حاجی عەلی جبرائیل

حاجی عەلی جبرائیل ناسراو به‌ (حاجی ئالی جبرائیل)، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٢٧ له‌ گوندی دۆرێ له‌دایكبووه، لە شۆڕشى ئەیلوول بەشداریکردووە‌، ساڵی ١٩٨١ لە ئێران کۆچی دوایی کردووە....


حاجی عەلی جبرائیل ناسراو، به‌ (حاجی ئالی جبرائیل)، پێشمه‌رگه‌ و ‌هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٢٧ له‌ گوندی دۆرێ له‌دایكبووه، لە شۆڕشی ئەیلوول بەشداریکردووە‌، ساڵی ١٩٨١ لە ئێران کۆچی دوایی کردووە.


ژیاننامە

حاجی ئالی جبرائیل، ساڵی ١٩٢٧ له‌ گوندی دۆرێى سه‌ر به‌ ناحیه‌ی گۆڕه‌توو له‌ قه‌زای مێرگه‌سۆر له‌ پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه‌. دووجار هاوسەرگیرى کردووە، جاری یەکەم لەگەڵ وریە عەبدوڵا نەزیر کە سێ کوڕ و دوو کچیان بە ناوەکانی "حسن، حسێن، یاسین، گلیزار، گلنار" هەبووە و جاری دووەم لەگەڵ ئەسما ئیبراهیم یوسف کە دوو کوڕ و سێ کچیان بە ناوەکانی "شوکری، شاکر، گەلاوێژ، شاجیهان، نەفیە" هەبووە. لە یەکێتى سۆڤیەت خوێندوویەتى و له‌ ١٥ی شوباتی ١٩٥٤ له‌ زانكۆی تاشقه‌ند وه‌رگیراوە. له‌ ٢٩ی ئاداری ١٩٥٩ بڕوانامه‌ی دیپلۆمى وەرگرتووە. ساڵی ١٩٨١ له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران كۆچی دوایی كردووه‌.


خەباتنامە

 له‌ ٢٣ی ئایار ١٩٤٧ یاوەرى بارزانى بووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و له‌ شه‌ڕه‌كانی ڕێڕه‌و بەرەو یەکێتی سۆڤیەت بەشداریکردووە. لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌ ڕووباری ئاراس كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.‌

دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت ‌هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا‌ كه‌ به‌ ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له‌ ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان‌ له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له‌ كۆماری ‌ئازه‌ربایجان دابەشکران. له‌ ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له‌ ٢٣ی هەمان مانگدا‌ جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه‌ و به‌ سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه‌ هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.

پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى له‌ ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له‌ كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە‌ بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن‌.

لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ شێوه‌ی ده‌سته‌ و تاخم به‌ شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده‌ هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له‌ كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.

دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.

دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.

 له‌ ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به‌ که‌شتی گرۆزیا، له‌ ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە‌ له‌ باشووری كۆماری عێراق، گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ كوردستان‌.

 به‌شداری شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و ساڵی ١٩٧٥ له‌ دوای نسكۆی شۆڕشی ئه‌یلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته‌ وڵاتی ئێران. ساڵی ١٩٨١ له‌ كۆماری ئیسلامی ئێران كۆچی دوایی كردووه‌.


سه‌رچاوه‌كان:

  1. ئه‌رشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموكراتی كوردستان.

  2. حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه‌، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ‌- ٢٠٠٤).
  3. له‌ یاداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ ڕۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا، چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧).
  4. مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
  5. نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٣،٢، المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.
  6. ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیا، ، فۆڕمی حاجی عه‌لی جبرائیل عه‌بدولڕه‌حمان، لە ڕێکەوتی ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨- پیرمام.

بابەتی پەیوەندیدار

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش

عەبدیش ئۆمەر عەبدیش، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٦ لە گوندى سپیندار لەدایکبووە، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، لە شۆڕشى ئەیلوول بەشداریی کردووە، لە پێشمەرگایەتیدا دووجار برینداربووە، ساڵى ١٩٧٧ کۆچى دوایى کردووە.

زانیاری زیاتر

عەبدوڵا عیسا عیسا

عەبدوڵا عیسا عیسا، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵى ١٩٢٠ لە گوندى شێتنێ لەدایکبووە، بەشداریى شۆڕشى ئەیلوولى کردووە، ساڵى ١٩٨١ لە سلێمانى لە سێدارە دراوە.

زانیاری زیاتر

غەزالی میرخان غەزالی

غەزالی میرخان غەزالی، ناسراو بە غەزالى ژاژۆکى، پێشمەرگە و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩٢٣ لە گوندى ژاژوک لەدایکبووە، لە شۆڕشی دووەمى بارزان خەباتکار بووە، و لە کۆماری دیموکراتى کوردستان لە مەهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداریی شۆڕشى ئەیلوول، گوڵانى کردووە، لە ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ بەشدار بووە، هەڵگری مەدالیای بارزانی نەمرە، ئامر هێز بووە لە هێزی کاوە، ساڵى ١٩٩٧ کۆچى دوایی کردووە.

زانیاری زیاتر