کوشتاری ئەشکەوتی دەکان

داستانى ئەشکەوتى دەکان لە ١٨ى ئابى ١٩٦٩ لە نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق ڕوویدا، کاتێک کە سوپاى ناوبراو هەڵمەتێکى سەربازى کردە سەر ناوچەى (ئاکرێ - شێخان) بە پشتیوانى چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) و بۆردومانى تۆپ و فڕۆکەى جەنگى، لە ئەنجامى ئەو شەڕەدا (٦٦) هاوڵاتى سڤیلى گوندى دەکان لە پیرو پەککەوتەو ئافرەت و منداڵ لەناو ئەشکەوتى دەکان سوتان و خنکان و شەهید بوون.


بەعسیەکان لە ١٧تا٣٠ تەمموزى ١٩٦٨ لە ڕێى کودەتایەکى سەربازیەوە دەسەڵاتى عێراقیان گرتە دەست، وەکو نەریتێکى هەمیشەیی بۆ خۆڕیکخستنەوە و جێگیرکردنى پێگە و داکوتانى ڕەگوڕیشەی دەسەڵاتیان لە عێراقدا دەستیان کرد بە وتووێژ و بەڵێنى بێ بنەما لەسەر چارەسەرکردنى کێشەى کورد، بەڵام هێندەى نەخایاند جارێکى دیکە وەکو هەموو ڕژێمەکانى تر خۆیان لە جێبەجێکردنى داواکارى شۆڕش و چارەسەرکردنى کێشەى کورد دزیەوە و پەلامارەکانیان بۆ سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە دەست پێکردەوە لە کۆتاییەکانى ساڵى ١٩٦٨.

لە ئابى ١٩٦٨ تا تشرینى دووەمى ١٩٦٨ سوپاى عێراق زنجیرەیەک پەلامارى بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانى کوردستان دەست پێکردەوە، یەکێک لەو ناوچانە (ئاکرێ – شیخان) بوو کە کەوتە بەر پەلامار و هێرشکارى جارێکى دیکەى سوپاى بەعس و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش)، ئەمەش تاوان و قوربانى زۆرى لێ کەتەوە وەکو کۆمەڵکوژیەکەى ئەشکەوتى دەکان.

دەکان گوندێکى سەرنجڕاکێشى نزیک زێى خازر بوو لە بنارى چیاى خێرى لە ناوچەى شێخان، ژمارەى دانیشتوانى گوندەکە نزیکەى ٢٠تا٣٠ خێزان بوو کە بە کاروبارى کشتوکاڵیەوە سەرقاڵ بوون، هەروەها گوندەکە بە ڕەز و باغ و زەیتون و میوەجات ناوى دەرکردبوو.

پاش تێپەڕبوونى ساڵێک بەسەر حوکمى بەعسیەکاندا بە دیاریكراوى لە ناوەڕاستى مانگى ئابى ساڵی ١٩٦٩ سوپاى عێراق هێرشێکى گەورەى سەربازى بەربڵاوى بە پاڵپشتى سەدان چەکدارى بەکرێگیراو (جاش)ى هەرکى و چەکى هەمە جۆرى سوک و قوڕس، بۆ سەرکوتکردنى کورد و لەباربردنى شۆڕشى ئەیلوول کردە سەر ناوچەى (ئاکرێ -  شێخان) لە دەڤەرى شەمکان وەک گوندەکانى  بلان، تلە، مێرسیدا، سەرکاف، خورت، دەکان، نێروەک، باسفرێن و بیرێ لە بنارى چیاى خێری بە سەرپەرشتى  وەزیرى ناوخۆ سالح مەهدى عەماش و بە فەرماندەیی عەبدولجەبار ئەلئەسەدى بەرپرسى فرقەى چوار، لە ئاسمانیشەوە بە تۆپ و فڕۆکەوە ناوچەکەى بۆردومان دەکرد و تەڕ و وشکى بە یەکەوە دەسوتاند، هێزى (ئاکرێ – شیخان)ى پێشمەرگەش بە فەرماندیی تەیمور عەبدال شێخکى بەو چەکە سوکەى کە لەبەر دەستیان بوو بەرگریان دەکرد.

سەرەتاى جەنگەکە بە تۆپباران و بۆردومانى فڕۆکەى جەنگى لە مرێبا و شەرمنێ و باکورمان دەستپێکرد، پاشان هێرشى پیادەى هێنایە سەر ناوچەکە، خەڵکى گوندى دەکانیش وەکو دانیشتوانى هەموو گوندەکانى دیکە بۆ خۆپاراستن و خۆ حەشاردان لە بۆردومانى تۆپ و فڕۆکە پەنایان بردبووە بەر ئەشکەوتێک لە نزیک گوندەکەیانەوە بە ناوى ئەشکەوتى دەکان، بۆ ئەوەى سوپاى عێراق لە خشتە ببەن و نەیاندۆزنەوە چیلکە و دارێکى زۆریان لەبەر دەم ئەشکەوتەکە کۆکردبووە، بەڵام لە ئاماژەیەکى دیکەدا هاتووە کەوا لەبەردەم ئەشکەوتەکدا بە دوورى سەد مەترێک چەند کەپرێکیان بە دار و چڵوو لە لایەن هەندێک لە خەڵکى گوندەکە دروست کرابوون کۆمەڵێک کەلوپەلیان لێی دانابوو وەکو ماڵێکى کاتى.

دیارە ھێرشى سوپا و چەکدارى حکومەت لە پێشڕەویدا بوو تا لە ١٨ى ئابى ١٩٦٩ گەیشتنە ناو گوندى ناوبراو، دەسبەجێ دەستیان کرد بە تاڵانکارى ماڵ و سامانى دانیشتوانى گوند پاشان ئاگریان لە ماڵ وخانووى گوندەکە بەردا، ئینجا دەستیانکرد بە پشکنین و گەڕان بە دواى خەڵکى گوند تا ئەشکەوتەکەیان دۆزیوەتەوە کە ٦٦ هاوڵاتى لە ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتە خۆیانیان تێدا حەشار دابوو، پیاوەکانیش بەرەو چیا ڕۆیشتبوون، سوپاى عێراق و چەکدارە بەکرێگیراوەکان بێ سلەمینەوە ئەشکەوتەکەیان دایە بەر دەسـتڕێژى گوللە و ئاگریان لە چیلکە و دارەکان بەردا کە لەبەردەمى ئەشکەوتەکەدا کۆ کرابوونەوە و ئەو کەپرانەى لەوێ دروستکرابوون، ئیتر تەقەى تفەنگ و ناڵە و هاوار و قیژەى ئافرەت و منداڵ تێکەڵ بە یەکتر بوو تا هەموویان لەناو دوکەڵ و گڕى ئاگر و گوڵلەى سەربازى عێراقى و چەکدارى بەکرێگیراو (جاش) کوژران و خنکان و هەڵکروزان، یەکەمین کەسى کە لەبەر دەمى ئەشکەوتەکە شەهید بوو پێرەمێردێکى بەساڵاچووى پەککەوتە بوو بە گوللە پێکرابوو، هەندی لە ئافرەتان ویستبوویان بەناو گڕى ئاگردا باز بدەن و خۆیان بگەیەننە جۆگەیەکى ئاو کە لە نزیک ئەشکەوتدا هەبووە، بەڵام بە جۆرێک سوتابوون و هەڵقرچابوون فریا نەکەوتبوون بگەنە ئاوەکە و شەهید ببوون،  تەنانەت دانەیەکیان بە زیندوویى دەرنەچوون بەڵکو سەرجەمیان شەهید بوون کە لەوانە ٣٧منداڵ و ٢٩ ژن و پیرەمێردێک.

پاش چەند ڕۆژێک دەستەیەکى پێشمەرگە کە دەنگ و باسى ئەم کارەساتەیان بیست بۆ بە هاناوەچوونیان ڕوویان لە ئەشکەوتەکە کرد، بەڵام بینیان وا کارلەکارا ترازاوە و هەموویان شەهید بوون، ئیتر بە هاوکارى خەڵکى دەوروبەر گۆرستانێکیان لە نزیك ئەشکەوتەکە بۆ سازکردن و هەرلەوێ ناشتیان. دواى تێپەڕبوونى چەند ڕۆژێک دەستەیەکى پێشمەرگە هێرشیان بردە سەر کونس و خورو چەلوو گوندەکانى هەرکیان، تاڵانیان کردن و سوتاندیان لە تۆڵەى ڕووداوى ئەشکەوتى دەکان.            


سەرچاوەکان:

١- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٢- هۆژین مەسعود سەرنى، شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٠٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

٣- شەوکەت مەلا ئیسماعیل حسن، ڕۆژانێ لە مێژووى شۆرشى ئەیلوول، چاحى یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٧.

٤- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆرشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٥- حاجى میرخان دۆڵەمەرى، گەڕان بەدواى دادپەروەریدا، بەرگى یەکەم، چاپى دووەم، چاپخانەى اسراء، تاران، ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

شاڵاوی بەدناوی ئەنفال

ئەنفال شاڵاوی کۆمەڵکوژى و لەناوبردن و سڕینەوەى نەتەوەى کورد بوو. لە چەند قۆناغێکى جیاواز ڕژێمى بەعس ئەنجامی دا، لە ساڵى ١٩٧١ لە دژى کوردە فەیلییەکان، ساڵى ١٩٨٣ بەرانبەر بە بارزانییەکان و ساڵى ١٩٨٨ سەرجەم خاکی کوردستان گرتەوە، ئەم شاڵاوە لێسەندنەوەى ڕەگەزنامە، سوتاندنى گوند و لادێکان، گرتن و ڕاگواستن و زیندەبەچاڵکردن و کوشتنى هاوڵاتیانى سڤیلى کوردستانى لێکەوتەوە، سەرەنجامەکەشى بێسەروشوێنکردن و زیندەبەچاڵکردنی نزیکەى ١٨٢ هەزار هاوڵاتى بێ تاوانی کوردستان بوو.

زانیاری زیاتر

بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان- ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥

لە ٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٥، هەشت فڕۆکەی ڕژێمی بەعس لە گەرمەی شەڕی عێراق و ئێران بە شێوەیەکی هوڤیانە پەلاماری ئۆردوگای زێوەیاندا کە ئۆردوگایەکی تایبەت بەنیشتەجێبوونی ئەو پەنابەرە کوردانەی باشوور بوو، دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەئەنجامدا ١٥٠ هاووڵاتی سڤیل بە پیر و منداڵ و پەککەوتەوە شەهیدبوون و نزیکەی ٤٠٠ هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون کە بەشێکی زۆریان قوتابی بوون و بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی کۆتایی ساڵ چووبوونە قوتابخانەکەیان.

زانیاری زیاتر

کۆمەڵکوژیەکەى بەردەرگای سەرای شارى سلێمانى

ئەم کۆمەڵکوژیە لە هاوینى ١٩٦٣ لە سەردەمى دەسەڵاتدارى بەعسیەکان لە پارێزگاى سلێمانى ڕوویدا کە بۆچوونیان وابوو ئەگەر کۆمەڵکوژى و هێرشى فراوان بۆ سەر کوردستان ئەنجام بدەن بە ماوەیەکى کەم هەرەس بە شۆڕشی ئەیلوول دێنن و تەواوى کوردستان دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، هەرچەندە لە شارى سلێمانى دەستیان کرد بە ڕەشبگیرى و کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى بێتاوان، بەڵام نەک سەرکەوتوو نەبوون بەڵکو لە تەواوى پەلامارەکانیان لە چیاى ئەزمەڕ شکستیان خوارد.

زانیاری زیاتر

بۆردومانى قەڵادزێ

بۆردومانى شاری قەڵادزێ یەکێک بوو لەو کارەساتە تراژدیدیا ئامێزانەى کە لەسەر دەستى حکومەتى بەعس دژى دانیشتوانى سڤیل ئەنجام درا، دواى ئەوەى کەوا حکومەت فەرمانى دەست پێکرنەوەى شەڕی دژى شۆڕشى کورد دەرکرد بە شێوەیەکى زۆر دڕندانە هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر کوردستان دەست پێکردەوە، لە ٢٤ى نیسانى ١٩٧٤ بە چەند بالەفڕێکى جەنگى بۆردمانى شارى قەڵادزێی کرد.

زانیاری زیاتر

کۆمەڵکوژییەکەى گوندى سوريا

کۆمەڵکوژى گوندى سۆریا لە ١٦ى ئەیلوولى ١٩٦٩ ڕوویدا لەلایەن سوپاى عێراق، کە تێیدا هەڵمەتێکى سەربازیان کردە سەر گوندى سۆریا لە قەزاى زاخۆ بە بیانووى ئەوەى کە دەستیان هەبوو لە دانانەوەى مینێک لە شەقامى سەرەکى نزیک گوندەکەیان، کە بە سیارەیەکى سەربازیدا تەقیەوەو تێیدا ئەفەسەرێک و چەند سەبازێک کوژران.

زانیاری زیاتر