تەیموور جەعفەر مو‌سا، ناسراو به (ته‌یموور شكاك)، ئەکادیمى و هەڤاڵى بارزانى بۆ یەکێتى سۆڤیەت، ساڵی ١٩٣٠ له گوندی ههستهكوك (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) له‌دایكبووه، هەڵگرى میدالیاى بارزانییە، بڕوانامه‌ی دكتوراى هەبووە، مامۆستا بووە لە زانکۆى كوبان له كراسنه، مامۆستا بووە لە زانكۆی یه‌نگی یۆڵ له كۆماری ئۆزبه‌كستان، له شه‌وی ١٧-١٨ى تشرینی دووه‌می ٢٠١٧ كۆچی دوایی كردووه.
ژیاننامە
تەیموور جەعفەر، ساڵی ١٩٣٠ له گوندی ههستهكوك لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌دایكبووه، له یه‌كێتی سۆڤیەت خوێندوویه‌تی، هه‌ر له‌وێ ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ ناتاشا پێكهێناوه، ساڵی ١٩٥٩ به فه‌رمانبه‌ر له کۆمپانیایەکى گواستنه‌وه له به‌غدا دامه‌زراوە، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی مستەفا بارزانی بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی كۆماری عێراق ڕەگەزنامەى عێراقییان پێدراوە، له ٥ی تشرینی دووه‌می ١٩٦٠ له‌سه‌ر بانگهێشتی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی حزبی كۆمونیستی یه‌كێتی سۆڤیەت له ساڵیادی شۆڕشی ئۆكتۆبه‌ر یاوه‌ری مستەفا بارزانی بوو بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت، لەوێ توانی خوێندن ته‌واو بكات و بڕوانامه‌ی په‌یمانگا وه‌ربگرێت، بۆ جاری دووه‌م دەست بە خوێندن دەکاتەوە و بڕوانامه‌ی دكتورا له به‌شی كشتوكاڵ وه‌ربگرێت، ساڵی ١٩٦٨ بووه مامۆستا له زانكۆی كوبان له كراسنه، ساڵێک دواتر بووه مامۆستا له زانكۆی یه‌نگی یۆڵ له كۆماری ئۆزبه‌كستان.
ساڵی ١٩٧٠ گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان و بووه‌وە بە فه‌رمانبه‌ر له وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، له ٢٩ی ئه‌یلوولی ١٩٧١ كه ویستیان مەلا مستەفا تیرۆر بكه‌ن له‌گه‌ڵ وه‌زیره كورده‌كان گه‌ڕاوەتەوە بۆ باشووری كوردستان و دوای پێكهینانی سه‌ركردایه‌تی شۆڕش و حكومه‌ت، گه‌ڕاوه‌ته‌وه سه‌ر پیشه‌ی خۆی، ساڵی ١٩٧٤ گه‌ڕایه‌وه حاجی ئومه‌ران، ساڵی ١٩٧٥ دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول وه‌ك په‌نابه‌ر ڕووده‌كاته ئێران و له نه‌غه‌ده نیشته‌جێ ده‌بێت و دواتر ده‌چێته یه‌زد، پاشان گه‌ڕاوه‌ته‌وه قتور بۆ لای خزمه‌كانی خۆی، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به ڕه‌گه‌ز ئێرانی بوو و له ترسی ساواك و كه‌ڵك وه‌رگرتن لە لێبوردنى گشتی سه‌دام حسێن، ساڵی ١٩٧٨ گەڕاوەتەوە كۆماری عێراق و له سه‌ماوه نیشته‌جێ ده‌بێت و له‌گه‌ڵ دكتورێكی میسری خەریکى پەمۆ چاندن دەبن، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی شێخ ئه‌حمه‌د نه‌قشبه‌ندی ده‌گه‌ڕێته‌وه هه‌ولێر و ده‌بێته فه‌رمانبه‌ر له ئیداره‌ی هه‌ولێر.
ساڵی ١٩٩١ و دوای ڕاپه‌رین ده‌چێته سارداو، ساڵی ١٩٩٣ خانه‌نشین ده‌كرێت، له ١٦ی ئابی ١٩٩٦ له چوارچێوه‌ی ئاهه‌نگه‌كانی یۆبیلی زێڕیندا له‌به‌ر خه‌بات و به‌رخودانی له شۆڕشی دووه‌می بارزان، كۆماری دیموكراتی كوردستان، ڕێڕه‌وی به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت، له‌لایه‌ن سه‌رۆك مەسعود بارزانی میدالیای بارزانی نه‌مری پێبه‌خشراوه.
خەباتنامە
له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ لەگەڵ باوکى بووەتە پێشمەرگە لە سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان و له شه‌ڕه‌كانی به‌ره‌ی سه‌قز له كۆماری دیموكراتی كوردستان به‌شداری كردووه، باوكی له شه‌ڕی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت شه‌هید بووه، له ڕێكه‌وتی ٣ حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له گوندی سمایل ئاغا یاوەرى بارزانى کردووە بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، به‌شداریی شه‌ڕه‌كانی گه‌لی قتور و پردی ماكۆی كردووه، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیاردەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانی ەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
سه‌رچاوه‌كان:
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
- چاوپێكه‌وتنی گۆڤاری مه‌تین، هه‌ڤچه‌په‌رێ بارزانیێ نه‌مر عه‌زیز قازی بیرهاتنێت خوڤه دگێریت، پشكا ئێكێ، گۆڤاری مه‌تین، لقێ ئێكێ پارتی دیموكراتی كوردستان - یه‌كگرتوو، هه‌ژمار ٤٧، خولا سیێ، دهۆك، چاپخانا هاوار، كانوینا ئێكێ ١٩٩٥ز.
- حامید گه‌وهه‌ری، میدالیای بارزانی به‌رزترین خه‌ڵاتی ڕێزلێنان، به‌رگی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی حاجی هاشم - ٢٠١٥ز).
- سه‌فه‌ر ژاژوكی، هه‌ڤاڵی بارزانی نه‌مر دكتور ته‌یموور جه‌عفه‌ر شكاك كۆچی دوایی كرد، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٥٣٩٤، هه‌ولێر، ١٩ تشرینی دووه‌می ٢٠١٧ز.
- سه‌فه‌ر یوسف میرخان، له یادی ٦٨ ساڵه‌ی په‌ڕینه‌وه‌ی بارزانیی نه‌مر و هه‌ڤاڵانی له رووباری ئاراس، رۆژنامه‌ی خه‌بات، ئۆرگانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ژماره ٤٨٢٦، هه‌ولێر، ١٨ حوزه‌یرانی ٢٠١٥ز.
- شه‌عبان عه‌لی شه‌عبان، هه‌ندێك زانیاری سیاسی و مێژوویی، چاپی سێیه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆژهه‌لات - ٢٠١٣ز).
- شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، یۆبیلی زێڕینی پێشمه‌رگه، (پیرمام - چاپخانه خه‌بات - ١٩٩٦ز).
- صالح یوسف صوفي، كرۆنۆلۆژیا كوردستانێ و جیهانێ، چاپا ئێكێ، به‌رگێ دووێ، (دهۆك - چاپخانا پارێزگه‌ها دهۆكێ - ٢٠١٣ز).
- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
- عه‌بدولڕه‌حمان مه‌لا حه‌بیب ئه‌بوبه‌كر، عه‌شیره‌تی بارزان له نێوان ١٩٣١-١٩٩١، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی رۆشنبیری - ٢٠٠١ز).
- كاروان محه‌مه‌د مه‌جید، بارزانییه‌كان له مه‌هاباده‌وه بۆ سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م، (سلێمانی - چاپخانه‌ی په‌یوه‌ند - ٢٠١١ز).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، ٦٢ رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- محه‌مه‌د توفیق ووردی، چوونی بارزانیانی قاره‌مان بۆ سۆڤێت، چاپی دووه‌م، (هه‌ولێر- چاپخانه‌ی هاوسه‌ر- ٢٠٠١ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١-١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
- نه‌جه‌ف قولی پسیان، له مهابادی خوێناوییه‌وه هه‌تا لێواره‌كانی ئاراس، و. شه‌وكه‌ت شێخ یه‌زدین، چاپی یه‌كه‌م، (پیرمام - یۆبیلی زێڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان - ١٩٩٦ز).
- ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره AI-10، لیستی هه‌ڤاڵانی مسته‌فا بارزانی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، به‌ڵگه‌نامه له‌لایه‌ن سه‌گڤان هاڵۆ پێشكه‌ش كراوه، ٢٠١٦ز.
- ئـ.د.ئـ، فایلی ژماره HB-410، پارتی دیموكراتی كوردستان، باره‌گای بارزانی، لێژنه‌ی باڵای ناوچه‌ی بارزان، فۆرمی ته‌یمور مو‌سا جه‌عفه‌ر، پیرمام، ١ تشرینی دووه‌می ٢٠١٨ز.