چیای گۆڕەز له ڕۆژئاوای شاری سۆران و باكووری شاری ڕواندز هه‌ڵكه‌وتووه، گه‌ڵی عه‌لی به‌گ له چیای كۆڕه‌كی جیا ده‌كاته‌وه كه ڕێگای هامڵتۆن به ناویدا تێده‌په‌ڕێ، له ڕۆژگاری شۆڕشی ئەیلوولدا گرنگی تایبه‌تی هه‌بوو بۆ هه‌رهێزێك كه ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ردا ڕاگه‌یشتبێ، ساڵی ١٩٧٤ كه حكومه‌تی عێراق شه‌ڕی ده‌ست پێكرده‌وه نیازی بوو كه‌وا له ڕێگای گۆڕەزه‌وه هێرش بكات و ده‌ست به‌سه‌ر ده‌شتی دیانادا بگرێت، له‌وێشه‌وه هێرشی چیای زۆزك و حه‌سه‌ن به‌گ و سه‌رتیز و گه‌رووی بێشه بكات.
وه‌كو ئاماژه‌ی پێكراوه هێزه‌كانیان له سه‌ره‌تای ساڵ كشابوونه‌وه بۆ گۆڕەز و كۆڕه‌ك و خه‌لیفان، هه‌ربۆیه سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بڕیاریدا كه‌وا ده‌ست به‌سه‌ر زنجیره چیای گۆڕەزدا بگرێت و هێزه‌كانی سوپای عێراق له‌و شوێنه‌دا ده‌ربكات و نه‌هێڵیت له‌و خاڵه‌دا پێشڕه‌وی بكات. له ١٨ی نیسانی١٩٧٤ هێزی پێشمه‌رگه له دیانا خۆیان ئاماده كرد، شه‌و به ئۆتۆمبێل گوازرانه‌وه بۆ گوندی باڵه‌كیان له به‌شی باكووری بناری چیای گۆڕەز، هه‌ر ئه‌م شه‌وه سه‌ركرده‌كانی پێشمه‌رگه كۆبوونه‌وه بۆ دانانی پلانی هێرشه‌كه، دیاره پێشتر باره‌گای ليوایه‌كی سه‌ربازی سوپای عێراق له‌و گونده‌دا بوونی هه‌بووه، به‌ڵام له‌و ڕۆژگاره‌دا گوازرابووه بو ناوچه‌ی سپیلك له ڕۆژئاوای شارۆچكه‌ی خه‌لیفان.
به‌پێی پلانی هێرشه‌كه ڕۆژی دوایی ڕه‌بایه‌كانی سه‌ر چیای گۆڕەز له لایه‌ن تۆپخانه‌ی شۆڕشه‌وه به فه‌رمانده‌یی حالی تۆپچی بۆردومان كران، دوای تۆپبارانه‌كه پێشمه‌رگه خۆیان له خاڵه سه‌ربازیه‌كانی سوپای عێراق نزیك كرده‌وه، به‌ڵام به‌هۆی مینڕێژكرانی چوارده‌وری ڕه‌بایه‌كان سه‌ره‌تا نه‌یانتوانی هێرش ئه‌نجام بده‌ن، به‌ڵكو بیریان له كردنه‌وه‌ی ڕێڕه‌وێك كرده‌وه به ناوچه مینڕێژكراوه‌كه‌دا بۆ ئه‌وه‌ی له‌م ڕێڕه‌وه‌دا خۆیان بگه‌یه‌ننه شوێنی مه‌به‌ست، بۆ ئه‌مه‌ش له ڕێگه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌كی شاره‌زا له هه‌ڵگرتنه‌وه و پوچه‌ڵكردنه‌وی مین و ته‌قه‌مه‌نی كه له‌م بواره‌دا مه‌شق و ڕاهێنانی بینیبوو له لایه‌ن شۆڕشه‌وه و به هاوكاری پێشمه‌رگه‌یه‌كی تر توانیان به‌سه‌ر ئه‌م به‌ربه‌سته‌شدا زاڵ بن و ڕێڕه‌وه‌كه بكه‌نه‌وه، ئینجا هێزی پیشمه‌رگه به فه‌رمانده‌یی حەجی بێرۆخی فه‌رمانده‌ی به‌تالیۆن هێرشیان بۆ سه‌ر ڕه‌بایه‌كانی سوپای عێراق ده‌ست پێكرد، له دوای شه‌ڕێكی گه‌رمدا توانیان ده‌ست به‌سه‌ر هه‌موو ڕه‌بایه‌كاندا بگرن ته‌نها یه‌ك ڕه‌بایه نه‌بێت، له‌م هێرشه‌ی پێشمه‌رگه‌دا سێ شه‌هید و ١٣برینداری هه‌بوو.
دوای نزیك له مانگێك سه‌ركردایه‌تی شۆڕش بڕیاریدا كه‌وا پێویسته ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و ڕه‌بایه‌شدا بگیرێ، سه‌ره‌تا تۆپخانه‌ی شۆڕش تۆپبارانێكی خه‌ستی ڕه‌بایه‌كه‌ی ده‌ست پێكرد، له هه‌مان شه‌ویشدا پێشمه‌رگه به پلان و تاكتیكێكی گونجاوی شه‌ڕه‌وه به فه‌رمانده‌یی حه‌جی بێرۆخی و جادر گوێزی و عه‌زیزخان مهاجیر هێرشی بۆ سه‌ر ڕه‌بایه‌كه ئه‌نجامدا و به ماوه‌یه‌كی كه‌م چوونه ناوی و ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرت، زۆرێك له‌و سه‌ربازانه‌ی كه له ڕه‌بایه‌كه‌دا بوون كوژران و ئه‌وانه‌ی دیكه‌ش ڕایان كرد، له‌م هێرشه‌دا پێشمه‌رگه هیچ زیانی پێنه‌گه‌یشت، به‌ڵام سوپای عێراق زیانێكی زۆری پێكه‌وت كه نزیكه‌ی لاشه‌ی ٤٠ سه‌ربازی كوژراوی له مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه‌دا به‌جێما.
دوای نۆزده ڕۆژ له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ڕه‌بایه‌كانی چیای گۆڕەز له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌وه، حكومه‌تی عێراق هێرشێكی بۆ گرتنه‌وه‌ی ئه‌و ڕه‌بایانه به هێزی به‌كرێ گیراوان (جاش) ئه‌نجام دا، دوای شه‌ڕێكی گه‌رم پێشمه‌رگه له هه‌ندێ ڕه‌بایه‌دا پاشه‌كشه‌یان كرد، به‌ڵام به‌هۆی به‌هاناوه چوونی هێزی پشتیوانی دۆخی شه‌ڕه‌كه گۆڕدرا و به قازانجی پێشمه‌رگه ته‌واو بوو هێرشی جاشه‌كان تێكشكێندرا و ژماره‌یه‌ك لاشه‌یان له مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه به‌جێ هێشت.
هێزی پێشمه‌رگه بۆ پته‌وكردن و قایم كردنی سه‌نگه‌ره‌كان و سه‌لامه‌تی گیانی پێشمه‌رگه‌كان له ته‌واوی ئه‌و زنجیره چیایه هه‌ستان به لێدانی خه‌نده‌ق و چاڵی باش كه سه‌ریان به‌دار و جه‌مه‌لۆن و چڵ‌و به‌رد داپۆشی، ئه‌و تاكتیكه‌ی هێزی پێشمه‌رگه كاریگه‌ری زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر پارێزراوییان.
پاش ماوه‌یه‌ك سوپای عێراق له شه‌وێكدا به هێزێكی زۆره‌وه هێرشێكی گه‌وره‌ی هێنایه‌وه سه‌ر گۆڕەز به‌و ئامانجه‌ی ده‌ست به‌سه‌ر چیایه‌كه‌دا بگرێته‌وه و له‌وێوه پێشڕه‌ویه‌كانی درێژه پێبدات، هه‌ڵمه‌تی سوپای عێراق بۆ سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه زۆر به چڕوپڕی ده‌ستیان پێكرد، پێشمه‌رگه‌ش له به‌رگریكردن به‌رده‌وام بوو، به‌ڵام تۆپخانه‌ی شۆڕش ڕۆڵێكی كاریگه‌ری بینی له پشتیوانی پێشمه‌رگه و ماندووكردنی سوپای عێراق كه تا به‌ره‌به‌یان شه‌ڕه‌كه به‌رده‌وامی هه‌بوو. له ئه‌نجامدا هێرشی سوپای عێراق ئه‌مجاره‌ش تێكشكێندرا و سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، كه نزیكه‌ی ١٠٠ تا١٢٠ كوژراویان له مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه به جێ‌مان، ئه‌مه‌ش پشتڕاستی ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه سوپای عێراق چه‌ندین جار هه‌وڵیدا له چیای گۆڕەزه‌وه پێشڕه‌وی بكات و بگاته ده‌شتی دیانا.
له ٨ی ئه‌یلوولی١٩٧٤ جارێكی دی سوپای عێراق هێرشێكی به‌ربڵاوی له دوو قۆڵه‌وه ده‌ستپیكرد بۆ سه‌ر چیای گۆڕەز و كۆڕه‌ك، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو تێكشكێندرا و گه‌ڕاوه دواوه و زیانی زۆری پێكه‌وت كه پتر له ٤٠٠ كوژراوی لێكه‌وت لاشه‌یان له مه‌یدانی شه‌ڕه‌كه‌دا به‌جێهێشت. ئیتر هێزی پێشمه‌رگه له چیای گۆره‌ز مایه‌وه تا دوای ئه‌و هێرشه‌ی كه سوپای عێراق له سه‌ری چیای كۆڕه‌ك به پلانێكی سه‌ربازی سه‌ركه‌وتوو به پاڵپشتی تانك له ١٩ی ئه‌یلوول ئه‌نجامیدا و توانی ده‌ست به‌سه‌ر بناری كۆڕه‌ك و ڕواندزدا بگرێت، پێشمه‌رگه‌ش چیای گۆڕەزی به‌جێ هێشت و كشایه‌وه بۆ پشتی دیانا بۆ دانانی هێڵێكی دیكه‌ی به‌رگری.
سه‌رچاوه‌كان:
١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد، به‌رگی سێیه‌م، به‌شی دووه‌م، چاپی یه‌كه‌م، هه‌ولێر ٢٠٠٤.
٢- غازی عادل گه‌ردی، پێشمه‌رگه‌یه‌ك له خزمه‌ت بارزانیدا ... حه‌جی بێڕۆخی، به‌رگی یه‌كه‌م، چاپی دووه‌م، ٢٠٢٠.
٣- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕوداوه سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ٢٠٢٢.
٤- دیمانه: قادر حه‌سه‌ن سیتكانی پێشمه‌رگه‌ی شۆرشی ئه‌یلوول ٣١/١٢/٢٠٢٢.
٥- ئه‌رشیفی دەستەی ئینسكلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.