شەڕى چەمکووچەلەى قادرکەرەم ١٩٦٨

ئەم شەڕە لە پایزى ١٩٦٨ لە ناوچەى قادرکەرەم لە نێوان هێزى پێشمەرگەى کوردستان و چەکدارانى باڵى مەکتەبی سیاسى کۆن کە لەو ماوەیەدا سەربە حکومەت بوون و دوو فەوجى سوپای مغاویرى حکومەت بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و زرێپۆش و فڕۆکەى جەنگى ڕوویدا، لە ئەنجامدا هێزى حکومەت و چەکدارەکان زۆر بە سەختى شکان، زیانى گیانى و ماددى زۆریان بەر کەوت و ناوچەکەیان بەجێ هێشت و پاشەکشەیان کرد تا گەیشتنەوە کەرکووک.


وڵاتى عێراق لە ساڵى ١٩٦٨ بە دۆخێکى سیاسى تایبەتدا گوزەرى ده‌کرد، کە لەماوەى چەند ڕۆژێکدا دوو کودەتاى سەربازى یەک بە دواى یەکی بەخۆوە بینى، ١٧ و٣٠ تەمووز ئەو دوو ڕێکەوتە بوون کە بەعسیەکان لەو ماوە کەمەدا ڕژێمى عەبدولڕەحمان عارفى سەرۆک کۆمار و عەبدولرەزاق نایفى سەرۆک وەزیرانیان ڕووخاند و بۆ جارى دووەم دەسەڵاتى عێراقیان گرتەدەست، لەو ماوەیەدا تا کۆتایی ساڵى ١٩٦٨ هیچ شەڕێک لە نێوان هێزى پێشمەرگەى شۆڕش و هێزەکانى حکومەت ڕووى نەدا، بەڵام پێکداهەڵپژان لە نێوان پێشمەرگە و چەکدارانى باڵی مەکتەبى سیاسى کۆن درێژەى هەبوو، بەڵکو گەرم و گوڕتریش بوو، جاروباریش شەڕى لاوەکى لە نێوان پێشمەرگە و هێزکانى حکومەت ڕوویدەدا.

هەر لەو زنجیرە شەڕ و پەلامارانەى تاقمى ناوبراو لە پایزى ١٩٦٨ لە ناوچەى قادرکەرەمى دەڤەرى گەرمیان، ژمارەیەکى زۆرى چەکدارەکانیان بە پاڵپشتى دوو فەوجى مغاویرى سەربە حکومەت و فڕۆکە و تۆپ و تانک و زرێپۆش هێرشیان کردە سەر هێزى پێشمەرگە لە سنوورى چالاکییەکانى بەتالیۆنى٥، لە کاتێکدا کە فەرماندەى بەتالیۆن و پێشمەرگەکانى بەرەو گوندى مەحمود پەرێزاد لە جەولەدا بوون، لەم ئان و ساتەدا لەلایەن یەکێک له‌ فەرماندەى مەفرەزەکان بە ئامێرى بێتەل ئاگادار کرانەوە کە بەهاناى ئەو پێشمەرگانەوە بچن کە لە ژێر فەرماندەیى عەریف ستاردا بوون، چونکە حکومەت و چەکدارانى باڵى مەکتەبى سیاسى کۆن هێرشێکى بەرفراوانیان هێنابووە سەریان.

دواى ئەوەى هێزى پشتیوانى پێشمەرگە گەیشتنە شوێنى دیاریکراو، بۆیان دەرکەوت کە هێزەکەى عەریف ستار تەقەمەنیان کەم بووە و زۆریش ماندوو بوون و تواناى بەرپەرچدانەوەى هێرشى هێزەکانى دوژمنیان لاواز بووە، دەستبەجێ کۆبوونەوە و پلانى هێرشى پێچەوانەیان دانا ئینجا لە چەند قۆڵێکەوە بەدەم سروودى (ئیمە کوردین نابەزین ٠٠٠ جەنگاوەرین نابەزین) هەڵیان کوتایە سەر هێزەکانى حکومەت و چەکدارانى ناو براو، دواى شەڕێکى گەرمى دوو کاتژمێری توانرا هێزەکانیان تێکبشکێنن و دەست بەسەر هەموو ئەو شوێنانەدا بگرنەوە کە لە دەست درابوون، سوپاى عێراق و چەکداران ناچار بوون پاشەکشە بکەن بۆ کەرکووک، پاشان بە بێتەل فەرماندەى هێزى قەرەداغ لە بارودۆخەکە ئاگادار کرایەوە، ئیتر فەرمان کرا کە چیتر دوایان نەکەون و هەر لەوێ بوەستن.

لە ئەنجامى ئەو شکستەدا زیانەکانى حکومەت و چەکداران تا ڕادەیەک زۆر بوون کە بوون بە دەستکەوتى پێشمەرگە وەکو دەست بەسەرداگرتنى چەک و تەقەمەنیەکى زۆر، هەروەها تێکشکاندنى دوو تانک و زریپۆشێک و دوو ئۆتۆمبێلى زیل، تەرمى ژمارەیەکى زۆرى چەکداران لە مەیدانى شەڕەکە بەجێ مابوون.

پاشان ئەنجامى شەڕەکە و سەرکەوتنى پێشمەرگە لەو داستانەدا بە بروسکەیەک بەرزکرایەوە بۆ سەرکردە ئیدریس بارزانى کە خۆى لە ڕێگەى پەیوەندى بێتەلەوە سەرپەرشتى شەڕەکانى دەکرد، لە وەڵامى بروسکەکەى بۆ هێزى پێشمەرگەى گەرمیان دەڵێت: (دەستتان خۆشبێت ئێوە بڕبڕەى پشتى گەرمیانن) هەروەها ڕایان دەسپێرێ کە چی پێویستە ئەنجامى بدەن بۆ بە خاک سپاردنى تەرمەکان چونکە پێی وایە خائینان و نۆکەران ئەوانەى بەهەڵە براون و چەواشە کراون گشتیان کوردن و لە ئێمەن و لە خۆمان کەم بوونەتەوە نابێ بە چاوى دوژمن سەیر بکرێن، پاشان بۆ کۆکردنەوەى تەرمەکان و بەپێی دەستورى ئایینى پیرۆزى ئیسلام بەخاک بسپێرن، هەندێ لە دانیشتوانى گوندەکانیان بانگهێشت کردن بۆ ئەوەى یارمەتیان بدەن.

لە هەڵمەتى کۆکردنەوەى تەرمەکاندا یەکێک لە هاوڵاتیانى گوندى زەردە لە ناوچەکەدا تەرمى برایەکى و برازایەکى لە ناو کوژراوەکاندا دۆزیەوە، تەرمەکانى خستە سەر پشتى باربەرێک و شادی و دڵخۆشى بە ڕوخساریەوە دیار بوو، فەرماندەى هێزى پێشمەرگە بە سەرسوڕمانەوە لێی ڕوانى و پرسیارى لێ کرد بۆ وا دڵت خۆشە لە کاتێکدا تۆ برا و برازات لە دەست داوە و پرسەدارى؟ لە وەڵامدا وتى یەک شت هەبوو کە نەمتوانى لەناو خەڵکى کوردستان بە هۆیەوە سەرم هەڵبڕم ئەویش جاشایەتى ئەم دووانە بوو ئەم ئابڕوو چوونەمان لەگەڵ ناشتنى ئەمان تەواو دەبێت ((ئاخر ڕێوى لە کونى خۆى هەڵگەڕێتەوە گەڕ دەبێت)). ئەمە هەستى نیشتمانپەروەرى مرۆڤێکى سادەى نەخوێندەوارى گوندێکى ئەو وڵاتە بوو، لە کاتێکدا تەرمى برایەکى و برازایەکى دەبردەوە بە خاکیان بسپێرێ کە لە خیانەتى نیشتمان گیانیان لەدەست دابوو. 

شایانى باسە لە ماوەى نێوان ٢٩ حوزەیرانى ١٩٦٦ تا کودەتاى ١٧و٣٠ى تەمووز ١٩٦٨ى بەعسیەکان، ئەندامانى کۆنى مەکتەبى سیاسیى لە لاى حکومەت بوون، بە هاوکارى حکومەت کەوتنە چالاکى نواندن دژى شۆڕشی ئەیلوول، لەو نێوانەدا دەیان کەس بوونە قوربانى لە لایەک، هەروەها کەمبایەخکردنى بڕگەکانى ڕێککەوتننامەى ٢٩ لە لایەکى تر، وێڕای ئەمەش لە ١٠ى تشرینى دووەمى ١٩٦٨ ڕژێمى بەعس بە هەموو کەرەستەى شەڕەوە و بە سوپاى زۆرەوە لە هەموو لایەکەوە پەلامارى ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕشی دا، شانبەشانى سوپاى عێراق هێزەکانى باڵى مەکتەبى سیاسى کۆن کە ژمارەیان ٤ تا ٥ هەزار چەکدار دەبوون، هێرشیان دەکردە سەر پێشمەرگە لە ناوچەکانى دۆڵى جافایەتى، سیوەیل، شارباژێڕ، سرۆچک، هەڵەبجە، بیارەو تەوێڵە، دوکان، بێتوێن پشدەرو ڕانیە، چونکە بەعسیەکان بەجۆرێک مەیدانیان بۆ ئەو تاقمە واڵا کردبوو زۆر زیاتر لە ڕژێمى پێش خۆیان، بۆ ئەوەى بکەونە وێزەى شۆڕش بۆ شەڕفرۆشى و تێکدانى زیاترى کوردستان.                     


سەرچاوەکان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، چ: یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤.

٢- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک، ١٩٩٩.

٣- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.

٤- ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشى ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.

٥- هاوکار کەریم حەمە شەریف، شۆڕشی ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، چاپى یەکەم، هەولێر، ٢٠١٢.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر