بەعەرەبکردنی کوردستان

دەستەواژە یان وشەی بەعەرەبکردن لە ڕووی پێناسەوە، گۆڕینی دیموگرافیا و سیمای ناوچەیەکی نیشتەجێبوونى گەل و نەتەوەکانی دیکەیە بۆ ناوچەیەکی عەرەبنشین، ئەمەش بە هۆی زیادکردنی ڕێژەی دانیشتوانی عەرەب و سەپاندنی زمانی پەیڤین بە عەرەبی و گۆڕینى پەیتا پەیتای سیمای فۆلکلۆری، داب و نەریتى ناوچەکە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دوور مەودا و لەسەر بنچینەی ڕەگەزپەرستی، نیشتەجێکردنى خەڵکی عەرەب لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق و دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێ کردنی عەرەبی....


دەستەواژە یان وشەی بەعەرەبکردن لە ڕووی پێناسەوە، گۆڕینی دیموگرافیا و سیمای  ناوچەیەکی نیشتەجێبوونى گەل و نەتەوەکانی دیکەیە بۆ ناوچەیەکی عەرەبنشین، ئەمەش بە هۆی زیادکردنی ڕێژەی دانیشتوانی عەرەب و سەپاندنی زمانی پەیڤین بە عەرەبی و گۆڕینى پەیتا پەیتای سیمای فۆلکلۆری، داب و نەریتى ناوچەکە لە چوارچێوەی سیاسەتێکی دوور مەودا و لەسەر بنچینەی ڕەگەزپەرستی،[1] نیشتەجێکردنى خەڵکی عەرەب لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراق و دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێ کردنی عەرەبی، گۆڕینی ناوی شار، گوند، گەڕەکى نیشتەجێ بوون، نووسینگە و دامەزراوەى فەرمی و نیمچە فەرمی لە کوردی بۆ عەرەبی، بەمەبەستی گۆڕینی دیمۆگرافیا لە بەرژەوەندی عەرەب[2] هەروەها ناچارکردنى تاکى نەتەوەى غەیرە عەرەب بە گۆڕینى ناسنامەى نەتەوەییان.

مێژووى تەعریب

لە هەزارەی یەکەمی پێش زاییندا، هیچ ئاماژەیەک بە بوونی عەرەب لە ناوچەکە نییە، تەنیا لە نووسینی ئاشووری لە هەزارەی هەشتەم یا نۆیەم ئەو ناوە هاتووە. لە سەرەتای مێژووی زایینی، هاتنی هۆزە عەرەبەکان بۆ کەناراوەکانی ڕووباری فورات لە ڕۆژئاوای عێراق و هۆزەکانی عەرەبی قەزاعە، تنۆخ، ئەیاد، ڕەبیعە، بەکر و تەغلەب کە لە پێشڕەویدا بوون بەرەو ڕۆژهەڵات بەرەو ڕووباری دیجلە لە عێراق بەدەرکەوت. لە ساڵەکانی ٢٢٤- ٦٣٧ز عەرەب لە دوورگەی عەرەبییەوە لە لێوارەکانی ڕۆژئاوای ڕووباری فورات لە ناوچەى عێراقی ئەمڕۆ نیشتەجی بوون و ناوچەی حیرەیان بە پایتەختی خۆیان ناساند، لە هەزارەی سێیەمی زایینی دەوڵەتشاری حەزەر لە لێواری ڕووباری دیجلە و فورات، لە کێوەکانی شنگال لە باکوور و نزیک شاری مەدایین لە باشوور دەرکەوت[3].

گەورەترین ڕووداوی مێژووی عێراق، هاتنى ئیسلام بوو کە کاریگەری زۆری لەسەر دروستبوونی ڕەگەزی دانیشتوان هەبوو و لێشاوى هاتنی عەرەبی بۆ عێراق لێکەوتەوە[4]. لە لایەکیترەوە هۆزە عەرەبەکانی نیشتەجێى ڕۆژئاوای ڕووباری فورات کە هاوکاری سوپای ئیسلام بوون لە سەرکەوتنەکانیان بەردەوام بوون و بەرەو لای ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە پەڕینەوە، هەروەها چوونە کەناراوەکانی لای چەپی ڕووبار کە بووە سنووریان لەگەڵ گەلانیتر.[5]

شەپۆلی بەعەرەبکردنی عێراق لە سەردەمی عەباسی زۆربەهێز بەردەوام بوو، تا ڕادەیەک حەمەوی لە پەرتوکی موعجەم ئەلبولدان دەڵێت: زۆربەی خەڵکی هەولێر بەعەرەبکران،[6] کە ئاماژەیەکی ڕوونی سەرخستنی ڕەگەزی عەرەب و زمانی عەرەبییە لەو ناوچەیە و لە پەرتوکی مێژووی جیهاننما دا هاتووە، خەڵکی شاری موسڵ کوردن و بە کوردی دەدوێن و زمانى دیکەى وەک عەرەبی، تورکی و فارسیش دەزانن.[7]

دوای داگیرکاریی مەغۆلیش کۆچی بیابانشینانی عەرەب بۆ جەزیرە ( نێوانی ڕووباری دیجلە و فورات) پەرەیسەند و هۆزی گەورەی عەرەبی توانیان ناوچەیەکی فراوان  لە زەوی و لەوەڕگا داگیر بکەن، لەوانەش هۆزەکانی تەی، جبور، دلێم، عەبید، حەدیدی، شەمەڕ و عەنزە[8].

شاراوە نییە کە مێژووی خاکى عەرەب، مێژووی لێشاوەکانى هاتنی عەرەبە لە جەرگەی دورگەی عەرەبی بەرەو عێراق و ناوچەکانى دیکە کە هەنووکە عەرەبنشینن. بەشێکی زۆری هۆزە عەرەبەکان لە ساڵی ١٦٥٠ی زایینی لە نەجدەوە بەرەو باکوور کۆچیان کرد و بە ڕێگەوە داوای سەرانە و ماڵیان لەو هۆز و کۆمەڵە نیشتەجێ بووانەى نزیک ڕووباری فورات دەکرد، شاری تەدموریان وێران کرد، هۆزە بچووکەکان بە ئاسانی ڕادەستیان بوون و دواتر بۆ ماوەی ٢٠ ساڵ شەڕیان لەگەڵ هۆزە گەورەکانیتر کرد، تا زەوییە بەپیتەکانیان داگیر کرد.[9] بەشێکیان لە چیای شەمەڕى ئێستا و بەشێکی دیکەیان، بە تایبەت هۆزی دلێم، خیوەتەکانی خۆیان لە نێوان عانە و فەلوجە هەڵدا، هۆزی زبێد لە لێواری ڕووباری دیجلە تا حیللە نیشتەجێبوون، هۆزەکانی شەمەڕ و تۆکە چوونە نێوان دیالە و کوت، بەشێکى دیکەیان هەندێک ناوچەی شامیان کردە شوێنی مانەوەی خۆیان، هۆزی زۆبەع لە ڕۆخی چەپی ڕووباری فورات بەرەو بەغدا کەوتنەڕێ.[10]

وێڕاى ئەمە، ئەم هۆزانە کۆچى دیکەى نوێشیان بەرەو باکوورى شوێنى نیشتەجێبوونى خۆیان هەبووە، بۆنموونە لە نێوان ساڵانی ١٨٦٩- ١٨٧٢ زایینی مەدحەت پاشای والی بەغدا هەوڵێکی زۆری دا بۆ نیشتەجێکردنی هۆزە عەرەبە کۆچەرییەکان کە لە جەزیرەی عەرەبی بەرەو عێراق لە ڕێدابوون. گرنگترین ئەم هۆزانە شەمەڕ و عەنزەن کە کۆچیان تا دواى جەنگى دووەمى جیهانى بۆ ناوچەکە بەردەوام بوو.

هەروەها دوای دەرچوونی یاسای ئیسڵاح زراعى لە ساڵی ١٩٥٨،  زەویی چاندنی بە سەر زۆرێک لە هۆزە کۆچەرە عەرەبەکان دابەشکرا، کە بووە هۆی نیشتەجی بوونیان و لەم ڕاستایەدا ١٦ کۆمەڵگەى نیشتەجێکردن لە ناوچەی رەبیعە لە ساڵی ١٩٦٠ بنیاتنران، ١٢کۆمەڵگا لە تەلەعفەر و ١٥ لە شنگال و ٨ لە ناحییەی عەتبە و ناحیەکانی دیکە.[11]

بەهەمانشێوە لە نێوان ساڵانی ١٩٥١- ١٩٦٥ لە ناوچەی حەزەر- شنگال ٤٠٠ کۆمەڵگەی نیشتەجێکردن، ٣٢٦ کۆمەڵگەیتر لە باکوور و باکووری خۆرهەڵاتی چیای شنگال و لەوانەش ١٥٢ کۆمەڵگا لە نێو قەزای تەلەعفەر و ١٧٤ یان لە ناحیەی شنگال دروستکران و ئەژماری نیشتەجێکراوان ٥٩،٦٧٦ کەس بوون. ئەم گۆڕانکارییانە بوونە هۆی دروستکردنى قەزاکانی  شەرگات، حەمدانیە، حەزەر و بەعاج و لە دوایدا دامەزرانی چەند ناحییەی بەدوای خۆیدا هێنا و حکومەتی عێراق چەند گۆڕانکارییەکی لە یەکە کارگێڕییەکانیدا کرد، لەوانەش قەزای زێبار لە ڕوویی کارگێڕی لە سەر موسڵ لابرا و خرایە سەر پارێزگای هەولێر، دابڕانی یەکەکانی دهۆک، زاخۆ، ئامێدی و ئاکرێ و کۆکردنەوەیان لە پارێزگایەکی نوێ بە ناوی دهۆک و لابردنی لەسەر پارێزگای موسڵ، کارێک کە بووە هۆی زیادبوونی ڕێژەی عەرەب لە پارێزگای موسڵ (بەعەرەبکردنی موسڵ).[12] هەروەها لە نیوەی دووەمی سەدەی ڕابردوو قوناغێکی نوێ بنەجێکردنی هۆزەکانی عەرەب لە موسڵ ڕوویدا و بۆ هەر ماڵێک ١٥٠ دۆنم زەوی چاندنییان پێدرا[13].

بەڵگە فەرمییەکانی تایبەت بە بڕیار و یاسا و ڕاسپاردەکانی دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق دەرخەری گرنگیدانی تایبەتی بەعەرەبکردنی ناوچەکانی پارێزگای موسڵن لە سێ لاوە: ئەوانیش بەرەی موسڵ- شێخان، موسڵ- فایدە و موسڵ- مەخمور. بەرەی موسڵ شێخان لەم ساڵانەی دوایدا گرنگیەکی تایبەتی هەبوو و ئەوەش لە نووسراوی پارێزگاری نەینەوا ژمارە ٢٨٦٨ی ٧ی ئایاری ١٩٩٤ بەڕوونی بە پشتبەستن بە ڕێکارەکانی لێژنەی باکوور بەوەی کە بەرەی موسڵ- شێخان بەرەی بنچینەیی و سەرەکی بەعەرەبکردنە، دەبێت عەرەب بۆ هەمیشە لەم ناوچەیە بمێنێتەوە. لەبەر ڕۆشنایی ئەم بڕیارە؛ لێژنەیەک لە پارێزگای موسڵ دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو هۆز و شوێنانە کرد کە لێ نیشتەجێ دەکرێن. هەروەها بە واژووی تەها یاسین ڕەمەزانى سەرۆکی لێژنە و جێگری سەرۆککۆمار بە نووسراوی ژمارە ٢١/١٩٩٢ لە ڕێکەوتی ٧ی ئایاری ١٩٩٤ ڕەزامەند بوون بە دابەشکردنی ١١٠٠ پارچە زەوی و دروستکردنى خانوو بۆ نەتەوەی عەرەب لە سەنتەری قەزای شێخان، بە مەرجى گواستنەوەی تۆماری ناسنامەى کەسى بۆ شێخان و بەناوکردنی ئەو زەویانە بەناویان دوای ١٥ ساڵ لە نیشتەجێبوونیان لەو شارە بۆ هۆزەکانی عەزاوی، حەدیدی و تەی و فەرمانبەر و خانەنشینانی سەربازی. پارێزگاری نەینەوا لە نووسراوی ژمارە ٢٢/٢٣٣٤ لە ڕێکەوتی ٢٤ی کانوونی یەکەمی ١٩٩٤ داوا لە قائیمەقامی قەزاکانی شێخان، مەخمور، تلکێف و ناحیەی فایدە دەکات پەلە لە ناردنی ناوەکانی سنوورەکانیان بکەن. هەروەها نووسراوی بەڕێوەبەرایەتی چاندنی موسڵی ژمارە ١٧/١٦/١١٢٢ لە ڕێکەوتی ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٩٥ داوای بە موڵککردنی هەموو ناوچەکانی قەزای شێخان دەکات بە پێى بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕشی حزبی بەعس لە عێراق بە ژمارەی ٣٥٨ی ١٦ی ئاداری ١٩٧٨ بۆ عەرەب.

حکومەت لە پارێزگای موسڵ بەم چەند ڕێگایە هەوڵی بەعەرەبکردنی خاکی کوردى دەدا:

١- دروستکردنی کۆمەڵگای نیشتەجێکردن بۆ عەرەب.

٢- بەناوکردنی زەوی و زەوی چاندن.

٣- هەڵمەتەکانی ڕاگواستن و کۆچپێکردن.

٤- گۆڕینى ناسنامە و نەتەوە.

٥- گۆڕانکاری لە بەڕێوەبردن و پێکهێنانى بەڕێوەبەرایەتییەکان.

 

 


سەرچاوەکان:

  • ولید شەریکە، حقوق الانسان و سیاسیة التهجیر التعریب في اقلیم کوردستان العراق- الترکمان نموذجا، البحث مقدم الي الکونفرانس حول سیاسة التعریب المزمن عقدة في کوردستان العراق، المنشورة.
  • احمد سوسة، تاریخ حضارة وادي الرافدین، ج٢، دالحریة للطباعة، بەغداد- ١٩٨٣.
  • خلیل اسماعیل محمد، اقلیم کردستان العراق، مطبعة الجامعة، اربیل- ١٣٣٩ ه.ق.
  • نوري خلیل البرازي، البداوة و الاستقرار في العراق، معهد البحوث و الدراسات العربیة، القاهرة، ١٩٦٩.
  • نافع القصاب، ملامح جغرافیة حول استیطان القبائل البدویة المتنقلة، مجلة الجمعیة الجغرافیة العراقیة، م٥ لسنة ١٩٦٩، مطبعة أسعد، بغداد.
  • محمدامین زکی، خلاصة تاریخ الکرد و کردستان، محمد عليعوني، مطبعة صلاح الدین، بغداد، ١٩٦١.
  • یاقوت الحمویي، معجم البلدان، ج١، دار الصادر، بیروت- ١٩٧٧م، ص١٣٨
  •  استیفن هیمسلی لونگریک، اربعة قرون من تاریخ العراق الحدیث، جعفر طیار، طبعة٦، ١٩٨٥.

 

 


بابەتی پەیوەندیدار

دامەزراوە تەندروستییەکانى شۆڕشى ئەیلوول

شۆڕشى ئەیلوول؛ شۆڕشێکى سەرتاپاگیر لە زاخۆوە تا خانەقین، زیاتر لە ٦٥٠٠٠ کم٢ خاکى ئازادکراوى کوردستانى لەبەردەست بوو، زۆربەى ئەو خاکە ئاوەدانى بوو و خەڵکى تێدا نیشتەجێبوو. ناوچەکە پێویستى بە بەڕێوەبردن هەبوو، بۆیە سەرۆک مستەفا بارزانى سەرکردەى شۆڕش بیرى لە دامەزراندنى دامەزراوەیەک کردەوە بەناوى ئەنجوومەنى سەرکردایەتى شۆڕش. ئەم ئەنجوومەنە لە مانگى ئەیلوولى ساڵى ١٩٦٤ دامەزرا، هاوشێوەى هەر حکومەتێک دامەزراوەکانى خزمەتگوزارییان پێشکەش بە هاووڵاتیان دەکرد.

زانیاری زیاتر

لێژنەی ئازادی

لێژنەى ئازادى هەروەها (هەیئەى ئازادى و کۆمیتەى ئازادى)شى پێدەگوترا، لێژنەیەکى ڕێکخراوى تۆکمە بوو، لە ڕێکەوتى ١٥ى کانوونى دووەمى ساڵى ١٩٤٥ لە بارزان بە سەرۆکایەتى مەلامستەفا بارزانى و ئەندامێتى ئەو ئەفسەرە ئازادیخوازانە پێکهات کە لە سوپاى عێراق جیاببوونەوە و پەیوەندییان بە شۆڕشى دووەمى بارزانەوە کردبوو.

زانیاری زیاتر

ڕاهێنان و مەشقی پێشمەرگە

فه‌رمانی سه‌ربازی لەبارەی ڕێكخستنی ده‌سته‌ی پێشمەرگەی کوردستان بەپێی پێویستی بەرژەوەندی شۆڕش و بەمەبەستی به‌رزکردنه‌وه‌ی ئاستی سه‌ربازی ده‌سته‌ی پێشمەرگە نیشتمانپەروەرەکانی کوردستان، لەڕووی ڕێكخستن ‌و پڕچه‌ككردن و مه‌شق و ڕاهێنان و كارامه‌بوون، ئه‌م نامیلكه‌یه‌مان ده‌رکرد و فه‌رمانمان بەوانە‌ كرد کە بایه‌خ به‌ ڕێكخستنه‌وه‌ی ده‌سته‌ی چه‌کداره‌ شۆڕشگێره‌کانمان ده‌ده‌ن، له‌ژێر ڕۆشنایی ئه‌و نامیلكه‌یه‌ ئه‌وپه‌ڕی توانا و هێزیان بخه‌نه‌گه‌ڕ.

زانیاری زیاتر

هەوڵی تیرۆر کردنی مەسعود مستەفا بارزانى

مەسعود مستەفا بارزانى لە سەرەتاکانى شۆڕشى ئەیلوول دەبێتە پێشمەرگە و پاش ئەوەى دەزگاى پاراستن دادەمەزرێنێ، دەبێتە ناوێکى دیار و بەرچاوى ناو شۆڕش و بەهۆى بەشداریکردنى لە ڕێککەوتنى یازدەى ئادار و دواتریش دواى نسکۆى شۆڕش و نەخۆشکەوتنى سەرۆک مستەفا بارزانى، هێندەى دیکە ڕۆڵى لە خستنەوەسەرپێ و هەڵگیرساندنەوەى شۆڕشى گوڵان دەردەکەوێ.

زانیاری زیاتر

هەوڵی تیرۆرکردنى ئیدریس مستەفا بارزانى

ئیدریس مستەفا بارزانى، یەکێک لە سەرکردە هەرە دیارەکانى پارتى دیموکراتى کوردستان و کوڕى سەرۆک مستەفا بارزانى بوو. دواى ئەوەى بەشداریى لە شۆڕشى ئەیلوول دەکات و وەکو یاریدەدەرى سەرۆک مستەفا بارزانى بۆ کاروبارى سەربازیى و کۆمەڵایەتى ڕۆڵى خۆى دەنوێنێ، دۆست بە دەرکەوتنى ئەم سەرکردە لێهاتووە دڵخۆش و دوژمنانیش پێى دڵتەنگ دەبن.

زانیاری زیاتر