حەسەن ئەحمەد ناز

حەسەن ئەحمەد ئیبراهیم (١٩٠٠ -١٩٧٢ )، ناسراو بە حەسەن ئەحمەد ناز، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، یەکێک بووە لە پێشمەرگەی سوپای کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد (١٩٤٦)، بەشداری شۆڕشی ئەیلوول (١٩٦١-١٩٧٥) کردووە و پلەی سەرپەل بووە.


ژیاننامە

حه‌سه‌ن ئه‌حمه‌د ناز، ساڵی ١٩٠٠ له‌ گوندی شێتنێ سه‌ر به‌ ناحیه‌ی مه‌زنێ له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌. پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت خێزاندار بووه‌ و خێزانه‌كه‌ی ‌ناوی مریه‌م عوب كوڕێكیان هەبووە به‌ناوی سه‌دیق کە لە ساڵى ١٩٤٢ لەدایکبووە، دواى ئەوەى دەچێتە یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی ١٩٥٨ ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ خه‌دیجه‌ پێكهێناوه کە خەڵکى دورگەى قرمى ئۆکرانیا بوو‌، خێزانه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی کە ناوى عەبدوڵا بوو، ساڵی ١٩٦٧ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت و له‌ كۆماری ئۆزبه‌كستان نیشته‌جی ده‌بێت، ساڵی ١٩٧٢ له‌ مێرگه‌سۆر كۆچی دوایی كردووه‌.


خەباتنامە

له‌ ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، له‌ ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له‌ چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە‌ كۆمار كردووه‌ و لە شەڕەکانى بەرى سەقز بەشداربووە.

دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى  بارزانی لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.

دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له‌ ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتیی گرۆزیا له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان، بۆ ماوه‌یه‌ك له‌ شه‌قڵاوه‌ نیشته‌جێ ده‌بێت، ساڵی ١٩٦٤ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و سه‌ر په‌ل بووه‌ و لە شەڕەکان بەشداربووە.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان

  2. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤ز).
  3. سه‌فه‌ر یووسف میرخان، خێزان و كوڕی هه‌ڤاڵێكی بارزانی نه‌مر دوای ٤٧ ساڵ دابڕان و ژیانی ئاواره‌یی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره‌ ٣٢٧١، هه‌ولێر، ٨ى ئه‌یلوولی ٢٠٠٩ز.
  4. شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٣ز).
  5. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه‌، (پیرمام - چاپخانه‌ خه‌بات - ١٩٩٦ز).
  6. صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
  7. عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له‌ نێوان ١٩٣١- ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
  8. عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
  9. كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له‌ مه‌هاباده‌وه‌ بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
  10. لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
  11. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١- ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).

بابەتی پەیوەندیدار

هەڤاڵانی بارزانی

هەڤاڵانى بارزانى بەو ٥٢٣ پێشمەرگە و خەباتکار و خاکپەروەر و شوێنکەوتووانە دەگوترێت کە لە ڕێککەوتى ٢٣ى ئایارى ١٩٤٧ یاوەرى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانییان کرد و سنوورى سێ وڵاتى سەخت، دوورودرێژ و دژە کورد و بارزانیان بڕى و لە یەکێتى سۆڤیەت گیرسانەوە.

زانیاری زیاتر

ساڵح عەلى زیاب

ساڵح عەلى زیاب، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٥ لە گوندى هەڤنکا لە ناحیەى بارزانى سەر بە قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح محەمەد قورتاس

ساڵح محەمەد قورتاس، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٧ لە گوندى لێڕەبیرى قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە، پێشمەرگەى هەردوو شۆڕشى ئەیلوول و گوڵان بووە، دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە، ساڵى ٢٠١٢ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح عەبدوڵڵا فەقێ

ساڵح عەبدوڵا فەقێ، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت ساڵى ١٩٣٠ لە گوندى ببانا لە ناحیەى بارزانی قەزاى مێرگەسۆر لەدایک بووە. ساڵى ١٩٩٨ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر

ساڵح ئەحمەد عەبدوڵا

ساڵح ئەحمەد عەبدوڵا، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، لە گوندی بادی لەدایک بووە، بەشداریى کۆمارى مهابادى کردووە لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لە شۆڕشى ئەیلوول پێشمەرگە بووە.

زانیاری زیاتر