داستانی بامەڕنێ ئایاری ١٩٨٧

ئەو داستانە لە ئایارى ١٩٨٧ لە ناوچەى بامەڕنێى دەڤەرى بادینان ڕوویدا، کاتێ کە پێشمەرگە هێرشێکى گەورەى کردە سەر سەربازگە و سەنگەرەکانى سوپاى عێراق لە ناوچەکە، هێزى پێشمەرگە لەو داستانەدا دەستى بەسەر سەربازگەکەدا گرت و زیانى گەورەى پێ گەیاندن لە کوژران و بەدیل گرتنى سەربازانى سوپاى عێراق و دەستگرتن بەسەر ژمارەیەکى زۆرى چەک و تەقەمەنى.


ناحیەى بامەڕنێ دەکەوێتە بنارى چیاى مەتینا سەر بە قەزاى ئامێدى لە پارێزگاى دهۆک، لە شۆڕشی ئەیلوولدا شەڕى گەورەى بەخۆوە بینیوە کە دیارترینیان داستانى چیاى مەتینایە، دیارە ئەو داستانە و زۆرانى تر ڕۆڵێکى گەورەیان هێناوەتە ئارا لە ڕەنگڕێژکردنى لاپەڕەکانى مێژوو بەو شەڕ و نەبەردیانەى کە لەسەر دەستى هێزى پێشمەرگە تۆمار کراون بۆ دەستەبەر کردنى ئازادى.   

بەردەوامى خەبات چالاکییەکانى پێشمەرگەى خزاندە هەناوى دەوڵەت لە ناوچە جیاجیاکانى کوردستان لە سەردەمى شۆڕشى گوڵاندا، بە شێوازى پارتیزانى توانرا زەبرى کوشندە بە دامودەزگا سەربازى  و ئەمنیەکانی حکومەتى بەعس بگەیەنێ، داستانى بامەڕنێ یەکێکە لەو هەڵمەتانەى پێشمەرگە کە کردیە سەر مۆڵگە و سەربازگەکانى سوپاى عێراق لە ناوچەى بامەڕنێ شەوى ٢٦ لەسەر٢٧ى ئایارى  ١٩٨٧ لەلایەن هێزى پێشمەرگەى لێژنە ناوچەکانى ئامێدى و دهۆک و شێخان و بەرگرى میللەى ئەنجام درا.

هەرچەندە هێرشەکەى پێشمەرگە شەوێک دوا کەوت بەهۆى پاشگەز بوونەوەى چەکدارانى بەکرێگیراو کە بەڵێنى هاوکاریان دابوو، بەڵام دواتر بە پلانێکى توکمەى سەربازى هەڵکوترایە سەر بارەگاکانى سەربازى سوپاى عێراق لە دەڤەرەکە بە ماوەیەکى کەم دەستیان بەسەر سێزدە سەنگەر و فڕگەى بامەڕنێ و بارەگاى فەوجى پاسەوانانى سنوور و فەوجى ١٤٠دا بگیرێ، زەبرێکى گەورە بەر سەربازانى سوپاى عێراق کەوت کە بریتى بوو لە کۆژرانى زیاتر لە سەد سەرباز و بەدیل گرتنى ٥٨ى دیکە، دەستکەوتەکانى ئەو داستانە بریتى بوون زیاتر لە دووسەد و پازدە پارچە چەکى جۆراو جۆر و زیاتر لە ٢٠١٥٠ فیشەکى جۆراوجۆر، دیارە هێزى پێشمەرگەش بێ زیان نەبوو کە دوو پیشمەرگە شەهید بوون بە ناوەکانى فەوزى ڕەمەزان ڕەشۆ سکرینى و عەبدولسەتار سالح مراد و برینداربوونى سی پێشمەرگەى تر. 

لەو هێرشەدا لە بارەگاى فەوج دەست بەسەر بڕى ٣٢ هەزار دیناردا گیرا، ڕاستەوخۆ پێشمەرگە و بەرپرسان هەستان پارەکەیان کردە دیارى بۆ خانەوادەى شەهیدان، دیارە سەرکەوتنى ئەو داستانە و لێدانى بەهێز لە دەزگا سەربازییەکانى حکومەت مۆڕالێکى گەورە بوو بۆ شۆڕش  و هێزى پێشمەرگە، پەیامێکى بەهێزیش بوو بۆ ڕژێمى بەعس کە شۆڕش بەردەوامە و لە توانایدا هەیە چالاکى گەورە ئەنجام بدات لە هەر شوێنێک ئەگەر مەبەستى بێت.       


سەرچاوەکان:

  1. https://www.kurdipedia.org/default.aspx?lng=1&q=20081218012640829

  2. هۆژین مەسعود سەرنى، شورەشا ئیلونێ ل دەڤەرا بەهدینان ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

  3. بارزانى و بزوتنەەى ڕزگاریخوازى کورد، بەرگى چوارەم ١٩٧٥ – ١٩٩٠ شۆرشى گوڵان بەشى دووەم چاپى یەکەم، چاپخانەى ڕوکسانا، ٢٠٢١.  


بابەتی پەیوەندیدار

چالاکى گەرووى سیتکان ١٩٨٣

چالاکى گەرووى سیتکان بریتى بوو لە ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگەى کوردستان لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق، لە ئێوارەیەکى بەهارى ١٩٨٣ لە گەرووى سیتکانى نزیک چیاى زۆزک، لەماوەیەکى کورتدا هێزەکەى پێشمەرگە هێرشیان کردە سەر هێزە سەربازیەکە و تێکیان شکاندن و زیانی زۆریان پێ گەیاندن لە کوشتن و بریندار، پاشان شوێنەکەیان جێ هیشت.

زانیاری زیاتر

شەڕى دیانا ١٩٧٩

شەڕی دیانا، ڕووبەڕوو بوونەوەى مەفرەزەیەکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە شارۆچکەى دیانا، کاتێ کە مەفرەزەکەى پێشمەرگە بەمەستى ئەنجامدانى چالاکیەک کە هێرشکردنە سەر ماڵی خیانەتکارێکى بەکرێگیراوى ڕژێم بە هاوکارى ڕێکخستنە نهێنیەکانى ناوشار، لە ڕێگاى رۆیشتنیان بۆ شوێنى مەبەست دووچارى هێزێکى سەربازى حکومەت بوونەوە کە بازگەیان دنابوو لە شوێنێک بەناوى کەندى دیانا، دواى ماوەیەک لە شەڕ و پێکدادان پێشمەرگە بڕیارى کشانەویاندا لە شوێنەکە دوور کەوتنەوە.

زانیاری زیاتر

شەڕی دەشتى بەرازگر ١٩٧٩

شەڕى دەشتى بەرازگر، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى سوپاى عێراق لەگەڵ هێزێکى پێشمەرگە لەسەر ڕوبارى دەشتى بەرازگر لە دەڤەرى برادۆست، کاتێ کە هێزەکەى پێشمەرگە لە جەولەدا بوو بۆ چەند گوندێکى سنورى ناوچەکە بە مەبەستى بەسەرکردنەوەى ڕێخستنەکانیان، دواى ماویەکى کورت لە شەڕ و ڕووبوڕوو بوونەوە هێزەکەى سوپاى عێراق شکستیان خواردو بە ژمارەیەک کوژرا و بریندار مەیدانى شەڕەکەیان چۆلکرد و ڕایانکرد.

زانیاری زیاتر

شەڕی بنارى چیاى پیران ١٩٧٩

شەڕى بنارى چیاى پیران، ڕووبەڕوو بوونەوەى هێزێکى پێشمەرگە لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپاى عێراق لە بەهارى ١٩٧٩، کاتێ کە هێزەکەی پێشمەرگە لە چالاکیەکى پارتیزانى ڕفاندنى پێنج ئەندازیارى پڕۆژەیەکى ڕێگاوبان دەگەڕانەوە، لە بنارى چیاى پیران نزیک مێرگەسۆر لەگەڵ هێزێکى سەربازى سوپا بە یەک گەیشتن، شەڕێکى گەرم بۆ ماوەى دوو کاتژمێر لە نێوانیاند دروست بوو، ئەنجامى شەڕەکە کوژرانى چوار لە ئەندازیاران و ژمارەیەک کوژرا و بریندارى سەربازانى سوپاى لێ کەوتەوە هێزەکەى پێشمەرگەش بێ زیان لێى دەرچوون تەنها یەکێک بە سو

زانیاری زیاتر

شەڕى گوندى هەسنان ١٩٧٥

شەڕى گوندى هەسنان، ڕووبەڕوو بوونەوى هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق لە ١٣ى ئازارى ١٩٧٥ لە گوندى هەسنان لە بنارى چیاى حەسەن بەگ، کاتێ کە سوپاى عێراق هێرشیکى بەربڵاوى کردە سەر سەنگەرەکانى پێشمەرگە بە پشتیوانى تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگى بە مەبەستى دەستگرتن بە سەر گەرووى بێشەو چیاى حەسەن بەگ، کە دوو خاڵى ستراتیژى ناوچەکە بوون.

زانیاری زیاتر