داستانى بێستانە و دەشتى هەولێر ١٩٦٥

ئەم داستانە لە دەشتى هەولێر لە نێوان سوپاى عێراق و هێزى پێشمەرگە ڕوویدا لە کۆتایی پاییزى ساڵى ١٩٦٥، سوپاى عێراق پەلامارى بنکەو بارەگاکانى پێشمەرگەی دا بۆ ئەوەى مەترسییەکانى پێشمەرگە لەسەر بیرە نەوتەکانى کەرکووک و دابەزینى مەفرەزەکانى پێشمەرگە بۆ ناوشار و شارۆچکەکان کەم بکاتەوە، بەڵام سوپاى ناو براو دووچارى شکستێکى گەورە بوو زیانى گیانى و ماددى زرۆى پێکەوت و نەیتوانى ئامانجەکەى بپێکێ.


ساڵى ١٩٦٥ ناوچەکانى شۆرشى کورد ڕووبەڕرووى کۆمەڵێک شەڕ و داستان بوونەوە لەلایەن سوپاى عێراقەوە بۆ ئەوەى لە هەموو ئەو ناوچانەدا دەنگى شۆڕش کپ بکەن و چالاکییەکانیان لەبار ببەن، بەڵام لە زۆرێک لەو شەڕانەدا و هەڵمەتى پێشمەرگە لە دژە هێرشى بۆ سەر چەند شوێنێک سەرکەوتنى بەرچاوى بەخۆوە بینى، چەند ناوچەیەکى کوردستان کەوتنەوە ژێر دەسەڵاتى شۆڕشەوە وەکو ناوچەى قەڵادزە و چوارتا و خۆشناوەتى و چیاى سەفین و قەرەداغ و گەرمیان و کەلر و وارماوە.

دەشتى هەولێر یان بەدیاریکراوى گوندى بێستانە یەکێک بوو لەو دەڤەرانەى کەوا کەوتە بەر پەلامارى سوپاى ناوبراو، بێستانە گوندێکى خنجیلانەى دەشتى هەولێرە سەربە ناحیەى قوشتەپە لە ڕۆژهەڵاتى شارى هەولێر بە دوورى نزیکەى ٣٠کم، لەبەر ئەوەى ناوچەیەکى گرنگ بوو بۆ شۆڕش و نزیک بوو لە هەولێر و پردێ (ئاڵتوون کۆپری) و قوشتەپە و تەقتەق لەو شوێنانەوە سوپاى عێراق بە ئاسانى دەیتوانى هەڵمەتى بۆ ببات، هێزى پێشمەرگەش زۆر بەئاسانى دەیتوانى لەوێوە دەستە و تاقم و مەفرەزەکانى ڕەوانەى ناو ئەو شار و شارۆچکانە بکات و چالاکى پارتیزانى ئەنجام بدات و بگەڕێنەوە شوێنى خۆیان. 

دیارە حکومەت لەم هەڵمەتە سەربازییەدا مەبەستى بووە کەوا بنکە و بارەگاکانى پێشمەرگە لەم ناوچانەى دەشتى هەولێر دوور بخاتەوە تاوەکو مەترسى لەسەر چاڵە نەوتەکانى کەرکووک نەهێڵێ لە لایک بەو پێیەى چاڵە نەوتەکان زۆر جار دەکەوتنە بەر پەلامارى پێشمەرگە، لە لایەکى دیکەشەوە دەیەویست چالاکى پێشمەرگە لەسەر شارى هەلێر و کۆیە و شوێنەکانى تر کەم بکاتەوە، لەبەر ئەم هۆیانەوە حکومەت لە پایزى ساڵى ١٩٦٥ هەستا بە ئەنجامدانى هێرشێکى گەورە و بەربڵاو، کە پێکهاتبوو لە سوپا و چەکدارانى بەکرێگیراو (جاش) بە پاڵپشتى تانک و تۆپى دوورهاوێژ و فڕۆکەى جەنگى، بۆ سەر بنکە و بارەگاکانى پێشمەرگە لە بێستانە و دەشتى کۆیە و هەولێر کە بە هێرشى پێنج قۆڵیش ناو دەبرێ.

شاڵاوى سوپاى عێراق و چەکدارە بەکرێگیراوەکان لە پێنج قۆڵەوە دەستیان پێکرد، هێزێک لە قوشتەپەوە بەرەو بێستانە، هێزێکى دیکە لە دەربەندى گۆمە سپانەوە و هێزێکى تریش لە تەقتەق و ناحیەى شوانەوە و هێزى چوارەمیش لە هەولێرەوە بۆ دارەتوو بەرەو بێستانە و هێزى پێنجەمیش لە گوندى قەشقەوە بەرەو بێستانە، هەروەها لە کۆیە بەرەو دێگەڵە و گوندى تاڵەبانى بچووک. کە ئەمە ڕووبەرێکى گەورە و فراوانى لە دەشتى هەولێر لەخۆ گرتبوو کە بۆ ماوەى یەک مانگ بە بەردەوامى پەلامارەکانى سوپاى عێراق بۆ سەر بنکە و بارەگاکانى پێشمەرگە لە چەند قۆڵەوە لە دەشتى هەولێر درێژەى هەبوو. 

سەرەتاى هێرشەکە بە تۆپبارانێکى قوڕسى سەنگەرەکانى پێشمەرگەوە دەستى پێکرد لە هەولێر و دەربەندى گۆمەسپان و قەشقەوە کەتیبەى تۆپخانەیان دامەزراندبوو، جگە لەوەش هەر لە بەرەى بەیانەوە تا ئێوارە هێزى ئاسمانى حکومەت بارەگا و سەنگەرەکانى پێشمەرگەیان بۆردومان دەکرد، بەو نیازەى کە دەتوانن لە ماوەیەکى زۆر کەمدا دەست بەسەر هەموو ئەو ناوچانەدا دەگرن کە لە ژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەدان و سەنگەرەکانیان  پێ چۆل دەکەن و ئەو دەشتە پان و بەرینە دەگەڕێتەوە ژێر دەستى هێزى سوپای حکومەت.

بەڵام دیارە هێزى پێشمەرگە بەر لە دەستپێکردنى هەواڵی هێرشێکى بەربڵاوى پێگەیشتبوو بۆ سەر سەنگەرەکانیان لەو دەڤەرە، بۆیە تەواوى ئامادەکارییەکانى بەرگریکردنى بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرەنگاربوونەوەى هێزە زەبەلاحەکەى سوپاى عێراقى کردبوو، یەکێک لە ئامادەکارییەکان گواستنەوەى هەموو ئەو پێشمەرگانەى کە بریندار بوون یان نەخۆش بوون و توانى شەڕیان نەبوو بۆ ناوچەکانى دیکەى شۆڕش کە مەترسى هێرشى حکومەتیان لەسەر نەبوو بۆ ئەوى لەکاتى شەڕدا نەبن بە ئەرک بەسەر پێشمەرگەوە، یان لەهەر دۆخێکى نەخوازراودا بەتایبەتى لە شکستدا نەکەونە دەستى دوژمن.

لەم شەڕەدا نزیکەى ٢٠٠ پێشمەرگەى شارەزا لە شەڕ و بەرگریدا خۆیان گیان فیدا کرد و سەنگەرەکانى بەرگریان قایم کردن، هەروەها بەڵێنى مان و نەمانیان لەگەڵ یەکترى و خاک و بیروباوەڕى کوردانەیان دووپات کردەوە، بە فەرماندەیی فارس باوە، ئەحمەد حاجى عەلى، قادر عەزیز وسو دزەیی، سەید کاکە لە کاتى دەستپێکردنى شەڕدا پێشمەرگەکان بە جۆرێک بەرەنگارى هێزەکانى سوپاى عێراق و چەکداران بوونەوە تا ماوەى یەک مانگى هێرش بە دواى هێرش نەیانهێشت سوپاى عێراق دەستى بگاتە بنکە و بارەگاکان و سەنگەرەکانیان، ئەمەش بووە جێگاى شۆک بوونى هێزەکانى سوپاى عێراق کە بەو هەموو تواناى سەربازى و لۆجستى و چەک و تەقەمەنیەى کە لەبەر دەستیان بوو نەیانتوانى ئەوەى مەبەستیان بوو پلانیان بۆى داڕشتبوو جێبەجێێ بکەن.

دواى مانگێک لە هێرش و پەلامارى سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە سوپاى عێراق نەیتوانى ئامانجەکەى بپێکێ و بەسەر پێشمەرگەدا سەر بکەوێ، بۆیە دواى زەرەر و زیانێکى زۆرەوە کە بریتى بوو لە کوژرانى دەیان سەرباز و تێکشکاندنى چەندین سیارەى سەربازى بە ناچارى پاشەکشەى بە هێزەکانى کرد بۆ ئەو شوێنەى کە لێیە و دەستیان بە جووڵە کردو ناوچەکەى بەجێهێشت.

دواى کۆتایی هاتنى هێرشى سوپاى عێراق لە هێزى پێشمەرگەش زیانى گیانى هەبوو کە بریتى بوو لە شەهیدبوونى ٦ پێشمەرگە و برینداربوونى ١٤ پێشمەرگە، هەروەها زیاتر لە ٢٠ گوند لە لایەن چەکدارە بەکرێگیراوەکان (جاش) سووتێندران نزیکەى ٥٠ هاووڵاتى لە ژن و منداڵ بە بۆردومانى فڕۆکە و تۆپباران شەهید و بریندار بوون، بەڵام ئەوە نەبووە مایەى دابەزینى ورەی پێشمەرگە کە دەستبەردارى چالاکى پارتیزانى ببن، ئەمە بوو هەر بە ماوەیەکى زوو چەند مەفرەزەیەکى پێشمەرگە خۆیان گەیاندە ناو شارى هەولێر و پەلامارى چەند دام و دەزگایەکى سەربازى حکومەتیان دا بۆ ئەوەى لەلایەک پیشانى حکومەت بدەن کە ورەى پێشمەرگە دانەبەزیوە و لە چالاکییەکانى پارتیزانى بەردەوامن، لە لایەکى دیکەشەوە دڵنەوایى جەماوەرى شارى هەولێر بدەنەوە و لایان ڕوون و ئاشکرا بێت کە ئەم هێرشانەى حکومەت کاریگەرى نەرێنى لەسەر هێز و ورەى پێشمەرگە نابێت.      


سەرچاوەکان:

١. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕشی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چاپی یەکەم ٢٠٠٤.

٢. ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشى ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٣. خورشید شێرە، خەبات و خوێن، بیرەوەریەکانی ساڵانی خەباتی پێشمەرگایەتی، چاپی سێیەم، هەولێر، ٢٠١٥.

٤. ئیبراهیم جلال، باشووری كوردستان و شۆڕشی ئه‌یلوول، بنیاتنان و هه‌ڵته‌كاندن، 1961-1975، چاپی چواره‌م، 2021.

٥. سەید کاکە، بیرەوەرى پێشمەرگەیەک، چاپخانەى وەزارەتى رۆشنبیرى، چاپى یەکەم،١٩٩٧.

٦. عەبدولا رحمان مەلازادە: شێوەى پێکهاتەى شۆرشى ئەیلوول، چاپى دووەم، دهۆک.


بابەتی پەیوەندیدار

داستانی کۆڕێ ١٩٩١

داستانى کۆڕێ یەکێکە لەو شەڕ و ڕووبەڕوونەوە چارەنووسسازانەى کە پێشمەرگەی کوردستان لە ٧ – ١١ى نیسانى ١٩٩١ لە بەرانبەر سوپاى عێراق تومارى کرد، دواى ئەوەى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٩١ لە بەرانبەر هێزى پێشمەرگەى بەرەى کوردستانى و شەپۆلی ناڕەزایی جەماوەرى ڕاپەڕیوى باشوورى کوردستان شکستى خوارد و تەواوى شار و شارۆچکەکانی باشووری کوردستان ڕزگارکران، زۆرى نەخایاند سوپای ڕژێم لەلایەن هێزى هاوپەیمانانەوە چراى سەوزى بۆ هەڵکرا و لە ٢٧ى ئادارى ١٩٩١ لە کەرکووکەوە زۆر بە دژوارى بەرەنگارى پێشمەرگە بووەوە ...

زانیاری زیاتر

شەڕی ئاڤا زێ ١٩٨٧

چالاکی هێزى پێشمەرگەى سنوورى لقی (١)ى دەڤەرى بادینان بوو لە ساڵى ١٩٨٧، کە هەستان بە هێرش کردن بۆ سەر یەکێک لە ڕەبایەکانى سەربازى سوپاى عێراق لە نزیک شارۆچکەى شێلادزێ لە سەر ئاڤا زێ، بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر ڕەبایەکەدا گرت و تەواوى سەربازانى کە لەو سەنگەرە لە ئەرکدا بوون کوژران، پێشمەرگەکانیش بە بێ زیان شوێنەکەیان بەجێ هێشت.

زانیاری زیاتر

داستانی خواکوڕک

شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیەکى گەورەى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمى بەعس لە ١٩ى تەممووز تا ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ لە ناوچەى خواکوڕکى دەڤەرى برادۆست ڕوویدا، بە مەبەستى دەست گرتن بەسەر ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش لە سێگۆشەى سنوورى (عێراق - ئێران - تورکیا)، سوپاى عێراق هێرشێکى گەورە و بەربڵاوی ئەنجام دا، لە ماوەى ٤٥ ڕۆژى شەڕ و هێرشکارى، هێزە چەکدارەکانى عێراق لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە تێشکێندران و زیانى گەورەى گیانى و ماددیان بەرکەوت، لە ٥ى ئەیلوولى ١٩٨٨ بەهۆى چەند هۆکارێک ...

زانیاری زیاتر

شەڕی خێزاڤا ١٩٨١

لە ڕێکەوتی ٢٥ی ئایاری ١٩٨١ شەڕی خێزاڤا لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپاى ڕژێمی عێراقدا ڕوویدا. کاتێک کە هێزێکى پێشمەرگەى سەربە لیژنەى ناوچەى زاخۆ لە گەڕانێکدا(جولە) بوون لە گوندەکانى ناوچەى باتیفاى دەڤەرى بادینان بۆ جێبەجێ کردنى ئەرکى پێشمەرگایەتى، لە گوندى خێزاڤا ڕووبەڕووى هێزێکى سەربازیی سوپای رژێمى بەعس بوونەوە، دواى شەڕێکى سەخت هێزێکى دیکەى سەربە لیواى باتیفا و دەشتى چیێی سوپای عێراق بەرەو شوێنى ڕوداوەکە بۆ پشتیوانى و هاوکاریى ئەو هێزەى کە لەگەڵ پێشمەرگە لەشەردا بوون، هاتن.

زانیاری زیاتر

شەڕ و بۆسەى زەمبیل فرۆش ١٩٨٠

شەڕى زەمبیل فرۆش یەکێکیترە لە ڕووبەڕووبوونەوەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەگەڵ سوپای ڕژێمی بەعس. لە ٢٢ی ئازاری ١٩٨٠ لە دەڤەری باتۆفا، هێزێکی پێشـمەرگە لەسەر ڕێگایەکی سەرەکی بۆسەیەکیان بۆ هێزێکی سەربازیی سوپای عێراق دانایەوە، لە ئاکامدا هێزەکەی سوپا کەوتنە نێو بۆسەکەوە و زیانێکی زۆریان بەرکەوت. لەم کاتەدا هێزێکیتری سەربە لیواى باتوفای سوپای عێراق بۆ پشتیوانی و هاوکاریی هێزە تێکشکاوەکەیان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە، بە گەیشتنیان شەڕ و پێکدادانێکی سەخت لە نێوان هێزەکەی پێشمەرگە و سەربازانی سوپادا ...

زانیاری زیاتر