سەعید عومەر جەمیل

سەعید عومەر جەمیل، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداریى شۆڕشى ئەیلوولى کردووە، له‌ ڕێكه‌وتی ٣١ ته‌مووزی ١٩٨٣ له‌ ئۆپراسیۆنی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی شوێنبزر ده‌كرێن.


ژیاننامە

سەعید عومەر، ساڵی ١٩١٠ له‌ گوندی ئه‌رگۆشى سه‌ربه‌ ناحیه‌ی شێروان مه‌زن له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت خێزاندار بووه‌ و خێزانه‌كه‌ی ‌ناوی حه‌سنا محه‌مه‌د شه‌ریف بووە، خاوه‌نی دوو كوڕ بوونه‌ به‌ناوه‌كانی فه‌رهاد سه‌عید و فه‌تاح سه‌عید، هه‌ر ‌له‌ یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ نینا پێكهێناوه‌ و كوڕێكیان هەبووە‌ به‌ناوی ڕۆسته‌م، هەرسێ زمانى كوردی، ئینگلیزی و ڕووسی زانیوە.

له‌ ٣١ی ته‌مووزی ١٩٨٣ له‌ ئۆپراسیۆنی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی له‌ كۆمه‌ڵگای قوشته‌په‌ له‌گه‌ڵ دوو كوڕى به‌ناوه‌كانی فه‌رهاد سه‌عید و فه‌تاح سه‌عید شوێنبزر ده‌كرێن.


خەباتنامە

ساڵی ١٩٤٤ په‌یوه‌ندی به‌ ڕێزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه‌‌ و له‌ زۆربه‌ی شه‌ڕه‌كانی ئه‌و شۆڕشه‌ به‌شدار بووه‌، له‌ ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به‌ فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازیی عێراق ده‌ستبه‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه‌ گواستراوە و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه‌. له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له‌ دوایی نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ڕووده‌كاته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ هێزی بارزانى سه‌ر به‌ سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌ مه‌هاباد خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه‌ و له‌ شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی سه‌قز له‌ كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردووه‌، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان. 

 به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه‌‌‌، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق ڕاگوێزرا‌وه‌ بۆ باشووری عێراق و له‌ پارێزگای دیوانیه‌ نێشته‌جێ كراوه‌، ساڵی ١٩٨٠ گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگای قوشته‌په.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
  2. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤ز).
  3. حیدر فاروق السامرائي، ضیاء جعفر ودوره‌ السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
  4. ڕێكاری مزویری، ژنێن رۆس و ڕاگواستن و ئه‌نفال و كۆمه‌لكوژی، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر – چاپخانه‌ی مناره‌ - ٢٠١٠ز).
  5. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
  6. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه‌، (پیرمام - چاپخانه‌ خه‌بات - ١٩٩٦ز)، ل ٢٢.
  7. صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
  8. عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
  9. عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
  10. عومه‌ر هه‌مزه‌ ساڵح، جینۆساید و تاوانه‌كانی ڕژێمی به‌عس دژی بارزانییه‌كان ١٩٧٥ - ١٩٩١ له‌ زمانی شایتحاڵ و به‌ڵگه‌نامه‌كانه‌وه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٧ز).
  11. كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
  12. گۆڤاری هه‌تاو، ژماره‌ ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
  13. له‌ یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
  14. لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
  15. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
  16. نه‌جه‌ف قولی پسیان، له‌ مهابادی خوێناوییه‌وه‌ هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
  17. ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره‌ HB-١٥٣، پارتی دیموكراتی كوردستان، باره‌گای بارزانی، لێژنه‌ی باڵای ناوچه‌ی بارزان، فۆرمی سەعید عومەر جه‌میل عه‌زیز، پیرمام، ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ز.
  18.  

 


بابەتی پەیوەندیدار

ئەسعەد خۆشەوی

ئەسعەد خۆشەوی ئاودیش، پێشمەرگە و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت‌، ساڵی ١٩٤٣ لە شۆڕشی دووەمی بارزان(١٩٤٣- ١٩٤٥)بەشدار بووە، لە بەرگریکارانی کۆماری دیموکراتی کوردستان (٢٢کانوونی دووەمی- ١٥ کانوونی یەکەمی ١٩٤٦) و لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) بووە، بەشداری کارا و چالاکی هەبوو لە دووبارە ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە لە شۆڕشی گولان (١٩٧٦- ١٩٩١)، ساڵی ١٩٧٧ کۆچی دوای کردووە.

زانیاری زیاتر

عومەر ئاغای دۆڵەمەری

عومەرئاغا محەمەد عومەرئاغا شوان ناسراو بە (عومەر ئاغاى دۆڵەمەرى)، پێشمەرگە و هەڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە شۆڕشی دووەمی بارزان (١٩٤٣- ١٩٤٥) خەباتکاربووە، لە کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١- ١٩٧٥) و شۆڕشی گوڵان (١٩٧٦- ١٩٩١) و ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى ١٩٩١ ى کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا چوار جار بریندار بووە، هەڵگرى میدالیای بارزانی یە، لە ڕێکەوتى ١٠ی تەمووزى ١٩٩٥ لە گوندى زیارەت شەهید کراوە.

زانیاری زیاتر

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٦ لە گوندى سپیندار لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى ئەیلوول بەشداریی کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا دووجار برینداربووە، ساڵى ١٩٧٧ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر