جەلال لاوەرانی

جەلال عەبدولمحەمەد خان، ناسراو بە جەلال لاوەرانى، ساڵى ١٩٣٦ لە گوندى لاوەران لە پارێزگاى هەڵەبجە لەدایک بووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، ساڵی ١٩٦٢ کراوەتە سەرپەل لە بەتالیۆنى ٦ى بەمۆدا، ساڵى ٢٠٠٠ پلەى ئەندامى دەزگاى ئەیلوولى لە شارى سلێمانى وەرگرتووە، لە ١٦ى ئابى ١٩٩٦ لە یۆبیلى زێڕینى پارتى دیموکراتى کوردستان میدالیاى بارزانى نەمرى پێ بەخشراوە.


جەلال عەبدولمحەمەد خان، ناسراو بە جەلال لاوەرانى، ساڵى ١٩٣٦ لە گوندى لاوەران لە پارێزگاى هەڵەبجە لەدایک بووە، تا قۆناغى سەرەتایی خوێندووە و خێزاندار بووە. ساڵى ١٩٧٥ دواى نسکۆى شۆڕشى ئەیلوول ئاوارەى وڵاتى ئێران بووە و لە کۆمەڵگاى سەریاسى نزیک شارى پاوە نیشتەجێ بووە و دواتر گوازراوەتەوە بۆ شارى مغان لە پارێزگاى ئازەربایجانى ڕۆژهەڵات و ماوەیەکیش گوازراوەتەوە بیلە سوارى سەر سنوورى نێوان ئێران و یەکیەتى سۆڤیەتى پێشوو. ساڵى ١٩٩٢ گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و لە شارى سلێمانى نیشتەجێ بووە.

ساڵى ١٩٥٨ دواى گەڕانەوەى بارزانى پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان دەکات، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول دەکات و دەبێتە پێشمەرگە، ساڵی ١٩٦٢ کراوەتە سەرپەل لە بەتالیۆنى ٦ى بەمۆدا کە فازل تاڵەبانى فەرماندەی بووە، ساڵى ١٩٦٣ لە شەڕى چوار کڵاو بەشدارى کردووە. ساڵى ١٩٦٤ بەشدارى چەندین شەڕى بەناوبانگى کردووە وەک شەڕى بەنەباریک و پەروێزخان و مەحمود قەجەر و شەڕى خانەقین.

کۆتاییەکانى ساڵى ١٩٦٤ کراوەتە سەرلقى سەراوى شەمشێر کوڵ، ساڵى ١٩٦٥ سوپاى عێراق هێرشى کردووەتە سەر پێنجوێن، لەژێر فەرمانى عەبدولوەهاب ئەتروشى بە پەلێک پێشمەرگە بەشدارى شەڕەکەى هۆمەرێنەى لە ملەکەوەى پێنجوێن نزیک ناڵپارێز کردووە، لەو هێرشەدا مینێک بە قاچى تەقیوەتەوە و قاچى چەپى لەدەست داوە.

ساڵى ١٩٦٥ بۆ چارەسەرى قاچى ڕەوانەى نەخۆشخانەیەکی شارى سنە کراوە، لەوێشەوە گوازراوەتەوە بۆ شارى تاران، لەو نەخۆشخانەیە نەشتەرگەرى بۆ کراوە و لە ژێر چۆکییەوە قاچى بڕاوەتەوە، لە ژێر ڕێنمایی دکتۆر ماوەیەک پشووى وەرگرتووە.

ساڵى ١٩٦٧ گەڕاوەتەوە بۆ هێزى خەبات لە سۆسەکان لە نزیک تەوێڵە کە عەبدولوەهاب ئەترۆشى فەرماندەی هێز بووە، هەمان ساڵ کراوەتە سەرلقى ئەرکانى هێز و لە بنکەى هێزدا ئەرکى دیتووە. ساڵى ١٩٦٨ کراوەتە سەرلقى نەوڕۆڵى لە نزیک هەڵەبجە و بەشدارى شەڕەکانى کردووە. ساڵى ١٩٧٠ دواى ڕێککەوتنامەى ١١ى ئازار بە پلەى سەرلق لە ماڵى خۆى ماوەتەوە و کارى ڕێکخستنى کردووە. ساڵى ١٩٧٤ دواى ئەوەى حکومەتى عێراق شەڕى دژى هێزى پێشمەرگەى کوردستان دەستپێکردەوە، دووبارە پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕش کردووەتەوە و بەتالیۆنى پێنجى هەڵەبجەیان پێکهێناوە و بۆتە جێگرى فەرماندەى بەتالیۆن، بەشدارى شەڕى سەرتیز و گەرووى عومەرئاغاى لە ناحیەى دیانا کردووە.

ساڵى ١٩٧٩ گەڕاوەتەوە ئۆردوگاى زێوە و پلەى بەرپرسی لێژنە ناوچەى چەمچەماڵى لە لقى ئازادى وەرگرتووە. لە ٤ى تشرینى یەکەمى ساڵى ١٩٧٩ بەشدارى کۆنگرەى نۆیەمى پارتى دیموکراتى کوردستانى کردووە. ساڵى ١٩٨٠ دواى هەڵگیرسانى شەڕى نێوان عێراق و ئێران گەڕاوەتەوە باشوورى کوردستان و لە سنوورى هەورامان لەگەڵ ٤٠ پێشمەرگە، هێزى سیروانیان پێکهێناوە و لە ناوچەى شەمیرانى پارێزگاى هەڵەبجە ئەرکییان بینیوە، دواتر چوونەتە دەربەندیخان و لەوێشەوە بنکەکەیان گواستۆتەوە بۆ گوندى لاوەران.

ساڵى ١٩٩١ لەگەڵ ٦٠ پێشمەرگە بەشدارى ڕاپەڕینى جەماوەرى باشوورى کوردستان و ئازادکردنى شارى کەرکووک کردووە، ساڵى ١٩٩٢ کراوەتە ئەندامى لقى چوارى پارتى دیموکراتى کوردستان لە شارى سلێمانى. ساڵى ٢٠٠٠ پلەى ئەندامى دەزگاى ئەیلوولى لە شارى سلێمانى وەرگرتووە. 

لە ١٦ى ئابى ١٩٩٦ لە یۆبیلى زێڕینى پارتى دیموکراتى کوردستان، بە هۆى ئەو خزمەتانەى کە پێشکێشى کردوون، لەلایەن سەرۆک مەسعود بارزانی میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.


سەرچاوە:

ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

ئامینە خالید ئەمین مامەند

ئامینە خالید ئەمین مامەند، ساڵى ١٩٥٧ لە پارێزگاى سلێمانى لەدایک بووە، ساڵى ١٩٦٤ پەیوەندى بە ڕیزەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٩٢ بۆتە ئەندامى لێژنە ناوچەى پارتى لە واشنتۆن، ساڵى ١٩٩٨ بۆتە بەرپرسی لێژنە ڕێکخراوى واشنتۆن. لە ١٣ى تشرینى یەکەمى ١٩٩٩ میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

فەتحوڵڵا حەسەن عەلى

فەتحوڵڵا حەسەن عەلى، ساڵى ١٩٤٥ لە پارێزگاى کەرکووک لەدایک بووە. ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى یەکیەتى قوتابیان و لاوانى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزی پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٦٥ پلەى ئەندامی لقى لە لقى ٣ی کەرکووک وەرگرتووە. ساڵى ١٩٧٧ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووەتەوە. ساڵى ١٩٩٦ کراوەتە قایمقامى چەمچەماڵ و ساڵى ١٩٩٧ پۆستى جێگرى پارێزگاى کەرکووکى وەرگرتووە. لە ١٦ى ئابى ١٩٩٦ میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

ئەحمەد محەمەد عەلى

ئەحمەد محەمەد عەلى، ساڵى ١٩٤٢ لە شارى کەرکووک لەدایک بووە، ساڵى ١٩٦٢ پەیوەندى بەهێزى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٦٦ بۆتە سەرلق، ساڵى ١٩٧٩ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی گوڵان کردووەتەوە، دووجار بریندار بووە، ساڵى ١٩٧٩ کراوەتە بەرپرسی لێژنە ناوچەى چەمچەماڵ. لە ١٦ى ئابى ١٩٩٦ لە یۆبیلى زێڕینى پارتى دیموکراتى کوردستان، میدالیاى بارزانى نەمرى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

ئیسماعیل ئەحمەد مەناف حەبیب

ئیسماعیل ئەحمەد مەناف حەبیب، ساڵى ١٩٤٣ لە پارێزگاى دیالە لەدایک بووە، ساڵى ١٩٥٨ پەیوەندى بە ڕیزەکانى یەکیەتى قوتابیانى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦٢ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە. ساڵى ١٩٨٠ پلەى کارگێڕی لێژنە ناوچەى خانەقینى وەرگرتووە. لە ١٣ى تشرینى یەکەمى ١٩٩٩ میدالیاى بارزانى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر

حیکمەت عەلى عەبدولکەریم

حیکمەت عەلى عەبدولکەریم، ساڵى ١٩٣٦ لە شارى هەڵەبجە لە دایک بووە، ساڵى ١٩٥٤ پەیوەندى بە ڕێکخستنەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووە، ساڵى ١٩٦١ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵى ١٩٧٧ پەیوەندى بە ڕێکخستنە نهێنییەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان کردووەتەوە، ساڵى ١٩٩٣ کراوەتە بەرپرسی بەشى شەهیدانى پارێزگاى سلێمانى، لە ١٦ى ئابى ١٩٩٦ لە یۆبیلى زێڕینى پارتى دیموکراتى کوردستان، میدالیاى بارزانى نەمرى پێ بەخشراوە.

زانیاری زیاتر