ئیدریس بارزانی، سەرکردەیەکی کاریگەر و شوێنپەنجە دیاری شۆڕش، لە ٣١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٧ کۆچی دوایی کرد و بۆ دواجار ماڵئاوایی لە شۆڕش و خەباتى بزاڤى ڕزگاریخوازى کوردستان کرد، بەمەش پرسە و ماتەم باڵی کێشا بەسەر سەرکردایەتى شۆڕش و هێزى پێشمەرگەدا. ڕژێمی بەعس ئەمەی بە دەرفەت زانی و ویستى ئەو دۆخە بقۆزێتەوە و کەوتە جموجۆڵ بە نیازى ئەنجامدانى هێرشێکى بەربڵاو بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتی شۆڕش، سەرکردایەتى شۆڕش کە درکى بەمە کرد، بۆ تێکدانی پلانەکەی دوژمن بڕیاریان دا ڕیزەکانی هێزى پێشمەرگە پتەوتر بکەن و چالاکییەکانیان بەرفراوانتر بکەن.
دیارە لەبەر ڕۆشنایی ئەو بڕیارەى سەرکردایەتى شۆڕش هێزێکى پێشمەرگە بە فەرماندەیى محەمەد مراد پلانیان بۆ ئەوە دانا چالاکییەک لە ناو جەرگەى دەسەڵاتى حکومەت ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەى وا پیشان بدەن بە لەدەستدانى هەر سەرکردەیەکى شۆڕش چالاکییەکانى پێشمەرگە نەک ناوەستێ، بەڵکو فراوانتر دەبێ. بۆ ئەم مەبەستە خۆیان خزاندە لاپاڵەکانى گوندى دەشتمرێ و ڕەبایەیەکى سەربازییان دەستنیشان کرد کە دەیڕوانییە سەر گوندەکە لە ناحیەى ئیبراهیم خەلیل (ڕزگارى) دەڤەرى بادینان تاوەکو بیکەنە ئامانجی چالاکییە.
شەوى ٨ لەسەر٩ی شوباتى ١٩٨٧ هێزەکەى پێشمەرگە جووڵەیان کرد و گەیشتنە شوێنى مەبەست، بەڵام گرفتێکى گەورەیان هاتە پێش، بە هۆیەوە ئەستەم بوو بە ئاسانى بتوانن پلانەکەیان وەکو خۆی جێبەجێ بکەن، ئەویش هەبوونى چەند ڕیزێکى مین بوو لە دەوروبەرى ڕەبایەکە کە بۆ پاراستنى لە مەترسیی هێرشى پێشمەرگە چێنرابوون، بۆیە دەستپێکى کارەکە بریتى بوو لە هەڵگرتنەوەى مینەکان، بۆ ئەمەش چەند پێشمەرگەیەکى شارەزا لە هەڵگرتنەوەى مین کارەکەیان ئەنجام دا. دواى هەڵگرتنەوەى دوو ڕیز مینی دەوری ڕەبایەکە، پێشمەرگەکان بۆ بەریبەیان گەڕانەوە بارەگاکانی خۆیان. هەرچەندە ئەو شەوە بارانێکى زۆریش دەبارى، بەڵام پێشمەرگەکان هیچ باکیان پێى نەبوو و کارەکەیان بەسەرکەوتوویى ئەنجام دا و سەرووى خۆیان لێی ئاگادار کردەوە(مراد، ٢٠٠٧، ١٣٨).
دواى تاوتوێ کردنى پلانى ئەنجامدانى هێرشەکە لەگەڵ لێژنەى ناوچەى زاخۆ، ڕایان وابوو کە کارێکى گرنگە و پەلە بکەن لە جێبەجێ کردنى، بۆیە شەوى پاشتر ٩ لەسەر١٠ی شوباتى ١٩٨٧ کاتژمێر (١٠)ى شەو هێزەکەى پێشمەرگە خۆیان لە ڕەبایەکە نزیک کردەوە، بە یەکەوە لە یەک کاتدا بە ئاڕ. پى. جى و چەکى دەستیان بۆ ماوەى ١٥ خولەک دەستڕێژى گوللەیان بەسەر ڕەبایەکەدا باراندن، ئەو ناوەیان لە سەربازانى ناو ڕەبایەکە کردە ئاگر و لە ماوەیەکى کەمدا توانیان لە تەلی دڕکاوی (تێلدڕی) ڕەبایەکە دەرباز بن و بەسەر دیوار و بەربەستەکان سەرکەون و بچنە ناو بنکە سەربازییەکە. لەم کاتەدا ڕەبایەکانى دەوروبەر و فیرقەى (٣٨) لە دۆخەکە ئاگادار بوونەوە، لە هەموو لایەکەوە بە چەکى قوڕس و سووک گوشاریان خستە سەر هێزى پێشمەرگە، لە ئەنجامدا لەو شەڕ و تێکهەڵچوونەدا دوو پێشمەرگەی لێژنەی ناوچەی زاخۆ بە ناوەکانى ئیسماعیل سیڤۆ و خەلیل شینۆ شەهیدبوون و چوار پێشمەرگەی دیکە برینداربوون.
پاش سەرکەوتنی پێشمەرگە لە پێکانی ئامانجەکەیان و گەیاندنی پەیامی بەردەوامیی شۆڕش بە دوژمنان، کشانەوە و بۆ بەیانی گەیشتنەوە گوندى چەم باهیڤى و دواتر شەهیدەکانیان بۆ گوندى پیرەکاو گواستەوە و هەر لەوێ بە خاک سپێردران.
دواى چەند ڕۆژێک سوپاى عێراق هێرشێکى فراوانى بۆ سەر ناوچەکە بە پشتیوانى چەکى قوڕسى وەک تۆپى دوور هاوێژ و فڕۆکەى جەنگى دەستپێکرد، بەڵام هێزى پێشمەرگە پێشیان پێ گرتن و بە توندى بەرپەرچیان دانەوە، دواى بەرگرییەکى بەهێز نەیانهێشت پێشڕەوى بکەن بۆ داگیرکرنى ناوچەکە و هێرشەکەیان تێکشاندن.
سەرچاوەکان:
١- مهسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنهوەی ڕزگاریخوازی كورد، بهرگی چوارم، ١٩٧٥- ١٩٩٠ شۆڕشی گوڵان، بهشی دووەم، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕوكسانا، ٢٠٢١.
٢- مراد، محەمەد، خەباتا چیا، بیرهاتن و سەرهاتیێن شۆڕەشا گولانێ دناڤبەرا ساڵین (١٧٦-١٩٨٩) دا، چاپخانا کوردستانێ – زاخۆ، ٢٠٠٧.
٣- محمد، کاروان جوهر، ئیدریس بارزانى (١٩٤٤-١٩٨٧) ژیان و ڕۆڵى سیاسى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هیڤى، هەولێر – ٢٠١٩.
٤- شیمال زێباری، هندەك ڕاستیێن ڤهشارتی د شۆڕشا گولانێدا، چاپی یهكهم، چاپخانهی ڕۆژههڵات، ههولێر – ٢٠١٥.