جەبار کاکەخان ئەڵاکەرەم

شەهید جەبار کاکەخان ئەڵاکەرەم، جەبارە ڕەش، جەبار چوچانی، کادر و پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان بووە، ساڵی ١٩٨٢ لەگەڵ دەستەیەک هاوسەنگەری کەوتوونەتە ناو کێڵگەی مینی چێندراو و لە هەمانکاتدا کەمینی بەعس لێیداون و جەبار شەهید بووە.


شەهید جەبار کاکەخان ئەڵاکەرەم ناسراوە بە جەبار حەمەخان، جەبارە ڕەش، ساڵی ١٩٦٣ لە گوندی مەمەناوەی سەربە ناحیەی ناڵپارێزی قەزای پێنجوێن لە دایکبووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری جوتیاری بووە، قۆناغی سەرەتایی خوێندی لە گوندی پەڕەزان تەواو کردووە، بۆ درێژەدان بە خوێندنی قۆناغی ناوەندی ڕووی کردۆتە قەزای سەیدسادق.

لە سەرەتایی خوێندنی قۆناغی ناوەندی لە سەیدسادق، پەیوەندی کردووە بە ڕێکخستنەکانی ڕێکخراوی سورێنی لێژنە ناوچەی دەربەندیخانی سەربە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان، کە لەو کاتەدا سابیری ئەڵاکەرەم بەرپرسی ڕێکخراوی سورێن بووە.

جەبار بەهۆی ئەنجامدانی چەند چالاکییەک هەر زوو ئاشکرا بووە، بۆیه‌ ساڵی ١٩٧٩ ڕووی کردۆتە شاخ و لە بەتالیۆنی شەهید ئەبوبەکر بانی بنۆکی سەربە هێزی سورێنی لێژنە ناوچەی دەربەندیخان بۆتە پێشمەرگە.

بەشداری شەڕەکانی ڕەزڵە و پاڕەزان ساڵی ١٩٨١، شەڕی بناری چیای سورێن، شەڕی قەرەداغ، شەڕی گوڵان، چالاکییە پارتیزانییەکانی دەشتی شارەزوور کردووە.

لە ١٥ی تەموزی ١٩٨٢ جەبار و پێنج هاوسەنگەری لە نێوان گوندی نەوێ و کانێسکانی سەربە قەزای خورماڵ، کەوتوونەتە ناو کێڵگەی مینی چێندراو لە هەمانکاتدا سەربازی ڕژێمی بەعس بەسەر کێڵگەکەوە بۆسەیان داناوە، سەرەتا مین بە هاوسەنگەرێکی بەناوی کەمال دا دەتەقێتەوە و بریندار بووە، بەم هۆیەوە ئاشکرا دەبن و لە بۆسەکەوە دەستڕێژی فیشەکیان لێکراوە و جەبار چەند فیشەکێکی بەرکەوتووە و شەهید بووە، هەروەها لەگەڵ خۆی حەسەنی برایی و کەمال دووبارە بریندار دەبنەوە بەڵام بە برینداری خۆیان دەرباز کردووە. 


سەرچاوە:

- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

وەحید بایزدین تەها

وەحید بایزدین تەها، ساڵی ١٩٤٥ لە گوندی موکا پارێزگای هەولێر لە دایک بووە. ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٨ شەهید بووە لە گوندی قومری لە ناوچەی بەرواری بە خاک سپێردراوە.

زانیاری زیاتر

لوقمان عەزو محەمەد

لوقمان عەزو محەمەد ساڵی ١٩١٢ لە گوندی دری سەربە ناحیەی شێروان مەزن قەزای مێرگەسۆر پارێزگای هەولێر لە دایک بووە.خێزاندار بووە.ساڵی ١٩٦١ بۆتە پێشمەرگە. ساڵی ١٩٦٥ شەهید بووە.

زانیاری زیاتر