بۆردومانى قەڵادزێ

بۆردومانى شاری قەڵادزێ یەکێک بوو لەو کارەساتە تراژدیدیا ئامێزانەى کە لەسەر دەستى حکومەتى بەعس دژى دانیشتوانى سڤیل ئەنجام درا، دواى ئەوەى کەوا حکومەت فەرمانى دەست پێکرنەوەى شەڕی دژى شۆڕشى کورد دەرکرد بە شێوەیەکى زۆر دڕندانە هێرش و پەلامارەکانى بۆ سەر کوردستان دەست پێکردەوە، لە ٢٤ى نیسانى ١٩٧٤ بە چەند بالەفڕێکى جەنگى بۆردمانى شارى قەڵادزێی کرد.


ساڵى ١٩٧٤ حکومەتى عێراق لە ڕێکەوتنەکەى ١١ى ئازارى ١٩٧٠ پاشگەز بووە و جارێکى تر شەڕ و وێرانکارى لە سەرتاسەرى ناوچەکانى شۆڕش بەرۆکى کوردى گرتەوە، لەبەر ئەوەى خەڵکى ئارەزووى ئاشتى و ژیانى ئاسوودەیی بوون لەم هەڵوێستەى حکومەت زۆر نیگەران بوون و بە توندى دژى وەستان، بۆیە لەگەڵ دەستپێکردنەوەى شەڕدا تەواوى جەماوەر بە هەموو چین و توێژەکانەوە بەرەنگارى هێرشکارى حکومەت بوونەوە، خەباتى قەڵەمیش بە گوڕوتین تر هاتە پاڵ خەباتى چەک، دەستە قوتابیانى زانکۆى سلێمانى و مامۆستايان و ڕۆشنبیران و خەڵکى شۆڕشگێڕ ڕوویان لە ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى شۆڕش کرد و حوکمڕانى بەعسیان ڕەتکردەوە، زانکۆى سلێمانى خەباتى زانستى ئاوێتەى خەباتى چەکدارى کرد، واتا هەردوو ئاڵاى زانست و شۆڕش لەتەک یەک بەرزکرانەوە بۆ ئەوەى بۆ جیهانى بسەلمێنن کە شەڕ و وێرانکارى بەربەستێکى گەورەى بەردەم پێشکەوتنەکانى کوردن و زوڵم و ستەم تەواوى جومگەکانى ژیانى خەڵکى کوردستانى تەنیوە بە زانست و مەعریفەشەوە.  

ڕژێمە یەک لەدواى یەکەکانى عێراق هەمیشە بەربەستێکى پۆڵایین بوونە لەبەردەم پێشکەوتنەکانى کورد و هەموو ڕێگایەکیان تاقیکردۆتەوە بۆ ئەوەى کاروانى خەبات و شۆڕش و پێشکەوتن بوەستێنن و دواجار لەبارى بەرن، هەر لەبەر ئەو هۆیە بوو سەر لە بەیانى ڕۆژى ٢٤ى نیسانى ١٩٧٤ کاتژمێر ٩:٤٥ خولەک چەند باڵەفڕێکى جەنگى بە بۆمبى قەدەغەکراوى ناپاڵم بۆمبارانى شارى قەڵادزێیان کرد، ڕق و توڕەییەکانى بە زانکۆ و زانست و خەڵکى سڤیلى ئەو شارەدا ڕشت، کە ناوەندى زانستگەى بە خەستى کردە ئامانج و ئەم شارەى دووچارى مەرگەساتێک کرد کە لە هیچ پێوەرێکى ئەخلاقى، ویژدانى، مرۆڤایەتى جێگاى نابیتەوە، لە چاو تروکانێکدا ١٢٣ کەس لە ژن و منداڵ و پیر و لاو و قوتابى و مامۆستا و کرێکار و جوتیار شەهید بوون لەگەڵ برینداربوونى زیاتر لە ٤٠٠ کەس.

ئەمە گەورەترین داستانی مەرگەسات ئامێز بوو هاتە ئارا و تیکەڵ بە تەواوى داستانەکانى دیکەى خەبات و تێکۆشانى شۆڕشی ئەیلوول کرد، دیاریەکى پڕ لە شەرمەزارى یەکێتى سۆڤیەت و حکومەتى بەعسى هاوپەیمانى بوو بۆ کورد، کە لە ڕۆژنامەى لۆمۆند لە ١٠ى حوزەیرانى ١٩٧٤ بە سامناکترین کارەسات باسکرا. 

شەهیدانى ئەم کارەساتە مێژووییە لە گۆڕستانى شارى قەڵادزێ نێژران و ناوى گۆڕستانەکە هەر بە گۆڕستانى شەهیدانى بۆردومانى  قەڵادزێ ناونرا، ئەگەر چى لەلایەک ئەم کارەساتە جەرگ بڕە بوو بە مایەى شەرمەزارى ئەنجامدەرانى، بەڵام لەلایەکى دیکەشەوە ویژدانى هەموو کورد و کوردستانیانى هێنایە هەژان و بوو بە وانەیەکى زیندوو لە ناخى هەموو ئازادیخوازێک، کە هەموو ساڵێک یادى دەکرێتەوە، لە ڕاپەڕینەکانى ساڵانى ١٩٨٢، ١٩٨٣ و ١٩٨٧ لە ساڵڕۆژى بۆردومانەکەى قەڵادزێدا وەک ڕۆژێکى مێژوویى ناسرا و دەنگى ناڕەزاى لە تەواوى شارەکانى کوردستان لە لایەن چین و توێژەکانى جەماوەر دژى ڕژێمى بەعس بەرز دەکرایەوە. دانیشتوانى شارى قەڵادزێ ساڵانە بە ڕێپێوان یادى ئەم کارەساتە مێژووییە دەکەنەوە و ئەنجامدەرانى شەرمەزار دەکەن.


سەرچاوەکان:

١- خۆشەوى عەلى کانیەلنجى، بیروەریەکانى عەزیز قازى حەمەد سورچى، چاپخانەى دانیشفەر، هەولێر، ٢٠٢٣.

٢- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنەوەى ڕزگاریخوازی کورد، بەرگی سێیەم، بەشی یەکەم، شۆڕسی ئەیلوول ١٩٦١-١٩٧٥، چ: یەکەم ٢٠٠٤.

٣- ئارى کەریم، چەند لاپەڕەیەکى زیندوو لە شۆڕشی ئەیلوولدا، چاپخانەى خەبات، دهۆک ١٩٩٩.

٤- ئیسماعیل گوندەژۆرى، شۆرشى ئەیلول لە باڵەکایەتى، چاپخانەى رۆژهەڵات، چاپى یەکەم، ٢٠١٨.

٥- ئیبراهیم جەلال، باشورى کوردستان و شۆڕشی ئەیلوول بنیادنان و هەڵتەکاندن ١٩٦١- ١٩٧٥، چاپی چوارەم، ٢٠٢١.


بابەتی پەیوەندیدار

بۆردومانکردنی ئۆردوگای زێوە و یاسا نێودەوڵەتییەکان- ٩ی حوزەیرانی ١٩٨٥

لە ٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٨٥، هەشت فڕۆکەی ڕژێمی بەعس لە گەرمەی شەڕی عێراق و ئێران بە شێوەیەکی هوڤیانە پەلاماری ئۆردوگای زێوەیاندا کە ئۆردوگایەکی تایبەت بەنیشتەجێبوونی ئەو پەنابەرە کوردانەی باشوور بوو، دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. لەئەنجامدا ١٥٠ هاووڵاتی سڤیل بە پیر و منداڵ و پەککەوتەوە شەهیدبوون و نزیکەی ٤٠٠ هاووڵاتی دیکەش بریندار بوون کە بەشێکی زۆریان قوتابی بوون و بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامی کۆتایی ساڵ چووبوونە قوتابخانەکەیان.

زانیاری زیاتر

کۆمەڵکوژیەکەى بەردەرگای سەرای شارى سلێمانى

ئەم کۆمەڵکوژیە لە هاوینى ١٩٦٣ لە سەردەمى دەسەڵاتدارى بەعسیەکان لە پارێزگاى سلێمانى ڕوویدا کە بۆچوونیان وابوو ئەگەر کۆمەڵکوژى و هێرشى فراوان بۆ سەر کوردستان ئەنجام بدەن بە ماوەیەکى کەم هەرەس بە شۆڕشی ئەیلوول دێنن و تەواوى کوردستان دەخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان، هەرچەندە لە شارى سلێمانى دەستیان کرد بە ڕەشبگیرى و کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى بێتاوان، بەڵام نەک سەرکەوتوو نەبوون بەڵکو لە تەواوى پەلامارەکانیان لە چیاى ئەزمەڕ شکستیان خوارد.

زانیاری زیاتر

کۆمەڵکوژییەکەى گوندى سوريا

کۆمەڵکوژى گوندى سۆریا لە ١٦ى ئەیلوولى ١٩٦٩ ڕوویدا لەلایەن سوپاى عێراق، کە تێیدا هەڵمەتێکى سەربازیان کردە سەر گوندى سۆریا لە قەزاى زاخۆ بە بیانووى ئەوەى کە دەستیان هەبوو لە دانانەوەى مینێک لە شەقامى سەرەکى نزیک گوندەکەیان، کە بە سیارەیەکى سەربازیدا تەقیەوەو تێیدا ئەفەسەرێک و چەند سەبازێک کوژران.

زانیاری زیاتر