داستانى چیای ماکۆک ١٩٧٤

حکومەتى عێراق کە بڕیارى دەستپێکردنەوەى شەڕى دایەوە دژى شۆڕشى کورد ساڵى ١٩٧٤، بە ئامادەسازییەکى بەهێز لە ڕووى سەربازییەوە هێرش و پەلامارەکانى هێنایە سەر کوردستان، شاڵاوەکان بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و زرێپۆش و هێزى ئاسمانیەوە شەو و ڕۆژ بەردەوامیان هەبوو، پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراق لە مانگى ئاب گەیشتنە ناوچەى بێتوێن و هەڵمەتى سەربازیان بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەستپێکرد لە چیای ماکۆک و دەوروبەرى.


هێزى پێشمەرگە لە میحوەرى چیاى سەفینەوە کە بۆ دۆڵى بالیسان پاشەکشەیان کرد، بە مەبەستى دانانى هێڵێکى بەرگرى توکمە لە شێوەى نیوەبازنەیی هاوشان لەگەل هێزى بێتواتە و بەرەى پشدەر یەکى گرتەوە، هەر لە قەڵادزەوە تا دەگاتە بێتواتە پێشى بە سوپاى عێراق گرت تاکو نەتوانێت لە دەڤەرى باڵەکایەتى نزیک بێتەوە کە شوێنى بارەگاى سەرکردایەتى شۆڕش بوو. 

لە کۆتاییەکانى مانگى ئابى ١٩٧٤ هێزى پیادەى سوپاى عێراق بۆ کردنەوەى ڕێگا پێشڕەوییەکانى لە کۆیە بۆ چوارقوڕنە کەوتە جووڵە، کە گەیشتنە ناوچەکە بۆ ئەوەى دەسەڵاتیان بەسەر دەشتى بێتوێن بڕوا، ویستیان سەرەتا بەرزاییەکانى چیای ماکۆک و شیشار بگرن، بۆ ئەوەى باڵادەستیان بەسەر ناوچەکەدا بسەپێنن، هەروەها مەبەستیان بوو هێزى پێشمەرگە لە ماکۆک ڕاماڵن و بگەنە چیاى کارۆخ بەرامبەر شارەدێى قەسرێ، لە بەرەى ڕواندزیشەوە چیاکانى زۆزک و سەرتیز بگرن و بەرەو لوتکەى حەسەن بەگ بچن، لەوێشەوە پشتى گەڵاڵە بگرن، بەمەشەوە دەتوانن لە ده‌ڤه‌ری باڵەکایەتى ئابلۆقەى سەرکردایەتى شۆڕش بدەن. وێڕای ئەمەش سوپاى عێراق لە هێرشى چیای ماکۆک و دۆڵە ڕەقە بارى سەرشانى هێزەکانیان لە بەرەى ڕواندز سووک بکەن، بەوەى کە بەشێک لە هێزى پێشمەرگە بۆ بەرەى شەڕ لە ناوچەى بێتواتە بگوازرێتەوە.

هێزە گەورەکەى سوپاى عێراق پێکهاتبوو لە دوو فیرقەى سەربازى و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، بۆ پیادەکردنى نەخشەکەیان هێرشیان کردە سەر شاخى ماکۆک لە پشت سەروچاوە و کەپکى خانزاد، هێزى پێشمەرگەى کە سەنگەریان گرتبوو لەو هێڵى بەرگرییەدا، بریتى بوون لە بەتالیۆنى ٢ی هێزى دەشتى هەولێر بە فەرماندەى سەعدى عەزیز، بەتالیۆنى ١ی هێزى سەفین بە فەرماندەى کەریم فەقێ و لقێکى دیکەى سەر بە هێزى دەشتى هەولێر بە فەرمادەیى حاجى عەلى، لەگەڵ سەرکەوتنى سەربازان بۆ بەرزایی ماکۆک، پێشمەرگە بەرەنگاریان بوونەوە و زۆرێک لە سەربازانى سوپاى عێراق کوژران و بریندار بوون ئەوانى تریش لە مەیدانى شەڕدا ڕایانکرد، ڕۆژى دوایى جارێکى تر سوپا هێرشى کردەوە سەر بەرزایی ماکۆک، ئەمجارەیان توانى لای ڕاستى شاخەکە بگرێت. 

سوپاى عێراق لە ٣٠ى ئاب جارێکى دیکە خۆى کۆ کردەوە بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى هێرشیان دەستپیکردەوە، سەرەتا بە بۆردومانێکى بەرایی خەست سەنگەرەکانى پێشمەرگەى بە وردى کردە ئامانج کە یەکەمجار بوو (کاتیوشا) بەکاربهێنێ، دواى ئەوە هێرشیان کردە سەر شاخى ماکۆک تا گەیشتنە سەروچاوە و گوندەکانى دەوروبەرى، لە بەرامبەر ئەو هێرشە گەورەى سوپادا هێزێکى کەمى پێشمەرگە لە بەرگریدا بوون، لە ٤ى ئەیلوول سوپا هێرشى کردە سەر بەرزایی لوتکەى ئەندیک و ئەنگوز، تەواوى تواناى بەکار هێنا لە چەکى قوڕس و فڕۆکە بە هاوکارى بەکرێگیراوان (جاش) بۆ ئێوارە دەستى بەسەردا گرت. 

لەو سەروبەندەدا بروسکەیەکى خێرا لە ڕەشید سندى سەرلەشکرى ٢ بە فەرماندەکانى ناوچەکە گەیشت، بۆ ئەوەى هێزێکى پێشمەرگە وەکو هێزى پشتیوانى بە هاناى بەرەى شەڕەوە بچن، هەڵمەت بەرن تاکو سەربکەونەوە بۆ سەر بەرزایى چیاکە، هێزى پشتیوانى بریتى بوو لە بەتالیۆنێکى هێزى سەفین بە فەرماندەیى عەریف عەلى مەولودى، بەتالیۆنى ٢ و بە فەرماندەیى سەید کاکە سەربە هێزى دەشتى هەولێر، ئەم هێزانەى پێشمەرگە لە شەوى ٦ لەسەر٧ى ئەیلوولى  ١٩٧٤ سەرکەوتنە سەر چیاى ماکۆک و دووبارە سەنگەرى بەرگریان دانایەوە، سوپاى عێراقیش لە هێرش و پەلامارەکان بە پشتیوانى هێزى ئاسمانى و تۆپخانە هەر بەردەوام بوو، بەڵام ئەمجارەیان پێشمەرگە لە بەرگرى بەهێز بەردەوام بوون و بەرپەرچى هەموو هێرشەکانیان دایەوە و بواریان نەدا کەوا چیای ماکۆک بکەوێتە دەستى سوپا.

کاتژمێر ١١ى شەوى ٨ى ئەیلوولى ١٩٧٤ سوپاى عێراق دووبارە هێرشى کردەوە سەر چیای ماکۆک تا بەیانى ڕۆژهەڵات هەر بەردەوام بوو، پێشمەرگە ئەم جارەش بوارى نەدا کە سوپا سەرکەوتن بە دەست بهێنێ، بەڵکو دووچارى شكستێكی گه‌وره‌ بوو، زیاتر لە ٥٠ لاشەى سەربازانی سوپاكه‌ی لە گۆڕەپانى شەڕەکە بەجێ مان، هێزى پێشمەرگە بە درێژایی دوو مانگ لە بەرگرى بەردەوام بوون، لەو ناوچەیە و نەیانهێشت سوپاى عێراق بە مەرامەکانى بگات، ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر شارەزایی فەرماندەکان لە ناوچەکە و ئەزموونیان لە شەڕەکان و توند و تۆڵ کردنى سەنگەرەکان بە دانانەوەى مین و تەلبەند کردنى بە پێى ئەو توانایەى کە لەبەر دەستیاندا بوو، لە ماوەى ئەو دوو مانگەدا سوپاى عێراق ١٥ هێرشى بەهێزى زۆرى جاش و مغاویر و هێزى تایبەت (قوات خاصة) کردە سەر پێشمەرگە، لە هەموو ئەو هێرشانەدا زیانى گیانى و ماددى زۆرى بەرکەوت، هەرچەندە پێشمەرگەش زیانى هەبوو لە شەهید و بریندار بەڵام دەستکەوتى گرنگیشى هەبوو، بۆ نموونە لە هێرشێکدا ١٠ پارچە چەک و لە هێرشێکى دیکەدا ١٥٠ چەکى کلاشینکۆف و ٣ هاوەن و ٤ ئامێرى بێتەلى کۆڵەپشت و ٢ قەنناسى ڕووسى پێنج خۆر، تەنانەت لە هێرشێکدا یەک فەوجى تەواو لەناو چوو.         

لە ناوەڕاستى مانگى ئەیلوودا کاتژمێر ١٢ى شەو سوپاى عێراق تۆپبارانى بۆسه‌ر سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەستپێكرد، دواى ئەوە فەوجێکى هێزى تایبەت (قوات خاصة) هێرشى کردە سەر سەنگەرەکانى بەتالیۆنى سەید کاکە، دیارە پێشمەرگە زانیارى پێشینەى لەسەر هێرشەکە هەبووە بۆیە خۆیان لە سەربازانى سوپا مەڵاس دا تاکو بەتەواوى نزیک دەبنەوە بۆ ئەوەى زیانى گەورەیان پێ بگەیەنن، کاتێ کە تا مەوداى ١٠٠م لێیان نزیک بوونەوە پەلاماریان دان و زۆر بە توندى دەستیان لێ وەشاندن، لە ئەنجامدا هێرشەکەى سوپا بە جۆرێک شکستى خوارد زیاتر لە ١٥٠ کوژراو و١٠٠ بریندارى لێ کەوتەوە، چەک و تەقەمەنیەکى زۆریش کەوتە دەستى پێشمەرگە، ئەم فەوجەى سوپاى عێراق بە تەواوى لەناو چوو، لەم شەڕەدا زیانەکانى پێشمەرگە بریتى بوون لە ٩ شەهید و ٢٧ بریندار. 

ئەم بەرگرى و خۆڕاگرییەى پێشمەرگە بەرامبەر بە سوپایەکى بەهێزى چارەکە ملیۆنى پڕ چەکى پێشکەوتوو، پلانەکانى حکومەتى بۆ کۆتاییهێنان بە شۆڕشى کورد بەردەوام پووچەڵ دەکردەوە، سەرەتاى دەستپێکردنى هێرش و پەلامارەکان بەو ئامادەکارییە بە هیواى ئەوە بوون کە دەتوانن لە ماوەیەکى کەم نەخشە و پلانەکانیان جێبەجێ بكه‌ن و شۆڕش لەناو ببەن، مانگى ئەیلوول به‌ کۆتا وادە دانابوو بۆ زاڵ بوونیان بەسەر شۆڕش، پاشان کردیان بە مانگى کانوونى یەکەم، بەڵام ئەم وادە و وتە بێ بنەمایانە هەموویان بێ ئەنجام تێپەڕین بێ ئەوەى شتێک لە دۆخەکە بگۆڕێ تاکو ڕێککەوتنى ٦ى ئازارى ١٩٧٥ ئینجا توانیان هەرەس بە شۆڕشى ئەیلوول بهێنن. 


           

سەرچاوەکان:        

  1. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی دووەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپى یەکەم – هەولێر،  ٢٠٠٤.

  2. خوڕشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانى ساڵانى پێشمەرگایەتى، چاپخانەى حاجى هاشم، چاپى سێیەم، هەولێر – ٢٠١٥.

  3. سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول 1970-1975، چاپى يه‌كه‌م، هه‌ولێر، 2022.

  4. سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپخانەى وەزارەتى ڕۆشنبیرى، چاپى یەکەم، هەولێر- ١٩٩٧.

  5. کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.


بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى ڕەبایەى گرێ ئیسفکا ١٩٨١

چالاکییەکى پارتیزانى بوو کە هێزێکى پێشمەرگە لە شەوێکى تشرینى دووەمى ١٩٨١ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گرێ ئیسفکا لە دەڤەرى بەروارى باڵا، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستى بەسەردا بگرن و ژمارەیەک سەربازى ڕەبایەکەیان کوشت و دەستیان بەسەر چەک و تەقەمەنى و کەلوپەلى سەربازیدا گرت، پاشان شوێنەکەیان بەجێهێشت و گەڕانەوە بنکەکانیان.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەڤەری سندیا ١٩٨٧

ئەم شەڕە لە ئەنجامى هێرشێکى بەربڵاوى سوپاى عێراق بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى و جاشەکان بۆ سەر دەڤەرا سندیا ڕوویدا، هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ پاراستنى ناوچەکە لە ڕوخان و وێرانکارى گوندەکان، لە ٥ى نیسانى ١٩٨٧ ڕووبەڕووى هێزەکانى حکومەت بووەوە، ئەنجامى شەڕەکە بە سەرکەوتنى هێزى پێشمەرگە و شکستى هێزە عێراقیەکان کۆتایی هات.

زانیاری زیاتر

شەڕی گوندى بانە سوور ١٩٨٤

چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستانە لە نزیک گوندى بانەسوورى دەوروبەرى دهۆک لە دەڤەرى بادینان، کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە ڕێکخراوى ڕێنجبەران بۆسەیەکیان لەسەر جاددەى سەرەکى مانگێشکێ دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى چەکدارانى بەکرێگیراو(جاش) کەوتە بۆسەکەوە و بە ماوەیەکى کەم دەستى بەسەردا گیرا و تەواوى سەرنشینانى کوژران و دەست بەسەر تەواوى چەکەکانیاندا گرت.

زانیاری زیاتر

شەڕى گەلنازکێ

شەڕى گەلنازکێ ڕووبەڕووبوونەوەى هێزى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى گەورەى سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو بوو، بە پاڵپشتى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى لە ٢٤ ئابى ١٩٨٤، لە ئەنجامى هێرشێک کە حکومەتى بەعس کردیە سەر چەند ناوچەیەکى زاخۆ لە دەڤەرى بادینان، دواى هەشت ڕۆژ هێرش و پەلامارى بەردەوام، هێزەکانى حکومەت دووچارى شکستى گەورە بوون و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددیان پێگەیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ

شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ شەڕى ڕەبایەى دوازدە ملانێ چالاکییەکى پارتیزانیى هێزى پێشمەرگەى سنوورى دەڤەرى بادینان بوو، هێزێکى هاوبەشى هەردوو ڕێکخراوى ڕێنجبەران و شەهید حەمید، سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، لە نزیک زاخۆ هێرشیان کردە سەر ڕەبایەکى سەربازى و لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەستی بەسەردا بگرن و گورزێکى گەورە بە سەربازانى ڕەبایەکە بگەیەنن، پاشان دەست بەسەر چەک و جبەخانە و بڕێکى زۆر کەلوپەلى سەربازیدا گیرا و دواتر گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان.

زانیاری زیاتر