شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.


هاوینى ١٩٦٣ وەرزێکى گەرم و خوێناوى بوو، دۆخێکى سەخت و دژوار بەسەر کوردستاندا تێدەپەڕى، حکومەتى عێراق تەواوى هێزەکانى خستە شەڕى کوردەوە، چونکە بەشەڕی چارەنووس سازى لێکدەدایەوە و بە هیواى ئەوە بوو کە شۆڕش لەبار ببات و گەلى کورد قەلاچۆ بکات، ئەوەى دەمێنێتەوە ملکەچ و ژێڕدەستەى بکات. حکومەت بۆ پیادەکردنى ئه‌وپلانە کەوتە هێرش و پەلامارى دڕندانە بە هەموو هێز و تواناى سوپایی زەمینى و ئاسمانیەوە بۆ سەر کوردستان، تەڕ و وشکى بە یەکەوە دەسوتاند، هەروەها کەوتە بۆردومانى لادێ و شارۆچکەکان و سوتاندنى بەرووبوومى کشتوکاڵى و دارستانە سروشتیەکان و سەپاندنى ئابلۆقەى ئابوورى، دڕندە ترین سوپاى ناردە ناو شار و شارۆچکەکان بۆ ئەشکەنجەدان و توقاندنى بەکۆمەڵ.

      ئه‌وکردەوە گەلە لەسەر دەستى ڕژێمى بەعس بەسەرۆکایەتى عەبدولسەلام عارف هاتنە ئاراوە، کە لە ڕێگاى کودەتاوە لە ٨ى شوباتى ١٩٦٣ دەسەڵاتى عێراقى گرتە دەست، بەمەش قۆناغێکى نوێ لە مێژووى عێراق دەستى پێکرد، هەرچەندە لە سەرەتاى دەسەڵاتیاندا جۆرێک لە گفتوگۆ و دانوستانى لەگەڵ سەرکردایەتى شۆڕش بۆ چاسەرکردنى کیشەى کورد دەستپێکرد، بەڵام وتوێژەکان ماوەى چوارمانگ پترى نەخایاند، لە ١٠ى حوزەیرانى ١٩٦٣ هێرش و پەلامارەکان بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕش دەستى پێکرد.   

      هێزى پێشمەرگەى کوردستانیش بۆ بەرپەرچدانەوەى هێڕشەکان و بەرگریکردن هەمیشە لە ئامادەباشیدا بوو، هەندێ جاریش لە وەڵامى پەلامارەکانى سوپادا چاڵاکى جۆراوجۆرى ئەنجام دەدا، یەکێک له‌و چاڵاکیانەى هێزى پێشمەرگەى قەرەداغ شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینەى سەر ڕێگاى گشتى نێوان مەیدان و دەربەندیخان بوو لە ١٥ى تەمووزى ١٩٦٣، کاتێک کە هەواڵى تێپەڕینى کاروانێکى سوپاى عێراقیان پێ گەیشت بەڕێگاى جەلەولا – دەربەندیخان بەرەو بەغدا، بڕیاریاندا کەوا ڕێگاى خوارەوەى دەربەندیخان له‌و کاروانەى سوپادا بگرن و چاڵاکیەکى پێشمەرگەیی ئەنجام بدەن، نەخشەى شەڕەکەیان بەو جۆرە دانا: 

  • هێزێکى پێشمەرگە بە فەرماندەیى محەمەد حاجى وەلى کەلارى بۆ گرتنى بەرزایی شاخی قەترە ڕاسپێردرا بۆ ئەوەى نەهێڵن سوپاى عێراق لە سەربازگەى مەیدانەوە  پشتیان لێ بگرێ. 

  • دەستەیەکى پشمەرگە ئەرکى گرتنى شاخى پشت گوندى بانى خێڵانى پێ سپێردرا بۆ ئەوەى ئەوانیش نەهێڵن سوپا لە سەربازگەى دەربەندیخانەوە پێشڕەوى بکات و بەرزاییەکانى گوڵان بگرێت.

  • دەستەیەکى دیکەش لە خوارەوەى گوندى بانیخێڵان لە ئامادە باشیدا بوون.

  • هێزەکەى دیکەش بە فەرماندەیى عەزیز قازى لە نزیک پردەکەى چۆمى دەرەدوینەى سەر ڕێگاى گشتى دامەزران لە چاوەڕوانى هاتنى کاروانى سوپادا.

      چەند سەنگەرێکیش لە بەرزاییەکانى نزیک ڕێگاى گشتى هەبوون لەو کاتانەى کە کاروانى سوپاى پێدا تێدەپەڕێ کومەڵێک چەکدارى بەکرێگیراو(جاش)یان دەناردە ئەو سەنگەرانە بۆ پارێزگارى ڕێگاى گشتى، ئەوانیش لە ژێر چاودێر پێشمەرگەدا بوون. 

       کاتژمێر ٩ى بەیانى ١٥ى تەمووزى ١٩٦٣ کاروانى سوپاى عێراق گەیشتە سەر پردەکە، پێشمەرگە سەرتا دەستڕێژى گوللەیان لە بەکرێگیراوە (جاش)ەکان کرد و ٣ چەکداریان لێ کوشتن ئەوانى تر سەنگەریان چۆل کرد، ڕایانکرد و لاشە کوژراوەکانیان بەجێهێشت، سەربازانى سوپا دەستیان بە هێرش کرد بۆ ئەوەى سەنگەرەکان بگرنەوە له‌و نێوانەدا شەڕێکى گەرم دەستى پێکرد، سەربازەکان نەیان توانى سەنگەرەکان بگرنەوە بەڵکو چەند سەربازێکیان لێ کوژرا، هێزێکى سوپا و بەکرێگیراوان هێرشیان بردە سەر بەرزایی پشت قەترە لەوێش پێشمەرگە لێیاندان و بە ماوەیەکى کەم تێکیان شکاندن، ٣ بەکرێگیراوى (جاش) لەو شوێنەدا کوژران و لاشەیان لە مەیدانى شەڕدا بەجێما، هێزێکى دیکەى سەربازى عێراق لە سەربازگەى دەربەندیخانەوە بۆ بەهاناوە چوونى کاروانى سەربازى هێرشیان کردە سەر شاخى گوڵان، بەسەر کەمینى پێشمەرگە هەڵبوون چەند سەربازێکیان لێ کوژرا و گەڕانەوە سەربازگەى خۆیان. 

      شەڕ تا کاتژمێر ٥ى ئێوارە بەردەوام بوو، هەردوو سەربازگەى مەیدان و دەبەندیخان و چەکدارانى بەکرێگیراوى هۆزى نەوڕۆڵى لە شەڕەکەدا بەشدار بوون، ئەو ڕۆژە کاروانى سوپاى عێراق نەیتوانى تێبپەڕێ و گەڕایەوە سەربازگەكه‌، بەڵام ڕۆژى دوایى توانیان دەرباز بن، بەپێی زانیاریەکانى کە بەر دەستى پێشمەرگە کەوت لەو شەڕەدا، زیانى هێزەکانى حکومەت بریتى بوون لە کوژرانى ٤٠ سەرباز و دوو ئەفسەر و ٦ چەکدارى بەکرێگیراو(جاش)، لە لایەنى هێزى شۆڕشیشەوە تەنها یەک پێشمەرگە بە سوکى بریندار بوو.


سەرچاوەکان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، (هەولێر-  ٢٠٠٤).

٢- ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشى ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.

٣- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، چاپى یەکەم، (چاپخانەى وەزارەتى پەروەردە- هەولێر- ٢٠٠٧).

٤- هاوکار کریم حمە شریف، شۆڕشى ئەیلوول، چاپى یەکەم، (چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین- هەولێر- ٢٠١٢).

٥- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قازى سورچى، چاپى یەکەم، (چاپخانەى دانیشفەر- هەولێر- ٢٠٢٣).


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر