بادین قادر بادین، ناسراوه به (بادین دێزویی)، پێشمه‌رگه و هه‌ڤاڵی بارزانی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، ساڵی ١٩١٨ له گوندی دێزۆ له‌دایكبووه، لە شۆڕشى دووەمى بارزان خەباتکاربووە، لە کۆمارى دیموکراتى کوردستان لە مهاباد پێشمەرگە بووە، بەشداریى شۆڕشی ئەیلوول کردووە، ساڵی ١٩٦٣ له گوندی سپیندارەى خۆشناوه‌تی له بناری چیای هەورێ شه‌هید بووه.
ژیاننامە
بادین قادر بادین، ساڵی ١٩١٨ له گوندی دێزۆى سه‌ر به ناحیه‌ی شێروان مه‌زن له قه‌زای مێرگه‌سۆر له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه. پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسەری لەگەڵ شیرین جوندی سلێمان پێکهێناوە و ساڵى ١٩٤٥ كچێكیان بووە، ناویان ناوە فه‌هیمه، هه‌روەها له یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ عەیشا بیلال پێكهێناوه و كچێكیان به ناوی جه‌واهیر هەبووە کە لە ساڵى ١٩٥١ لەدایکبووە. خێزانی دووەمی له نه‌ته‌وه‌ی تاتاره‌كانی نیمچه دورگه‌ی قرمه (كۆماری ئوكرانیا). لەکاتى گەڕانەوەی بادین لە یەکێتى سۆڤیەتەوە بۆ کوردستان ژن و منداڵه‌كه‌ی كه ئەو کات ته‌مه‌نی هەشت ساڵ بووە، ناگه‌ڕێنه‌وه كوردستان و هه‌ر له ئۆزبه‌كستان ده‌مێننه‌وه.
خەباتنامە
بادین قادر ساڵی ١٩٤٥ په‌یوه‌ندی به ڕیزه‌كانی شۆڕشی دووه‌می بارزانەوە كردووه و لاوێكی ته‌مه‌ن سێزده ساڵی بووە، بەهۆى بچووکى تەمەنى بە گه‌یاندنی خواردەمه‌نی بۆ باره‌گا و مه‌یدانی شه‌ڕه‌كان خزمەتى پێشمەرگەى کردووە.
له ١١ی تشرینی یه‌كه‌می ١٩٤٥ و له دوای نسكۆی شۆڕشی دووه‌می بارزان، لەگەڵ مستەفا بارزانی و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە "مهاباد"، له ٣١ی ئاداری ١٩٤٦ له چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە كۆمار كردووه.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان، به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری "نه‌خچه‌وان"ی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە. لە هەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردی‌یان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك "تاشكه‌ند"ی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
دواى دەرچوونى فەرمانى لێخۆش‌بوونیان له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا، له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق، گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان. به‌شداریی شۆڕشی ئەیلوولی كردووه و ساڵی ١٩٦٣ له گوندی سپیندارەى خۆشناوه‌تی له بناری چیای هەورێ شه‌هید بووه و هه‌ر له‌وێش به خاك سپێردراوە.
سه‌رچاوه‌كان:
-
-
ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤).
- حیدر فاروق السامرائي، ضیا‌ء جعفر و دوره السیاسي و الاقتصادي في العراق، (لندن – دارالحكمة - ٢٠١٦).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیا، ١٣ نیسانی ٢٠١٩- پیرمام.
- نص قرار لجنة العفو العام برد الاعتبار الى شهداء ثورة بارزان، مجلة رزگاری، العدد ٣،٢، المطبعة الرابطة، بغداد، ١ نيسان ١٩٥٩.
-