ژیاننامە
سەعید بارزانی، ساڵی ١٩٢٦ له گوندی ڕێزانى سه‌ر به ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، وه‌لی به‌گ سەعیدی باوكی له ٨ی ئابی ١٩٤٥ له ناو پۆلیسخانه‌ی مێرگه‌سۆر شه‌هید بووە، له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی، ساڵی ١٩٥٥ بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسى له به‌شی كشتوكاڵی زانكۆی ڤۆرانسی و سیاسه‌ت له یه‌كێتی سۆڤیەت وه‌رگرتووه، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته شانشینی ئێران و له شاری كه‌ره‌ج نیشته‌جێ بووە، ساڵی ١٩٩١ گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان و له پیرمام نیشته‌جێ بووە.
زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، توركی، فارسی و ڕووسی زانیوە، له ٨ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٦ له سه‌ڵاحه‌ددین كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی گركێ جهوێى سه‌ر به ناوچه‌ی بارزان به‌خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٥ په‌یوه‌ندی به ڕێزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه و سهرقولهی پێشمه‌رگه‌كانی گوندی ڕێزان و دۆرێ بووه و له شه‌ڕه‌كان به‌شدار بووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازیی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه.
دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ ڕووده‌كاته ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزانى سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد بووەتە پێشمەرگە و پله‌ی ئه‌فسه‌ری پێ به‌خشراوه، به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی میاندواو و بۆكان و مه‌رگه‌وه‌ڕ و ته‌رگه‌وه‌ڕی كردووه، له ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداری شه‌ڕی قاراوا له ناوچه‌ی سه‌قز و له ٣ی ئایار به‌شداریی شه‌ڕی ملقه‌ره‌نی کردووە و دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ٢٣ی شوباتی ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی سیلوه‌ى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه.
له ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ بڕیاری داوه كه له ژێر فه‌رمانده‌یی جه‌نەڕاڵ مستەفا بارزانی له به‌رخودان به‌رده‌وام بێت، سه‌رپه‌رشتی هێزێكی ده‌كرد له گوندی ئه‌رگۆش، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ به‌شداری ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤێتی كردووه و به‌رپرسی ده‌سته بووه، له ٢٨ ئایاری ١٩٤٧ له‌سه‌ر داوای میرحاج ئه‌حمه‌د به‌شداریی كۆبوونه‌وه گوندی جیرمێى كرد، له ٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌لامستەفا بارزانی هێزی خۆی برده ده‌وروپشتی گوندی ئاغ داشى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ تا ١١ حوزه‌یرانی ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕه‌كانی گه‌لی قتور و پردی ماكۆی كردووه.
دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە مانگی ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به فڕۆكه گواسترایه‌وه بۆ دورگه‌ی مونیاك له ناوه‌ڕاستی گۆلی ئۆڕاڵ، ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ گەڕاوەتەوە ڤریڤیسكی لە یه‌كێتی سۆڤیەت، له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به كه‌شتی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سره له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه، هەروەها به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی پیرس و گه‌لیی زنتای كردووه، ساڵی ١٩٦٧ بۆ ماوه‌ی سێ ساڵ به نوێنه‌ری مه‌لامستەفا بارزانی سه‌رپه‌رشتی ناحیه‌ی سیده‌كانی كردووه، ساڵی ١٩٧٩ به‌شداریی شۆڕشی گوڵانی كردووه و ئامر هێزی سیده‌كان بووه، له ١٦ی ئابی ١٩٩٦ له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه، یه‌ك جار له گربیش بریندار بووه.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
- چاوپێكه‌وتنی گۆڤاری مه‌تین، هه‌ڤچه‌په‌رێ بارزانیێ نه‌مر عه‌زیز قازی بیرهاتنێت خوڤه دگێریت، پشكا ئێكێ، گۆڤاری مه‌تین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو، هه‌ژمار ٤٧، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، كانوینا ئێكێ ١٩٩٥ز.
- چاوپێكه‌وتنی گۆڤاری مه‌تین، هه‌ڤچه‌په‌رێ بارزانیێ نه‌مر عه‌زیز قازی بیرهاتنێت خوڤه دگێریت، پشكا دویێ، گۆڤاری مه‌تین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو، هه‌ژمار ٤٨، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، كانوینا دووێ ١٩٩٦ز.
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
- زرار سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی، بیره‌وه‌ریه‌كانم له ساڵانی ١٩٤٣-١٩٧٧دا، (سلێمانی - چاپخانه‌ی ره‌هه‌ند - ٢٠٠٢ز).
- سه‌فا جاف، شۆڕشی نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی ئهیلوول و هه‌یبه‌تی ئه‌سعه‌د خۆشه‌وی، (هه‌ولێر – چاپخانه‌ی مناره - ٢٠٠٧ز).
- سه‌فه‌ر یووسف میرخان، له ٦٤مین ساڵیادی دامه‌زراندنی كۆماری كوردستان له مه‌هاباد، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٣٣٧٩، هه‌ولێر، ٢١ كانوونی دووه‌می ٢٠١٠ز.
- سه‌فه‌ر یووسف میرخان ژاژوكی، فه‌رمانده‌ی خه‌باتكار و هه‌ڤاڵی بارزانیی نه‌مر سەعید وەلی بەگ سەعید گه‌یشته كاروانی نه‌مران، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٥١٦٨، هه‌ولێر، ٨ كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٦ز.
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- عه‌بدوڵڵا ئه‌حمه‌د ره‌سول پشده‌ری، پاشكۆی یاداشته‌كانم له شۆڕشی ئەیلوول، به‌رگی دووه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی شه‌هید ئازاد هه‌ورامی - ٢٠٠٧).
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
- گۆڤاری هه‌تاو، ژماره ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
- له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا، سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی به تیكۆشه‌ران و دایكانی شه‌هید ده‌به‌خشێت، گوڤاری گوڵان، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٨٤، هه‌ولێر، ١ ئه‌یلوولی ١٩٩٦ز.
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
- م.ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د چیچۆ، بۆ مێژوو له یاداشتی محه‌مه‌د چیچۆ پێندرۆیی، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی شه‌هاب - ٢٠١٠ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی نادیار - ٢٠١٢ز).
- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).