ژیاننامە
سەلیم رەشید سەلام، ساڵی ١٩١٨ له گوندی بابسێڤا سه‌ر به ناحیه‌ی بارزان له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت خێزاندار بووه و خێزانه‌كه‌ی ناوی په‌رین عیسا گۆران بووە، كوڕێكیان هەبووە به‌ناوی مسته‌فا سه‌لیم (١٩٤٤) کە له ٣١ی ته‌مووزی ١٩٨٣ له ئۆپراسیۆنی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق له كۆمه‌ڵگای قوشته‌په شوێن بزر کراوە.
سەلیم رەشید، له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسى له به‌شی كشتوكاڵ وه‌رگرتووه. هه‌ر له یه‌كێتی سۆڤێت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ زه‌هرا پێكهێناوه و دواى گەڕانەوەى بۆ عێراق ساڵی ١٩٥٩ به فه‌رمانبه‌ر له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی سلێمانی دامه‌زراوە و دواتر گواستراوه‌ته‌وه بۆ فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی بارزان.
ساڵی ١٩٨٠ گواستراوه‌ته‌وه بۆ كۆمه‌ڵگای قوشته‌په، پاشان به فه‌رمانبه‌ر له فه‌رمانگه‌ی كشتوكاڵی هه‌ولێر دامه‌زراوەتەوە. شاره‌زایی له زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی و ڕووسی هه‌بووه، له ٢٨ی تشرینی یه‌كه‌می ٢٠٠٦ كۆچی دوایی كردووه.
خەباتنامە
سەلیم رەشید سەلام، ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، به‌شداری له گرتنی بنكه‌ی پۆلیسخانه‌كانی شنگێل، بێدارون، كانیه‌ڕه‌ش و بلێ كردووه، له ٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی شانه‌ده‌ر و له ١٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی خێره‌زۆك و له ١٠ی تشرینی دووه‌می ١٩٤٣ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌زنێ و له ٨ی ئابی ١٩٤٥ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مێرگه‌سۆری كردووه. له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراو و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه.
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له دوایی نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان ڕوویکردووەتە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له هێزی بارزانى سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له مه‌هاباد بووەتە پێشمەرگە، له ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداری شه‌ڕی قاراوا له ناوچه‌ی سه‌قزى ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی كردووه و له‌م شه‌ڕه ده‌ستی سه‌قه‌ت بووه و له كار كه‌وتووه.
دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ١٩ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شنۆی كردووه، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه، به‌شداری شه‌ڕه‌كانی مهعاید، نه‌هلێ، ملا، شندڕ، سه‌ری پیرس و دارێت قه‌ره‌جا له نێوان بلێ و ڕێزان كردووه، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق ڕاگوێزرایه‌وه بۆ باشووری عێراق و له شافعهی پارێزگای دیوانیه نێشته‌جێ كراوه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
-
\حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - 2004ز).
-
حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - 2016م).
-
شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - 2013ز).
-
صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - 2013ز).
-
عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - 2002ز).
-
عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان 1931 - 1991، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - 2001ز).
-
كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - 2011ز).
-
گۆڤاری هه‌تاو، ژماره 154، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، 15 نیسانی 1959.
-
له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، 62 رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - 1997ز).
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد 1931 - 1958، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - 1998ز).
-
نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - 1996ز).
-
پیرمام، 1 تشرینی دووه‌می 2018ز.