داستانى ئەزمەڕ ١٩٧٤

ئەو داستانە لە ١٩ى حوزەیرانى ١٩٧٤ لە چیاى ئەزمەڕ ڕوویدا، لەو کاتەدا شارى سلێمانی بەشێک بوو لە ناوچەى ژێر دەسەڵاتى سوپاى عێراق، بەڵام هێزى ئەوەى نەبوو بە ویستى خۆى جموجۆڵە سەربازییەکانى ئەنجام بدات، بۆیە نەخشەى پەلامارى چیاى ئەزمەڕی داڕشت کە هێزى پێشمەرگە سەنگەرى بەرگرى تێدا قایم کردبوو، هەرچەندە توانى ئەو چیایە بگرێت، بەڵام دووچارى زیانێکى زۆرى گیانى و ماددى بوو.


ئەزمەڕ چیایەکى بەرزى ناودارى کوردستانە، دەکەوێتە باکوورى خۆرهەڵاتى شارى سلێمانى، بەهۆى بەرزییەکەیەوە زاڵە بەسەر دەوروبەریدا بۆیە لەڕووى سەربازیەوە بە شوێنگەیەکى جوگرافى گرنگ دادەنرێت، چیا بەرزەکان شوێنى خۆڕاگرى و بەرگرى هێزى پێشمەرگە بوون، سوپای عێراقیش بۆ باڵادەستبوون بەسەر تەواوى ناوچەکەدا بڕیاری دا کەوا دەست بەسەر بەرزاییەکانیشدا بگرێ، هەرچەندە دەسەڵاتى سوپاى عێراق لە ناو شارى سلیمانى بوونى هەبوو، بەڵام کە هێزى پێشمەرگە لە بەرزایی چیاى ئەزمەڕ باڵادەست بوو هێزەکانى سوپاى عێراق بۆیان ئاسان نەبوو جموجۆڵ و ئەرکە سەربازییەکانیان ڕاپەڕێنن، بۆیە دەستیان کرد بە ئامادەکارى هێرشى سەربازى بۆ گرتنى کێوەکە.

لە کاتژمێر ٥:٣٠ خولەکى ١٩ى حوزەیرانى ١٩٧٤ سوپاى عێراق زەنگى هەڵکوتانە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگەى لە چیاى ئەزمەڕ لێدا، بۆ ئەم هێرشە و داگیرکردنى چیاى ئەزمەڕ هەریەک لە هێزى ٤ى فیرقەى ٢ى کەرکووک و هێزى تایبەت (قوات خاصة) و کەتیبەى تانکى هێزى ٨ و هێزى ئاسمانى و تۆپخانەى فیرقەى ٢ و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) بەشدار بوون، هێزى پێشمەرگەش کە لە ئامادەباشى هێڵی بەرگرى بوون، بریتى بوو لە بەتالیۆنى ٤ى پێنجوێنى هێزى خەبات بە فەرماندەیى نورى حەمە عەلی. 

حکومەت بۆ ئەو جارەى هێرش و پەلامارەکانى سەر ناوچەکانى شۆڕش هەموو توانایەکى سەربازى لە ھێز و چەک و تفاقى جەنگى و تانک و تۆپى دوورهاوێژ و زرێپۆش و هێزى ئاسمانى بەکارهێنا، بۆ زاڵ بوون بەسەر شۆڕشى کورد، سوپاى عێراق لەو هێرشەیدا بۆ سەر چیاى ئەزمەڕ سەرەتا وەکو فێڵێکى  سەربازى تۆپبارانی چیاکەی لە ڕێى تۆپخانە و فڕۆکەى جەنگى دەستپێکرد، بەڵام هێزى پێشمەرگە پێشبینى ئەوەیان کردبوو، بۆیە سەنگەرەکانیان به‌باشی قایم کردبوو، تاکو لە کاتى تۆپباران زیانیان پێ نەگا، ئەگەرچى لە ئەنجامى تۆپبارانەکەدا هەندێک بریندار هەبوون، بەڵام پێشمەرگە بۆ پاراستنى هێڵى بەرگرى هەر لە ئامادەباشیدا بوون.

کاتێک کە هێزى ئاسمانى سوپای عێراق لە چیایەکە بۆردومانى سەنگەرەکانى پێشمەرگەیان دەکرد، بەشى بەرگریى ئاسمانى پێشمەرگە فڕۆکەیەکى هێلیکۆپتەریان بە چەکى دۆشکە تێکشکاند، ئەمەش کاریگەرى گرنگى هەبوو لەسەر بەرزبوونەوەى ورەیان، دواى وەستانى تۆپباران سوپاى عێراق هێرشى بەربڵاوى لەو شوێنانەى کە ڕێگا هەبوو کەتیبەى تانک بکەوێتە پێش هێزى پیادە و چەکدارانى (جاش) دەستپێکرد، هەرچەندە بەهۆى بوونى مینى دژە تانک جووڵەکانیان خێرا نەبوون، بەڵام هێزى پیادە و جاشەکان لە شوێنى دیکەش دەستیان بە پێشڕەوى کرد، تا نزیک بوونەوە لە سەنگەرەکانى پێشمەرگە، شەڕێکى گەرم لە نێوانیاندا ده‌ستیپێكرد، بە درێژایی ئەو ڕۆژە پێشمەرگە توانى بە توندترین شێوە بەرپەرچى ئەو هێرشە گەورەیە بداتەوە، هێرشه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزی پێشمه‌رگه‌ تێكشكێندرا، لاشەى چەندین سەرباز و جاش لە مەیدانى شەڕ بەجێ مان، لە کاتى پاشەکشەدا لاشەى کوژراوەکانیان بە تانک دەگواستەوە. 

سوپاى عێراق ئەو ڕۆژە نەیتوانى ئامانجه‌كه‌ی بپێکێ، ڕۆژى دوایى واتا ١٩ى حوزەیران ١٩٧٤ دووبارە دەستیان بە هێرشى بەربڵاو کردەوە، بە هەمان شێوەى ڕۆژى پێشوو بگرە چڕتریش لەڕووى تۆپباران و بۆردومانى فڕۆکەوە، پاشان بە هێزى زۆر و پاڵپشتى کەتیبەى تانک و زرێپۆش هەڵیان کوتایە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە، دواى شەڕێکى گەرم و خوێناوى سوپاى عێراق چەندین زیانى گیانى و ماددى لێکەوت، چه‌ندین تانک و زرێپۆش تێکشکێنران، بۆیه‌ نەیانتوانى بەو جۆرە پێیشڕەوى بکەن، کە فەرماندەکانى سوپا دڵیان پێ خۆش بێ، بەڵام پێداگرى سوپاى عێراق لە گرتنى چیاى ئەزمەڕ وایکرد هەندێک لە ئەفسەرانى سوپا سزا بدرێن، ترس و دڵەڕاوکێ بخەنە دڵى ئەوانى تر بۆئەوەى سەربکەون بەسەر پێشمەرگەدا، دواى گوشارێکى زۆر و هێرشى بەردەوام و بێ شومارى ژمارەى سەربازان و چەکى بەهێز و تانک و تۆپ وزرێپۆش و هێزى ئاسمانى، سەرەڕای بوونى زیانێکى زۆریش لە سوپا و چەکدارنى بەکرێگیراو، هەروەها هێزى پێشمەرگە لە زیانى گیانى بێ بەش نەبوو لە شەهید و بریندار، سوپا توانى چیاى ئەزمەڕ بگرێـت.                               


سەرچاوەکان:

  1. سه‌نگه‌ر ئيبراهيم خۆشناو، ڕووداوه‌ سه‌ربازيه‌كانى شۆڕشى ئه‌يلوول 1970-1975، چاپى يه‌كه‌م، چاپخانەى دانیشفەڕ، هه‌ولێر، 2022.

  2. ملازم خدر عەبدوڵڵە دەباغ، بیرەوەریەکانم و تۆپخانەى شۆرش ئەیلوولى مەزن چاپخانەى ڕۆشنبیری، چاپى سێیەم، هەولێر – ٢٠٢٠.

  3. کاروان جوهر محمد، ئیدریس بارزانى ١٩٤٤- ١٩٨٧ ژیان و ڕۆلى سیاسیى و سەربازى لە بزوتنەوەى ڕزگاریخوازى کورددا، چاپخانەى هێڤی، هەولێر، ٢٠١٩.

  4.  ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆرشى ئەیلوول بنیادنان و هوڵتەکاندن، چاپى چوارەم، ٢٠٢١. 


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر