داستانی چیای كێوەڕەش ١٩٧٤

ئەم داستانە لە ٢٠ى ئابى ١٩٧٤ لە چیاى كێوەڕەش ڕوویدا، کاتێک کە سوپاى عێراق دەستى بەسەر شارى ڕانیەدا گرت نەخشە داگیرکردنى کێوە بەرزەکانیشى خستە پلانى هێرش و داگیرکارییەکانى، کە شوێنى هێڵى بەرگرى پێشمەرگە بوون، لەم هێرشەدا سوپاى عێراق توانى دەست بەسەر زۆربەى کێوەکەدا بگرێت و ڕەبایە و مۆڵگەى سەربازى لێ دابمەزرێنێ.


ساڵى ١٩٧٤ کە حکومەتى عێراق ڕێککەوتنى ١١ى ئادارى بەلاوەنا و جارێکى تر بڕیارى شەڕى کوردى دایەوە، تەواوى هێزە زەبروەشێنەکانى کۆکردنەوە و هێرشێکى بەربڵاوى بۆ سەر هەموو ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕشی ئەیلوول دەستپێکرد، لە بەرامبەردا هێزى پێشمەرگە ئامادەسازی تەواوى کرد و هێزى زیاترى خزاندە سەنگەرەکان بۆ پتەوکردنى هێڵى بەرگرى و ڕووبەڕووبوونەوە. چیا بەرزەکان شوێنى خۆڕاگرى و بەرگرى پێشمەرگە بوون سوپاش بڕیاریدا کەوا دەست بەسەر بەرزاییەکاندا بگرێ وەک چیاکانى كێوەڕەش و ماکۆک و کارۆخ. لە لایەکى دیکەشەوە ڕژێمى عێراق بڕیاریدا کەوا لە کۆتاییەکانى مانگى ئاب و سەرەتاى مانگى ئەیلوول هێرشەکانى بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕش چڕ بکاتەوە و بەر لە هاتنى وەرزى سەرما و سۆڵەى زستان دەست بەسەر شوێنە ستراتیژییەکاندا بگرێ.

فەرماندەى فیرقەى ١ى سوپاى عێراق بۆ ئەم هێرشە و دەست بەسەرداگرتنى چیاى کێوەڕش ئەرکى ئۆپەراسیۆنەکەى بە هێزى ١٤ سپارد بە فەرماندەی عەقید عەبدولجەبار ئەلسافى کە لە ژمارەیەک فەوج پێکهاتبوو، پلانى هێرشەکەشیان بەم شێوەیە داڕشت: 

  • فەوجى ٣ لە ڕانیەوە تا کۆتایی چیاى كێوەڕەش لە لاى ڕاستەوە.

  • فەوجى ١ لە ڕانیەوە تاکو پەلکانە لە دەستى چەپەوە.

  • فەوجى ٢ لە دواى هەردوو فەوجەکەى دیکە بێت لە پەلکانە.  

لە ٢٠ى ئابى ١٩٧٤ سوپا دەستى بە جووڵە کرد و بەرەو سەر چیاى كێوەڕەش پێشکەوت کە دەڕوانێتە سەر شارى ڕانیە، فەوجى ٣ توانى ئەرکى خۆى جێبەجێ بکات کە بەرەى لاى ڕاست بوو دەستى بەسەردا گرت، هۆکارى پێشڕەویەکەى بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە دواى ئەوەى کە شارى ڕانیە کەوتە دەستى سوپاى عێراق هێزى پێشمەرگە بە گرنگى نەزانى لە ڕووى سەربازییەوە بەرگرى لەم شوێنە بکات بۆیە بە ئاسانى سوپا دەستى بەسەرداگرت، بەڵام فەوجى ١ چەندین جار هێرشى کردە سەر ئەو شوێنەى کە بۆى دەستنیشان کرابوو سەرکەوتوو نەبوو، لەبەر بەرگرى بەهێزى پێشمەرگە بەو پێیەى شوێنێکى ستراتیژى بوو، سوپاى عێراق هەرچەندى هەوڵیدا تەواوى کێوەکە بگرێت بەڵام شکستى هێنا ئەگەرچى زۆربەى کێوەکەشى کەوتبووە دەست. 

دواى هەوڵ و تەقەلایەکى زۆر سوپاى عێراق توانى دەست بەسەر بەرزاییەکدا بگرێت کە بەلاى پێشمەرگەوە شوێنێکى گرنگ بوو لە کێوەکە بۆیە بەردەوام هەوڵی دەدا کە بیگرێتەوە، بەڵام سوپاى عێراق لەسەر كێوەڕەش زیاتر لە ٢٠ ڕەبایەى دانا بۆ ئەوەى بیپارێزێ و نەکەوێتەوە دەستى پێشمەرگە، لە لایەکى دیکەش دەوروبەرى ڕەبایەکانی تەلبەند و مینڕێژکردن تاکو گیانى سەربازەکانى لە مەترسى هەڵمەتى پێشمەرگە پارێزراو بێ، بەڵام پێشمەرگە بەمەشەوە نەوەستا لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٧٤ هەڵمەتێکى کردە سەر ڕەبایەکان بە فەرماندەى ملازم شوان، لەلایەن بەتالیۆنى زۆزک و بەتالیۆنێکى هێزى دەشتى هەولێر و بەتالیۆنێکى تر بە فەرماندەى سلێمان سندى، لەو ڕۆژەى کە ویستیان هێرشەکە دەست پێ بکەن سەرەتا دەستیان کرد بە کردنەوەى ڕێڕەوێک لە شوێنە مینڕێژکراوەکانى دەوروبەرى ڕەبایەکان، بەڵام لە کاتى کە سەرقاڵى کردنەوەى ڕێڕەوەکەدا پێشمەرگەیەک بەر مین کەوت، بەمەش سەربازانى سوپاى عێراق وشیار بوونەوە، هێزى پێشمەرگەیان دایە بەر ڕێژنەى گوللەى هەموو جۆرە چەکێک، لە ئەنجامدا دوو پێشمەرگە شەهید بوون و ١١ى دیکەش بریندار بوون بۆیە هێرشەکە سەرکەوتوو نەبوو.

حکومەتى عێراق بەرەى شەڕى بەجۆرێک فراوان کردبوو لەو ماوەیەدا ئەم هێرشانەى هاوکات بوون لەگەڵ هێرشەکانى سەر دۆڵى ڕواندز و چیاى کۆڕەک و گۆڕەز و دەشتى دیانا، دیارە ئەمەش پلانێکى داڕێژراوى ڕژیمى بەعس بوو بۆ ئەوەى هێزى پێشمەرگە بەسەر بەرەکانى شەڕدا دابەش ببێت و بوارى ئەوەیان نەبێ بەهاناى بەرەکانى دیکەى شەڕەوە بچن.    

لە دواى ئەوەى کە وەرزى سەرما و سۆڵەى زستان نزیک بووە سوپاى عێراق کەوتە دۆخى بەرگرى و قایمکردنى خاڵە سەربازییەکانى، کۆمەڵێک چەکى قوڕس و پۆشاکى زستانەى پێگەیشت بۆ بەهێزکردنى بەرگرى، تەواوى تواناى سەربازى خستە گەڕ بۆ ئەوەى هەموو ئەو ناوچانەى داگیرى کردوون لە دەستیان نەدات، ڕەبایە و سەربازگەکانى قایمکارى بۆ کردن بە تەلبەند و مینڕێژکردنى دەوروبەریان، بە تایبەتى یەکێک لە بەرزترین لوتکەکانى کێوەکە کە سوپاى عێراق وەکو (مرصد) بەکارى دەهێنا، شایانى باسە سوپاى عێراق تا نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول نەیتوانى چیتر پێشڕەوى بکات، بەڵکو زۆر جار لە لایەن هێزى پێشمەرگەوە هێرشی دەکرایە سەر و زۆر جاریش تۆپباران دەکران.                   


سەرچاوەکان:

١- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ٢٠٢٢.

٢- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.

٣- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر،  ٢٠٠٤.

٤- ملازم خدر عەبدوڵڵە دەباغ، بیرەوەریەکانم و تۆپخانەى شۆرش ئەیلوولى مەزن چاپخانەى ڕۆشنبیری، چاپى سێیەم، هەولێر – ٢٠٢٠. 

٥- ئیبراهیم جلال، باشووری كوردستان و شۆڕشی ئه‌یلوول، بنیادنان و هه‌ڵته‌كاندن، ١٩٦١-١٩٧٥.چاپی چواره‌م، ٢٠٢١.

 


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر