ژیاننامە
زرار سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی، ساڵی ١٩٢٤ له گوندی ماولیان سه‌ر به قه‌زای ڕ‌واندز له پارێزگای هه‌ولێر له‌دایكبووه، پێش چوونی بۆ یه‌كێتی سۆڤێت خێزاندار بووه و خێزانه‌كه‌ى ناوی حه‌لیمه وه‌ستا ڕه‌حیم بووە، كوڕێكیان هەبووە به‌ناوی سه‌ردار زرار. ساڵی ١٩٥٢ له زانكۆی تاشكه‌ند وه‌رگیراوه و بڕوانامه‌ی به‌كالۆریۆسی له به‌شی مێژوو وه‌رگرتووه، هه‌ر له یه‌كێتی سۆڤیەت ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ زۆیا ئیسماعیلۆڤ(زهره حه‌سه‌ن ئیسماعیل) پێكهێناوه، دواى گەڕانەوەى هەڤاڵانى بارزانى لە یەکێتى سۆڤیەت، خێزانه‌كه‌ی ئەو نه‌گه‌ڕانه‌وه باشووری كوردستان. زمانه‌كانی كوردی، عه‌ره‌بی، فارسی و ڕووسی زانیوە. له ١٩ ئایاری ٢٠١٨ كۆچی دوایی كردووه.
خەباتنامە
ساڵی ١٩٤٣ سه‌رباز بووه له حكومه‌تی شانشینی عێراق، پاییزی ١٩٤٣ گواستراوه‌تەوە بۆ قەزاى مێرگه‌سۆر، سه‌ره‌تای ١٩٤٤ له‌لایه‌ن دادگای سوپای عورفیی كه‌ركووك به‌ندكراوە، سه‌ره‌تای شوباتی ١٩٤٦ له به‌ندیخانه ئازادكراوە و گه‌ڕاوەتەوە ناو ڕیزه‌كانی سوپای عێراق، له نیسانی ١٩٤٦ له سه‌ربازی هه‌ڵاتووه و ڕوویکردووەتە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له هێزی بارزان سه‌ر به سوپای كۆماری دیموكراتی كوردستان خزمه‌تی پێشمه‌رگایه‌تی كردووه و پله‌ی ئه‌فسه‌ری پێ به‌خشراوه، له سێ مانگی كۆتایی كۆماری دیموكراتی كوردستان ئه‌ركی قائیمقامی نه‌غه‌دەی پێسپێردراوه، دوای نسكۆی كۆماری دیموكراتی كوردستان له ٢٤ی ئاداری ١٩٤٧ به‌شداری شه‌ڕی قاڕنه‌ى کردووە له ناوچه‌ی خانێ لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان و له‌م شه‌ڕه‌دا بریندار بووه.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان به‌شداریی شه‌ڕی نه‌غه‌ده و شەڕى شنۆى لە ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان كردووه، هەروەها لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ١٩ی نیسانی ١٩٤٧ لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ٦ی ئایاری ١٩٤٧ لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەوە یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، له ٢٣ی ئایاری ١٩٤٧ یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی کردووە به‌ره‌و یه‌كێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گه‌لی قتور و شەڕى پردی ماكۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە ١٨ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له ڕووباری ئاراس كه ده‌كه‌وێته سنووری نێوان ئێران و یه‌كێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە ١٩ی حوزه‌یرانی ١٩٤٧ له‌گه‌ڵ گشت هه‌ڤاڵانی لە شاری نه‌خچه‌وانی کۆماری ئازه‌ربایجان بۆ ماوه‌ی چل ڕۆژ له كۆمه‌ڵگایه‌كی سه‌رئاوەڵا كه به ته‌لی دڕكاوی ده‌ورەدرابوو، دانران و له‌لایه‌ن کۆمەڵێک سه‌ربازه‌وە پاسه‌وانییان لێده‌كرا و له ڕووی خۆراك و پۆشاك و هاتوچۆوە وه‌كو دیلی شه‌ڕ مامه‌ڵەیان له‌گه‌ڵدا كراوە. دواتر له‌سه‌ر بڕیاری حکومەتی سۆڤیەت به‌سه‌ر ناوچه‌كانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر له كۆماری ئازه‌ربایجان دابەشکران. له ١٠ی كانوونی یه‌كه‌می ١٩٤٧ گواستراونه‌ته‌وه بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باكۆى پایتەختى كۆماری ئازه‌ربایجان و له ٢٣ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سه‌ربازییان پێدراوه و به سه‌رپه‌رشتی ئه‌فسه‌رانی كۆماری ئازه‌ربایجان ڕۆژانه هه‌شت كاتژمێر مه‌شقی سه‌ربازییان پێ کراوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بڕیار دەدرێت کەمپە سەربازییەکەى له ٢٩ی ئابی ١٩٤٨ له كۆماری ئازه‌ربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ كۆمه‌ڵگای چرچوك لە نزیك تاشكه‌ندی پایته‌ختی كۆماری ئۆزبه‌كستان و له‌وێش لە مه‌شقی سه‌ربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری ١٩٤٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به شێوه‌ی ده‌سته و تاخم به شه‌مه‌نده‌فه‌ر به‌سه‌ر گونده هه‌ره‌وه‌زییه‌كانی یەكێتی سۆڤیەتدا دابه‌شكران و له كێڵگه‌ی كۆلخۆزه‌كان (ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) كاریان ده‌كرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانى باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی دەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤیسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە تشرینی دووه‌می ١٩٥١ دەچێتە شاری ڤریڤیسكی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى ١٤ى تەموزى ١٩٥٨ لە عێراق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە ٢٥ى شوباتى ١٩٥٩ و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (١١) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە ١٩ لە ساڵى ١٩٥٩ دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى ١٩٥٨ کۆمارى عێراق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو له ١٦ی نیسانی ١٩٥٩ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی به که‌شتیی گرۆزیا له ڕێی به‌نده‌ری به‌سڕەوە له باشووری كۆماری عێراق گه‌ڕاوه‌ته‌وه كوردستان.
ساڵی ١٩٥٩ بووه به مامۆستا، له‌سه‌ر داوای بارزانی نه‌مر له كه‌ركووك ده‌مێنێته‌وه و پاشان ده‌گوازرێته‌وه ڕ‌واندز. ساڵی ١٩٦٣ به‌شداریی شۆڕشی ئه‌یلوولی كردووه و یاریده‌ده‌ری به‌تالیۆن بووه. له ١٦ی ته‌مووزی ١٩٦٣ به‌شداری شه‌ڕی سپیلك-ى کردووە و ساڵی ١٩٦٥ لە شه‌ڕی چیای كۆڕەک بەشداربووە. ساڵی ١٩٦٦ به‌شداری داستانی هه‌ندرێنی كردووه و له‌و داستانه بریندار بووه.
دوای ڕێككه‌وتنامه‌ی ١١ ئاداری ١٩٧٠ ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ر پیشه‌ی پێشووی خۆی و هەمان ساڵ ده‌بێته نوێنه‌ری حزبی شیوعی. ساڵی ١٩٧٢ به‌شداری هه‌ردوو كۆنگره‌ی یه‌كێتی مامۆستایانی كوردستانی له هه‌ولێر و به‌غدای كردووه. ساڵی ١٩٧٣ ماڵی خۆی گواستووەتەوە بۆ به‌غدا و له دواناوه‌ندی كۆماری دامه‌زراوە. ساڵی ١٩٧٩ گه‌ڕاوەتەوە هه‌ولێر، ساڵی ١٩٩١ له هه‌ولێر و كه‌ركووك به‌شداری ڕاپه‌ڕینی كردووه. ساڵی ١٩٩٣ له كۆنگره‌ی یه‌كه‌می پارتی كاری سه‌ربه‌خۆی كوردستان بووەتە ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و دواتر بووه به ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی، تاكو هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ئه‌و پارته.
سه‌رچاوه‌كان:
- حه‌مید گه‌ردی، پوخته‌ی مێژوونامه، چاپی یه‌كه‌م، (هه‌ولێر - ده‌زگای چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئاراس - چاپخانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده - ٢٠٠٤)
- زرار سلێمان به‌گ ده‌رگه‌ڵه‌یی، بیره‌وه‌ریه‌كانم له ساڵانی ١٩٤٣-١٩٧٧دا، (سلێمانی - چاپخانه‌ی ره‌هه‌ند - ٢٠٠٢)
- عمر فاروقی، سردار دانا زندگی و مبارزات مرحوم ملا مصطفی بارزانی، چاپ دوم، (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی وزارت آموزش و پرورش - ٢٠٠٢ز).
- له یادداشتی فه‌رمانده‌ی شه‌هید حه‌سۆ میرخان ژاژۆكی، 62 رۆژ له‌گه‌ڵ بارزانی دا چوونی بارزانییه‌كان بۆ یه‌كێتی سۆڤێت، چاپی یه‌كه‌م (هه‌ولێر - چاپخانه‌ی رۆشنبیری - ١٩٩٧ز).
- مسعود بارزانی، بارزانی و بزوتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد ١٩٣١ - ١٩٥٨، (دهۆك - چاپخانه‌ی خه‌بات - ١٩٩٨ز).
- ئەرشیفی دەستەی ئینسکلۆپیدیای پارتی دیموکراتی کوردستان.