حەسەن خاڵ هەمزە مەلا، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٣٠ لە قەزاى مێرگەسۆر لەدایکبووە، لە پێشمەرگایەتیدا سەرلق بووە و دوا پلەشى فەرماندەى بەتالیۆن بووە و ماوەیەکیش بەرپرسى پاسەوانەکانى سەرۆک مستەفا بارزانی بووە، هەڵگرى میدالیاى بارزانییە، ساڵى ١٩٩٨ کۆچى دواییکردووە.
ژیاننامە
حەسەن خاڵ هەمزە مەلا، ساڵی١٩٣٠ له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، دایكی ناوی ئه‌سمه‌ر حه‌سه‌ن بووە و ساڵی ١٩٤٦ به نه‌خۆشی تیفۆ له مه‌هاباد كۆچی دوایی كردووه. حەسەن له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی و بڕوانامه‌ی په‌یمانگای پیشه‌سازی له به‌شی پاڵاوتنی نه‌وت له مۆسكۆ وه‌رگرتووه، ساڵى ١٩٥٩ دواى گەڕانەوەى لە یەکێتى سۆڤیەت له مووسڵ نیشته‌جێ بووە و دواتر له كارگه‌ی شه‌كر له مووسڵ بە ئەندازیار دامه‌زراوە، ساڵی ١٩٧٩ خاڵ هەمزەی باوكی له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراق بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزراوە و له پارێزگای دیوانیه لە قه‌زای عه‌فه‌ك نێشته‌جێ كراوه و له‌به‌ر خراپی باری كه‌ش و هه‌وا و ئاوی پیس كۆچی دوایی كردووه، له ١١ى ته‌موزی ١٩٩٨ كۆچی دوایی كردووه و له گۆڕستانی مێرگه‌سۆر به‌خاك سپێردراوه.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ په‌یوه‌ندی به ڕێزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزان كردووه، له ١٢ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٣ به‌شداری گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی خێره‌زۆك كردووه، له ١٩ی ئابی ١٩٤٥ به فه‌رمانی دادگای عورفیی سه‌ربازیی عێراق ده‌ستبه‌سه‌ر گشت موڵك و ماڵه گواستراو و نه‌گواستراوه‌كانیدا گیراوه. له ٥ی ئه‌یلوولی ١٩٤٥ به‌شداریی گرتنی بنكه‌ی پۆلیسی مه‌یدان مۆریك كردووه، ساڵی ١٩٤٥ دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی مێرگه‌سۆر و به‌ره‌ی ڕواندز و گرده كه‌وانی كردووه.
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مهاباد، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه، له ٢٩ی نیسانی ١٩٤٦ به‌شداریی شه‌ڕی قاراواى کردووە له ناوچه‌ی سه‌قز، دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری شه‌ڕه‌كانی (گه‌لان به‌ران دیز و میراوه)ی كردووه، له ١٣ له‌سه‌ر ١٤ى ئاداری ١٩٤٧ به‌شداریی شه‌ڕی گوجار و له ٢٥ى ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی هه‌ڤرس و هه‌له‌جى کردووە. هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٦١ به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و لە شه‌ڕه‌كانی پیرس، نه‌هله، سه‌ری خازر و مرێبای كردووه و له كۆتایی هه‌مان ساڵ به‌شداری شه‌ڕه‌كانی زاوێته و لۆمان و سوارهتوكانی كردووه، ساڵی ١٩٦٢ سه‌ر لق بووه له یه‌كێك له لقه‌كانی سه‌ربه‌خۆی هێزی باڵه‌ك، هەمان ساڵ به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی سیاكۆ، كێڵهشین و هیران و نازه‌نینی كردووه، له ١٤ له‌سه‌ر ١٥ی حوزه‌یرانی ١٩٦٣ به‌شداری شه‌ڕی سه‌ری ئاكرێ و شه‌ڕه‌كانی گۆڕه‌ز و مه‌یدان مۆریك و مه‌زنێی كردووه و له شه‌ڕی مه‌زنێ به سه‌ختی بریندار بووه و ڕه‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی خهلهتهوژ كراوە.
ساڵی ١٩٦٦ به‌شداریی شه‌ڕی زۆزكی كردووه و بۆ جاری دووەم له‌و شه‌ڕه‌دا برینداربووه و بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بووه و ده‌ستی ڕاستی بڕدراوەتەوە و دوای گه‌ڕانه‌وه تا ساڵى ١٩٧٥ کراوە به به‌رپرسی ده‌سته‌ی پاسه‌وانه‌كانی مه‌لامسته‌فا. دوای نسكۆی شۆڕشی ئهیلوول لە ساڵى ١٩٧٥ بە په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته شانشینی ئێران و له نه‌غه‌ده نیشته‌جێ ده‌بێت و دواتر چووەتە كه‌ره‌ج، ساڵی ١٩٧٦ به‌شداریی شۆڕشی گوڵانی كردووه و له سلیڤاناى ڕۆژهەڵاتى کوردستان نیشته‌جێ بووە و له لێژنه‌ی ڕاوێژكاری هاوكار بووه له‌گه‌ڵ ئیدریس بارزانی و مەسعود بارزانی.
ساڵی ١٩٩٤ گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان، له ١٦ى ئابی ١٩٩٦ له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤێت، شۆڕشی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان له‌لایه‌ن سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه. كۆتا پله‌ی لە پێشمەرگایەتى فەرماندەى به‌تالیۆن بووه.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وه‌زاره‌تی پلان دانان، یه‌كه كارگێڕییه‌كانی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ژماره‌ی خێزانه‌كان و دانیشتوان، هه‌ولێر، ٢٠٠٩ز.
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤ز).
- حیدر فاروق السامرئي، ضیا‌ء جعفر ودوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦م).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ سێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١- ١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
- عه‌بدولڵا غه‌فور، فه‌رهه‌نگی جوگرافیای هه‌ولێر، (هه‌ولێر - بڵاوكراوه‌كانی ئه‌كادیمیای كوردی - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- عومه‌ر هه‌مزه ساڵح، جینۆساید و تاوانه‌كانی ڕژێمی به‌عس دژی بارزانییه‌كان ١٩٧٥- ١٩٩١ له زمانی شایتحاڵ و به‌ڵگه‌نامه‌كانه‌وه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات - ٢٠١٧ز).
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
- له چله‌ی شه‌هیدی نه‌مر حه‌سه‌ن خاڵ هه‌مزه‌دا، ڕۆژنامه‌ی برایه‌تی، ئۆرگانی پارتی دیمكراتی كوردستان، ژماره ٢٦٥٢، هه‌ولێر، پێنج شه‌ممه ٢٠ ئابی ١٩٩٨ز.
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- لیث عبدالمحسن جواد الزبیدي، ثورة ١٤ تموز ١٩٥٨ في العراق، (بغداد - دارالرشید للنشر - ١٩٧٩م).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١- ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
- ئیسماعیل گونده‌ژۆری، شۆڕشی ئهیلوول له باڵه‌كایه‌تی، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌لات – ٢٠١٨ز).
- له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی میدالیای بارزانی به تیكۆشه‌ران و دایكانی شه‌هید ده‌به‌خشێت، گوڤاری گوڵان، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٨٤، هه‌ولێر، ١ ئه‌یلوولی ١٩٩٦ز.