داستانی چیای ئەزمەڕ ١٩٦٣

ئەم داستانە لە ساڵی ١٩٦٣ لە سەردەمى دەسەڵاتدارى بەعسیەکان لە پارێزگاى سلێمانى ڕوویدا کە بۆچوونیان وابوو ئەگەر هێرشى فراوان بۆ سەر کوردستان ئەنجام بدەن بە ماوەیەکى کەم هەرەس بە شۆڕشی ئەیلوول دێنن و تەواوى کوردستان دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، هەرچەندە لە شارى سلێمانى دەستیان کرد بە ڕەشبگیرى و کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى بێتاوان، بەڵام نەک سەرکەوتوو نەبوون بەڵکو لە تەواوى پەلامارەکانیان لە چیاى ئەزمەڕ شکستیان خوارد.


لە هاوینى ١٩٦٣ شەڕ و پەلامارەکانى حکومەتى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولسەلام عارف بە فراوانى بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانى کوردستان دەستى پێکرد، لە ئێزگەى بەغداوە بەیاننامەى ڕەتکردنەوەوەى گفتوگۆى لەگەڵ سەرکردایەتى شۆڕشى کورد ڕاگەیاند و بڕیارى سەرهەڵدانەوەى شەڕێکى خوێناوى دژى کورد دەرکرد، پاشان کەوتە هێرش و پەلاماردانى شار و شارۆچکە و دێهاتەکان، ئینجا دەستیان کرد بە گرتن و ڕاوەدوونان و ڕەشەکوژى تەواوى ئەو ناوچانەى کە کەوتنە بەر پەلامارە سەربازیەکان بەو پێیەى کە بەعسیەکان وایان لێک دەدایەوە ڕژێمى عەبدولکەریم قاسمى پێش خۆیان بە ڕژدى شەڕى کوردى نەکردبوو، بەڵکو ئەوان دەتوانن بە ماوەیەکى کورت شۆڕشى کورد شکست پێ بێنن،  دیارە ئەمەش دەرخەرى ئەو ڕاستییە کە عەبدولسەلام عارف هەرگیز باوەڕی بە دۆزى کورد نەبووە لە عێراق، ڕەنگدانەوەى ئەوەش لە گوتار و وتەکانیدا دەردەکەوت کە داننان بە کورد و وشەى کوردستانى بەکارنەدەهێنا.    

لە پایزى ١٩٦٣ هەڵمەتى سەربازى بۆ زنجیرە چیاى ئەزمەڕ دەستپێکرد کە ٥ کم لە سلێمانیەوە دوورە، بە پاڵپشتى تانک و فڕۆکە و ڕەشاش بەرەو سەنگەرەکانى پێشمەرگە هەڵمەتیان برد، هێزى پێشمەرگەش لە سەنگەرى بەرگریدا بەرەنگاریان بوونەوە، بەو چەکانەى کە لە دەستیان بوو بریتى بوو لە (بڕنەو، یانزەتیر، ڕەشاش برێن)، لە بەرى بەیانەوە هێزەکانى حکومەت سێ جار پەلامارى سەنگەرەکانى پێشمەرگەیان دا، بەڵام بەرگرى و ڕووبەڕووبوونەوەکانى پێشمەرگە بە جۆرێک بوو توانیان هەرسێ پەلامارەکە تێکبشکێنن و بەرەو دامێنى چیاکە پاشەکشەیان پێ بکەن و چەندین لاشەى کوژراویان  لە مەیدانى شەڕەکەدا بەجێهێشت.

هەرچەندە دواى ئەو شکستەى سوپا بووە هۆى ئەوەى کە بۆ ماوەیەک هێمنى باڵ بەسەر ناوچەکەدا بکێشێ، بەڵام سوپا لەم بێدەنگیە سەرقاڵى خۆ ئامادەکردن بوو بۆ هێرشێکى گەورەتر و بە پلانێکى توکمەتر، بەڵام هێزى پێشمەرگە ئەو جارەشیان سەنگەرەکانیان زۆر باش قایم کردن و بە توندى بەرەنگاریان بوونەوە و پلانەکەیان شکست پێهێنا و هێرشەکەیان تێکشکێندرایەوە و زیانى زۆریان پێ کەوت، بەڵام سوپاى عێراق لە تۆڵەى شکستەکەیان کەوتنە گیانى شوان و کاروانچى و کاسبکارانى قەراغى شارى سلێمانى و هەموویان گرتن و شەهیدیان کردن.

 لەو داستانەى چیاى ئەزمەڕ کە نموونەی زنجیرە داستانەکانى بەرگرى نیشتمانیە، چەند جارێک هێرشى سوپاى بەعس تێکشکێندرا و زیانى گیانى زۆرى پێگەیاندن، لەلایەن هێزى پێشمەرگەشەوە تەنها یەک شەهید هەبوو.    


سەرچاوە:

  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان

بابەتی پەیوەندیدار

شەڕى پردەکەى چۆمى دەرەدوینە لە تەمووزى ١٩٦٣

ئه‌و شەڕە لە سەر ڕێگاى نێوان مەیدان و دەربەندیخان لە کاتێکدا ڕوویدا، کە هێزى پێشمەرگە ویستى ڕێگا لە کاروانێکى سەربازى سوپاى عێراق بگرێت کە بە ڕێگاى جەلەولا- دەربەندیخان بەرەو بەغدا تێدەپەڕی، لە شەڕەکەدا سوپاى عێراق و چەکدارانى بەکرێگیراو زیانێکى گیانى زۆریان پێکەوت، کاروانە سەربازیەکەش ڕۆژی یەکەم نەیتوانى تێپەڕێ بەڵکو بۆ ڕۆژى دوایی دەرباز بوو.

زانیاری زیاتر

شەڕی مەندیل

شەڕى مەندیل، هێرشێکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بۆ سەر بارەگاى فەوجى تایبەتى ٦ لە مەندیلى دوورى ٥ کم لە شارى چەمچەمال بوو کە لە شەوى ١٠ لەسەر١١ى کانوونى دووەمى ١٩٨٨، دواى شەڕێکى گەرم توانیان دەست بەسەر بارەگاى فەوجدا بگرن و ژمارەیەک چەکدار بکوژن و ژمارەیەکیش بەدیل بگرن هەروەها بڕێکى زۆرى چەک و تەقەمەنى و کەلوپەل و تفاقى سەربازى دەستکەوتى هێزى پێشمەرگە بوون.

زانیاری زیاتر

شەڕی بەرۆشکێ

شەڕى بەڕۆشکێ چالاکییەکى دیکەى هێزى پێشمەرگە بوو دژ بە دامودەزگا ئەمنیەکانى ڕژێمى بەعس، هێزێکى پێشمەرگەى لێژنەى ناوچەى دهۆک بە فەرماندەى محەمەد مراد، لە یەکێک لە شەوەکانى بەهارى ١٩٨٣ لە ناو شارى دهۆک بۆسەیەکیان دانایەوە،

زانیاری زیاتر

شەڕی باگێڕا ١٩٨٣

ئەو شەڕە چالاکییەکى دیکەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لە سنوورى لێژنەى ناوچەى دهۆکى پارتى دیموکراتى کوردستانە. لەو شەڕەدا ٢٥ پێشمەرگە لە شەوى ١٩ لەسەر٢٠ی نیسانی ١٩٨٣ لەسەر ڕێگاى باگێڕا–سوارەتوکا بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى سوپاى عێراق دانایەوە،...

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر