خەلیل حەمەد عەلی حەمەدەمین

خەلیل حەمەد عەلی حەمەدەمین، لە ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە شانەی ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کردووە، لە شانەى چەکداریى ناوەوە و دەرەوەى بەشداربووە، لە ساڵى ١٩٨٨ لە گوندى بەرەکە شەهید بووە.


ژیاننامە

 خەلیل حەمەد عەلی حەمەدەمین، لە ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی بەرەکەی سەر بە شارەدێی هیرانی قه‌زای شه‌قڵاوه‌ لەدایکبووە، گوندنشین بووە و ئاستی خوێندن و نووسینی سەرەتایی بووە. دایکی ناوی خەجیج تەها یە و یەک برای هەیە بە ناوی وەلی لەگەڵ سێ خوشک بە ناوەکانى فەخری، زوهری، شوکری. له‌ ساڵی ١٩٨٨ له‌ داستانی كڵاوقاسم له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سوپای عێراق شه‌هید ده‌بێت.


خەباتنامە

لە ساڵی ١٩٨١ پەیوەندی بە جەعفەر ئاقوبانی دەکات کە ئەوکات بەرپرسی ڕێکخراوی هەورێى سەر بە ناوچەی شەقڵاوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بووە. دوای ماوەیەکی کەم بەهۆی زیرەکی و کارامەییەوە دەبێتە کادری بەشی ڕێکخستنی ڕێکخراوی هەورێ. لە هەمانکاتدا پەیوەندیی چەکداری لەگەڵ وەستا یونس دروست دەکات و لەگەڵ پێشمەرگەکانی ‌هێزی ناوچەی شەقڵاوە بەشداریی زۆرینەی چالاکییەکانی ناو شار و شاخیش دەکات کە دیارترینیان هێرشى دەربەندى حەسارە لە پردی ڕووساک. لە ساڵی ١٩٨٦ بەشداریی شەڕى قوپى سۆر دەکات دژى لەشکرى ڕژێمى بەعس.

لە ساڵی ١٩٨٨ بەشداریی داستانی کڵاوقاسم دەکات و لە گەلی تەنگۆر دوای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازانی ڕژێم و تێکشکاندنیان، لەگەڵ چەند هاوسەنگەرێکی دەچنە خوارەوە بۆ پشکنینی لاشەی سەربازە جێماوەکان، بەڵام لەناو لاشەکان سەربازێک بە برینداری بەجێمابوو، ناوبراو دەچێتە نزیکی و سەربازەکە لێی هەڵدەستێتەوە و دوو فیشەک دەنێت بەسەر دڵییەوە و خەلیل حەمەدعەلى بریندار دەبێت، هاوسەنگەرانی هەوڵی گواستنەوەی دەدەن، بەڵام کە دەگەنە گۆڕستانى کانی مستەفا کە نزیک گوندى بەرەکەیە، ناوبراو شەهید دەبێت و لەوێش بە خاکی دەسپێرن.


سەرچاوە:

ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

وەحید بایزدین تەها

وەحید بایزدین تەها، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی موکا پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٨ شەهید بووە لە گوندی قومری لە ناوچەی بەرواری بە خاک سپێردراوە.

زانیاری زیاتر

لوقمان عەزو محەمەد

لوقمان عەزو محەمەد ساڵی ١٩١٢ لە گوندی دری سەربە ناحیەی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆر پارێزگای هەولێر لە دایک بووە.خێزاندار بووە.ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر