بەکر عەبدوڵا هەمزە ناسراو بە بەکرە سوڕ، ساڵی ١٩٥٠ لە گوندی لاوەرێی سەربە ناحیەی دیبەگەی قەزای مەخموور پارێزگاى هەولێر لە دایکبووە، گوندنشین بووە و سەرقاڵی کاری جوتیاری و ئاژەڵداری بووە، تا قۆناغى سەرەتایی خوێندووە، ساڵى ١٩٧٥ دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و لە کەمپی بورشەهر نیشتەجێ بووە، خێزاندار بووە و خاوەنی دوو کوڕ بووە.
ساڵی ١٩٦٧ پەیوەندی بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشی ئەیلوول کردووە و لە لقی وسوو دزەیی سەربە بەتالیۆنی ئەحمەدی حاجی عەلی سەربە هێزی دەشتی هەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆتە پێشمەرگە، ساڵى ١٩٦٨ گوازراوەتەوە هێزی ئاسۆسی سەربە لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان.
ساڵی ١٩٦٩ وەک ڕێنیشاندەرى مەفرەزەیەکی تایبەتی سەرکردایەتی شۆڕشی بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکی پارتیزانی تایبەت و نهێنی چووەتە ناو شارى قەڵادزێ و چالاکى ئەنجام داوە. دواى ئەو چالاکییە دەگوازرێتەوە سەرکردایەتى و هێزى پاراستن لە ناوپردان، ساڵى ١٩٧٠ دواى ڕێککەوتنامەى ١١ى ئازار و وەستانى شەڕ گەڕاوەتەوە گوندى لاوەرێ.
ساڵی ١٩٧٤ دواى ئەوەى حکومەتى عێراق شەڕى دژى هێزى پێشمەرگە دەست پێکردەوە، بەکرە سوڕ گەڕاوەتەوە گەڵاڵە و پەیوەندی بە هێزەکەی سەرکردایەتی کردۆتەوە، ساڵى ١٩٧٤ لە شەڕی چیای شیرین لە ڕۆژئاوای قەزای مێرگەسۆر بریندار بووە، بۆ چارەسەرى ڕەوانەى ناوپردان و لەوێشەوە گوازراوەتەوە نەخۆشخانەیەکى شارى تارانى پایتەختى وڵاتى ئێران.
ساڵی ١٩٧٦ پەیوەندى بە هێزى پێشمەرگەى شۆڕشى گوڵان کردووەتەوە و مەفرەزەیەکى حەوت کەسی پێکهێناوە و بۆ ئەنجامدانى چالاکى پارتیزانى گەڕاوەتەوە دەڤەرى قەراج و کەندێناوە. ساڵی ١٩٧٧ لە کاتى ئەنجامدانى چالاکی پارتیزانی دووشوان بریندار بووە.
ساڵی ١٩٧٨ دواى ئەوەى بۆ پشودان دەگەڕێتەوە ماڵەکەى لە گوندى لاەوەرێ، لە لایەن مەفرەزەیەکى ئەمنى حکومەتى عێراق و سوپا ماڵەکەى گەمارۆ دەدرێت، پاش بەرگریەکى یەک کاتژمێرى دەسگیر دەکرێت و دەگوازرێتەوە بۆ بەندیخانەى موسڵ و لە ١٦ى ئەیلوولى ١٩٧٨ لەسێدارە دەدرێت. یەکێکە لەو شەهیدانەی گۆڕی نادیارە.
سەرچاوە:
ئەرشیفى دەستەى ئینسکلۆپیدیاى پارتى دیموکراتى کوردستان.