زیاب هەسنی

زیاب زیاب عەبدوڵا، ناسراو بە (زیاب هەسنی)، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداریى شۆڕشى ئەیلوولى کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا سەرپەل بووە، ساڵی ١٩٧٥ له‌ گوندی هه‌سنێ كۆچی دوایی كردووه‌ و هه‌ر له‌وێش به‌خاك سپێردراوه‌.


ژیاننامە

زیاب هه‌سنێ، ساڵی ١٩٢٥ له‌ گوندی هه‌سنێى سه‌ر به‌ ناحیه‌ی بارزان له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌، پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت خێزاندار بووه‌ و خێزانه‌كه‌ی ‌ناوی سه‌روه‌ر چیچۆ ئیسماعیل بووە، دوو كوڕ و دوو كچیان هەبووە‌ به‌ناوه‌كانی ئامینا زیاب، به‌یبوون زیاب، فاخر زیاب و مووسا زیاب به‌ نه‌خۆشی تیفۆ له‌ مه‌هاباد كۆچی دواییان كردووه‌. زیاب هەسنێ له‌ یه‌كێتی سۆڤێت خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی په‌یمانگای له‌ به‌شی كشتوكاڵ وه‌رگرتووه‌، ساڵی ١٩٥٩ به‌ فه‌رمانبه‌ر له‌ ئیداره‌ی ڕێگاوبانی هه‌ولێر دامه‌زراوە و دواتر گواستراوەته‌وه‌ بۆ ناوچه‌ی بارزان، شاره‌زایی له‌ هەردوو زمانى كوردی و ڕووسی هه‌بووه‌، ساڵی ١٩٧٥ له‌ گوندی هه‌سنێ كۆچی دوایی كردووه‌ و هه‌ر له‌وێش به‌خاك سپێردراوه‌.

 له‌ ڕێكه‌وتی ٣١ ته‌مووزی ١٩٨٣ له‌ ئۆپراسیۆنی ئه‌نفالی بارزانییه‌كان له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقی له‌ كۆمه‌ڵگای قوشته‌په‌ (هه‌ولێر) سێ كوڕی به‌ناوه‌كانی محه‌مه‌د زیاب (١٩٦٣ - ١٩٨٣)، عوز‌ێر زیاب (١٩٦٦ - ١٩٨٣) و فاخر زیاب (١٩٧٠ - ١٩٨٣) شوێنبزر ده‌كرێن.


خەباتنامە

زیاب هه‌سنێ ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به‌ ڕێزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه‌‌ و له‌ شه‌ڕه‌كان به‌شدار بووه‌، له‌ ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به‌ فه‌رمانی دادگای عورفی سه‌ربازی عێراقی ده‌ست به‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه‌ گواستراو و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه‌، له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی ڕووده‌كاته‌ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ هێزی بارزان سه‌ر به‌ سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان له‌ مه‌هاباد خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه‌ و له‌ شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی سه‌قز له‌ كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردووه‌، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانى بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان. 

 ساڵی ١٩٦٤ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و سه‌رپه‌ل بووه‌، به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی پیرس و ملی مه‌لای كردووه‌، سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕی ڕێشه‌ی كردووه‌، تاوه‌كو نسكۆی شۆڕش له‌ خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی به‌رده‌وام بووه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.
  2. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤ز).
  3. حیدر فاروق السامرائي، ضیاء جعفر ودوره‌ السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
  4. ڕێكارێ مزویری، سه‌ربۆرا تراژیدیایێن بارزانییان، چاپا یه‌كێ، (هه‌ولێر - چاپخانا حاجی هاشم - ٢٠١٣ز).
  5. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌لات - ٢٠١٣ز).
  6. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه‌، (پیرمام - چاپخانه‌ خه‌بات - ١٩٩٦ز).
  7. صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
  8. صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
  9. عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
  10. عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نێوان ١٩٣١ - ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
  11. عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
  12. گۆڤاری هه‌تاو، ژماره‌ ١٥٤، ساڵی شه‌شه‌م، هه‌ولێر، چاپخانه‌ی كوردستان، هه‌ینی، ١٥ نیسانی ١٩٥٩.
  13. لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
  14. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
  15. نه‌جه‌ف قولی پسیان، له‌ مهابادی خوێناوییه‌وه‌ هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
  16.  
  17.  

بابەتی پەیوەندیدار

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٦ لە گوندى سپیندار لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى ئەیلوول بەشداریی کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا دووجار برینداربووە، ساڵى ١٩٧٧ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر

عەبدوڵا عیسا عیسا

عەبدوڵا عیسا عیسا، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٠ لە گوندى شێتنێ لەدایکبووە، بەشداریى شۆڕشى ئەیلوولى کردووە، ساڵى ١٩٨١ لە سلێمانى لە سێدارە دراوە.

زانیاری زیاتر

غەزالی میرخان غەزالی

غەزالی میرخان غەزالی، ناسراو بە غەزالى ژاژۆکى، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٢٣ لە گوندى ژاژوک لەدایکبووە، لە شۆڕشی دووەمى بارزان خەباتکار بووە، و لە کۆماری دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداریی شۆڕشى ئەیلوول، گوڵانى کردووە، لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ بەشدار بووە، هەڵگری مەدالیای بارزانی نەمرە، ئامر هێز بووە لە هێزی کاوە، ساڵى ١٩٩٧ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر