داستانى چیاى هەیبەت سوڵتان

داستانى شاخى هەیبەت سوڵتان لە ٢٥ى حوزەیرانى ١٩٦٣ ڕوویدا، کاتێک کە حکومەتى عێراق هەڵمەتى سەربازى و هێرشکارى بۆ سەر کوردستان دەستپێکردەوە، هەرچەندە لە پەلامارى یەکەمدا سوپا و چەکدارە بەکرێگیراوەکان دووچارى شکستێکى گەورە بوون...


داستانى شاخى هەیبەت سوڵتان لە ٢٥ى حوزەیرانى ١٩٦٣ ڕوویدا، کاتێک کە حکومەتى عێراق هەڵمەتى سەربازى و هێرشکارى بۆ سەر کوردستان دەستپێکردەوە، هەرچەندە لە پەلامارى یەکەمدا سوپا و چەکدارە بەکرێگیراوەکان دووچارى شکستێکى گەورە بوون و زیانى زۆریان پێکەوت، بەڵام لە هێرشى دووەمدا توانیان چیاى هەیبەت سوڵتان بگرن، چونکە پێشمەرگە هێزەکانیان پاشەکشە پێکردن بۆ ناوچەى ڕانیە و بێتواتە.

هاوینى ساڵی ١٩٦٣ حکومەتى عێراق بە پلانێکى ڕێکخراوى مەرگەسات ئامێز شەڕى بەسەر کوردستاندا سەپاندەوە، پشتى لە وتووێژ و ڕێگاچاره‌ى ئاشتى کرد و هەڵمەتى وێرانکارى شار و لادێى کوردستانى دەست پێکردەوە بەتایبەتى ئەو ناوچانەى کە لە ژێر دەسەڵاتى شۆڕشدا بوون، ئەمەش دواى ئەوە دێ کەوا بەعسیەکان لە ڕێگاى کودەتایەکى سەربازییەوە توانیان کورسى دەسەڵات لە عێراقدا بگرنە دەست.  

دواى داگیرکردنى شارى کۆیە و ئەنجامدانى کۆمەڵکوژى هاوڵاتیانى سڤیلى شارەکە کە تێیدا دەیان کەسى بێتاوان بە فەرمانى تەها شەکرچى فەرماندەى هێزى سەربازى سوپاى عێراق بۆ سەر کۆیە، هێزى پێشمەرگه‌ ناچار بە کشانەوە بوو بۆ چیاى هەیبەت سوڵتان، بۆ ئەوەى لە چیاکە هێڵى بەرگرى دابمەزرێنن، بەپێی ئەو فەرمانەى کە پێیان کرابوو هێزێکى دیکەى پێشمەرگە لە بنکەى پیرەرەوە بۆ پتەوکردنى ئەو هێڵە بەرگریەوە چوو، یەکێکیان بە فەرماندەى فارس باوە و ئەوەى تریان لەژێر سەرپەرشتى وسۆ دزەیی بوو.

حکومەتى عێراق ئامادەکارى تەواوى هێرشێکى گەورەى بۆ چیاى هەیبەت سوڵتان کرد لە بەرى ڕۆژهەڵاتى شارى کۆیە کە دەڕوانێتە سەر شارەکە بە سەرپەرشتى عەقید سەعید حەمۆ فەرماندەى لیواى پێنجى فیرقەى دوو، هێزى پێشمەرگەش بە فەرماندەیى عومەر دەبابە لەگەڵ هێزێکى دیکەى پێشمەرگە بە فەرماندەیى عەبدوڵڵا پشدەری پشتیوانى دەکرا و ئەرکى بەرگرى و پاراستى ناوچەکەیان پێ سپێردرابوو.  

لە ٢٥ى حوزەیرانى ١٩٦٣ سوپاى عێراق بە پشتیوانى هێزێکى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) و چەند یەکەیەکى زرێپۆش و کەتیبەیەکى تۆپخانە پەلامارى سەنگەرەکانى پێشمەرگەیان دا، هەروەها بە بۆمبارانى ئاسمانى ڕێگە بۆ ئەم پەلامارە خۆشکرا، شەڕێكى گەرم لە نێوان هێزى هێرشبەر و بەرگرى پێشمەرگه‌دا دەستى پێکرد تا ئێوارە بەردەوامى هەبوو، لە ئەنجامدا شکستێکى بەرچاو بەر سوپا و جاشەکان کەوت، هاوکات زیانێکى گەورەیان لێکەوت کە چەندین لاشەى کوژراو لە مەیدانى شەڕەکەدا بەجێ مان، لە بەرامبەردا لە هێزى پێشمەرگە شەهیدێک و سێ بریندار هەبوو. 

پاش سەرکەوتنەکە فەرماندەى ئەو میحوەرەى شەڕ عومەر دەبابە لە بروسکەیەکیدا بۆ مستەفا بارزانی ڕێبەرى شۆڕش و مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان، تێیدا دۆخى شەڕەکە و ئەنجامەکانى ڕوون کردەوە هەروەها ئەوەشى خستە بەر باس کە پێوسیتى بە فیشەک هەیە.

پاش ماوەیەک سوپاى عێراق هێزەکانى ڕێکخستەوە و دەستى کرد بە ئامادەکارى بۆ هێرشێکى تر، دوو فەوجى پیادەى تریشى بە هاناوە هاتن بۆ یارمەتیدانیان، ئیتر بیرى لەوە کردەوە کەوا لە توانایدا هەیە کە جارێکى دیکە پەلامارى سەنگەرەکانى پێشمەرگە بداتەوە، بەڵام ئەم جارەیان زۆر بە دژوارى هێرش و پەلامارەکانیان دەست پێکردەوە، تۆپباران و بۆمبارانەکانیان بە جۆرێک چڕ بوون لەسەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە کە خۆ ڕاگرتنى زۆر ئەستەم بوو، هەروەها کەم بوونى فیشەک و کەرەستەى جەنگى گرفتێکى دیکەى پێشمەرگە بوو بۆیە وایان بەباش زانى ئەو هێڵى بەرگرییە چۆڵ بکەن و بەرەو بێتواتە و ڕانیە بکشێنەوە، بەو پێیە سوپاى عێراق توانى زەفەر بە چیاى هەیبەت سوڵتاندا ببات و دەستى بەسەردا بگرێت. بە گرتنى شاخەکە حکومەت لەو ناوچەیە دەستبەردارى هێرشکارى بوو، پاشان بەشێک لەو هێزانەى لەو شەڕەدا بەشدار بوون چوونە پاڵ ئەو هێزانەى کە هێرشیان کردە سەر ناوچەى مێرگەسۆر.

پاش کۆتایی هاتنى هێرشەکە و پێکانى ئامانج لەلایەن سوپاى عێراقەوە بۆ ماوەیەک شەڕ و پەلامارەکانى سوپاى عێراق هێور بوونەوە و ناوچەکە تا ڕادەیەک ئارامى بەخۆوە بینى، ئەمەش دەرفەتێکى لەبار بوو بۆ هێزى پێشمەرگە کە هێزەکانیان ڕێک بخەنەوە و بە شێوەى پارتیزانى درێژە بە خەباتى شۆڕشگێڕى بدەن، بڕیار درا کەوا بنکە و بارەگاکانى پێشمەرگە لە چەند گوندێکى ناوچەکە دابمەزرێنن بۆ ئەمەش چەند گوندێک دیارى کران.  

   


سەرچاوەکان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم ٢٠٠٤.

٢- ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشى ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.

٣- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیرەوەریەکانى عەزیز قازى سورچى، چاپخانەى دانیشفەر، هەولێر، ٢٠٢٣.

٤- خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.

٥- سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپخانەى وەزارەتى رۆشنبیرى، چاپى یەکەم،١٩٩٧.

٦- غازى عادل گەردى، پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازى بارزانیدا حەجى بیڕۆخى، بەرگى یەکەم چاپى دووەم، تورکیا، ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ ١٩٨٥

لێدانى ڕەبایەى گردى بیێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى سەربازی ڕژێمى بەعس، لە ٢٨ی ئابی١٩٨٥ هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان، هێرشیان کردە سەر بنکەى سەربازى گردی بیێ لە ناوچەى گولیاى دەڤەرى بادینا، بەڵام نەیانتوانى دەستى بەسەردا بگرن بەهۆى بوونى مینێکى زۆر لە دەوروبەری ڕەبایەکە و تەقینەوەی بە ژمارەیەک پێشمەرگەدا، زیانى زۆرى پێگەیاندن لە شەهید و بریندار، بەو هۆیەوە دەستیان لە گرتنى ڕەبایەکە هەڵگرت و تەرمى شەهید و بریندارەکانیان دەربازکردن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى شکێرا ١٩٨٦

لێدانى ڕەبایەى شکێرا چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژ بە هێزى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، لە ١٩ى کانوونى دووەمى ١٩٨٦ هێزێکى پێشمەرگەى ڕێکخراوەکانى سەر بە لێژنەى ناوچەى زاخۆى پارتى دیموکراتى کوردستان هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى شکێرا لە ناوچەى گولی دەڤەرى بادینان، توانیان دەست بەسەر ڕەبایەدا بگرن و زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى بە چەکدارانى بەکرێگیراو بگەیەنن.

زانیاری زیاتر

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ ١٩٨٣

لێدانى ڕەبایەى ماسیکێ یەکێک لە چالاکییەکانى پارتیزانى هێزى پێشمەرگە دژى هێزى سەربازى ڕژێمى بەعس بوو، کە هێرشیان کردە سەر بنکەیەکى سەربازى عێراقى لە ناوچەى شێخانى دەڤەرى بادینا لە حوزەیرانى ١٩٨٣، لە ماوەیەکى کەمدا توانیان دەست بەسەر بنکە سەربازیەکە و چەک و تەقەمەنیدا بگرن و دوو سەربازیش بەدیل بگرن، پاشان کە چالاکییەکەیان بەسەرکەوتووى ئەنجامدا شوێنەکەیان بەجێهێشت.

زانیاری زیاتر

بۆسەى گوندى بەربانکێ ١٩٨٨

بۆسەى گوندى بەربانکێ چالاکییەکى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو دژى هێزەکانى ڕژێمى بەعس، لە ١٢ی شوباتی ١٩٨٨ لە نزیک گوندى بەربانکێ ڕێگای نێوان بامەڕنێ و سکرینێ بۆسەیەکیان بۆ هێزەکانى حکومەت دانایەوە، ئۆتۆمبێلێکى هێزە ئەمنییەکان کەوتە بۆسەکەوە و تەواوى سەرنشینانى کوژران و بەدیل گیران، دواى تەواوبوونى چالاکییەکە، هێزەکەى پێشمەرگە شوێنەکەیان جێهێشت و گەڕانەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕى گەلی قیرکی (سەرێ مەغارا) ١٩٨٥

شەڕى گەلی قیرکی چالاکییەکى پارتیزانى هێزى پێشمەرگەى کوردستان بوو لە سنوورى لێژنەى ناوچەى شێخانى پارتى دیموکراتى کوردستان، کاتێ کە هێرشیان کردە سەر ڕەبایەى گەلى قیرکی لە ٤ى حوزەیرانى ١٩٨٥، دواى شەڕێکى گەرم بەهۆى سەختى شوێنەکە و شەهیدبوونى بەرپرسى هێزەکان، هێزى پێشمەرگە دەستیان لە هێرشەکە هەڵگرت و شوێنەکەیان جێهێشت.

زانیاری زیاتر