شێخەڵا ئیبراهیم شێخەڵا

شێخەڵا ئیبراهیم شێخەڵا، ساڵى ١٩٤٩ لە پارێزگای هەولێر لەدایک بووە، ساڵی ١٩٦٤ وەک پێشمەرگە چووتە ڕیزی شۆڕشی، ساڵى ١٩٨٠ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان کردووەتەوە، ساڵى١٩٩٢ بریکارى وەزارەتی کشتوکاڵ و ئاودێرى بووە. ساڵى ٢٠٠٥ ئەندامى پەرلەمانى کوردستان بووە، هەڵگری مەدالیای بارزانی یە.


شێخەڵا ئیبراهیم شێخەڵا، ساڵى ١٩٤٩ لە گوندى جستان لە ناحیەى دیبەگەى قەزاى مەخموری پارێزگای هەولێر  لەدایک بووە، قۆناغەکانى خوێندنى سەرەتایی و ناوەندى لە دیبەگە خوێندووە، ساڵى ١٩٦٠ پەیوەندى بە ڕیزەکانى یەکێتى قوتابیانى کوردستان کردووە، لە ٤ى نیسانى ١٩٦٤ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە و لە بەتالیۆنى فارس باوە بۆتە پێشمەرگە، ساڵى ١٩٦١ پلەى کادیرى سیاسى لە لقى دوو وەرگرتووە، بەشدارى شەڕى کۆیە، چیاى باواجى، سماقوڵى، دۆڵى بالیسان و مەرگە و پشدەرى دژى سوپاى عێراق کردووە، ساڵى ١٩٦٥ لە شەڕى ئاسۆس قاچى ڕاستى بریندار بووە ساڵى ١٩٦٧ پلەى سەرلقى لە بەتالیۆنى یەکى هێزى دەشتى هەولێر وەرگرتووە.

دواى ڕێککەوتنى ١١ى ئادارى ١٩٧٠ لە بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەى هەولێر دامەزراوە و کارمەندى ژمێریارى بووە. ساڵى ١٩٧٢ پەیمانگاى ئیسلامى لە هەولێر تەواو کردووە. ساڵى ١٩٧٤ دواى پابەند نەبوونى حکومەتى عێراق بەڕێککەوتنامەى ١١ى ئادار و دەسپێکردنەوەى شەڕ، شێخەڵا ئیبراهیم پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەی هێزى دەشتى هەولێر کە بارەگاى لە گوندى زێوەى ناوچەى خۆشناوەتى بووە، کردووەتەوە.

ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لە شارى شنۆ نیشتەجێ بووە، دواتر گوازراوەتەوە بۆ شاری دزفول، لە ٥ى تشرینى یەکەمى ١٩٧٥ گەڕاوەتەوە عێراق و بۆ شارى شەترەی پارێزگاى بەسڕە دوورخراوەتەوە. ساڵى ١٩٧٦ بۆ شارى ناسریە دوورخراوەتەوە، ساڵى ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە شارى هەولێر و دواى یەک ساڵ هەولێرى جێهێشتووە و چووەتە ڕۆژهەڵاتى کوردستان.

ساڵى ١٩٨٠ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان کردووەتەوە، ساڵى ١٩٨١ لە کۆنفرانسە ناوخۆییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان بە ئەندامى لقى دوو هەڵبژێردراوە، ساڵى ١٩٨٢ پلەى کارگێڕى لقى وەرگرتووە، ڕۆژى ١٤ى نیسانى ١٩٨٧ لەکاتى کیمیابارانى شێخ وەسانان بەسەختى بریندار بووە، هەمان ساڵ لە دەڤەرى خۆشناوەتى چەند چالاکییەکى پارتیزانى دژى سوپاى عێراق ئەنجام داوە و تا ساڵى ١٩٨٨ لەوێ ماوەتەوە، دوایی بۆ ئەنجامدانى چالاکى چووەتە دەشتى هەولێر و کۆیە.

ساڵى ١٩٨٨ دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتى کوردستان و دەکرێتە بەرپرسی ئۆردوگاى زێوە، دواى کۆنگرەى دەیەمى پارتی دیموکراتى کوردستان بۆ لقى دوو گوزاراوەتەوە و لەگەڵ مەفرەزەیەکى پێشمەرگە گەڕاوەتەوە ناوچەکانى هەولێر و خۆشناوەتى. ساڵى ١٩٩١ لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانى گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان، بەشدارى ئازادکردنى شارەکانى سۆران و خەلیفان و هەولێرى کردووە. ٢٠ى ئازارى ١٩٩١ لەگەڵ پێشمەرگەکانى لقى دوو بەشدارى ئازادکردنى شارى کەرکووکى کردووە.

لە ١٩ى ئادارى ١٩٩٢ دواى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و پێکهێنانى یەکەم کابینەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، شێخەڵا ئیبراهیم دەکرێتە بریکارى وەزیرى کشتوکاڵ و ئاودێرى. ساڵى ١٩٩٩ پلەى جێگرى بەرپرسى لقى دووى پارتى دیموکراتى کوردستانى وەرگرتووە، ساڵى ٢٠٠٥ بە ئەندامى خولى دووەمى پەرلەمانى کوردستان هەڵبژێردراوە، ساڵى ٢٠٠٩ خانەنشین کراوە.

لە ١٥ی کانوونى یەکەمى ٢٠١٠ لە کۆنگرەى ١٣یەمى پارتى دیموکراتى کوردستان، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی مەدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.


سەرچاوە:

١-ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی

مستەفا عەبدولڕەحمان سۆفی، ساڵی ١٩٤٨ لە گوندی دێرانای ناحیەى مەزنێی سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت حەسکو دۆلەمەری

عەبدوڵا حەسەن ئیبراهیم، ناسراو بە (شەوکەت حەسکو دۆلەمەری)، ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی خۆشکان قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. لە ٩ی ئایاری ١٩٨٠دا پەیوەندی بەهێزی پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

سەعید مەحمود ساڵح دۆڵەمەری

سەعید مەحمود ساڵح، ناسراو (سەیدخان دۆڵەمەرى)، ساڵی ١٩٥١ لە گوندی ئیسقەیل ناحیەى مەزنێ سەر بە قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵی ١٩٦٣ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خەلیل دەسکۆ حادێ

خەلیل دەسکۆ حادێ، ناسراو بە (خەلیل دەسکۆ)، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی سەرۆکانی قەزای مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول. شوفێرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە تا ساڵى ١٩٩١. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی

خانەمیر مستەفا عومەر باوەیی، ساڵی ١٩٣٢ لە گوندی باوە قەزای مێرگەسوور پارێزگاى هەولێر لەدایکبووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵی ٢٠١٠ میدالیای بارزانی نەمری پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر