یەکێک لەو دامەزراوانە، دامەزراوەى کەرتى تەندروستیى بوو. کەرتى تەندروستى یەکێکە لە کەرتە هەرە گرنگەکان، چونکە پەیوەندیى ڕاستەوخۆی بە ژیانى هاووڵاتییانەوە هەیە، لە ڕێى ئەم کەرتەوە خزمەتگوزاریى پێشکەشى منداڵان، گەنج و لاوان و پیر و پەککەوتەکان دەکرێ و زۆر ژیان و خۆش ژیانیان پەیوەستە بە ئاستى ئەو خزمەتگوزارییانەى لەڕێى ئەم کەرتانەوە پێشکەش دەکرێن.
لە شەستەکانى سەدەى ڕابردوو بارودۆخى کوردستان بە گشتى لەوپەڕى خراپیدا بوو و ناوچە ئازادکراوەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش زۆر خراپتر بوون، چونکە لە هەموو لایەکەوە گەمارۆدرابوو و حکومەتى عێراق ڕێگەى نەدەدا هیچ ئامراز، ئامێر و داوودەرمانێک بچێتە ناوچە ئازادکراوەکان، بۆیە دابینکردنى داوودەرمان بۆ پتر لە بیست هەزار پێشمەرگە و زیاتر لە یەک ملیۆن هاووڵاتى ئێجگار سەخت بوو.
وێڕاى ئەمەش نەخۆشیی وەک: مەلاریا، سیل و نەخۆشیەکانی کۆئەندامی هەرس زۆر بهربڵاوبوون، بە تایبەتی منداڵان بەدەست ئەم حاڵەتانەوە دەیانناڵاند، هەربۆیە بەپێى زانیارییەکانى ئێمانوێل براکێت کە لەو سەردەمدا سەردانى ناوچەکانى ژێردەسەڵاتى شۆڕشى کردبوو دەڵێ %٥٠ى منداڵان گیان لەدەست دەدەن، بۆ گەورانیش ئەوە دەخاتەڕوو کە تەمەنى هاووڵاتیان لەنێوان ٤٠ بۆ ٥٠ ساڵە و هۆکارى ئەو تەمەن کورتیەش بۆ زۆربوونى نەخۆشى و کەمى دەرمان و چارەسەر دەگەڕێنێتەوە.
لەبارەى ژمارەى پزیشکانیشەوە؛ لە سەردەمى شۆڕشى ئەیلوولدا بەگشتى ژمارەى خوێندەواران لەناو نەتەوەى کورد زۆر نەبووە و ئەوانەى بڕوانامەى بەشە پزیشکییەکانیان هەبووە ژمارەیان ئێجگار کەم بووە و ئەوانەى لە سەرەتاوە پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کردووە دەگمەن بوون. بەپێى زانیارییەکان لە ناوچە ئازادکراوەکاندا، تەنیا چوار پزیشک هەبوون کاریان بۆ شۆڕش دەکرد. لە نێویاندا دکتۆر مەحمود عوسمان کە زۆر سەرقاڵی بەرپرسیارێتییە سیاسییەکانییەتى و کەمتر له بواری پزیشكی كار دەکات. سێ دکتۆرەکەى دیکەش دکتۆر حیکمەت حەکیم و دکتۆر ئەحمەد شاڵى و دکتۆر حەسەن بوون.
دکتۆر حیکمەت حەکیم کە کوردێکی مەسیحی بووە و لە ساڵی ١٩٦٤ تەمەنی ٣٨ ساڵە و لە زانکۆی دیمەشق دەرچووە، پێی باشترە وەک پزیشک کار بکات، نەک گرنگی به کاری کارگێڕی و سیاسی بدات. دکتۆر حیکمەت پزیشک و موقەدەم بوو لە سوپای عێراقدا لە ١٠ ی حوزەیرانی ١٩٦٣ وەک هەزاران کورد لەلایەن بەعسییەکانەوە دەستگیرکرا و خەریک بوو لە سێداره بدرێت. کۆمهڵێک پێشمهرگه؛ به هێرشکردنه سهر کاروانی ئۆتۆمبێلهكانی عێراق، ڕزگاریان کرد که بهندکراوهکانی دهگواستهوه. لەو ڕۆژەوە به گیان و ماڵ بەتەواوی خۆی تەرخان کردووە بۆ شۆڕش و ژن و منداڵەکانی لە هەولێر بەجێهێشتووە.
لەبەرئەوەى ژمارەى پزیشکان لە پەنجەى دەستێک تێنەدەپەڕین و لە هەموو کوردستان تەنیا یەک پسپۆرى نەشتەرگەریى گشتى هەبوو، بۆیە بە ناچارى شوێنى پزیشکان بە پەرستاران پڕ دەکرایەوە و پەرستارەکانیش لە ڕەگەزى نێر و ڕەگەزى مێ بوون کە تاوەکو پایزی ١٩٦٦ نزیکەی ٤٠ کەس بوون. لەو ڕێکەوتەوە، یهكهی خزمەتگوزاریی پزیشکی قوتابخانەیەکی پەرستاری کردەوە. ٣٠ قوتابی دوای کۆرسێکی چڕ و پڕی سێ مانگى کە زیاتر کردارى بوو نەک تیۆرى، دەرچوون و بڕوانامهیان وهرگرت. ئەم پەرستارانە بەهۆی بارودۆخەکەوە کلینیکی بچووک و دهرمانخانەیان بەڕێوە دەبرد.
ماوەیەکى زۆر شۆڕش لە ڕووى ژمارەى کارمەندانى تەندروستییەوە بەمشێوەیە بوو، بەڵام دواتر دەیان هاونیشتمانی، زانکۆ و سەنتەر و نەخۆشخانەکانی بەغدایان بەجێهێشت و پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کرد. هەروەها زیاتر لە سێ سەد قوتابی لە بەشی پزیشکییەکان خوێندنیان بەجێهێشتوو هاتنە ڕیزى شۆڕشەوە.
بەهۆى زیاتربوونى ژمارەى پەرستاران کە لەناو شۆڕش ئەوانیش هەر بە دکتۆر ناویان دەهات، هەر بەتالیۆنێکی لهشكری شۆڕشی کوردستان دەرمانخانەیەکی هەبوو و پەرستاران ئەوەندەى لە توانایاندابوو چارەسەرى پێشمەرگە و هاووڵاتى ناوچەى ژێردەستى بەتالیۆنەکانیان دەکرد. هەروەها دەرمانخانە لە ناوەندە گرنگهكانیش هەبوو. ساڵانە دوو بۆ سێ جار پەرستارەکان دەچوونە بارهگای دهستهی كارگێڕی بۆ وەرگرتنی بەشی خۆیان لە دەرمان و فریاگوزاری، هەرچەندە ئەوانەی لە ناوچە دوورە دەستەکان بوون، ڕاستەوخۆ ئەو باره پزیشكیانهیان بۆ دهنێردرا.
ئەوەى پەیوەندیى بە ئاستى خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە هەیە لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش، کەمیى ژمارەى پزیشک و نەخۆشخانە و دەسکەوتنى داوودەرمان بە ئاستەم و هەبوونى گەمارۆ لەسەر ناوچە ئازادکراوەکان، هاوکارن تا وێنەى ئەو ئاستەى خزمەتگوزاریمان لەبەرچاو بێ کە پێشکەشى ٢٠ هەزار پێشمەرگە و زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتیى کراوە.
سەرچاوەى هاتنى داوودەرمان و کەرەستەى پزیشکى لە چەند ڕێگەیەکەوە بووە. بەهۆى باشى پەیوەندیى نێوان شۆڕش و حکومەتى ئێران، حکومەتى ئێران لە ڕووى تەندروستییەوە هاوکاریى شۆڕشى دەکرد و کەمێک داوودەرمانى بۆ دابین دەکرد و بەشێکیش لەو بریندارانەى برینەکانیان سەخت بووە، نێردراونەتە ئێران و لەوێ چارەسەرکراون.
هەروەها شۆڕش ئەو بڕە پارە کەمەى لەبەردەستى بوو، بەشێکى بۆ کڕینى داو و دەرمانى زۆر پێویست تەرخاندەکرد و بەقاچاغ یان لە عێراق یان لە وڵاتانى دراوسێ دەهێنرا و پێشمەرگە و هاووڵاتیانى پێ چارەسەردەکرا.
سەرچاوەى سێیەمى داوودەرمانى ناوچە ئازادکراوەکان، خاچى سوورى نێودەوڵەتى بوو. لە سەرەتاى شۆڕشدا خاچى سوور بە بیانووى ئەوەى ناوچە ئازادکراوەکان بەشێکن لە وڵاتى عێراق و دەبێ هەرچى هاوکارییە لەڕێى بەغداوە بگەیەنرێتە ئەو ناوچانە، چونکە حکومەتى عێراقى قبوڵى نەدەکرد، هیچ هاوکارییەکى خاکى سوور نەدەگەیشتە ئەو ناوچانە. دواى هەوڵێکى زۆر لەلایەن سەرکردایەتى شۆڕش، بەتایبەتى لقى ئەوروپاى پارتى دیموکراتى کوردستان و ئاشنابوونى خاچى سوور بەو نەهامەتییانەى زیاتر لە ملیۆنێک هاووڵاتى بەدەستییەوە دەناڵێنن، ناوەناوە خاچى سوورى نێودەوڵەتى ئامێرى پزیشکى و داوودەرمانى دەناردە ناوچە ئازادکراوەکان و دواتر لەلایەن دامەزراوەى تەندروستیى شۆڕش بەپێى پێویست بۆ نەخۆشخانەکان دەنێردرا.
ناردنى داودەرمان لەلایەن ئەندامانى ڕێکخستنەکانى ناوشار، ئەوانەى لە کەرتى تەندروستیى عێراق کاریان دەکرد و هێشتا نەهاتبوونە ناو شۆڕش، سەرچاوەى چوارەمى پێداویستییە پزیشکییەکان بوو کە دەگەیشتنە ژێر دەسەڵاتى شۆڕش.
دەبێ ئاماژە بەوە بدەین وێڕاى ئەوەى دامەزراوەى تەندروستى لەناوچە ئازادکراوەکان لە سەرچاوەى جیاوازەوە داوودەرمانى پێدەگەیشت، بەڵام بەهۆى کەمى بڕى دەرمانى گەیشتوو و زۆرى ژمارەى پێشمەرگە و هاووڵاتی، بارودۆخى تەندروستیى لەناوچەکانى ژێردەسەڵاتى شۆڕش وەکو پێویست نەبوو.
لە ناوچە ئازادکراوەکانی شۆڕشدا سێ نەخۆشخانە هەن: یەکەمیان دەکەوێتە ناوچەی سەربازی هێزی کاوە كه له لایهن دکتۆر حیکمەت حەکیم بهڕێوهدهبرێت. دووەمیان لە ماوەت لە ناوچهی سهربازیی هێزی خهبات كه له لایهن دکتۆر ئەحمەد شاڵی بهڕێوهدهبرێت. سێییەمیان لە ناوپردان ناوچهی سهربازیی هێزی باڵەکە، له لایهن دکتۆر حەسەن بهڕێوهدهبرێت کە عەرەبە و خەڵکی شاری بەغدایە. ئەم دامەزراوانە بەهۆی بچووکیی قەبارە و نەبوونی ئامێری مۆدێرن، بەڕاستی ناتوانرێت بە نەخۆشخانە ناوببرێن. هەروەها ناتوانن نەشتەرگەری بۆ ئەو کەسانە بکەن کە بە سەختی بریندار بوون.
ئیمانۆئێل براکێت بەمشێوەیە وەسفى نەخۆشخانەى ناوپردان دەکا: نەخۆشخانەکەی خانوویەکی قوڕە کە بەشێکی داری گوێز سێبەری لهسهر کردووە و بە کێڵگەی تووتن دەورە دراوە. دکتۆر حەسەن خۆی بۆی باسكردم كه کێشانی هێمای خاچی سوور یان مانگی سوور لەسەر سەقفەکە مەترسیدارە، چونکە ئێمە دەکاتە ئامانجی فڕۆکەکانی بەغدا. لە نەخۆشخانەى ناوپردان لە پشت نەخۆشخانەکە، شوێنێک تایبەت کرابوو بۆ پێشوازی کردن لەو نەخۆشانەی نەخۆشیی سووکیان هەبوو و لەوێ چارەسەریان وەردەگرت. لە بن هەیوانێک کە سەربانەکەی خۆڵە و بە تۆڕێکی ورد دەورە دراوە، شوێنێکی تایبەت بۆ چاوەڕوانی نەخۆشەکان ئامادەکراوە. نەخۆشەکان بۆ بینینی پزیشک بە ڕیز دەوەستان. ژنان بە منداڵە ساوا و لاوزەکانیانەوە لەناو حەشامات و بێسەروبەری گەورەکان بێزار ببوون. هەندێکیان لەسەر زەوی دانیشتوون جەستەیان لە سەر تا پێیەکانیان بە چارۆکێکی گەورەی ڕەش داپۆشی بوو، بەڵام دەموچاویان دیار بوو.
سەرچاوەکان:
- مەسعود بارزانى، بارزانى و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى گەلى کورد.
- ئێمانوێل براکێت، لەناو بڵێسەى ئاگرى کورداندا، عەلى ساڵح پیرانى، لەبڵاوکراوەکانى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان-٢٠٢٥.
- عیسمەت شەریف وانلى، کۆمەڵەى خوێندکارانى کورد لە ئەوروپا، لەبڵاوکراوەکانى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان-٢٠٢٥.