شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ چالاکییەکى پارتیزانیى هێزى پێشمەرگەى سنوورى دەڤەرى بادینان بوو، هێزێکى هاوبەشى هەردوو ڕێکخراوى ڕێنجبەران و شەهید حەمید، سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە نزیک زاخۆ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەکى سەربازى و لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستی بەسەردا بگرن و گورزێکى گەورە بە سەربازانى ڕەبایەکە بگەیەنن، پاشان دەست بەسەر چەک و جبەخانە و بڕێکى زۆر کەلوپەلى سەربازیدا گیرا و دواتر گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان.


لە سەرەتاى ساڵى هەشتاى سەدەى ڕابردوو چالاکییەکانى پێشمەرگە بە جۆرێک فراوان ببوون کە زۆربەى ناوچەکانى باشوورى کوردستانى گرتبوویەوە، ئەم چالاکییانە بە شێوەى پارتیزانی لە نێو گوند و شار و شارۆچکەکاندا ئەنجام دەدران، بەو هۆیانەوە شلەژانێکى زۆر لە نێو ڕیزەکانى سوپاى عێراقدا دروست ببوو، ئەم چالاکییە پارتیزانییانە زیاتر بریتی بوون لە زەبرگەیاندن بەو پیاوانەی ڕژێم کە خەڵکیان دەچەوساندەوە و هەروەها دانانەوەی بۆسە لەسەر ڕێگاى هێزە سەربازی و ئەمنیەکان و هێرشکردنە سەر مۆڵگە و بنکە سەربازییەکانیان، لە ئەنجامدا ڕژێمى بەعس زەرەر و زیانێکى زۆرى لێکەوت لە کوژراو و بریندار و بەدیلگیرانى هەزاران سەرباز و پلەدار و کارمەندانى ئەمنى، وێڕاى ئەوەش چەک و جبەخانەیەکى ئێجگار زۆر بوونە دەستکەوتى شۆڕش، یەکێک لەم چالاکییە پارتیزانییانە بریتى بوو لە دەست بەسەرداگرتنى ڕەبایەى دوازدە ملانێ نزیکی شاری زاخۆ.

هێزێکى پێشمەرگە سەر بە ڕێکخراوى ڕێنجبەران بە فەرماندەیى محەمەد مراد و ڕێکخراوى شەهید حەمید بە فەرماندەیى جەبار محەمەد لە دەڤەرى بادینان بۆ ئەنجامدانى چالاکییەکى پارتیزانى خۆیان ساز و ئامادەکرد، سەرەتا لە گوندى پێرەکا کۆبوونەوەیەکیان کرد، لەو کۆبوونەوەیەدا بۆ بەردەوامیدان بە خەبات، بڕیاریاندا کە چالاکییەک ئەنجام بدەن بۆ ئەوەى گورزێکى کوشندە لە هێزەکانى ڕژێمى بەعس بدەن، دواى ئەوەى لە کۆبوونەوەکە نەخشە و پلان داڕێژرا، بەرەو گوندى چەم سیرمۆ بەڕێکەوتن، دواى ئەوەى شەویان بەسەردا هات، بە لێوارى ڕووبارى خابووردا ڕێگایان گرتەبەر بەرەو زاخۆ، کاتێ نزیک شار بوون، لە ڕێگای بەرى ڕۆژهەڵاتى ڕووباری خابوور هێزە سەربازى و ئەمنییەکانى حکومەتی عێراق بۆسەیان دانابوو، کە نزیک بوونەوە، چاوساغى هێزەکە درکیان بە بوونى بۆسە کرد، بە خێرای بە ڕێگاى خۆیاندا گەڕانەوە و لە بۆسە ڕزگاریان بوو.

دواى ئەوەی هەموو هێزەکەى بەیەک گەیشتنەوە، بەڵێنیان دا کە کۆڵنەدەن و جارێکیتر هەوڵ بدەنەوە هەتا ئامانجەکەیان دەپێکن نەگەڕێنەوە بنکەکانیان، هەر لەو شوێنە بڕیار درا هێرش بکەنە سەر مۆڵگەیەکى سەربازى سوپاى عێراق بە ناوى ڕەبایەى (دوازدە ملانێ) کە دەیڕوانیە سەر ڕووبارى خابوور نزیک شارى زاخۆ، کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکى شەو هێزەکەى پێشمەرگە گەیشتنە نزیک ڕەبایەکە و لە یەک کاتدا بە (ئار . پی . جی) و نارنجۆک و ئەو چەکانەى لە دەستیان بوو دەسڕێژى گوللەیان لێ کرد، پاشان هەڵیانکوتایە سەر ڕەبایەکە، بە ماوەیەکى کەم توانیان ڕەبایەکە بێ دەنگ بکەن و دەستى بەسەردا بگرن و زیانێکى گەورە بە سەربازانى ڕەبایە بگەیەنن.

لە ئەنجامدا دەستیان بەسەر چەندین چەک و تەقەمەنیی سەربازانى ڕەبایەکەدا گرت لەوانە: ٦ چەکى کلاشینکۆف و ٥ سندوقى فیشەکى ڕووسى هەمان جۆرى چەک، یەک (ئاڕ. پى. جى)  و ٨ گوللە، یەک ڕەشاشى گرینۆف لەگەڵ هەزار فیشەکى هەمان جۆر، هەروەها یەک سندوقى نارنجۆک و زۆرێک لە کەلوپەلى سەربازی دەستى بەسەردا گیرا، بەڵام لەو کاتەى کە پێشمەرگە هێرشى کردە سەر ڕەبایەکە، هێزێکى زۆرى سەربازى لە زاخۆوە بەرەو شوێنى شەڕەکە بەڕێکەوتن بۆ بەهاناوە چوونى هێزە سەربازییەکەى ڕژێم، بەڵام هێزەکەى پێشمەرگە زۆر بەخێرایی دەستکەوتەکانیان کۆکردەوە و بڕیارى پاشەکشەیان دا و شوێنەکەیان بەجێ هێشت.    

هەر لەو شەوەدا بۆ بەیانى هێزەکەى پێشمەرگە گەیشتنە گوندى پێرەکا، بروسکەى ئەنجامدانى چالاکییە پارتیزانیەکەیان ئاراستەى لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان کرد، ئەوانیش دەستخۆشى و سوپاسێکى گەرم و گوڕى بەرپرس و پێشمەرگەکانى هەردوو ڕێکخراوى ناوبراو کرد لە بەرامبەر ئەو ئازایەتیەى کە تۆماریان کرد.  بۆ ڕۆژى دوایی حکومەتى عێراق وەکو پیشەى هەموو جارێک کە لە شوێنانى دیکە دەیگرتەبەر، ناوچەکەى تۆپباران کرد جگە لەوەش چەند فڕۆکەیەکى جەنگى ناردە سەر ئاسمانى ناوچەکە و  بۆمبارانێکى چڕیان کرد، بەڵام بۆ بەختى دانیشتوان زیانى بەدواوە نەبوو، شایانى باسە ئەو چالاکیەى پێشمەرگە دەنگدانەوەیەکى زۆرى بە دواى خۆدا هێنا بەو پێیەى کە لە زاخۆوە نزیک بوو  و هەروەها زیانێکى بە هێزى ڕژێمى بەعس گەیاند، بەو هۆیەوە خەڵکى زۆر پێ دڵخۆش بوون.


سەرچاوەکان:

١- مه‌سعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وەی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی چوار‌م، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، به‌شی دووە‌م، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕوكسانا، ٢٠٢١.

          ٢- مراد، محەمەد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩)دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.

         ٣- گەردی، غازى عادل، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بێڕۆخى بەرگى دووەم، چاپى دووەم، تورکیا- ٢٠٢١.

٤- زێباری، شیمال، هندە‌ك ڕاستیێن ڤه‌شارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یه‌كه‌م، چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات، هه‌ولێر – ٢٠١٥.


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر