کاتێک کە حکومەتى عێراق شەڕى ڕاگەیاند دژى شۆڕشی ئەیلوول ساڵى ١٩٧٤ هێرشێکى گشتگیرى بۆ سەر کوردستان دەستپێکرد، هەرچەندە سوپاى عێراق قوڕسایی هێرشەکانى خستبووە سەر ناوچەى باڵەکایەتى بە هۆکارى بوونى بارەگاى سەرکردایەتى شۆڕش لە ناوچەکە، بەڵام هیچ ناوچەیەکى ژێر دەسەڵاتى شۆڕشى فەرامۆش نەکرد، بەڵکو هەڵمەتى سەربازى سوپاى عێراق تەواوى ناوچەکانى شۆڕشى گرتەوە، هێزى پێشمەرگە لە دهۆک بەردەوام قافلە سەربازییەکانى سوپاى عێراقی لەسەر ڕێگاى ئالۆکا تۆپباران دەکرد، لە ڕۆژئاواى شارى دهۆک بەتایبەتى دەستەیەکى پێشمەرگە کە ئەرکیان لە ئەشکەوتى سمتێ بوو لە ناوچەکە و هاوەنێکى ١٢٠ملم یان لەلا بوو، ئەرکیان تۆپبارانى کاروانى ئۆتۆمبێلەکانى سوپاى عێراق بوو، ئەگەر لە ناوچەکە جموجۆڵى سەربازیان زۆر بوایە.
لە سەرەتاى تشرینى یەکەمى ١٩٧٤ ڕۆژێکیان نزیکەى ١٠ ئۆتۆمبێلى سەربازى و زرێپۆش یاوەرى ئەندامێکى سەرکردایەتى حزبى بەعسیان بەناوى عەبدولفەتاح یاسین دەکرد، کە بەرەو سەربازگەى هێزى ١٨ى سەربە فرقەى ١ى سوپا دەڕۆیشت، پێشمەرگەکان بەو هاوەنەى کە هەیان بوو کردیانە ئامانج و تۆپبارانیان کرد، لەو نێوانەدا گوللە هاوەنێک بەر زرێپۆشێک کەوت و سەرجەم سەربازە سەرنشینەکانى کوژران، دواى ئەوەى کە ناوبراو گەڕایەوە موسل ڕۆژى دواى هەرچى یەکەى سەربازى و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) هەبوو لەو سنوورە کۆى کردنەوە و هێرشى بۆ سەر هێزى پێشمەرگە کرد، بە مەبهستى دەست بەسەرداگرتنى چیاى ڕەش و ئەشکەوتى تەحسا و ئەشکەوتى سمتێ.
یەکەکانى سوپاى عێراق لەو هێرشەدا بۆ سەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش بریتى بوون لە هێزى ١٨ و هێزى ٥ فرقەی ٢ و تۆپخانە و بەکرێگیراوانى هۆزەکانى کۆچەر و دۆسکى و سوورچى و زێباری و هەرکى، لە ئەنجامدا بووە هۆى دروستبوونى شەڕێکى قوڕس کە ماوەى یازدە ڕۆژى خایاند، بۆ بە هاناوەهاتنى بەرەکانى شەڕ هەریەک لە بەتالیۆنەکانى عەلى عەلى و بەتالیۆنى میرانى وەک هێزى پشتیوانى گەیشتنە ناوچەى شەڕ، سەرەتا سوپاى عێراق هێرشى کردە سەر چیاى ڕەش کە بەرگرى ئەو چیایە لە ئەستۆى بەتالیۆنى ١ى سەربە هێزى دهۆک بوو بە فەرماندەیى نەعمان سەمەد، سەرەتاى هێرشەکە سوپاى عێراق بە تۆپبارانێکى چڕ سەنگەرەکانى پێشمەرگە و کێوەکەى دەستپێکرد، پاشان هێزى پیادە و بەکرێگیراوان پەلامارى چیاى ڕەشیان دا، بەهۆى تۆپبارانى چڕ و بوونى پێنج شەهید و نزیکەى ٤٠ بریندار ڕۆژى یەکەمى هێرشەکە سوپا دەستى بەسەر چیاى ڕەشدا گرت.
پاشان هێزى دهۆک لە کەڤرى بسکێ و ئەشکەوتى تەحسا و ئەشکەفتى سەمتێ لە بەرامبەر چیاى ڕەش چوار دۆشکە و هاوەنێکى ١٢٠ملم و یەکێکى ٨٢ ملمى خستە کار بۆ تۆپبارانکردنى سوپا لە چیاى ڕەش، بۆ ئەوەى سوپاى عێراق دەرفەتى ئەوەى نەبێ سەنگەرى قایم لێبدەن و قایمکارى خاڵە سەربازییەکانیان بکەن، فەرماندەى هێز عەبدولرەزاق گەرماڤى خۆى ڕەسەدى تۆپبارانەکەى دەکرد، دواى یەک هەفتە پلانیان بۆ ئەنجامدانى هێرشى بەرامبەر دانا، بۆ هێرشکردن هێزێکیان پێکهێنا کە ژمارەیان ٤٠ پێشمەرگەى بژاردە بە فەرماندەیى قادر ئالەکینى کە زۆربەیان لە بەشى هەندەسەى هێزى دهۆک بوون، بە پلانێکى توکمەى سەربازى بە شەو بەڕێکەوتن لە دامێنى چیاى ڕەش لە شوێنێکى پڕ درەخت و جەنگەڵى چڕ و پڕ خۆیان حەشاردا، تەواوى کەلوپەلى سەربازى خواردن و خۆراکیان لهگهڵ خۆیان بردبوو.
پلانى هێرشى پێشمەرگە ئەوە بوو کە ڕۆژى دواتر لەگەڵ ڕۆژئاوابوون تۆپباران بوەسـتێ ئینجا پێشمەرگە لە پڕ هەڵکوتێتە سەر مۆلگە سەربازییەکان، وەکو نەخشەى بۆ کێشرا بوو هەڵمەتەکە هەروا بەڕێوەچوو، هەروەها لە ڕۆژئاواى چیاى ڕەش فەرمان بە بەتالیۆنى ١ کرا کە ئەگەر ئەو٤٠ پێشمەرگەیە لە شوێنى خۆیان دەستیان بە جووڵە کرد، ئەوانیش لەو قۆڵەى کە لە ئامادەباشیدا بوون هێرش بۆ چیاكه دەستپێبکەن، کە هێرشەکە لە هەردوو شوێنەوە دەستى پێکرد، بۆ ماوەى یەک کاتژمێر شەڕ و پێکدادان بەردەوام بوو، پێشمەرگە توانیان لە ماوەى ئەو کاتژمێرە دەست بەسەر تەواوى چیاكهدا بگرن، زیانێکى گەورەیان بە سەربازانى سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو گەیاند، ٢١ کوژراو و زۆرێکیشیان بریندار بوون ئەوانى تریش ڕایانکرد، ٦ سەربازیش بەدیل گیران دواتر ڕەوانهى سەرکردایەتى کران لە باڵەکایەتى.
دەستکەوتى پێشمەرگە لەم داستانەدا بریتى بوو لە ١٤ چەکى کلاشینکۆف و یەک (RPG) و ژمارەیەکى زۆر فیشەکى هەمەجۆر و نزیکەى دە هەزار مینى جۆراوجۆر کە نەیانتوانی دایانبنێنەوە بەڵکو کەوتنە دەستى پێشمەرگە، هەروەها ژمارەیەکى زۆرى گوللە هاوەنى ٦٠ملم و ٨٢ملم و ١٢٠ملم و جل و بەرگ و کەلوپەلى سەربازى دەستیان بەسەردا گیرا، زیانەکانى هێزى پێشمەرگە لەو داستانەى گرتنەوەى چیاى ڕەش بریتى بوو لە شەهید بوونى ٦ پێشمەرگە و ٢٠ بریندار، شایانى باسە دواى ئەو هێرشە سوپاى عێراق تا نسکۆى شۆڕش ساڵى ١٩٧٥، هیچ هێرشى ترى بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە پارێزگاى دهۆک نەکردەوە.
سەرچاوەکان:
-
مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر، ٢٠٠٤.
-
سهنگهر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه سهربازيهكانى شۆڕشى ئهيلوول 1970-1975، چاپى يهكهم، چاپخانەى دانیشفەڕ، ههولێر، 2022.
-
هۆژین مەسعود سەرنى، شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.
-
ئیبراهیم جەلال، باشوورى کوردستان و شۆر شى ئەیلوول بنیادنان و هەلتەکاندن ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى چوارەم، ٢٠٢١