ئامادەکارییەکان
دواى زیاتر لە ساڵێکی ئاگربەستى نێوان حکومەتى عێراق و شۆڕشی ئەیلوول، ڕژێمى عەبدولسەلام عارف لە بەڵینەکانى ناو ئاگربەستەکە پاشگەز بووە، لە کۆتایی ئادارى ١٩٦٥ جارێکى تر ئاگرى شەڕی بەسەر کوردستاندا سەپاندەوە، کە لەو بڕوایەدا بوون کەرت بوونى پارتى دیموکراتى کوردستان و شۆڕشى کورد کاتێکى گونجاوە بۆ دەستپێکردنەوەى هێرش و پەلامارەکان، بەو پێیەى کە چانسى سەرکەوتنیان زیاتر دەکات. لە پاییزى ١٩٦٥ سوپاى عێراق هێرشێکى گەورەى هێنایە سەر چیاى بەنى هەریر و زینەتیر، شەڕێکى گران بۆ ماوەى سێ ڕۆژ بەردەوام بوو، کە ژمارەیەکى زۆر لە سەرباز و چەکدارى بەکرێگیراو (جاش) کوژران.
لهو شەڕەدا تۆپخانەى شۆڕش ڕۆڵێکى گرنگ و کاریگەرى بینى لە تۆپبارانى هێزەکانى عێراق، بەتایبەتى چادرگە و سەربازگەکانى سوپا لە دەشتى هەریر بە تۆپى ٢٥ ڕەتل کە لە لایەن ئەفسەرى تۆپخانەى شۆڕش ملازم خدر عەبدوڵا دەباغ سەرپەرشتى دەکرا، توانى زیانێکى گەورە بە سوپاى عێراق بگەیەنێ و پەشێوییەکى بێ ئەندازە لە سەربازگەکان بنێتەوە، ئهوەش لە ستایش و دەستخۆشى فەرماندەى پێشمەرگە یونس ڕۆژبەیانى لە بەرەى شەڕەکەدا دەردەکەوێ کە بە بێتەل سوپاسیان دەکات و دەستخۆشیان پێ ڕادەگەیەنێ.
ساڵى ١٩٦٥ و ساڵى دواتر لە ساڵە قوڕسەکانی تەمەنى شۆڕش بوون، زۆر شەڕی سەخت ڕوویاندا و سەرکەوتنى مەزنیش بەدەست هاتن، هەر لەو ساڵەدا سەرکردایەتى شۆڕش لە ناوچەى پشدەرەوە گواسترایەوە بۆ ناوچەى باڵەکایەتى تا نسکۆى ساڵى ١٩٧٥، بۆیە حکومەت زۆرینەى هێزوتوانا و قوڕسایی هێرش و پەلامارەکانى زەمینى و ئاسمانى خستبووە ئەو دەڤەرە، بەو نیازەى کە هەرچى زووە بگاتە سەرکردایهتى شۆڕش و زەفەرى پێ ببات، تا لە ئاییندەیەکى نزیک هەرەسى پێ بێنێ.
دیارە ئهو شەڕانەى لەو ماوەیە ڕوویاندا بۆ ماوەى ساڵێک بەردەوامیان هەبوو، بێ ئەوەى حکومەت بتوانێ سەرکەوتنى یەکلایی کەرەوە بەدەست بهێنێ، هەرچەندە توانى دەست بەسەر هەندێ لە شار و شارۆچکەکاندا بگرێت، بەڵام هێزى پێشمەرگە ناوچە شاخاوییەکانى پێ گونجاوتر بوو بۆ بەرگرى و دەتوانێ زیانى گەورە بە هێزەکانى حکومەت بگەیەنێ بەڵکو هەرواش دەرچوو، بەگشتى لهو شەڕانەدا سوپاى عێراق زیانى زۆریان بەرکەوت، چەندین تەرمى ئەفسەر و سەرباز لەبەرەکانى شەڕ بەجێمان، دەیان پارچە چەکى جۆراوجۆر کەوتنە دەستى هێزى پێشمەرگە، ئهوەش وایکرد کە حکومەت ناچار بێت ژمارەى سەرباز و پێداویستیە جەنگیەکان زیاتر بکات لە بەرەى جەنگدا.
سەرچاوەکان:
١- هاوکار کریم حمە شریف، شۆڕشى ئەیلوول، چاپخانەى زانکۆى سەلاحەددین، چاپى یەکەم، هەولێر – ٢٠١٢.
٢- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر، ٢٠٠٤.
٣- ملازم خدر عەبدوڵڵه دەباغ، تۆپخانەى شۆرشى ئەیلوولى مەزن، چاپى سێیەم، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، هەولێڕ – ٢٠٢٠.
٤- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر - ٢٠١٩.