بەگ، دواى ماوەیەک مەفەرزەکەمان گەڕایەوە بێ ئەوەى درک بە هیچ دەرچوون و پێشکەوتنێکى سوپا بکەن.

       ناوبراو لە درێژەى گێڕانەوەیدا ووتى: ئێمەش بەشێکمان لە خانووەکانى گوندەکە پشوومان وەردەگرت بەشەکەی تریش لە خوارەوەى گوند لە ئەرکدا بووین و ناوە ناوە ئێشکمان لە یەکترى وەردەگرت، نزیک پێش بەرەبەیانى١٣ى ئازارى ١٩٧٥ یەکێک لە پێشمەرگەکانى ئێشکگر هەواڵی پێداین کە حکومەت هێرشى هێناوە، هێزى پێشمەرگە ئەوەى لە سەرنگەردا بوون ئەوانی دیکەش هەستاین دابەش بووین بەسەر شوێنەکە و دەستمان کرد بە قایمکردنى سەنگەر و بەرگرتن لە هێرش و پێشڕەوى سەربازانى سوپا، هەرچەندە تارکایی شەو تەواو باڵی بەسەر زەویدا کیشابوو بەڵام هەستمان بەوە کرد کە هێزێکى زۆرى سوپاى عێراق لە خوارەوەى سەنگەرەکانى ئیمە سەرقالى چاڵ هەڵکەنین بوون، دەنگى تەورو پاچ و پێمەڕەیان دەهات، بەڵام بێ ئاگا بووین لەوەى کە هێزی پێشڕەوى سەربازى سوپا زۆر لە سەنگەرەکانى ئێمە نزیک بوونەتەوە،  ئەو سەنگەرانەى پێشمەرگەش کە دانرابوون لەبەر بوونى سەرمایەکى بەهێز خۆیان لە پاڵ گاشە بەرد و دار و درەخت پەنادابوو، تەنها لەو سەربازانە بە ئاگا هاتبوون کە سەرقالی چاڵ هەڵکۆڵین بوون بە مەبەستى سەنگەر لێدان، چونکە ئەوانەى پێشڕەویان کردبوو زۆر بە ئەسپایی لە سەنگەرەکانی پێشمەرگە نزیک بووبوونەوە بۆیە هەستیان پێنەرکردن.

       لە درێژەى قسەکانیدا ناوبراو ووتى: دواى ئەوەى بەسەر چەند سەنگەرێکدا دابەش بووین، بە تاشە بەرد توانیمان پەنایەک دروست بکەین  بۆ ڕووبەڕوو بوونەوە، هێندەى نەخایاند لە ناکاو یەکێک لە پێشمەرگەکان هاوارى لێ هەستا و ووتى: (لێیاندەن قورباتنان بم دەربازیان نەکەن)، دیارە لەو کاتەدا درکى بەوە کردبوو کە سەربازان ئەوەندە نزیک بوون ئەو تێلەکە شاخەى کە لە دیوێک پێشمەرگە پەناى لێ گرتبوو دیوەکەى تریش سەربازان خۆیان لێ مەلاسدا بوو، لەگەڵ بەرزبوونەوەى دەنگى پێشمەرگەکە لە هەموو لایەکەوە تەقە دەستى پێکرد و شەڕ گەرم بوو، ئاراستەى لوولەى تفەنگەکانى ئێمە بەرەو ئەو سەربازانە بوو کە لەخوارەوە سەرقاڵى چاڵ هەڵکۆڵین بوون، لەگەڵ دسترێژى تەقەى پێشمەرگە هاوار و ناڵەیان لێ هەستا لەوە دەچوو کە بە گوللەى ئێمە پێکران، بەڵام بینیمان پۆلێک سەربازى دیکە ئەوندە نزیک بوونەوتەوە هێندەى نەمابوو ببێتە شەڕى دەستەویەخە، دیارە لەگەڵ سەرەتاى دەستڕێژى تەقە پێشمەرگەک شەهید بوو، ئەوانەى لە پەنا تێلەکە شاخ سەنگەریان گرتبوو.

     ئیتر شەڕ بەردەوام بوو تا ڕۆژ هەڵات، هێرشى حکومەتمان تێکشکاند بەرەو خواروە ڕایان کرد، لەو گەرمەى شەڕەدا دوو پێشمەرگەش دیار نەمان دواتر شوێن بزر بوون، پاشان سوپاى عێراق دەستى کرد بە تۆپ بارانى سەنگەرەکانى پێشمەرگە، تەنانەت هێزەکانى خۆشى لە تۆپباران بێ بەش نەکرد، هەرچەندە هێرش و پێشڕەویەکانى حکومەتمان تێکشکاند، بەڵام  بۆمان ڕوون بۆوە کە هێزەکەى حکومەت لە ژمارە بەدەرە، مانەوەمان لە شوێنەکە زیانى زۆرتری دەبێ بۆیە پاشەکشەمان بە هێزەکانمان کرد بۆ گەرووى بێشە.

     هەروەها  قادر حەسەن سیتکانى دووپاتى کردوەو ووتى: هەرچەندە توانیمان شکست بە هێرشەکەى حکومەت بێنین و بەرەو خوارەوە ڕاویان بنێێن، بوێری ئەوەیان نەبوو جارێکى تر هێرش بکەنەوە، بەڵام کە ئاسۆ بە تەواوە ڕوناک بوو بینیمان کەوا پێشڕەوى تانک و زریپۆشەکان هەر وا نزیک دەبنەوە و گەیشتوونەتە دامێنى زەویەکانى گوندى هەسنان، لە هەمان کاتیشدا بەفرێکى زۆریش باریبوو سەرما و سۆڵەیەکى زۆر تینى بۆ هێنابووین زۆر ئەستەم بوو بەرگەى تۆپباران و پێشڕەویەکانى تانک و سەرماو سۆڵە بگرین بۆیە پاشەکشەمان بە هێزەکانمان کرد.

        ناوبراو لە درێژەى گێڕانەوەیدا ووتى: لەگەڵ نزیک بوونەوەى هێزەکانى سوپاى عێراق لە گەرووى بێشە، کە هێزى پێشمەرگە بە فەرماندەى حاجى بێڕۆخى لە بەرزایی سەرووى گەروەکە بۆ ماوەى نزیک دوو کاتژمێر  ڕووبەڕوویان بوونەوە، بە چەکى بڕنۆ هەر سەربازێک لە گۆڕستانى شەهیدانى شۆڕش نزیک دەبۆوە سێرەى لێ هەڵدەستان، لەو ماوە کەمە دەیان سەربازى لێ کوشتن و زیانى زۆرى پێگەیاندن، وێڕاى ئەوەش  ناوە ناوە چەند فڕۆکەیەکى هێلیکۆپتەرى جەنگى لە ئاسمانى ناوچەکە دەردەکەوتن بۆردوومانى سەنگەرەکانى پیشمەرگەیان دەکرد، بینیمان یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکان بە چەکى دۆشکە پێکراو خرایە خوارەوە، پاشان هێزى پێشمەرگە لەبەر بۆمبارانى فڕۆکە و تۆپباران و پێشڕەویەکانى تانک و زریپۆشەکان لە گەرووى بێشەش پاشە کشەى کرد سەرکەوتن بۆ بەرزاییەکانى قەدپاڵی چیاى حەسەن بەگ.


سەرچاوەکان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر ٢٠٠٤. 

٢- دیمانە لەگەڵ قادر حەسەن سیتکانى، پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول، دانیشتووى سۆان گەڕەکى نەهرى. ٢٧ى ئادارى ٢٠٢٦.

٣- دیمانە لەگەڵ علی فەیزى سیتکانى، پێشمەرگەى شۆرشى ئەلوول و گوڵان، سۆران گوندى سیتکان. ١٥ى ئادارى ٢٠٢٦.

٤- غازی عادل گه‌ردی، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له‌ خزمه‌ت بارزانیدا ... حه‌جی بێڕۆخی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، ٢٠٢٠.     


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

بە ئامانجگرتنى کارمەندێکى فەرمانگەى ئەمنى سیدەکان

بە ئامانجگرتنی کارمەندێکى فەرمانگەى ئەمنى شارۆچکەى سیدەکان چالاکیەکى پارتیزانى بوو، کاتێ کە هەواڵ بە هێزى پێشمەرگە گەیشت کە یەکێک لە کارمەندانى فەرمانگەى ناو براو ڕۆژانە هەڵدەستێ بە نواندنى ڕەفتارى ناشرین و هەراسانکردنى دانیشتوانى شارۆچکە، هەستان بە پێکهێنانى مەفرەزەیەک و بە نهێنى خۆیان گەیاندە ناو شارۆچکە، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان کارمەندەکەى دائیرەى ئەمن دەستگیر بکەن و بیگەیەننە سەرکردایەتى شۆڕش.

زانیاری زیاتر

داستانى یەکەمى چياى زۆزك ١٩٦٥

داستانى زۆزک شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوەیەکى سەختى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق بوو لە پایزى ١٩٦٥، سوپاى عێراق بو دەستگرتن بەسەر چیاى چیاکە هێرشێکى گەوروە و بەربڵاوى ئەنجامدا بە هێزێکى گەورە و پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى، هەرچەندە سەرەتا لە چەند خاڵێکەوە سەرکەوتنى بەدەست هێناو چەند مانگێک تێیدا مانەوە، بەڵام دواتر لە ئایارى ١٩٦٦هێزى پێشمەرگە بۆ گرتنەوەى ئەو شوێنانەى کە لە دەستى دابوون، بە پلانێکى توکمەوە هێرشى کردە سەر ڕەبایە و سەربزیەکانى سوپا، تەواوى شوێنەکانى لێ سەندنەوە زیانى زۆر

زانیاری زیاتر

داستانى دووەمى چياى زۆزك ١٩٧٤

داستانى دووەمى زۆزک لە ئەیلوولى ١٩٧٤ ڕوویدا، سوپاى عێراق بۆ دەستگرتن بەسەر چیاى زۆزک، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى ژمارەیەک هێرشى گەورە و بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى هێزى پێشمەرگە لە دامێن و بەرزاییەکانى چیاکە، دواى دەیان ڕۆژ لە شەڕ و پێکدادان و تێکشکاندنى چەند هێرشێک و پێگەیاندى زیانى زۆرى گیانى و ماددى بە سوپاى عێراق، توانیان لە تشرینى یەکەمى ١٩٧٤ دەستى بەسەردا بگرن.

زانیاری زیاتر