حەجی بێرۆخی

فەرماندە حەجى شیخۆمەر بێڕۆخى، ناسراو بە حەجى بێڕۆخى، ساڵى ١٩٤٣ وەک سەرقۆڵ ئەرک دەبینێت لە شۆڕشى دووەمى بارزان، بەشدارى داستانى مەیدان مۆریکى کردووە، فەرماندەیی بەتالیۆنى ١ی هێزى باڵەک بووە، ساڵى ١٩٦٥ تاوەکوو نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول بەرپرسى میحوەرى دەشتە دیاناى هێزى پێشمەرگە بووە.


ژیاننامە

حەجى شێخۆمەر بێڕۆخى لە زستانى ١٩١٦ لە گوندى بێڕۆخى سەر بە پارێزگای شەمزینان - باکووری کوردستان  لەدایک بووە، لە حوجرە خوێندوویەتى، ساڵى ١٩٤٥ دواى نسکۆى شۆڕشى دووەمى بارزان ٤ ساڵ لەلایەن حکومەتى عێراق زیندانى دەکرێت، پاش ئازادبوونى ڕوودەکات زێدى خۆیان لەوێ نیشتەجێ دەبێت، ساڵى ١٩٥٩ دواى گەڕانەوەى مەلامستەفا بارزانى دووبارە دەگەڕێتەوەى بۆ باشوورى کوردستان، ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران دەبێت، لە گوندى جەڵدیانى سەر بە شارۆچکەى شنۆ نیشتەجێ دەبن، پاشان لەلایەن حکومەتى ئەوکاتى ئێران دوور دەخرێتەوە بۆ شارى یەزد، لە مانگى تەمووزى ١٩٧٦ خیزانەکەشى دەچنە لاى لە شارى ناوبراو و بەیەکتر شاد دەبنەوە، ساڵى ١٩٨٩ کۆچى دوایی کردووە.


خەباتنامە

ساڵى ١٩٤٣ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى دووەمى بارزان دەکات و دەبێتە سەرقۆڵ، لە ٢٠ى تشرینى یەکەمى ساڵی ١٩٤٣ کاتێک مەلامستەفا بارزانى لە سلێمانى دەگەڕێتەوە بۆ دەڤەرى بارزان، لە ژێر فەرمانى بارزانى هێزى شۆڕشگێڕان چەند چالاکییەک ئەنجام دەدات، یەکێک لە چالاکییەکان لێدانى قشڵەى گوندى زێتى دەڤەرى گەردییەکانە، لەو چالاکییە حەجى بێڕۆخى سەرکەوتن بەدەست دێنێت. لە ٢٨ى تشرینى یەکەمی ١٩٤٣ سوپاى عێراق لەچەند قۆڵەوە بۆ چاو شکاندنى هێزى شۆڕشگێڕە بارزانییەکان لە ڕواندزەوە هێرش بۆ سەر ناوچەى گۆڕەتوو دەست پێدەکەن، حەجى بێڕۆخى وەک فەرماندەیەک بەشدارى ئەو بەرگرییە دەکات. بەشدارى داستانى مەزنێ لە ١٠ی تشرینى دووەمى ١٩٤٣، شەڕى بادلیان-کەونەگوند لە ٢٨ی ئابى ١٩٤٥، داستانى مەیدان مۆریک لە ٥ی ئەیلوولى ١٩٤٥  دەکات و  لە داستانی مەیدان مۆریک بەسەختى بریندار دەبێت. 

ساڵى ١٩٤٥ دواى نسکۆى شۆڕشى دووەمى بارزان، حەجى بێڕۆخى لەبەر سەختى برینەکەى تواناى ئەوەى نابێت لەگەڵ مەلامستەفا بارزانى بۆ ڕژهەڵاتى کوردستان بچێت، بۆیە لەلایەن حکومەتى عێراق دەسگیر دەکرێت و پاش چوار ساڵ زیندانى هەوڵ دەدرێت ڕادەستى جەندرمەکانى حکومەتى تورکیا بکرێت. ساڵى ١٩٥٩ دواى گەڕانەوەى مەلامستەفا بارزانى لە یەکێتى سۆڤیەت حەجى بێڕۆخى بۆ دیدەنى مەلامستەفا بارزانى  دەچێتە لاى، ئەوە سەرەتاى پەیوەندى کردنەوەى حەجى بێڕۆخی دەبێت.

ساڵى ١٩٦١ حەجى بێڕۆخى و چەند کەسێک لە عەشیرەتەکەى پەیوەندییان بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕى ئەیلوول کرد. لە ١٦ی ئەیلوولى ١٩٦١ لە شەڕى چیاى پیرس لە ئاکرێ دژى هێرشى سوپا بۆ سەر ناوچەکانى هێزى شۆڕش بەشدارى کرد. هەمان ساڵ بەشدارى داستانى لۆماناى لە دەڤەرى بادینان کردووە. ساڵى ١٩٦٢ لە شەرەکانى ناوچەى باعەدرێ و ئەتروش بەشدارى کردووە.

لە ٢٨ی ئایارى ١٩٦٢ لەگەڵ مەلامستەفا بارزانى دەگەڕێتەوە بۆ دەڤەرى ڕواندز و باڵەکایەتى، لە ٤ی نیسانى ١٩٦٢ لەگەڵ چەند فەرماندەیەکى ترى پێشمەرگە گەمارۆى قشڵەى ڕایاتییان لە ناحیەى حاجى ئۆمەران دا، لە مانگى ئابى ١٩٦٢ پاش ئەوەى لەگەڵ مەلامستەفا بارزانى گەیشتە ناوچەى خۆشناوەتى، بەشدارى ئازادکردنى قشڵەى هیران و نازەنینى کردووە، بارەگاى لە هیران و نازەنین دانابوو. لە ٢٥ی ئەیلوولى ١٩٦٢ سەرکردایەتى هێزى پێشمەرگەى کردووە بۆ ئازادکردنەوەى دەڤەرى خواکوڕک لە ناحیەى سیدەکان. 

٤ی شوباتى ١٩٦٣ یاوەرى مەلامستەفا بارزانى کردووە بۆ دەڤەرى ڕانییە و قەڵادزە، بۆ لێدانى خۆفرۆشان، لە ٢٩ى حوزەیرانى ١٩٦٣ وەک فەرماندە بەشدارى شەڕى دەربەندى کۆڕێی کردووە، لە ١٣ى تەمووزى ١٩٦٣ بەشدارى شەڕى سپیلکی لە نزیک گوندى کەڵەکین کردووە، لە ٢٤ى ئابى ١٩٦٣ بەشدارى شەڕى کورانى کردووە و وەک فەرماندە ڕۆڵێکى سەرەکى لەو شەڕە هەبووە، لە ٣٠ى ئاب ١٩٦٣ لە کۆڵانادەرێ لە چیاى پیران بەرپەرچى هێرشێکى گەورەى سوپاى عێراقى داوەتەوە، لە ١٧ی ئەیلوولى ١٩٦٣ لەژێر فەرماندەیی لوقمان مستەفا بارزانى هێڵى بەرگریان لە شیوێ گوندى داناوە و چەندین شەڕ لەنێوان هێزى پێشمەرگە و سوپا ڕوویانداوە.

مانگى کانوونى دووەمى ١٩٦٤ یاوەرى مەلامستەفا بارزانى دەکات بۆ دەڤەرى پشدەر و ڕانیە، ساڵى ١٩٦٥ تاوەکوو ١٩٧٠ حەجى بێڕۆخى لەتەواوى شەڕ و پەلامارەکانى سوپاى عێراق بۆ چیاى زۆزک و گەروى عومەرئاغا و سەرتیز و گەروو بێشە ڕۆڵى فەرماندەیەکى ئازا و دانا دەبینێت بۆ ڕێکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە و بەرگریکردن. 

لە ٦ی نیسانى ١٩٦٦ فەرماندەیی هێزى پێشمەرگەى بۆ بەرپەرچدانەوەى هێرشى سوپاى عێراقی بۆ سەر گەروى عومەرئاغا کرد، ساڵى ١٩٦٧ دواى دامەزراندنى هێزى باڵەک حەجى بێڕۆخى بوو بە فەرماندەى بەتالیۆنى یەکى ئەو هێزە، ساڵى ١٩٦٨ هەر لە ڕووبارى موسەکاوە تاکوو گەروى عومەرئاغا و چیاى زۆزک و گەروی بێشە و چیاى سەرتیز تا شەقامى هاملتۆن خرایە ژێر سەرپەرشتى حەجى بێڕۆخى. 

ساڵى ١٩٧٤ دواى دەست پێکردنەوەى شەڕى نێوان هێزى پێشمەرگە و سوپاى عێراق، بەرپرسیاریەتى میحوەرەکانى چیاى زۆزک و دەشتە دیانا و گەروى عومەرئاغا و چیاى سەرتیزى لەسەر شان بووە، زۆربەى هێرشەکانى سوپاى عێراقى بەرپەرچ داوەتەوە، تاوەکوو ساڵى ١٩٧٥ پێشمەرگەکانى لەو شوێنانە بوون بۆ ڕێگریکردن لە پێشڕەوییەکانى سوپاى عێراق.

ساڵى ١٩٨٠پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان دەکاتەوە، هێزێک لە ٩٠ پێشمەرگە پێک دەهێنێتەوە، بۆ ئەنجامدانى چالاکى لە ناوچەى خانێ بەرەو ناوچەى کەوپەڕ و لەوێشەوە بۆ دۆڵە تویێ بەڕێدەکەون، لە حاجى ئۆمەران چەندین گورز لە سوپاى عێراق دەوەشێنن، تاوەکوو نەخۆش کەوتنى بەردەوام دەبێت لەسەر خەبات و تێکۆشان.


سەرچاوە:

ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.

 


بابەتی پەیوەندیدار

ڕەشید عەلى بێشونی

ڕەشید عەلى سەلیم شێخ فەرخ، ناسراو بە ڕەشید بێشونى، لە بنەماڵەى شێخ فەرەخی گەورەیە، لە بنەڕەتدا خەڵکى باکوورى کوردستان شارى جزیرەیە، پێش لەدایکبوونى بنەماڵەکەیان هاتوونەتە باشوورى کوردستان، پەیوەندییەکى کۆمەڵایەتییان لەگەڵ شێخانى بارزان هەبووە، ڕەشید بێشونى هەر لەتەمەنى لاوێتیدا دەکەوێتە ژێر کاریگەرى ڕێبازى بارزان.

زانیاری زیاتر

حەسەن ئاغا بەرزێوەیی

حەسەن عەبدولڕەحمان، ناسراو بە حەسەن ئاغا بەرزێوەیی، ساڵى ١٩٦٥ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، لە شۆڕشی ئەیلوول پلەى جێگرى بەتالیۆنى (١)ی زۆزکى وەرگرتووە، ساڵى ١٩٧٩ دەکرێتە ئامر هێزى سەرکردایەتى، ساڵى ١٩٨٦ پلەى بەرپرسی لێژنە ناوچەى ڕواندزى وەرگرتووە.

زانیاری زیاتر

شەوکەت مەلا ئیسماعیل

شەوکەت مەلا ئیسماعیل حەسەن، پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلوول بووە، بەرپرسی دەزگای بێتەلی شۆڕش بووە،پلەی فەرماندەى بەتالیۆنى سێی هێزەکانى پاسەوانى سنوورى ساڵی ١٩٧٠ و لیوا لە ساڵی ١٩٩٢ وەرگرتووە، ساڵی ١٩٩٤ خانەنشین کراوە.

زانیاری زیاتر

نەجمەدین گۆرۆنى

نەجمەدین عەبدوڵڵا حەمەد، ناسراو بە نەجمەدین گۆرۆنى، فەرماندەو پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەڕین، ساڵى١٩٦١ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، سەرلق بووە و ئەرکى پاسەوانى بارەگاى بارزانى بووە، لە ٣ى تشرینى دووەمى ١٩٩٤ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

بابەکر پشدەری

فەرماندە بابەکر مەحمود حەوێز، ناسراو بە بابەکر پشدەرى، پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول بووە، ئەندامى لێژنە ڕێکخراوى سەنگەسەر بەشى عەسکەرى بووە، ساڵی ١٩٩١ نوێنەرى سەرۆک مەسعود بارزانى بووە لەپشدەر و بێتوێن.

زانیاری زیاتر