داستانی چیای سەفین نیسانی ١٩٧٤

لە حوزەیرانى ١٩٧٤ حکومەتى عێراق هێرشى کردە سەر چیاى سەفین، هەرچەندە پێشمەرگە لە بەرگریدا بوون، بەڵام بەردەوامى هێرشەکانى حکومەت و پڕچەکى سوپا و ماندوو بوونى هێزى پێشمەرگە، وایکرد کە نەتوانن درێژە بە خۆڕاگرى بدەن لەو چیایەدا، بۆیە فەرماندەکانى پێشمەرگەى ئەو میحوەرەى شەڕ بڕیارى کشانەوەیان بۆ کونەفلوسەى پشت چیاى هەورێ دا، لەوێ هێڵێکى بەرگریان دانا تا نسکۆى شۆڕش لە بەهارى ١٩٧٥.


 دواى چوار ساڵى ئاگربەست لە ژێر سێبەرى ڕێکەوتننامەى ١١ى ئادارى ١٩٧٠ لە نێوان سەرکردایەتى شۆڕشی ئەیلوول و حکومەتى بەعس، بەڵام لە نیسانى ١٩٧٤ گفتوگۆ و دانوستانەکان گەیشتنە بن بەست، بەعس لە بەڵێنەکانى پاشگەز بووەوە و جارێکى دیکە هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر کوردستان دەست پێکردەوە، چونکە لە نیسانى ١٩٧٢ لەگەڵ یەکێتى سۆڤیەت پەیماننامە دۆستایەتى و هاوکارى مۆر کرد، لەم نێوانەدا هێزەکانى بە پێشکەوتووترین چەکى سەردەم کە لە یەکێتى سۆڤیەتى دەستکەوت پڕ چەککردن، وەک (فڕۆکەى TU22  و سیخۆى مێک، هەروەها ٢٥ تۆپى ١٢٠ ملم و ١٥٢ ملم و موشەکى سام و تانکى T62) جگە لەوەش خۆماڵى کردنى نەوت لە ساڵى ١٩٧٢ هاوتەریب لەگەڵ بوارى سەربازى بوارى ئابووریشى بوژایەوە ئیتر هەواى لەناو بردنى شۆڕشى کوردى لە ناخیدا جووڵایەوە.     

کاتێک کە سوپاى عێراق هێرشى کردە سەر کوردستان، هێزى سەفین فەرمانى پێکرا لە چیاى سەفین بەرگرى بکەن، بۆ ئەوەى ڕێگە نەدەن لەو میحوەرەوە سوپا پێشڕەوى بکات، هەرچەندە هەندێک ڕەبایەى سوپا بەر لە دەستپێکردنى شەڕ لە چیاکە بوونیان هەبوو، بەڵام فەرماندەى هێزى دەشتى هەولێر بۆ بەهێزکردنى هێڵى بەرگرى چیاى سەفین فەرمانی بە بەتالیۆنێکی هێزەکەى کرد بە فەرماندەى سەید کاکە و دوو لقى بەتالیۆنەکەى کە بەرپرسەکەیان مام حەمەدەمین و عەریف ئەبو زێد بوون، ئەم هێزەى پێشمەرگە چوونە سەر چیا بە تۆپێکى ١٠٧ملم و دۆشکەیێکەوە، سێ جار هێرشیان کردە سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سوپا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون بەهۆى بۆردومانى فڕۆکە و تۆپبارانى سوپا و بەفر و سەرماوە کە هێشتا لە هەندێ شوێنى چیاکە هەر مابوو.

دواى ماوەیەک لە ناردنى ئەو بەتالیۆنەى پێشمەرگە، فارس باوە فەرماندەى ھێزى دەشتى هەولێر بۆى ڕوون بووە کە لە شوێنى نیمچە دەشتایدا تواناى ڕووبەڕووبوونەوەى تانک و زرێپۆشەکانى سوپاى عێراقی نیە، بڕیاریدا کە تەواوى هێزەکەى بگوازێتەوە چیاى سەفین، بەو پێیەى کە زانیارى هەبوو حکومەت  نیازى گرتنى چیاکەى هەیە. 

لە حوزەیرانى ١٩٧٤ سوپاى عێراق هێرشێکى چڕ و پڕی بۆ سەر چیای سەفین دەستپێکرد، لقێکى هێزى پێشمەرگە بە فەرماندەی فارس باوە نێردرایە سەر شاخى ئاوەگرد، ئەرکى بەتالیۆنى سەید کاکەش پارێزگارى هێڵى بەرگرى کانى سمایلى پشت ناحیەى هیران بوو، دواى چەند ڕۆژێکى هێرش و پەلامارى سوپا و بەرگرى پێشمەرگە هێزى سەفین شکا و چیایەکە دەستى بەسەردا گیرا، لەگەڵ شکانى ئەو قۆڵەى هێڵى بەرگرى هێرشى حکومەت لەسەر شاخى ئاوەگرد توندتر بوو، لقی نایف باوە ١٤ شەهید و ٢٠ بریندارایاندا لەگەل ئەوەشدا لە بەرگرییەکى بەهێزدا بوون. دواى گیرانى چیاى سەفین هێزى پێشمەرگە کشایەوە گوندى کونە فلوسەى پشت چیاى هەورێ. لە ئاماژەیەکى دیکەدا هاتووە کە پێشمەرگە لە گوندەکانى سوسێ و سماقولى گرتک و سماقولى گەلى چیاى بەنەباوى بنارى سەفین کشایەوە زیاتر لە مانگێک بوو لەشەڕدا بوو، هەر لە چیاى دیدەوانەوە تا دەگاتە چیاى سەفین کە دوورى نێوانیان زیاتر لە ٥٠کم دەبێت قۆناغ بە قۆناغ شەڕى خوێناوى لێ دەکرا و زیانى گیانى لە کوژراو و بریندار زۆر بوو، پێشمەرگە زۆر ماندوو بوو تواناى بەرگرى لاواز بوو. ڕۆژانە هێزى ئاسمانى حکومەت بە خەستى بۆردومانى سەنگەرەکانى پێشمەرگەى دەکرد، بۆیە بڕیارى کشانەوە درا.

دواى ئەوەى کە هێزى پێشمەرگە کشایەوە بۆ چیاى هەورێ سوپاى عێراق لە هێرش و پێشڕەویدا هەر بەردەوام بوو بۆ داگیرکردنى ناوچەکە، جارێکى دیکە لە نزیک چیاى ناوبراو شەڕ دەستى پێکردەوە، لە سەرەتادا بەشێک لە هێزەکان کە ورەیان تەواو داتەپى بوو لەبەر پاشەکشەى جارى یەکەم، جارێکى تر سەنگەرەکانیان چۆل کردن، بەڵام هێزێکى پێشمەرگە بە فەرماندەیى سەید کاکە بواریان بە پێشڕەویەکانى سوپاى عێراق بڕی و زیانێکى زۆریان پێ گەیاندن، ئیتر چیاى هەورێ لەبەر دەستى پێشمەرگە مایەوە تا نسکۆى شۆڕش ساڵى ١٩٧٥.


سەرچاوەکان:

١- عومەر عوسمان، ژیانى کوردێک، بەرگى یەکەم و دووەم، چاپخانەى موکریان، چاپى دووەم، هەولێر- ٢٠٠٨.

٢- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر،  ٢٠٠٤.

٣- سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چلپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، چاپى یەکەم، هەولێر- ١٩٩٧.

٤- سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول ١٩٧٠-١٩٧٥، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، ٢٠٢٢.

٥- خوڕشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانى ساڵانى پێشمەرگایەتى، چاپخانەى حاجى هاشم، چاپى سێیەم، هەولێر – ٢٠١٥.

٦- کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر - ٢٠١٩.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر