عارف حەمەدئەمین عەزیز کاکەوڵا

عارف حەمەدئەمین عەزیز کاکەوڵا، بە (شەهید هیوا) ناسراو بووه‌، ساڵی ١٩٨١ په‌یوه‌ندی به‌ ڕێكخستنه‌ نهێنیه‌كانی پارتی كردووه‌، ئەندام بنکەی نهێنی ناوشار بووە، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووە، لە پێشمەرگایەتی پلەکانی سەرپەل و یاریدەدەری فەرماندی بەتالیۆنی وەرگرتووە، ساڵی ١٩٨٨ به‌ بۆردومانی فڕۆكه‌ شه‌هید بووه‌.


ژیاننامە

عارف حەمەدئەمین عەزیز کاکەوڵا، لە ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی شەمامەی سەربە دەشتی قەراج و کەندێناوە لە دایکبووە. دانیشتوی شاری هەولێر بووە، پێشەکاری دار و تەختە بەستنی بانی خانوو بووە، تا قۆناغی ناوه‌ندی خوێندوویه‌تی، خێزاندار بووه و خێزانه‌كه‌ی ناوی مەعتەر تۆفیق بووە، خاوه‌نی دوو كچ به‌ناوه‌كانی ڕێناس و بەڵێن بووه‌.


خەباتنامە

لە ساڵی ١٩٨١ په‌یوه‌ندی به‌ ڕێكخستنه‌ نهێنیه‌كانی پارتی كردووه‌ و بۆتە ئەندام لە بنکەی دایکی شەهید عەبدولڕەحمان لە ناوشاری هەولێر کە سەربە ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، عارف حەمەدئەمین لەم بنکەیە نازناوی شەهید هیوای وەرگرتووە، لە چەندین چالاکی چەکداری و کاری ڕێکخراوەی ئەم بنکەیە بەژدار کردووە، ساڵی ١٩٨٦ دوای ئەنجامدانی چالاکیەک لەناو شاری هەولێر ئاشکرا بووە و شار بەجێدەهێڵێت، لەو کاتەدا بنەماڵەکەی خێزان و دووکچەکەی لە شار دەبەنە دەرەوە تا دەست ئەمنی ڕژێم نەکەون، شەهید هیوا خۆی دەگەیەنێتە دەڤەری بادینان و چۆتە ماڵی مشیر ئاغا و دواتریش هەر لە ڕێگەی مشیر ئاغاوە ده‌چێت بۆلای شێخ ستار و له‌ به‌تالیۆنی ئه‌و بۆتە پێشمەرگە، هەر له‌و به‌تالیۆنه‌ پلەی سەرپەل و یاریدەدەری فەرمانده‌ی بەتالیۆنی وەرگرتووە.

 ساڵی ١٩٨٨ لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا له‌گه‌ڵ سوپای عێراق چەند سەربازێکی ڕژێمی بەعسیان بە دیل گرتووە، دەستەیەک پێشمەرگە کە شەهید هیوا فەرماندەیان بووە دیلەکان دەگوازنەوە بۆ گرتووخانەی شۆڕش لە گوندی شێخ وەسانان لە دەڤەری بالیسان، دواتر هەرخۆیان بۆ پاسەوانی گرتووخانەکە ماونەتەوە، لە بەرواری ٢٨ی تشرینی دووەمی ١٩٨٨ کۆپتەرێکی ڕژێم لە نزیکی گرتووخانەکە چەند خولەکێک دەسوڕێتەوە و شەهید هیوا بە چەکی ئارپیجی گولەیەک ئاراستەی کۆپتەرەکە دەکات، بەڵام بەری ناکاوێت و کۆپتەرەکە فیشەک بارانی شەهید هیوای ده‌كات و به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌ی شەهید بووە، دواتر لەلایەن خەڵکی گوندی شێخ وەسانان شەهید هیوا لە گوڕستانی گوند بە خاک دەسپێرن.


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

وەحید بایزدین تەها

وەحید بایزدین تەها، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی موکا پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٨ شەهید بووە لە گوندی قومری لە ناوچەی بەرواری بە خاک سپێردراوە.

زانیاری زیاتر

لوقمان عەزو محەمەد

لوقمان عەزو محەمەد ساڵی ١٩١٢ لە گوندی دری سەربە ناحیەی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆر پارێزگای هەولێر لە دایک بووە.خێزاندار بووە.ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر