سەلیم شێخۆمەر بێدۆدی

سەلیم شێخۆمەر ئەحمەد (١٨٨٨-١٩٥٤)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، بەشداری شۆڕشی یەکەمی بارزان (١٩٣١-١٩٣٢) و شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣-١٩٤٥) کردووە، یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦).


ژیاننامە

سەلیم شێخۆمەر ئەحمەد، ساڵی ١٨٨٨ له‌ گوندی بێدود سه‌ر به‌ ناحیه‌ی پیران له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، دواى ئەوەى دەچێتە یەکێتى سۆڤیەت، ‌لەوێ‌ ژیانی هاوسه‌ری پێكهێناوه‌ و كچێكى هەبووه‌ به‌ناوی لودمیلا، شاره‌زایی له‌ زمانه‌كانی كوردی و ڕووسی هه‌بووه‌، ساڵی ١٩٥٤ له‌ ئۆزبه‌كستان كۆچی دوایی كردووه‌ و هه‌ر له‌وێش به‌خاك سپێردراوه‌.


خەباتنامە

ساڵی‌ ١٩٣١ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی شۆڕشی یه‌كه‌می بارزان كردووه‌‌، له‌ ٣ی نیسانی ١٩٣٢ به‌شداری له‌ شه‌ڕی مه‌یدانداری دوڵاڤاژی كردووه‌، له‌ ٢١ی حوزه‌یرانی ١٩٣٢ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ئاواره‌ی كۆماری توركیا بووه‌، ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه‌‌ و له‌ شه‌ڕه‌كان به‌شدار بووه‌، له‌ ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به‌ فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه‌ گواستراو و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه‌. له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له‌ دوایی نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ڕوویکردووەتە‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان.

 له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ هێزی بارزانى سه‌ر به‌ سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه، به‌شداری شه‌ڕه‌كانی ساڵح ئاوا، سێروێ و مه‌رگه‌وه‌ڕی كردووه لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان‌، له‌ ٣ی ئایاری ١٩٤٦ به‌شداری شه‌ڕی ملقه‌ره‌نی کردووە، هەروەها دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌ ڕێكه‌وتی ٢٥ ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی هه‌ڤرس و هه‌له‌جی كردووه‌.

لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى بارزانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌. 

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد. 

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

  2. حیدر فاروق السامرائي، ضیاء جعفر ودوره‌ السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - 2016م).

  3. سه‌فه‌ر یوسف میرخان،‌ مام خدر مه‌لا وه‌سمان: ئه‌گه‌ر بارزانی نه‌مر نه‌بووایه‌ ئێستا هیچ كه‌سێك له‌ ئێمه‌ به‌ زمانی كوردی قسه‌مان نه‌ده‌كرد، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ژماره‌ 3456، هه‌ولێر، 27 نیسانی 2010ز.

  4. سه‌بری چاوشین خانۆ، بێدۆد له‌ مێژوودا، (هه‌ولێر – چاپخانه‌ی رۆژهه‌ڵات - 2018ز).

  5. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - 2013ز).

  6. عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - 2002ز).

  7. عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نێوان 1931 - 1991، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - 2001ز)،.

  8. عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - 2015ز).

  9. كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - 2011ز).

  10. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، 62 رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - 1997ز).

  11. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - 1998ز).

  12. نه‌جه‌ف قولی پسیان، له‌ مهابادی خوێناوییه‌وه‌ هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - 1996ز).


بابەتی پەیوەندیدار

عه‌زیز مامل عه‌زیز

عه‌زیز مامل عه‌زیز، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩١٩ لە گوندى لێڕەبیر سەر بە قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر (ویلایەتی موسڵ) لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول.

زانیاری زیاتر

عەزیز قادر میران

عەزیز قادر میران ، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٩ لە گوندى کەلۆک سەر بە قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر (ویلایەتی موسڵ) لەدایک بووە. ساڵی ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و بەشدارى شەڕەکانى کرووە.

زانیاری زیاتر

عارس محه‌مه‌د خان

عارس محه‌مه‌د خان، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٠ لە گوندى هۆستان سەر بەناحیەى بارزان لە قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر (ویلایەتی موسڵ) لەدایک بووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٩٥ لە وڵاتى ئێران کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

عەزیز محەمەد قادر

عەزیز محمەد قادر، ناسراو بە (عوزێر خەلانى)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩١٦ لە گوندى خەلان سەر بەناحیەى مەزنێ لە قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر (ویلایەتی موسڵ) لەدایک بووە. ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وەڵاتی ئێران بووە، ساڵى ١٩٨١ لە وڵاتى ئێران کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

شێخۆمەر ئەحمەد حاد

شێخۆمه‌ر ئه‌حمه‌د حاد، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩١٨ لە گوندى سەردەرى قەزاى مێرگەسۆر پارێزگاى هەولێر (ویلایەتی موسڵ) لەدایک بووە. ساڵى ١٩٦٩ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر