به مه‌به‌ستی گه‌مارۆدانى شۆڕشی ئەیلوول و كۆتایی هێنان به خه‌باتی ڕزگاریخوازی كورد له كوردستانی عێراقدا، ڕۆژی ٦ی ئاداری ١٩٧٥ به ناوبژیوانی حكومه‌تی جه‌زائیر ڕێككه‌وتننامه‌یه‌ك له نێوان حكومه‌تی عێراق و شای ئێران ئیمزا كرد، كه دواتر به ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر ناسرا، كه گه‌مارۆدانى شۆڕشی كوردستان و سستكردنی بزاڤه ڕزگاریخوازه‌كه‌ی له خاڵه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی بوو، به گوێره‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتننامه‌یه، رژێمی به‌عس ده‌ستی له نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌ب هه‌ڵگرت بۆ ئێران، له به‌رامبه‌ردا تاران هاریكاری ته‌واوی ڕژێمی به‌عس بكات له گه‌مارۆدانی شۆڕشی كوردستان به‌سه‌ركردایه‌تی مستەفا بارزانی، هه‌ر وه‌كو له ده‌قی ڕێككهوتننامهكهدا دووپات له گرتنبه‌ری ڕێوشوێنی ئه‌منی كراوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته. ڕێككه‌وتننامه‌ی جه‌زائیر به یه‌كێك پیلانه‌كانی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ژمێردرێت له دژی بزاڤى ڕزگاریخوازی كوردستان.
هۆكاره‌كان:
له ٢٦ی ئاداری ١٩٧٤ پاش وه‌ستانی چه‌ند گه‌ڕێكی دانوستانی نێوان حكومه‌تی عێراق و سه‌ركردایه‌تی شۆڕشی ئەیلوول، له‌لایه‌ن ڕژێمی به‌عسی ده‌سه‌ڵاته‌وه جارێكی تر جاڕی شه‌ڕ له‌دژی كورده‌كان درا، كه به‌هۆیی ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ چه‌ند ساڵێك بوو وه‌ستابوو.له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه گشت فه‌وجه‌كانی پاسه‌وانی سنوور (حرس حدود)ی هه‌ڵوه‌شێنرانه‌وه و شه‌ڕ دووباره له نێوان پێشمه‌رگه‌ی شۆڕش و سوپای ڕژێم ده‌ستی پێكرده‌وه، تۆپخانه‌كانی سوپا له‌و مانگه‌دا ده‌ستیان كرد به تۆپباران كردنی ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه له سه‌ر سنووره‌كانی ئێران.
له ناوه‌ڕاستی مانگی نیسانه‌وه هێرشه‌كانی حكومه‌ت بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی شۆڕش ده‌ستیپێكرد، ١٥ی نیسانی ١٩٧٤ سوپای ڕژێم له موسڵه‌وه به‌ره‌و زاخۆ به‌ڕێكه‌وتن، ئامانجی سوپای عێراق گرتنی بنكه‌ی زاخۆ بوو، دوای شه‌ڕێكی سه‌خت له ٨ی ئایار حكومه‌ت توانی به ئامانجه‌كه‌ی بگات و ده‌ست به‌سه‌ر زاخۆدا بگرێت له ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ هێزی ئاسمانی عێراقی هێرشیان كرده سه‌ر شاری قه‌ڵادزێ و بۆردومانی ناوه‌ندی زانكۆی سلێمانیان كرد. دوو ڕۆژ دواتر واتا ٢٦ی نیسان له لایه‌ن فڕۆكه‌كانی سوپای ڕژێمه‌وه بۆردومانی شاری هه‌ڵه‌بجه و ده‌وروپشتی كرا. دواتر ٢٩ نیسان بۆردومانی پردی گه‌ڵاڵه كرا.
به هاتنی وه‌رزی هاوین هێرشه‌كانی سوپای ڕژێم جارێكی تر ده‌ستیان پێكرده‌وه، له ٨ی ئه‌یلوولی ١٩٧٤ هێزه‌كانی سوپای ڕژێم به تانك و فڕۆكه چوونه سه‌ر گه‌ڵاڵه، ڕه‌واندز و حاجی ئۆمه‌ران و ١٩ی ئهیلوول به ڕێگه‌ی نێوان چیای كۆڕه‌ك و بێخاڵ به تانك و زرێپۆشهكانیهوه هێرش كرایه سه‌ر ئه‌و ڕێگا گشتییه‌ی كه ڕه‌واندز به بێخاڵه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، له ئه‌نجامدا هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ناچاركران به‌ره‌و ناوچه‌كانی زۆزك، هه‌ندرێن، گه‌رووی عومه‌ر ئاغا و دۆڵی ئاكۆیان پاشه‌كشێ بكه‌ن. دوای ئه‌م هێرشانه‌ی سوپای ڕژێم تاكه شوێنی ستراتیژی كه به‌ده‌ستی پێشمه‌رگه‌وه مابوون شاخه‌كانی هەندرێن و زۆزك بوون كه ده‌یانڕوانییه سه‌ر جاده‌ی هاملتۆن.
له ده‌ستپێكی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕ تا مانگی ئه‌یلوولی ١٩٧٤ حكومه‌تی عێراقی توانی سه‌ركه‌وتنی گه‌وره به‌سه‌ر كورده‌كاندا به‌ده‌ست بێنێت، زۆربه‌ی زه‌وییه‌كان له باكوور ده‌ستبه‌سه‌ردا بگرێت و تا سه‌ر سنووری ئێران پاشه‌كشه به پێشمه‌رگه بكات. كه‌چی له ده‌ستپێكی مانگی ئه‌یلوولی هه‌مان ساڵ جارێكی تر پارسه‌نگی شه‌ڕ له به‌رژه‌وه‌ندی كورده‌كان گۆڕا، هێزی پێشمه‌رگه توانیان به یارمه‌تی وه‌ڵاتی ئێران به‌ر به پێشڕه‌وییه‌كانی سوپای عێراقی بگرن و ته‌نانه‌ت له زۆر شوێن پاشه‌كشه‌شیان پێ بكه‌ن و بیانگێڕنه‌وه بۆ ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیان.
حكومه‌تی به‌عسی عێراقی مه‌به‌ستی بوو تا هاتنی وه‌رزی پاییز و سه‌رما به یه‌كجاری كۆتای به شۆڕشی ئەیلوول بهێنێت، به‌ڵام پاش ئه‌و شكستانه‌ی تووشی بوون له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه ڕاگه‌یه‌نرا كه شه‌ڕ بۆ ماوه‌یه‌كی نادیار درێژه ده‌كێشێت. به درێژه‌كێشانی شه‌ڕ حكومه‌تی ئه‌و زیانه‌ی به‌ری ده‌كه‌وت چه‌ندین جار زیادی ده‌كرد، حكومه‌ت ته‌نانه‌ت ناچاربوو سوود له یه‌ده‌گی ماڵی و مرۆڤی خۆی وه‌ربگرێت. له لایه‌نی ئابوورییه‌وه شه‌ڕه‌كه خه‌رجێكی زۆری خستبووه سه‌ر ده‌ستی ده‌وڵه‌ت كه به سێ ملیار دۆلار مه‌زه‌نده ده‌كرا. ده‌بوایه له‌مه به‌دوا ڕژێمی به‌عس بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی كورد له ڕێگه چاره‌یه‌كی تر بگه‌ڕێت، له‌لایه‌ن زۆربه‌ی سه‌ركرده عه‌ره‌به‌كان پێشنیار بۆ سه‌دام حسێن كرا له‌گه‌ڵ ئێران ڕێكبكه‌وێت و له به‌رامبه‌ر به‌دیهێنانی خه‌ونه له‌مێژینه‌كه‌ی شای ئێران ناوبراو ڕازی بكات ده‌ست له یارمه‌تی كورده‌كان هه‌ڵبگرێت.
له نێوان ڕۆژانی ٤ تا ٦ی ئاداری ساڵی ١٩٧٥ كۆنگره‌ی سه‌رانی ئۆپێك له جه‌زیره‌ی پایته‌ختی جه‌زائیر به ئاماده‌بوونی نوێنه‌ری سێزده وڵاتی ئه‌ندام له ڕێكخراوه‌كه به‌ڕێوه‌چوو. له‌م كۆنگره‌یه‌دا هه‌ریه‌ك له محه‌مه‌د ڕه‌زا شای په‌هله‌وی ئێران و سه‌دام حسێن جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی كۆماری عێراقی عه‌ره‌بی به‌شدار بوون. له‌كاتێكدا كه كێشه‌كانی هه‌ردوو وڵاتی ئێران و عێراق له‌و ماوه‌یه‌دا به لوتكه گه‌یشتبوون، له‌سه‌ر پێشنیاری هاواری بۆمیدیه‌نی سه‌رۆك كۆماری جه‌زائیر له په‌راوێزی دوو ڕۆژی به‌ڕێوه‌چوونی كۆنفڕانس هه‌ریه‌ك له محه‌مه‌د ڕه‌زا شا و سه‌دام حسێن به ئاماده‌بوونی هاواری بۆمیدیه‌ن دوو جار كۆبوونه‌وه، كه جاری دووه‌م ئێواره‌ی ڕۆژی ٥ی ئادار بوو له كۆشكی سه‌رۆك كۆماری جه‌زائیر، بۆمیدیه‌ن سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ شای ئێران به ته‌نیا كۆبووه‌وه بۆئه‌وه‌ی زه‌مینه‌ی كۆبونه‌وه‌ی شا له‌گه‌ڵ سه‌دام حسێن ڕێكبخات، له‌مه‌شدا سه‌ركه‌وتوو بوو شا و سه‌دام حسێن ڕووبه‌ڕوو له‌گه‌ڵ یه‌كتر دانیشتن. شای ئێران به‌رامبه‌ر به ده‌ستكه‌وتنی زه‌وییه‌كانی شه‌ت ئه‌لعه‌ره‌ب و باشووری ئێران ئاماده‌بوو ده‌ست له یارمه‌تیدانی كورده‌كان هه‌ڵبگرێت. ئه‌نجامی ڕێككه‌وتننامه‌كه ئه‌وه بوو ئێران یارمه‌تی عێراق بدات له ئابلۆقه‌دانی شۆڕشی كورد، سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ عێراق بپارێزێت و چیتر ده‌ست له كێشه ناوخۆییه‌كانی عێراق وه‌رنه‌دات، له به‌رامبه‌ر ده‌سبه‌رداربوونی عێراق له چه‌ند زه‌وییه‌كی (شط العرب) بۆ ئێران و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی سنووره ئاوییه‌كانی هه‌ردوو وڵات بۆ ڕێككه‌وتننامه‌ی قوسته‌نته‌نییه‌ی ساڵی ١٩١٣ی نێوان ئێران و ده‌وڵه‌تی عوسمانی و كاراكردنهی هێڵی ئاوی تالۆگ وه‌ك سنووری ئاوی (شط العرب) له نێوان هه‌ردوو ده‌وڵه‌تدا.
ڕژێمی به‌عسی عێراقی له‌لایه‌ن خۆیه‌وه یارمه‌تییه‌كانی حكومه‌تی ئێرانی به هۆكاری سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئەیلوول ده‌زانی بۆیه له‌به‌رامبه‌ر ڕاگرتنی ئه‌م یارمه‌تییانه ئاماده‌بوو خه‌ونه له‌مێژینه‌كه‌ی شای ئێران بێنێته‌دی كه بریتی بوو له گه‌ڕاندنه‌وه‌ی زه‌ویه‌كانی (شط العرب) بۆ سه‌ر خاكی ئێران و دووباره ڕه‌سم كردنه‌وه‌ی سنووره ئاوییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.حكومه‌تی ئێران له ساڵی ١٩٦٢وه یارمه‌تییه‌كانی به شێوه‌یه‌كی پچڕ پچڕ بۆ شۆڕش له باشووری كوردستان ده‌ست پێكردبوو كه ورده ورده هه‌ر له‌سه‌ر پێشنیاری خۆی یارمه‌تییه‌كانی ئیسرائیل و ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاشی هاتبووه سه‌ر، ئه‌م یارمه‌تیانه تا ساڵی ١٩٧٥ گه‌یشتن به‌لووتكه و شۆڕشی كوردیان له باشووری كوردستان تا لێواری ڕووخاندنی ڕژێمی به‌عس به‌ره‌و پێشه‌وه برد.
سه‌دام حسێن جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌وكاتی عێراق پاش شكسته‌كانی پاییزی ١٩٧٤ هه‌ستیكرد وڵاته‌كه‌ی چاره‌یه‌كی بۆنه‌ماوه‌ته‌وه جگه له‌وه‌ی مل بۆ داخوازییه‌كانی شای ئێران كه‌چ بكات. حكومه‌تی ئێرانیش پاش چنینه‌وه‌ی به‌رهه‌می چه‌ندین ساڵ یارمه‌تیدانی شۆڕشی كورد له باشووری كوردستان كه تا ئه‌وكات به چه‌ك یارمهتیدهدا ڕازی بوو خاك و سوپاكه‌ی بخاته خزمه‌ت حكومه‌تی عێراق بۆ لێدانی شۆڕشی كورد له باشووری كوردستان به سه‌رۆكایه‌تی جه‌نه‌ڕال مستەفا بارزانی. ئه‌مه یه‌كێك له به‌نده نهێنییه‌كانی نێو ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵات بوو كه ١٨ی ئادار له‌لایه‌ن جه‌نه‌ڕال نهسیرییهوه پاش هاتنی بۆ حاجی ئۆمه‌ران به جه‌نه‌ڕال مستەفا بارزانی ڕاگه‌ێنرا، به‌مه‌ش ئیتر ئاسۆیه‌ك بۆ سه‌ركردایه‌تی شۆڕش له‌مه‌ڕ به‌رده‌وامیدان به شۆڕش نه‌ده‌مایه‌وه، بۆیه له‌لایه‌ن سه‌ركردایه‌تی شۆڕشه‌وه بڕیاردرا بۆ ماوه‌یه‌كی كاتی شۆڕش بوه‌ستێنرێت و چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تێكی تری لهباربكهن بۆ دهستپێكردنهوهوی.
سه‌رچاوه‌كان:
- ئه‌رشیفی ده‌سته‌ی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.