تەعریب لە کەرکووک

پارێزگای کوردنشینی کەرکووک کە ڕاستەوخۆ دوای پرۆسەی خۆماڵیکردنی نەوتی عێراق لە ١ی حوزیرانی ١٩٧٢ ناوی بۆ (التأمیم) گۆڕدرا، بە گرنگترین لەو پارێزگایانەی ئەژمار دەکرێت کە وڵاتی عێراقی دوای کۆتاهاتنی یەکەم جەنگی جیهانی (١٩١٤- ١٩١٨) لەسەری دامەزراوە،


تەعریب لە بەرەی کەرکووک:

پارێزگای کوردنشینی کەرکووک کە ڕاستەوخۆ دوای پرۆسەی خۆماڵیکردنی نەوتی عێراق لە ١ی حوزیرانی ١٩٧٢ ناوی بۆ (التأمیم) گۆڕدرا، بە گرنگترین لەو پارێزگایانەی ئەژمار دەکرێت کە وڵاتی عێراقی دوای کۆتاهاتنی یەکەم جەنگی جیهانی (١٩١٤- ١٩١٨) لەسەری دامەزراوە، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیای و بوونی نەوت گرنگی تایبەتی هەیە و بەرهەمهێنانی نەوت لە یەکەم بیری نەوتی بۆ ساڵی ١٩٢٧ و ناردنە دەرەوەی بۆ ساڵی ١٩٣٤ دەگەڕێتەوە، بوونی چەند نەتەوەیەک، گرنگی زۆرتری بەم پارێزگایە کوردستانییە بەخشیوە (ئەتنوگرافی)کە لە زۆرینە کورد و نەتەوەکانی تر وەکو عەرەب، ئاشووری و تورکمان پێکهاتووە. زۆری ڕێژەی کورد، هۆی نیگەرانی و مۆتەکەی دەستەڵاتدارانی عێراق بووە لە دامەزراندنەوە تا ئێستا، بۆیە بەردەوام لە پلاندا بوون بۆ گۆڕینی دیموگرافییای ئەم پارێزگایە لە بەرژەوەندی نەتەوەی عەرەب.

سیاسەتی بەعەرەبکردنی کە دەستەڵاتدارانی عێراقی لە دوای دامەزراندنی دوڵەتی عێراقی لە ساڵی ١٩٢١ تەونەکەیان بۆ ڕێست بوو، لەدوای هاتنە سەرکاری حزبی بەعس لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوو، چێوەیەکی فراوان، گەورە و مەترسیدارتری گرتەخۆ. لەبەر ئەوەی لە مادەی حەوتی (٧) دەستووری نێوخۆی حزب (پیرەوی ناوخۆ) ساڵی ١٩٤٧، شوێنی جوگرافیایی نەتەوەی عەرەب لە نێوان چیاکانی توروس و سنووری عێراق-تورکیا تا بەرزاییەکانی پشتکێو لە سنووری ئێران- عێراق، تا دەگاتە زەریای ئەتەلەسی و باشووری کوردستان (کوردستانی عێراق) بەشێکی ئەم هاوکێشەیە ئەژمارکرابوو، ئەوەش واتا لەبەرچاو (انکار) نەگرتنی بوونی گەلی کورد وەکو نەتەوەی خاوەن خاک، کەلتور، مێژوو و شارستانییەت. کۆنگرەی سێیەمی حزبی بەعس لە ساڵی ١٩٧٩ داکوکی لەسەر ئەمە دەکات کە ئەو نەتەوانەی زمان و تایبەتمەندی خۆیان هەیە و لە وڵاتی عەرەبیدا دەژین، ئەوانیش بەشێکن لە نەتەوەی عەرەب.

بەم پێیە و لەسەر ئەم رژدبوونەی سەردەمدارانی عێراق و لەسەر بنەمای دەستووری دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٧٠، عێراق بەشێکە لە وڵاتی عەرەبی و گەلی عێراق بەشێکی نەتەوەی عەرەبە. بەعەرەبکردنی کەرکووک شێوازی جیا و جێبەجێکردنیشی بەپێ قۆناغ و سروشتی بارودۆخی نێوخۆیی و دەرەوەی عێراق بەم شێوەیە بووە:

١- نیشتەجێکردنی هۆزەکانی عەرەبی.

2- کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی کورد (ترقیق الوجود الکردي)حملات الترحیل و التهجیر.

٣- گۆڕانکاری لە تەشکیلاتی (دامەزراوە) بەڕێوەبردن.

٤- تەعریبی دامەزراوە (مؤسسات) فەرمی و نیمچە فەرمیەکان.

٥- گۆڕینى ناسنامە و نەتەوە (التصحیح القومي للسکان).

 

 ١- نیشتەجێکردنی هۆزەکانی عەرەبی:

پڕۆژەی ئاوی حەویجە:

مەبەست لە جێبەجێکردن و کۆتایی هاتنی پڕۆژەی ئاودێری حەویجە (١٩٣٦- ١٩٥٢) و نیشتەجێکردنی عەرەب لە ناوچەی حەویجە بوو، کارەکانی هەڵکەندنی ئەم پڕۆژەیە لە ساڵی ١٩٣٦ بەدرێژایی ٥٥ کیلومەتر و گەیاندنی ئاوی ئاودێری بۆ ١٣٩٠٠٠ دونم زەوی چاندنی لە زێی بچۆک بۆ بنەجێکردنی (نیشتەجێکردنی) بیست هەزار (٢٠،٠٠٠) کەس، لە هۆزە عەرەبە بەیابانگەردی[1] ناوچەکە کە زۆربەیان لە هۆزی عوبید و تەی بوون، کراوە و ئامادەسازی بۆ هۆزەکانی لهەیب و کرویە کرا بۆ نیشتەجێبوونیان لە دەشتەکانی قەرەتەپە، هۆزی جبور و بەشێکی هۆزی تەی لە دەشتەکانی قەراجی باکووری حەویجە،  هەر لەم پێناوەدا حکومەتی عێراقی بیری ئاوی لەو ناوچەیە بۆیان هەڵکەند و هانی نیشتەجێبوونی هەرچى زۆرتری ئەو بەیابانگەردانەی لە ناوچەی حەویجە دا، کە لە ئەنجامدا بووە پاڵنەری حکومەت بۆ بڕیاردان بۆ بەقەزاکردنی حەویجە لە ساڵی ١٩٦٢.

شەڕ و پێکدادانی بەردەوامی نێوان هۆزی عوبید و عەزە لە دەشتاییەکانی باشووری حەویجە و دوای بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژی ئاودێری حەویجە، بووە ئامرازێک بەدەست حکومەتەوە بۆ نیشتەجێکردنی هەردوو هۆزی عوبید و جبور و چەند هۆزێکیتر لەم ناوچەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی هۆزە عەرەبەکان کەپێشتر بایەخیان بە کاری چاندن نەدابوو، تەنیا کاریان بەیابانگەردی و ڕۆیشتن بەدوای مەڕ و ماڵاتەوە بوو (مەڕ، مانگا، گامێش، وشتر)، بۆیە بەناچاری و بۆ بنەجێکردن، فێرکردنی شێواز و چۆنیەتی کاری چاندنی و بەکاربردنی زەوی کشتوکاڵی و شێوازەکانی چاندن، حکومەت چەند کەسی وەکو شارازای کاری چاندنی ڕەوانەی ناوچەکە کرد، بەم شێوەیە لەم ناوچەیە زەوی بەسەر عەرەب دابەشکرا، بەم چەشنە ئەو هۆزانەی عەرەب کە لە بنەڕەتدا کاریان جوتیاری نەبوو و حکومەت زەوی چاندنی بەسەریاندا دابەشکرد و گوندی نوێیان بۆ ئاوەدان کرد، لەم ناوچەیە نیشتەجێ بوون، ئەمە یەکەم هەنگاوی دەستپێکردنی پرۆسەی بەعەرەبکردنی پارێزگای کەرکووک بوو کە پلانی بۆ داڕێژرابوو و لە لایەن حکومەتە یەک لەدوا یەکەکانی سەردەمی پاشایەتی لە عێراق بەڕێوەچوو.

هۆزی عوبید دە ساڵ دوای مانەوەیان لە دەشتەکانی حەویجە بەپێی ئاماری سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ی عێراق، ئەو کات هۆزی عوبید کە بە یازدە هەزار (١١،٠٠٠) کەس مەزندە دەکرا، نیشتەجێکران لە باشووری بەشی خۆرئاوای پڕۆژەی ئاودێری حەویجە بۆ کەرکووک لە پانتاییەکی ١٠٠٠ کیلۆمەتر چوار گوشەی زەوی، هۆزی جبور ١٢٥٩٥ کەس نیشتەجێکران لە ناوچەی نێوان زێ بچوک و زێ گەورە لە لای ڕۆژئاوای پڕۆژەی ئاودێری و لەسەر زەوی کشتوکاڵی بە پانتایی ٩٠٠ کیلومەتری چوارگۆشە، ٢١٤٠ کەسی هۆزی ئەلبوجەمەدان لە ناوچەی نێوان زێ بچوک و ڕێگەی سەرەکی نێوان حەویجە کەرکووک و لەسەر زەوی ١٠٠ کیلومەتری و لە ١٤ گوندی تازە ئاوەدانکراو نیشتەجێکران، هەندێک لە ڕۆڵەکانی هۆزی تکریتی و دوریش هەر لەو ناوچەیە و بە قۆلی ١٠٠ کیلۆمەتر زەوی جێگایان بۆ کرایەوە و نیشتەجێکران، کە بەپێی داتاکانی سەرژمێری ساڵی ١٩٥٧ و بە گشتی ڕێژەی ئەو نیشتەجێکراوانە لە حەویجە، ٢٧٧٠٥ کەس بوون و حکومەت دامەزراوەیەکی بەڕێوەبردنی بەناوی ناحییەی حەویجەی سەر بە قەزای کەرکووکی کردەوە، دواتر لەسەردەمی ڕژێمی بەعس فراوان کرا و کرا بە قەزای حەویجە و ناحییەی ڕیازی خرایە سەر، بەداخەوە زۆربەی نیشتەجێکراوانی خاکی کورد لە دەشتاییەکانی حەویجە لە چلەکانی سەدەی ڕابردوو هاوکار بوون لەگەڵ سوپای عێراقی بۆ هێرشکردنەکانی سەر گوند کوردییەکان، بەتایبەت لە ساڵی ١٩٦٣ و دواتر لە ژێر سایەی (چەتری) حکومەت بوونە میلیشیایی سوارەی خالیدی وەلید و شێوەی نیمچە فەرمیان لە حکومەت وەرگرت و بەشدار بوون لە شەڕ لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی کوردستان[2].

 دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق (١٩٢١):

   یەکەم قۆناغی بەعەرەبکردنی کەرکووک لە ساڵی ١٩٢١ دوای ڕاگەیاندنی وڵاتی نوێ بەناوی عێراق کە بەشی باشووری کوردستانێ پێوەلکێندرابوو، دەستیپێکرد و کۆتای سەدەی ڕابردوو (٢٠٠٠) زۆر بە چری و دژواری بەردەوام و بەپێ پلان جێبەجێکرا.

 دووەم قۆناغی بەعەرەبکردنی کەرکووک لەدوای دابەشکردنی زەوی نوێ چاندنی بوو بەسەر عەرەبی هاوردە، لە دوای دووەم پڕۆژەی ئاودێری لە ساڵی ١٩٧٢ی کەرکووک کە بە پڕۆژەی ئاودێری کەرکووک یا ئاودێری سەدام ناسراوە، لە بەربەستی (سکری) دوبس لە باشووری قەزای پردێ (ئالتون کۆپری) بە درێژی هەشت کیلومەتر ئاوی لە بەنداوی دوکان بۆ باشوور و باشووری ڕۆژئاوای شاری کەرکووک دەگوازێتەوە، ئەمەش بووە هۆی ڕاکێشان و نیشتەجێکردنی ژمارەی زۆرتری عەرەب لەو ناوچەیە و دروستکردنی گوند، کۆمەڵگا و شوێنی نیشتەجێبوونی زۆرتر بوویان کە بە عەرەبی هاوردە ناسراون.

بەمۆڵککردنی گوند و زەوی چاندنی:

بەر لە دامەزرانی دەوڵەتی عێراق لە پارێزگای کەرکووک، دەستبەسەرداگرتنی (بەمۆڵک کردن- استملاک) گوند و زەوی بوونی نەبوو، بەڵام دەستەڵاتدارانی عێراق و بەتایبەت لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو بە بیانووی پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان و دروستکردنی سەربازگە  بە هۆکاری ئەمنی و ستراتیجی، ئەم دیاردەیە سەریهەڵدا، بەتایبەتی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی بەعس، فەرمانەکانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق یان لێژنەی باکووری و بۆ دروستکردنی پشتبێنەی (پشتێنەی) ئەمنی شاری کەرکووک و ناحییەکانی پردێ، شوان، قەرەحەسەن، تازەخورماتو و دوبس، لەم هەڵمەتەدا سێزدە گوندی سونەگۆلی، یارەوکی، پەنجاعەلی، وەلی پاشا، قزلقایە، چیمەنی گەورە و بچوک، جەوەل بور، هەنجیرە، قوتان، قوتان قوشقایە، شوراو و باجوان چۆڵکران.

ناوچەی پشتبێنەی ئەمنی بەم شێوەیە دابەشکرا:

- زەوییەکانی پەیوەست بە دامەزراوە نەوتییەکان، بەپێی نووسراوی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕش لە ١٩ی نیسانی ١٩٧٩ و وەرگرتنەوە (الأستیلاء) و هەڵوەشاندنەوەی مافی بەکاربەر.

- زەوییەکانی پەیوەست بە دامەزراوە سەربازییەکان لە ساڵی ١٩٨٨ و بەپێی نووسراوی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار ژمارە ١٩٩٩ لە ٢٧ی ئایاری ١٩٨٨، بڕیاردرا تەنیا ڕادەستی عەرەب بکرێت[3].

 ڕوبەری ئەو زەوییانەی بە هۆکاری سەربازی دەستی بەسەرداگیرابوو، لە فراوانکردندا بوو، دەیان سەنگەر و بنکەی سەربازی لەسەر بەرزایی و گردەکانی ناوچەکە دورستکرا و زۆربەیان بەتەلی دڕکاوی و مین و بە ناوی ناوچەی پارێزراوی سەربازی دەستی بەسەردا گیرا، کورد و تورکمانیش لە کڕین و بەناوکردنی خانوو و زەویزار بێبەش کرا، تەنانەت مافی چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی خانووبەرەی خۆیان نەبوو بۆ ئەوەی ناچار بە فرۆشتنی ببن بە عەرەبی هاوردە، ئەمەش بەپشتیوانی و هاندانی ڕژێمی بەعس و حکومەتی عێراق، لە ڕێگەی ئاسانکاری گواستنەوەی هاوردەکان و دامەزراندنیان لە فەرمانگەکانی حکومی و دامەزراوەکانی نەوتی شارەکە، هەمان ئەو پرۆسەیە کە سەرکردایەتی کورد (شۆڕشی ئەیلوول) بە تەعریب یا بەعەرەبکردنی کەرکووک ناوی برد و داوای وەستاندنی کرد[4].

لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو هەڵمەتى بەعەرەبکردن لەسەنتەری شاری کەرکووک پەرەی سەند و چەندین گەڕەکی نوێ دروستکران، لەوانەش زوبات، بەعس، ئەلوستا، ئەلئیشتراکیە، غرناتە، حجاج، عرۆبە، شورتە، دورلئەمین، قەتیبە، ئەلوەحدە و ئەلحورییە، بە هەریەک لە عەرەبە هاوردەکان ١٠،٠٠٠ دینار و تایبەتمەندییەکانی فەرمانبەران و پلەی حزبی بەعسیان پێدرا، لێژنەی تایبەتی بۆ هێنان و نیشتەجێکردن لە پارێزگاکانی عێراق بۆ نیشتەجێکردنی عەرەب لە پارێزگای کەرکووک بە مەرجی گواستنەوەی تۆماری ناسنامەیی بۆ کەرکووک دروستکران[5].

٢- کەمکردنەوەی ڕێژەی دانیشتوانی کورد (ترقیق الوجود الکردي) هەڵمەتەکانی ڕاگواستن و کۆچپێکردن: (حملات الترحیل و التهجیر)

ئەم هەڵمەتە بەمەبەستی دەرکردنی هاووڵاتیانی کوردی ڕەسەنی کەرکووک لە ناوچەکانیان، بۆ شوێنی تر بەبێ ڕەزامەندنی و ئارەزووی خۆیان و جێگیرکردنی عەرەبی هاوردە لە شوێنەکانیان، لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو بەتایبەت دوای سەرنەگرتنی ڕێککەوتنی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و حکومەتی بەعس لە ساڵی ١٩٧٤، بەسەدان گوند و کۆمەڵگای نیشتەجێی کورد کەوتە بەر هەڵمەتی هێرشی سەربازی سوپای عێراق، دوای خاپورکردن و سوتاندنی گوندەکان، دانیشتوانەکانیشیان ئەوانەی بە زیندوویی ماونەتەوە بۆ ناوچەکانی دەرەوەی پارێزگای کەرکووک ڕاگواست،  هەڵمەتی سڕینەوەی بوونی کورد لەو شارە لە کاتی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران- عێراق (٢٢ی ئەیلوولی ١٩٨٠- ٨ی ئابی ١٩٨٨) گەیشتە لوتکە:

- ڕاگواستنی هەموو ئەو کەسانەی (ماڵبات) دوای ڕێککەوتنامەی ئەلجەزائیر (٦ی ئاداری ١٩٧٥) لە نێوان ئێران و عێراق و گەڕابوونەوە بۆ شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، جگە لە پارێزگای کەرکووک.

- دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێبوون بۆ ئەوانەی گوندەکانیان خاپوور کرابوو، لە شوێنەکانی دیکە جگەلە پارێزگای کەرکووک.

- هەڵوەشاندنەوەی هەموو گرێبەست و تاپۆی زەوییە کشتوکاڵیەکان، دەستبەسەرداگرتن و ڕادەستکردنی بە عەرەبی هاوردە بێ ڕەزامەندی و قەرەبووی کورد.

ساڵی ١٩٩٨ حکومەت بڕیاری دەستەسەرکردنی یەک کەس لە هەر خانەوادەیەکی کوردی کە بۆ باکووری (دهۆک- هەولێر- سلێمانی) دەرکراوە، دەستگرتن بەسەر خانووی دەرکراوان و کارتی خوراک (بڕیاری ٥٨٦ی نەتەوە یەکگرتووەکان- نەوت بەرامبەر بە خوراک) و پەڕاوە فەرمیەکانیدا دەرکرد.

٣- گۆڕانکاری لە تەشکیلاتی (دامەزراوە) بەڕێوەبردن:

لە بەردەوامیدانی پرۆسەی تەعریب، یەکێک لە قۆناغەکانی گۆڕانکاری لە تەشکیلاتی بەڕێوەبردنی حکومی بوو. بڕیار و ڕاسپاردەی زۆر لە لایەن کاربەدەستان عێراقی لەم بارەیەوە دەرچوو و خرایە واری جێبەجێکردنەوە، لەوانەش پاکسازی هەموو دامەزراوەکانی سەربە وەزارەتی نەوت، ڕێگای ئاسنین، پڕۆژەکانی کارەبا و کۆمپانیای کپریت (گوگرد- (Sulfur لە فەرمانبەر، کارمەند و کرێکاری کورد و تورکمان لە بەرژەوەندی عەرەب. لە بەردەوامیدانی ئەم ڕێچکە و شێوازە و بەپێی ڕێنماییەکانی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمار و نووسراوی سکرتێری حزبی بەعس ژمارە ٨١٠٧ لە ٥ی تەمووزی ١٩٩٩، نووسراوێکی گشتاندنی لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراق بۆ پارێزگاری کەرکووک (التأمیم) بە ژمارە ٩٤٠٧ لە ١٧ی تەمووزی ١٩٩٩ دا هاتووە، کە نابێت جگە لە عەرەب کەسیتر لە نەتەوەی دیکە لە دامەزراوەکانی دەوڵەت (حکومی) بەفەرمانبەر وەربگیرێت و، ئەوانەی هەیە لە کورد و تورکمان بگوازنەوە بۆ شوێنێکی تر یا پلەی فەرمانبەریان لێ کەم بکرێتەوە بە تایبەت لە بواری (سکتەری) نەوت و گاز، لە بواری خوێندندا هاتووە بەهیچ شێوەیەک بڕوانامەی خوێندن نەدرێتەوە تا کاتێک پاکانەی حزبایەتی (بەعس) دەهێنن یا خۆیان دەکەنە نەتەوەی عەرەب. لە بارەی بازرگانیدا نابێت کورد لە کەرکووک کاری بازرگانی بکات، یا بەشداربێت لە پرۆسەکانی لەسەر یەک کەم کردن و زیاد کردنەکانی (مزایدة) پڕۆژەکانی دەوڵەتی.

بەعەرەبکردن تەنیا لێرە نەوەستا، خوێندن و قوتابخانەکانیشی گرتەوە بە گواستنەوەی زۆربەی مامۆستا و بەڕێوەبەرانی پەروەردەیی لە کورد و تورکمان بۆ دەرەوەی سەنتەری شار و زیادکردنی مامۆستای عەرەب لە شوێنیان، قسە کردن و خوێندن بە زمانی دایک کۆتوبەندی خرایە سەر و زمانی عەرەبی جێگیر کرا، ناوی سەرجەم شوێن و جێگای فرۆشتن و بازرگانی، قوتابخانە، مزگەوت، پارک و هەموو شوێن و جێگایەک گۆڕا بۆ عەرەبی، هەرچەندە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنامەی ١١ی ئاداری ١٩٧٠ و بەپێی نووسراوی ٢٨٨و ٢٠٤ ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حزبی بەعس بە فەرمی ڕێگە بە زمان و خوێندنی کوردی درابوو، بەڵام لە دوای شکستهێنانی ڕێککەوتنی ١١ی ئادار لە ساڵی ١٩٧٤ لە لایەن ناوەندەوە و دەسپێکردنەوەی شەڕ و پیادەکردنی سیاسەتی خاکی سۆتاو بەسەر کوردستان، بە نووسراوی ٣٠٩ لە ٢٦ی ئاداری ١٩٧٤ بڕیاری پێشووی خۆیان بۆ بەرتەسک کردنەوەی زمانی کوردی هەڵوەشاندەوە و هەندێک لە ناوەندەکانی خوێندنیان خستە سەر بەغدا[6].

٤- تەعریبی دامەزراوەکانی (مؤسسات) فەرمی و نیمچە فەرمی:

شاری کەرکووک لە سەردەمی دەستەڵاتی عوسمانی و تا ساڵی ١٨٧٩ ناوەندی لیوای (پارێزگای) شارەزور بوو، دوای دامەزرندنی ویلایەتی موسڵ وەک سێیەم قەزا (سنجک- سنجوق) خرایە سەر موسڵ (کەرکووک، سلێمانی، موسڵ) تا دامەزراندنی دەوڵەتی (وڵاتی) عێراق لە ساڵی ١٩٢١، ساڵی ١٩٢٥ کەرکووک کرایە لیوا (پارێزگا) و قەزاکانی کەرکووک (ناوەند، پردێ، قرەحەسەن، شوان، ئەلملحە، داقۆق) و قەزای سەلاحیە یا کفر (ناوەند، قرەتەپە، شێروانە، بیباز، توز)، قەزای چەمچەماڵ (ناوەند، ئاغجەلەر)، قەزای کیل (ناوەند، سەنگاو) پێکدەهات.

سەردەمی پاشایەتی لە کەرکووک تەنیا گۆڕانکاری لە هەیکەلییەتی بەڕێوەبردنی کرا، لە جیاتی کێل توزخورماتو بە پێکهاتەی داقوق و قادرکەرم کرایە قەزا، زۆرترین گۆڕانکاری لە نیوەی دوومی سەدەی بیستەم و بە تایبەت لە دوای بەئەنجامگەیاندنی پڕۆژەی ئاودێری حەویجە و بە قەزاکردنی بە مەبەستی نیشتەجێکردنی عەرەبی هاوردە لە ساڵی ١٩٦٢، پێکەوەبەستنی ناحییەکانی ڕیاز و عەباسی و خستەسەری ناحییەی زابی سەربە پارێزگای موسڵ بۆ سەر قەزا نوێیەکە لە ساڵی ١٩٨٤.

ئەم گۆڕانکاریەی بەسەر هەیکەلی بەڕێوەبردنی کەرکووکدا هات:

- جیا کردنەوەی قەزاکانی کەلار و چەمچەماڵ و بەستنەوەی بە پارێزگای سلێمانی، قەزای کفری بە پارێزگای دیالا بە فەرمانی ژمارە ٦٠٨ لە ٦ تشرینی دووەمی ١٩٧٥.

- بەستنەوەی قەزای توزخورماتو بە پارێزگای سەلاحەدین بە فەرمانی کۆماری ٤١ لە ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٧٦. بەپێی فەرمانی کۆماری ٤١ی ٢٩ی کانوونی دووەمی ١٩٧٦ تەنیا قەزای ناوەندی و حەویجە بە قەزا و ناوەندی بەڕێوەبردن مایەوە.

- دامەزراندنی قەزای دوبس و پێکهاتوو لە ناوەند و قەزای پردێ بە فەرمانی کۆماری ژمارە ٧٢ لە ١٥ی شوباتی ١٩٧٦.

- هەڵوەشاندنەوەی قەزای دوبس و بەستنەوەی ناحییەی پردێ (ئالتون کوپری) لە کەرکووک و بەستنەوەی بە پارێزگای هەولێر بەپێی فەرمانی کۆماری ٤٣٤ی ساڵی ١٩٨٩، بەستنەوەی هەندێک لە ناوچەکانی بە ناحییەی دوبس و چەند ناوچەکی دوبس لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە خرایە سەر قەزای حەویجە.

- جیاکردنەوەی ناحییەی داقوق لە قەزای توزخورماتوی سەر بە پارێزگای سەلاحەدین و بەستنەوەی بە قەزای ناوەندی کەرکووک بە فەرمانی کۆماری ٢٥٦ ل ١٨ی ئایاری ١٩٧٦.

-دامەزراندنی قەزای داقوق بە فەرمانی کۆماری ٤٣٤ لە ساڵی ١٩٨٩.

بەم گۆڕانکاریە و ئەو هەموو فەرمان و بڕیارانەی کە تەنیا ئامانجیان تەعریبی کەرکووک بوو، ڕووبەری پارێزگای کەرکووک لە ٢٠٣٣٥ کیلومەتری چوارگوشەی ساڵی ١٩٥٧ بۆ ٩٦٣٩ کیلومەتر و لە ٢٢ ناوەندی بەڕێوەبردن بۆ ١١ ناوەند لە ساڵی ١٩٩٣ کەمکرایەوە.

 

٥- یاسای گۆڕینى ناسنامە و نەتەوە (قانون التصحیح القومیة):

هەر ڕێگەچارەیەک بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی کورد لە کەرکووک و زیادکردنی ڕێژەی عەرەبی و زمان و کەلتوری عەرەبی بەهزری کاربەدەستاندا هات تاقیکرایەوە، یەکێک لەم ڕیگەچارە بەپەلەیەی تەعریبی کەرکووک یاسای گۆڕینی ناسنامە و نەتەوە بوو، بەپێی ئەم یاسایە لەسەر نەتەوەی کورد و تورکمانە نەتەوەی خۆیان بۆ عەرەب بگۆڕن ئەگەرنا ڕووبەڕووی پەستان و ڕێکاری توندی ئابووری، کارگێڕی و ئەمنی دەبنەوە، لە نووسراوی ژمارە ١٩٩ی ٦ی ئەیلوولی ٢٠٠١ی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش، بە پێچەوانەی یاسای سەردەمی دەستەڵاتی عوسمانی، بڕیار درا هەر هاووڵاتیەکی عێراق مافی گۆڕینی نەتەوەی خۆی هەیە بۆ عەرەب، لە ناوەڕۆکیدا بەڕوونی عەرەب پێناسە کراوە، هەر تاکێک لە وڵاتی عەرەبی و بە عەرەبی دەدوێ و خۆی بە نەتەوەی عەرەب دەزانێ، عەرەبە. تاکی عەرەب بۆی نییە نەتەوەی خۆی بگۆڕێ بۆ نەتەوەیەکی تر و لەم دۆخەدا تووشی بەندکردنی یەک ساڵ دەبێت. زۆربەی ئەوانەی ئامادە نەبوون نەتەوەی خۆیان بۆ عەرەب بگۆڕن، لە لایەن حکومەتی ناوەندی تووشی جۆرەها پەستان بوونەوە، لەوانەش گرتن و دەرکردنی خۆیان و خانەوادەکانیان لە کەرکووک، تەنیا لەبەر ئەوەی ئامادە نەبوون نەتەوەی خۆیان بە عەرەب بکەن، بوونی لاگیری بۆ پارتەکانی سیاسی کوردستانیان دەدرایە پاڵ و لە کەرکووک دەردەکران، ئەم هەڵمەتە بەچڕی و دژواری تا کۆتایی ڕژێمی بەعس لە دووەم شەڕی کەنداو و کەوتنی لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣ بەردەوامی هەبوو[7].  

تەعریب لە عێراقی نوێ (٢٠٠٣- ٢٠٢٥):

 پشتیوانی لە  تیرۆریزمی جیهانی (نیودەوڵەتی) بوون و شاردنەوەی چەکی کومەڵکوژ بووە ئەگەری هێرشی سەربازی ئەمریکا و هاوپەیمانانی بۆ سەر عێراق، کەوتنی بەغدا لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣، نەمانی ڕژێمی بەعس، جێگیربوونی سیستەمی حوکمی بەرەواڵەتی دیموکراسی فیدراڵی لە عێراقی نوێ، دانانی دەستووری نوێ کاتی، دەنگدانی گەلانی عێراق لە ڕێفراندمی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٠٥ و پەسەندکردنی وەکو دەستووری هەمیشەیی وڵات. مادەی ٥٨ی دەستووری کاتی و ١٤٠ی هەمیشەیی تایبەت بە ناوچە کوردییە بە عەرەبکراوەکان (تەعریب)، بڕیار بوو لە ڕێگای هاوکاری نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان ستافان دی میستورا (Staffan de Mistura) و لیژنەکانی تایبەت بەم ئەرکە لە نێوان حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم پرسە تا کۆتایی ساڵ ٢٠٠٧ چارەسەر بکرێت،  بەڵام نەک تەنیا چارەسەر نەکرا بەڵکو لە کابینە یەک لە دوا یەکەکانی حکومەتی عێراق لە ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت(١٩ی ئاداری ٢٠٠٣- ٢٨ی حوزیرانی ٢٠٠٤)، حکومەتی کاتی لە ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٠٤- ٣ی ئایاری ٢٠٠٥ بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەلاوی، نووری کامل مالکی (٢٠ی ئایاری ٢٠٠٦- ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠) و (٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠- ٨ی ئە یلوولی ٢٠١٤)، ئیبراهیم جەعفەری، حەیدەر ئەلعەبادی (١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦- ١١ی ئابی ٢٠١٨)، نەک تەنیا مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق کە خۆی لە سێ ئاستی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی تەعریبی ڕژێمەکانی پێشووی عێراق لە دامەزراندنەوە تا کەوتنی لە ساڵی ٢٠٠٣، گەڕاندنەوەی سەرجەم ناوچە جیاکراوەکانی کەرکووک بۆ سەر پارێزگاکە، سەرژمێری دانیشتووان و لە کۆتایی ئەنجامدانی ڕێفراندم کە تێدا دانیشتووانی بە ئازادی بڵێن دەیانەوەێ سەربە ناوەند یا هەرێمی کوردستان بن، پایەدارانی عێراق بەمەبەستی خۆدزینەوە و جێبەجێنەکردنی، بیانووی جیاجیا و سەیر و سەمەرەیان دەدۆزییەوە، بەردەوام بوون لە بەعەرەبکردنی زیادتر کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی کوردستان، بەتایبەت لە دوای ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ٢٥ی ئەیلوولی ٢٠١٧ و خیانەتی ١٦ی ئۆکتوبەر (تشرینی یەکەمی) ٢٠١٧ ی بەشێک لە سەرکردە و پلەدارانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان. بە خۆ بەدەستەوەدان و کشانەوەی بێ ڕووبەڕووبوونەوەی هێزە هێرشکارەکانی عێراق، ئەمە وایکرد هێزە چەکدار و ئەمنییەکان بە پشتیوانی بەشداری ڕاستەوخۆ و هاوکاری وڵاتانی ناوچەکە، پەلەماری کوردستان و لەوانەش پارێزگای کەرکووک و ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستان (جێناکۆک) کە پێشتر، لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٤ لە ترسی پەلەماری چەکدارانی داعش خۆیان چۆڵ و هێزە چەکدارەکانیان بۆ قۆڵایی خاکی عێراق کشاندبووە، بە هۆی بوونی بۆشایی ئەمنی، مەترسی و بۆ پاراستنی خەڵکی ئەم ناوچانە و بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی دوژمن، بڕیاری جێگیربوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە درابوو، بدەن. ئەم کریارەش لە دوای کۆتایی هاتنی ئەفسانەی داعش لە سەر دەستی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوو، ڕێککەوتنی یەکێتی لەگەڵ دەستەی حەشدی شەعبی و ڕاوێژکارانی سوپای پاسداران و بەشداریان لە جەنگ دژی هەرێمی کوردستان بە هەموو هێزی چەکدار، چەک و جەبەخانەی خۆیان توانیان کەرکووک داگیر بکەن و بۆ ڕێکخستنەوە و دامەزراندنەوەی بەرەی بەرگیری هێزی پێشمەرگە، ناچار بە پاشەکشە لە سەرجەم بەرەکانی جەنگ کرا و سەنگەرێکی مودا درێژی زیادتر لە ١٠٠٠ کیلومەتری بە تەنیا بۆ هێزەکانی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان مایەوە، هێرش و پەلەمارەکانی دوژمن لە بەرەبەیانی ٢٠ ئۆکتوبەر بە هاوکاری هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتی و ڕێنماییان لە ژێر دۆرشمی قادمون یا اربیل و بەشداری نزیکەی شەست هەزار چەکبەدەستی عێراقی دەستیپێکرد. زۆری نەخایاند و لەکاتژمێر ١١ی بەیانی بەزێنران و شکان، بەناچاری و دوای لەدەستدان و کوژرانی سەدان چەکدار و لە ژێر ئاگری چەکی پێشمەرگەدا پاشەکشێیان پێکرا. ئەم هێرشە بەهێزانە تا کۆتایی مانگ و لە بەرەکانی دیکەی جەنگیش بەهەمان شێوە بەردەوامی هەبوو، لۆتکەی ئەم پێکدادانە خوێناویە لە ٢٦ی ئۆکتوبەری ٢٠١٧ و بە هێرشی هێزەکانی حەشدی شەعبی، سوپا، بەرپەرچدانەوەی خێرا، ئالتۆنی، پۆلیسی فیدرالی بۆ سەر سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ناوچەی سحێلەی پارێزگای موسڵ بوو کە تێدا زیادتر لە ١٠٠٠ چەکدار، دەرەجەدار و فەرماندەیان لە لیستی کوژرا و برینداراندا بوو، لەوانەش کوژرانی ئەبو توراب لە زۆمار و برینداربوونی ئەبو مەهدی موهەندس و هەڵاتنی قاسم سلێمانی فەرماندەیی گشتی فەرماندەیی سوپای قدۆسی سوپای پاسدارانی ئێران لە بەرەکانی شەڕ. دوای سەرنەکەوتنیان لە جەنگ وەک هەمیشە چوونەوە سەر رێچکەی کۆنی باب و باپیرانیان بە پاکتاو و تەعریبکردنی ئەو ناوچانەی بە خیانەت دەستیان کەوتبوو. لە سەنتەری موسڵ کورد بوونی نەما، لە دەشتەکانی شنگال و زمار و ڕەبیعە عەرەبی زیادتر نیشتەجێکرا، دەستیان دایە دروستکردنی شێوازەکانی کۆنی بەکرێگیراوی و جاشایەتی لە نێو دانیشتوانی مەسیحی، ئێزدی، شەبەک و پارەدارکردنی هەندێک هێزی کوردی سەربە پەکەکە.

سەبارەت بەکەرکووک هانی ئاوارەکانی شەڕی داعشیان دا کوبونی خوراک و ناسنامەی خۆیان بگوازنەوە بۆ شاری کەرکووک  و لە کەرکووک نیشتەجێکران، بەپێی دواین ئامار ١١ گەڕەکی نوێ لە دوای داگیرکردنەوەی کەرکووک لە ١٦ی ئۆکتوبەری ٢٠١٧ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ بۆ عەرەبی هاوردە دروستکراوە، ئەوانەی لە چوارچێوەی مادەی ١٤٠ دەستووری عێراق قەرەبوو کران و کەرکووکیان چۆڵکردبوو، گەڕێندراونەتەوە، بە هاوکاری، پشتیوانی و دەستوەردانی ڕاستەوخۆی سوپای عێراق، ناوەندە ئەمنی و سەربازییەکان دەستیان بەسەر زەوی و زاری چاندنی کورد دا گرتووتەوە، بە پێچەوانەی دەستوور نابێ ئاڵای کوردستان هەڵبکرێ و زمانی کوردی لە ناوەندەکانی باڵای خوێند نەما[8].

 

 

 


سەرچاوەکان:

١- خلیل اسماعیل محمد، مؤشرات سیاسة التعریب و التهجیر في إقلیم کردستان العراق، مطبعة صلاح الدین، اربیل- ٢٠٠١.  

٢- مسعود بارزاني، البارزاني و حرکة التحرریة الکردیة (١٩٥٨- ١٩٦١).

٣- نوري الطالباني، منطقة کرکوک و محاولات تغییر واقعها القومي، لندن، ١٩٩٥.

٤- خلیل اسماعیل محمد، البعد القومي للتغیرات الاداریة في محافظة کرکوک، اربیل، ١٩٩٧.

٥-  ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.

 


١- خلیل اسماعیل محمد، مؤشرات سیاسة التعریب و التهجیر في إقلیم کردستان العراق، مطبعة صلاح الدین، اربیل- ٢٠٠١، ص١١٢

 

٢- نوري الطالباني، منطقة کرکوک و محاولات تغییر واقعها القومي، لندن، ١٩٩٥، ص ص٤٠- ٤٢.

[3] - خلیل اسماعیل محمد، مؤشرات سیاسة التعریب و التهجیر في إقلیم کردستان العراق، مطبعة صلاح الدین، اربیل- ٢٠٠١، ص١١٣.

٤ - مسعود بارزاني، البارزاني و حرکة التحرریة الکردیة (١٩٥٨- ١٩٦١)، ص١٢١.

٥- نوري الطالباني، منطقة کرکوک و محاولات تغییر واقعها القومي، لندن، ١٩٩٥، ص٦٥.

٦- خلیل اسماعیل محمد، مؤشرات سیاسة التعریب و التهجیر في إقلیم کردستان العراق، مطبعة صلاح الدین، اربیل- ٢٠٠١، ص ص١١٢- ١٢٦.

٧ - خلیل اسماعیل محمد، البعد القومي للتغیرات الاداریة في محافظة کرکوک، اربیل، ١٩٩٧، ص ١١.

٨- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.


بابەتی پەیوەندیدار

چاپخانەی خەبات

چاپخانەی خەبات وەک ئامرازێکی بنەڕەتی بڵاوکردنەوەی بیر و بۆچوون و هۆشیارکردنەوەی گەل، ڕۆڵێکی سەرەکی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد گێڕاوە. دوای دوو ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی خەبات وەک ئۆرگانی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرکردایەتی پارتی بیری لەوە کردەوە؛ چاپخانەیەکی تایبەت بە خۆی هەبێت. لەسەر بنەمای ئەو پێویستییە لە بەغدا چاپخانەیەکی کڕی کە پێشتر بە ناوەکانی "بەشی چاپەمەنی و بڵاوکراوەکانی پارتی، چاپخانەی کوردستان، چاپخانەی شەهیدان" ناسرابوو،

زانیاری زیاتر

لەشکری شۆڕشی ئەیلوول

شۆڕشى مەزنى ئەیلوول لە ١١ى ئەیلوولى ساڵى ١٩٦١ بە سەرۆکایەتى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى هەڵگیرسا. لەبەرئەوەى شۆڕشەکە سەرتاپاگیر بوو، بۆیە ژمارەیەکى زۆرى پێشمەرگە تێیدا بەشداربوون و بەرگریان لە خاک و هاووڵاتیانى کوردستان دەکرد. کاتێک شۆڕش هەڵگیرسا، پێشمەرگە لە سەربازگە و بنکەکانى پۆلیس هاتنە دەست و لە زۆربەى ناوچەکانى کوردستان دەریانپەڕاندن. دواى ئەمە پەیتا پەیتا و دەستە دەستە هاونیشتمانى خۆیان دەگەیاندە سنوورى ناوچە ئازادکراوەکان و پەیوەندییان بە لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستانەوە دەکرد.

زانیاری زیاتر

لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستان- شۆڕشی ئەیلوول

شۆڕشى مەزنى ئەیلوول لە ١١ى ئەیلوولى ساڵى ١٩٦١ بە سەرۆکایەتى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى هەڵگیرسا. لەبەرئەوەى شۆڕشەکە سەرتاپاگیر بوو، بۆیە ژمارەیەکى زۆرى پێشمەرگە تێیدا بەشداربوون و بەرگریان لە خاک و هاووڵاتیانى کوردستان دەکرد. کاتێک شۆڕش هەڵگیرسا، پێشمەرگە لە سەربازگە و بنکەکانى پۆلیس هاتنە دەست و لە زۆربەى ناوچەکانى کوردستان دەریانپەڕاندن. دواى ئەمە پەیتا پەیتا و دەستە دەستە هاونیشتمانى خۆیان دەگەیاندە سنوورى ناوچە ئازادکراوەکان و پەیوەندییان بە لەشکرى شۆڕشگێڕى کوردستانەوە دەکرد.

زانیاری زیاتر

ئەنجومەنی سەرکرادایەتیی شۆڕشی ئەیلوول

کۆتایی هاتنی سیستەمی پاشایەتی لە ساڵی ١٩٥٨ و هاتنە سەرکاری سیستەمێکی نوێی سیاسی لە عێراق کۆمەڵێک چاوەڕوانی زۆری بۆ هەموو نەتەوە و پێکهاتەکانی عێراق بە دوای خۆیدا هێنا. هەمووان چاویان لەوە بوو کە سیستەمی کۆماری گۆڕانی بیری سیاسی لە عێراقد دروست بکات و ببێتە هۆی کرانەوە و قبوڵکردنی فرەیی لە وڵاتدا. لە ڕاستیشدا بەشێک لەم چاوەڕوانیانە لە دوای ١٤ی تەموزی ١٩٥٨ ئەگەر بەشێوەیەکی کاتیش بێت، بەدیهاتن و...

زانیاری زیاتر

بەعەرەبکردنی کوردستان

دەستەواژە یان وشەی بەعەرەبکردن لە ڕووی پێناسەوە، گۆڕینی دیموگرافیا و سیمای ناوچەیەکی نیشتەجێبوونى گەل و نەتەوەکانی دیکەیە بۆ ناوچەیەکی عەرەبنشین، ئەمەش بە هۆی زیادکردنی ڕێژەی دانیشتوانی عەرەب و سەپاندنی زمانی پەیڤین بە عەرەبی و گۆڕینى پەیتا پەیتای سیمای فۆلکلۆری، داب و نەریتى ناوچەکە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دوور مەودا و لەسەر بنچینەی ڕەگەزپەرستی، نیشتەجێکردنى خەڵکی عەرەب لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق و دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێ کردنی عەرەبی....

زانیاری زیاتر