داستانى گەرووى بانێ و چامە و شێروان مەزن ١٩٦٣

ئەو داستانە لە ٢٤ى ئابى ١٩٦٣ لە دەڤەرى بارزان نزیک ناحیەى شێروان مەزنى سەربە قەزاى مێرگەسۆر ڕوویدا، کاتێک کە سوپاى عێراق بە هەماهەنگى لەگەڵ چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) مەبەستى داگیرکردنى ئەو دەڤەرەیدا بۆ ئەوەى سەرانى شۆڕشى کورد لەناو بەرێ و کۆتایی بە شۆڕشى ئەیلوول بهێنێ، هێزى پێشمەرگەش بەرەنگاریان بوونەوە و زیانى گیانى زۆریان پێگەیاندن، سەرەنجام لە ڕێگاى وتووێژ و ڕێککەوتنەوە کۆتایی بە شەڕەکە هات.


  لە شوباتى ساڵى ١٩٦٣ کە بەعسیەکان چوونە سەر تەختى حوکمڕانى عێراق، تاوەکو پێگەى خۆیان قایم کرد سوکە وتووێژێکى چەند مانگیان لەگەڵ سەرانى شۆڕشى کورد ئەنجامدا، بەڵام هێندەى نەخایاند وەکو ڕژێمى عەبدولکەریم قاسم کێچ کەوتە کەوڵیان و هەواى پاکتاوى کورد و ڕاوەدوونانى شۆڕشیان لە مێشکدا گەڵالە بوو، جارێکى دیکە کەوتنە پەلامار و هێرشکارى بۆ سەر ناوچەکانى شۆڕش لە سۆران و بادینان و گەرمیان هتد...، واتا لە هەموو ناوچەکانى شۆڕش بە فراوانى و بە پلانێکى یەکلایی کەرەوە بەو نیازەى کە ئەوەى ڕژێمى پێش خۆیان نەیتوانى ئەنجامى بدات ئەوان جێبەجێی دەکەن.

هێرشى ئەو جارەى سوپاى عێراق بۆ سەر دەڤەرى بارزان لە ڕێگاى دوو فیرقەوە لە ناوچەى مێرگەسۆر و بلێ و ڕێزانەوە بە هەماهەنگى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)ى سۆفى و سورچى و هەرکى و لەگەڵ چەکدارانى ئەسعەد شێتنەیی، بە پاڵپشتى بۆردوومانى چڕوپڕى فڕۆکە و تۆپبارانى وێرانکەرەوە دەستى پێکرد، دواى ئەوەى هێزى پێشمەرگە لە ژێر زەبر و زەنگى تۆپباران و بۆمبارانەوە لە سەنگەرەکانى ناوچەى سپیلک کشانەوە بە چیاى باڵەکیان و برادۆستەوە بۆ ناوچەى مێرگەسۆر، لەم ئان و ساتەدا سوپاى عێراق توانى دەست بەسەر سپیلک و گەڵى عەلى بەگ و چیاى کۆڕەکدا بگرێت، بەمە بەربەستێکى گەورەى لەبەردەم هەڵگیرا کە پێشمەرگە وەک هێڵێکى بەرگرى داینابوو بۆ وەستاندنى پێشڕەوییەکانى هێزى هێرشبەر بۆ سەر دەڤەرى بارزان.

هێزى پێشمەرگە کە گەیشتنە دەوروبەرى مێرگەسۆر بە فەرمانى بارزانى ڕێبەرى شۆڕش هەستان بە دانانى هێڵێکى بەرگرى لە گەڵى زراران و گەرووی بانێ تاکو گەرووى سارکێ و بنارى چیاى پیران، بە فەرماندەى لوقمان بارزانى کە بەرپرسى گشتى ئەو میحورەى شەڕ بوو، ئەویش هەستا بە ڕێکخستنى قۆڵەکانى هێڵى بەرگرى بەم شێوەیە: حاجى بێرۆخى و مستەفا نێروەیی لە گەرووى بانێ لەبەر سینگى سوپا و جاشەکان سەنگەریان گرت، میرە شێرۆکى و سەلیم چێی و عەریف یاسین لە بنارى چیاى پیران دامەزران، کەکۆ مێرگەسۆرى و حەسۆ میرخان ژاژۆکى لە کێلى بنى بیا بوون، چاوشین بەیدى و حەمەد ئاغاى مێرگەسۆرى و مستەفا ڕەشۆ عەلی ئاغاى کەکلەیی لە کۆڵانى هەنجیرۆک پشت گوندى ژاژۆک لە سەنگەردا جێگیر بوون، مەلا ئەمین هۆستانى لە کۆلانا دەرى و، ئەحمەد مستەفا لە گەرووى پیرەمباس لەسەر جادەى گشتى بوو، هەروەها حەسەن خاڵ هەمزەش لە چیاى ئەڵبت پشتى ئەشکەوتى دورى لە پشتى گوندى کوران سەنگەرى قایم کرد، ئەم فەرماندانەى کە ناویان هات لەگەڵ تەواوى هێزەکەیان لەبەر سینگى سوپا و هێزى جاشەکان ناوچەکەیان سەنگەربەند کرد. 

سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) لە گۆڕەتووى نزیک مێرگەسۆر کۆبوونەوە و وەک بنکەى چالاکى و دەرچوون ڕۆژانە لەوێوە بە پاڵپشتى فڕۆکە و تانک و زرێپۆش و چەکى قوڕس و سوکى پێشکەوتوو هێرشیان دەبردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە، هێزى پێشمەرگەش بە چەکى سوکى بڕنۆ و ئینگلیزى و ڕەشاش بریم بەرەنگاریان دەبوونەوە و بە کۆڵێک کوژراو و بەجێ هێشتنى ژمارەیەک لاشەوە شکستییان پێ دەهێنان، سوپاى عێراق چەندى هەوڵى دا لە گوندى کۆرکێی نزیک گۆڕەتو بەرەو بەرزاییەکانى گوندى بانێ سەرکەوێ بەڵام نەیتوانى پێشڕەوى بکات بەهۆى ئەو بەرگرییە بەهێزەى کە لە گەرووەکەدا جێگیر کرابوو، سەربارى تۆپبارانى خەست و بۆردومانى چڕى فڕۆکەى جەنگى لەسەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە.

 لە ٢٤ى ئابى ١٩٦٣ هێرشى سوپا و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) لە هێڵى دەوروبەرى گوندى کوران پێشڕەوى کرد بە پاڵپشتى تۆپباران و بۆردومانى فڕۆکەوە لە زەویشدا هێزى پیادە کە بریتى بوون لە تانک و ناقیلە و زرێپۆش بە چەکى دۆشکە و ڕەشاش و هەموو توانیایى جەنگیەوە بەرەو ڕووى پێشمەرگە بوونەوە، لەم هێرشەدا سەرەڕاى گەیاندنى زیانێکى گەورە کە بە نزیکەى١٠٠کەس لە سەرباز و جاش مەزەندە دەکرا لە هێزى هێرشبەر، بەرامبەر بە شەهیدبوونى پێشمەرگەیەک و بریندار بوونى ٦ى تر هێزەکە تێک شکێندرا. 

لە یەکێک لە هەڵمەتەکانى سوپاى عێڕاق کە هەموو قۆلەکانى شەڕى گرتەوە توانیان لە هەندێ شوێندا پێشڕەوى بکەن بە هۆى نەمانى فیشەک و تەقەمەنیەوە، بەڵام لە بەرپەرچێکى هێرشى پێچەوەوانەدا هێزى پێشمەرگە توانی شکستیان پێ بێنن و ڕاودوویان بنێن تا گوندى ماڵە سوار، کە ئەمە ڕۆڵێکى ئەرێنى هەبوو لەسەر بەرزبوونەوەی ورە و مۆڕاڵى پێشمەرگە. 

  لە ٣٠ى ئابدا سوپا و چەکداران بە ڕۆژى نیوەڕۆ جارێکى دیکە هەڵمەتیان هێنایەوە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە لە کۆڵانا دەرى بە درێژاى تا چیاى پیران، پێشمەرگە بەرسنگیان گرتن و نەیان هێشت پێشڕەوى بکەن تا ئێوارەیەکى درەنگ شەڕ بەردەوام بوو ئەو جارەش هێرشەکەیان تێک شکاندن و ٦٢ سەرباز و ١٤ بەکرێگراو کوژران کە زۆرێک  لاشەى کوژراویان لە داوێنى چیا پێ بەجێھێشتن و پاشەکشەیان پێ کردن، لەم هێرشەدا لە هێزى پێشمەرگە ٨ شەهید و ٢٢ بریندار هەبوو لە ئەنجامى داکەوتنى بۆمبێکى ناپاڵمێک لەناو سەنگەرى پێشمەرگە لەکاتى نان خواردن.        

حکومەتى عێراق دواى ئەو هەموو هەڵمەتە یەک لە دواى یەکانەى کە کردیە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە نەیتوانى بەسەریاندا زاڵ بێت و هیچ پێشڕەوییەک بەخۆوە ببینێ، بۆیە بیرى لە پلانى دیکە کردەوە تاوەکو ئەو هێڵى بەرگرییە بشکێنێ و بەرەو چامە و شێروان مەزن پێشڕەوى بکات، بۆیە لە ٣١ى ئابى ١٩٦٣ واتا ڕۆژى دواى هێرشەکە دوو فڕۆکە لە گەڵى زرارا دەرکەوتن و چوونە سەر چیاى پیران سەربازیان دابەزاندن و کەتیبەى تۆپخانەیان دامەزراند لەوێوە تۆپبارانى سەنگەرەکانى پێشمەرگەیان دەکرد لە کۆڵانا دەرى. دواتر فڕۆکەى جەنگى بەسەر سەنگەرەکانى پێشمەرگەدا سوڕایەوە و گازى قەدەغەکراوى (تیزاب)ى بەسەر سەنگەرەکانى پێشمەرگەدا ڕژاند کە بەو هۆیەوە ٤ پێشمەرگە شەهید بوون و ٦ى تریش بە سەختى بریندار بوون، جگە لەوەش بە هۆى تۆپبارانى چڕەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون و یەکى دیکە بریندا بوو.

دواى ئەوەى کەوا سوپاى عێراق هەموو قیەمێکى ئەخلاقى و مرۆڤایەتى تێپەڕاند لە بەکارهێنانى چەکى قەدەغە کراو(تیزاب) لە پێناو زاڵ بوون بەسەر پێشمەرگەدا، هەروەها ماندووبوونى پێشمەرگە و ناهاوتایی لە ڕووى هێز و چەکەوە فەرماندەى گشتى میحوەرەکە لوقمان بارزانى فەرمانى کرد بە پاشەکشە پێکردنى هێزى پێشمەرگە لەو هێڵى بەرگرییەدا لە هەموو بەرەکانى شەڕ بۆ گوندى خاڵۆنە و پردى چامە و بەرى شێروان مەزن. 

لە ١٧ى ئەیلوولى ١٩٦٣ سوپاى عێراق جارێکى دیکە بە فەرماندەى لیوا ڕوکن ئیبراهیم فەیسەڵ ئەنسارى فەرماندەى فیرقەى دوو و عەقید سەعید حەمۆ فەرماندەى لیوا پەلامارەکانى بۆ سەر سەنگەرەکانى ئەو جارەى پێشمەرگە چڕ کردەوە، بە بەشدارى گەلە جاشێکى زۆر و پاڵپشتى تانک و تۆپ و ناقیلە و زرێپۆش و هەموو جۆرە چەکێکى قوڕس و سووک، لوقمان بارزانى فەرماندەى گشتى هێزى پێشمەرگە هێڵێکى دیکەى بەرگرى ڕێکخستەوە بەم شێوەیە: قۆڵى حاجى بێڕۆخى لە دۆڵایی گوندى خاڵۆنە، قۆڵى ئەحمەد مستەفا کانیەلنجى لە برکى برایمۆک نزیک موسا مەغرەب، قۆڵى مستەفا نێروەیی لە کۆڵانى چێڵان و حەمیدەفەندى لە نزیک بەنەکانى فەق پیر، هەوەها قۆڵی سەلیم چێی و عەریف یاسین دۆسکى لە دۆڵى هۆرێ.

سوپاو چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) لە ڕووبارى ڕوکوچکى چامە پەڕینەوە و هێرشیان بۆ ناوەڕاستى سەنگەرەکانى هێڵى بەرگرى پێشمەرگە دەست پێکرد، هەرکە گەیشتنە گوندى خالۆنە دەسبەجێ سووتاندیان، هێزێکى سوپا و جاش ڕاستەوخۆ بەرەو قۆڵی ئەحمەد مستەفا کانیەلنجى جووڵا و لەگەڵ پێشمەرگەکان تێکەڵ بوون بوو بە شەڕى دەستەویەخە و ململانێ، کاتێ کە قۆڵەکانى دیکەى پێشمەرگە دۆخەکەیان بەم شێوە بینى هێزێکى پێشمەرگە بە هاناى ئەم قۆڵەوە چوون، ئەمەش بووە هۆى پێگەیاندنى زیانێکى گەورە بە هێزى هێرشبەر بەتایبەتى کوژرانى ژمارەیەک جاشى زۆر، دواى ئەوەى کەوا سوپا و هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) گەیشتنە پێچەکانى شێروان مەزن، لوقمان بارزانى کە خۆى لە گوندى زرگەت بوو فەرمانى کرد کە بە فەرماندەکانى پێشمەرگە کۆڵانى چێلان قایم بکەن و هێزى تریش بە پشت شێروان و قەڵاتدا هەڵگەڕێن و سەنگەر لە پێشڕەوییەکانى سوپا و جاشەکان بگرن.

لەم هێرشەى سوپاى عێراق بە فەرماندەى لیوا ڕوکن ئیبراهیم فەیسەل ئەنسارى لەگەڵ فەرماندەى لیواى ٥ عقید سەعید حەمۆ زیانێکى زۆرى پێکەوت کە فەوجێکى تەواو لەناو برا و نزیکەى تەرمى ١٢٠ کوژراو لە مەیدانى شەڕدا بەجێهێشت کە هێندەى نەمابوو فەرماندەى فیرقە ئەنسارى خۆى بکەوێتە دەستى پێشمەرگەوە، هەموو ئەو سەربازانەیشى کە دەکەوتنە بەر دەستى پێشمەرگە ئازاد دەکران واتا ڕێگایان پێ دەدرا هەڵبێن و بگەڕێنەوە بنکەکانیان.

دواى ئەم شەڕە بارودۆخى سوپاى عێراق تا ڕادەیەکى زۆر شێوا بۆیە ئەنسارى بە بروسکە تاهیر یەحیا سەرۆکى ئەرکانى سوپاى ئاگادار کردەوە و پێشنیارى چارەسەرى ئاشتى و وتووێژى کرد، سەرۆکى ئەرکانیش وەڵامى دایەوە کە لاریان نیە لەوەى کە پەیوەندى بگرن لەگەڵ شێخ ئەحمەد بارزانى شێخى بارزان، ئەوە بوو ئەنسارى لە ٢٢ى ئەیلوولى ١٩٦٣ نامەیەکى لە ڕێگەى سەعید ئەسعەد شێتنەیى گەیاند بە شێخ ئەحمەد تێیدا داواى لێ کرد کە شاندێک بنێرێ بۆ لاى و بۆ پارێزگاى هەولێر بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن، شێخ ئەحمەدیش دواى پرس و ڕاوێژ لەگەڵ مستەفا بارزانی ڕێبەرى شۆڕش بڕیاریان دا کەوا بەنامەیەک وەڵامى ئەنسارى بدەنەوە. 

شێخ ئەحمەد بارزانى لە وەڵامى نامەى ئەنساریدا نامەیەک و وەفدێکى سێ کەسى لە شێخ سلێمانى برازاى و دوو کوڕەکەى محەمەد خالید و نەزیر نارد وتووێژ لە نێوانیاندا دەستى پێکرد، داواکارى حکومەت ئەوە بوو کە دەبێ بارزانییەکان چەک دابنێن، بەڵام داواکارى شێخ ئەحمەد بریتى بوو لەوەى کە سوپا و جاشەکان لە بارزان بچنە دەرەوە، دواتر لەسەر ئەوە ڕێککەوتن کەوا بارزانى لەسەر داواى شێخ ئەحمەد لە ١٠ى تشرینى یەکەمى ١٩٦٣ دەڤەرى بارزانى بەجێهێشت و هاتەوە بۆ سۆران و ناوچەى باڵەکایەتى، شەڕ و هێرشکارى لە دەڤەرى بارزان کۆتایى پێهات و ئاشتى و ئارامى باڵى بەسەر ناوچەکەدا کێشا.


سەرچاوەکان:

١. مسعود بارزانی: بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٢. هۆژین مەسعود سەرنى: شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

٣. حاجى میرخان دۆڵەمەرى: گەڕان بەدواى دادپەروەریدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، چاپخانەى اسراء، تاران، ٢٠٢١.

٤. غازى عادل گەردى: پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى یەکەم چاپى دووەم، تورکیا، ٢٠٢١.

٥. هاوکار کەریم حەمە شەریف: شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٠، چاپى یەکەم- چاپخانەى زانکۆى سەلاحەدین، هەولێر، ٢٠١٢.

٦. وەلى زبێر هۆستان: چەند ڕووداو و بەسەرهاتێک لە شۆرش و ڕاپەڕینەکانى بارزاندا، چ: یەکەم، چاپخانەى ڕۆژهەڵات، هەولێر، ٢٠١٧.

٧. کاروان جوهر محمد: ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.

٨. مامخان شێروانى: بارزان و ڕەچەلەکى بارزانیان، چاپى دووەم ستۆکهۆلم، ١٩٩٥.

٩. هاشم شێڕوانى:  دەڤەرا بارزان، جوگرافیا- دیرۆک-کەلتور، چاپى یەکەم چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشەنبیرى، هەولێر، ٢٠٠٨.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر