ژیاننامە
شەریف قورتاس ساڵی ١٩٣٢ له گوندی زراراى سه‌ر به ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، له ٢١ حوزه‌یرانی ١٩٣٢ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئاواره‌ی كۆماری توركیا بووه، له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕوویکردووەتە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، قورتاسی باوكی به نه‌خۆشی تیفۆ له گوندی قه‌ڵاتان كۆچی دوایی كردووه، له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی له ١٥ شوباتی ١٩٥٤ له زانكوی تاشقه‌ند وه‌رگیراوە، له ٢٩ ئاداری ١٩٥٩ توانیویەتى بڕوانامه‌ی دیبلۆم وه‌ربگرێت، ساڵی ١٩٥٩ وه‌كو مامۆستای وانه‌بێژ وانه‌ی به خوێندكاران ده‌گوتەوە. له ٢١ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٩ له نه‌خۆشخانه‌ی هه‌ولێر كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی گوندی زرارا به‌خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
شەریف قورتاس لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانى ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ١٥ى ئایارى ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریی جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشداریکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ڕێكه‌وتی ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
له سه‌رده‌می شۆڕشی ئهیلوول ئه‌ركی مامۆستای شۆڕشی بووە، له ١٦ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٠ له كۆنگره‌ی سێزده‌یه‌می پارتی دیموكراتی كوردستان له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئهیلوول له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی پێ به‌خشراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
سه‌فه‌ر یوسف میرخان، هه‌ڤاڵی دێرینی بارزانیی نه‌مر مامۆستا شه‌ریف زراری كۆچی دوایی كرد، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره 5677، هه‌ولێر، 22 كانوونی یه‌كه‌می 2019ز.
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - 2013ز).
-
شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - 1996ز).
-
صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - 2013ز).
-
صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - 2013ز).
-
عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - 2002ز).
-
له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، 62 رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - 1997ز).
-
لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة 14 تموز 1958 في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - 1979م).
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - 1998ز).
-
ناجی طه به‌رواری، هه‌ڤچه‌په‌رێ بارزانیێ نه‌مر عه‌زیز قازی بیرهاتنێت خوڤه دگێریت، پشكا سیێ، گۆڤاری مه‌تین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو، هه‌ژمار 49، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، شوات 1996ز.
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان